راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ره‌ی‌ سێیه‌م له‌كوردستان
جگه‌ له‌كاری‌ هاوبه‌ش، ئیسلامیه‌كانی‌ كوردستان دڵیان بۆ یه‌كگرتنیش لێده‌دات

مەعاز فەرحان
ئیسلامیه‌كانی‌ كوردستان، نه‌ك به‌ته‌نها ده‌یانه‌وێت به‌سته‌ڵه‌كی‌ نێوانیان بتوێننه‌وه‌، به‌ڵكو به‌نیازن به‌رێكخستنه‌وه‌و پێكهێنانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش، جێ‌ په‌نجه‌یان به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمدا دیاربێت‌.
28.07.2016  |  سلێمانی
رێبه‌رانی‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستان ( :وێنه سكرتارية الاتحاد الاسلامي / KIU)
رێبه‌رانی‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستان ( :وێنه سكرتارية الاتحاد الاسلامي / KIU)

وادیاره‌ ئێستا مۆدێلی‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌‌و پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش بێت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، ناسنامه‌ی‌ هێزه‌كان بۆ یه‌كتر زیاتر رونده‌بێته‌وه‌، دوای‌ رونبونه‌وه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ پارتی‌‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌‌و گۆڕانیش، هێزه‌ ئیسلامیه‌كانیش ده‌ستی‌ هاوكاری‌ بۆ یه‌كتر درێژ ده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت وه‌ك به‌ره‌ی‌ سێیه‌م له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا رۆڵ بگێڕن.

 

رۆژی‌ 14ی‌ ته‌مموز كه‌سی‌ یه‌كه‌م‌و زۆربه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵ‌و بزوتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌ ئیسلامیه‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و ژماره‌یه‌ك بانگخواز له‌خوانێكدا له‌شاری‌ سلێمانی‌ له‌نزیكه‌وه‌ یه‌كتریان بینی‌، خوانه‌كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشت‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌ سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتوو بوو، ئیسلامیه‌كان دڵیان به‌نزیكبونه‌وه‌كه‌یان خۆشه‌‌و ده‌یانه‌وێت ته‌نها نان خواردن نه‌بێت‌و به‌نیازی‌ پرۆژه‌‌و به‌رنامه‌ی‌ زیاترن.

 

هه‌ر سێ‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، خاوه‌نی‌ 17 كورسین، یه‌كگرتوو كه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ كردوه‌ 10 كورسی‌ هه‌یه‌ له‌ساڵی‌ 1994 راگه‌یه‌ندراوه‌، پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو ئیسلامیه‌كان به‌ره‌یه‌كی‌ هاوبه‌شیان هه‌بێت، له‌ترسی‌ دابه‌شبونی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ بۆ سه‌ر به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌، به‌ڵام وادیاره‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێم گۆڕانی‌ به‌سه‌ر قه‌ناعه‌ته‌كه‌ی‌ پێشویدا هێناوه‌.

 

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ به"‌نیقاش"ی‌ وت "كۆمه‌ڵێك ئامانجمان له‌م نزیكبونه‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان حه‌زده‌كه‌ین بره‌و به‌میانڕه‌وی‌ بده‌ین‌و ژینگه‌یه‌ك دروست بكه‌ین گه‌نجه‌كان توشی‌ لادان نه‌بن، ستراتیژیشمان ئه‌وه‌یه‌ گه‌شه‌بده‌ین به‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر له‌مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنوسینه‌وه‌ تا ده‌گات به‌سه‌ربه‌خۆی‌ ئه‌گه‌ر زروف گونجاو بوو"، بڕواشی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ش پێكه‌وه‌ كاركردن‌و سازانی‌ ده‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش.

 

جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیسلامیه‌كان پێكه‌وه‌بن جگه‌ له‌وه‌ی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ میانڕه‌و زاڵ ده‌كه‌ن، ئه‌توانن كاریگه‌ریشیان له‌سه‌ر یه‌كریزی‌‌و سازان‌و یه‌كتر قبوڵكردن هه‌بێت. "ده‌مانه‌وێت ئیسلامیه‌كان رۆڵی‌ ته‌واوكاری‌ بگێڕن نه‌ك دابه‌ش ببن به‌سه‌ر به‌ره‌ی‌ ئه‌ملاو ئه‌ولا"، مه‌كته‌ب سیاسیه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتوو وای‌ وت.

 

كاركردن بۆ پێكهێنانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ئیسلامی‌ دوای‌ ئه‌وه‌دێت، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، دوای‌ چه‌ند ساڵێك ململانێ‌و ناكۆكی‌ ئێستا له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شدا رێككه‌وتون، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش به‌ره‌یه‌كی‌ سیاسه‌ت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان پێكده‌هێنێت، سه‌ركرده‌یه‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ بڕوای‌ وایه‌ كاری‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامیه‌كان دره‌نگ كه‌وتووه‌.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، ساڵی‌ 1987 دامه‌زراوه‌و كۆنترین حیزبی‌ ئیسلامییه‌ له‌كوردستاندا، به‌ڵام ئێستا‌ خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسی‌ په‌رله‌مانه‌، پێشتر ده‌ستپێشخه‌ری‌ بۆ نزیكبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌هه‌وڵه‌كانیش سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

 

شوان قه‌ڵادزێی‌، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و په‌رله‌مانتاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، رایگه‌یاند له‌ئێستادا ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێز‌و كرده‌یی‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ئیسلامیانه‌ له‌یه‌كتر نزیكببنه‌وه‌، نه‌ك ته‌نها كاتی‌ هاتووه‌، به‌ڵكو دره‌نگ كه‌وتووه‌، به‌و په‌رته‌وازه‌یی‌و دوره‌ ده‌ستیه‌، ئاڵۆزی‌ ناوماڵ ناتوانن كاربكه‌ن.

 

قه‌ڵادزێی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "تائێستا دوو تا سێ‌ كۆبونه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئامانج كۆكردنه‌وه‌‌و لێكنزیكبونه‌وه‌یان بووه‌ كۆبونه‌وه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن، كۆبونه‌وه‌ی‌ داهاتوو له‌كاتێكی‌ نزیكدا ده‌بێت، مه‌كته‌ب سیاسی‌‌و سه‌ركردایه‌تیه‌كان‌و كه‌سایه‌تیه‌ ئیسلامیه‌كان‌و بانگخوازه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌".

 

رونیكرده‌وه‌ ئامانجه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش‌و لیستی‌ هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌بێ‌، هه‌تا لایه‌نگرانی‌ سێ‌ هێزه‌كه‌ زۆرجار بۆ یه‌ك ناونیشانی‌ ئاماده‌ییان ده‌ربڕیووه‌.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌ساڵی‌ 1998 پرۆژه‌یه‌ك بۆ یه‌كخستنی‌ كاری‌ ئیسلامی‌ له‌كوردستان پێشكه‌ش كرد، ئه‌و كات سێ‌ لایه‌نی‌ ئیسلامی‌ هه‌بون، بزوتنه‌وه‌ی‌ راپه‌ڕین پێشوازی‌ له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ كرد‌و له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ یه‌كبونیان پێكهێنا، به‌ڵام یه‌كگرتنه‌كه‌ درێژه‌ی‌ نه‌كێشاو له‌ساڵی‌ 2001 به‌جیابونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵ به‌رابه‌رایه‌تی‌ عه‌لی‌ باپیر، یه‌كگرتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

 

قه‌ڵادزێی‌، ئاماژه‌به‌وه‌كرد ئیسلامیه‌كان تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆیان هه‌یه‌‌و به‌و په‌رته‌واوزییه‌ زۆر زیانیان كردوه‌، وتی‌ "ده‌مانه‌وێت به‌پاراستنی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ ئیسلامیانه‌‌و سیاسیانه‌ی‌ خۆمان، له‌هه‌موو مه‌سه‌له‌‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانیه‌كان‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ ناعه‌داله‌تی‌ پێشه‌نگ‌و رابه‌ری‌ خه‌ڵك بین، نه‌ك پشتیوانی‌ سته‌م نه‌كه‌ین به‌ڵكو دژی‌ سته‌ماكاران بوه‌ستینه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت پێشڕه‌وبین نه‌ك شوێنكه‌وته‌".

 

لەخوانه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌سەلاحەدین به‌هادین‌ ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتوو، عەلی باپیر ئه‌میر كۆمه‌ڵ‌و عیرفان عەلی رابه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌‌و نوێنەری رێكخراوە ئیسلامیەكان‌و مامۆستایان‌و رێبازی تەسەوف وتاریان پێشكه‌شكرد.

 

سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین رایگه‌یاند پێویسته‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان به‌شێك بن له‌چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم، ڕابه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیش بڕوای‌ وابوو هۆكاری‌ كه‌می‌ گه‌شه‌ی‌ ئیسلامیه‌كان به‌شێكی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌و به‌شه‌كه‌ی‌ تریش به‌ناوخۆیی‌ خۆیان.

 

عه‌لی‌‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش ‌رایگه‌یاند به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبی‌و شه‌خسی‌ بووه‌ته‌ هۆی‌ تێكچوونی‌ ته‌بایی سیاسیی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانداو ئه‌م ئه‌زموونه‌ سیاسیه‌ش پێویستی‌ به‌لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌یه‌ تا زیندوی‌ بكاته‌وه‌، وتیشی‌ "ده‌بێت ئیسلامیه‌كان سیاسه‌تێكی‌ ڕونیان هه‌بێت‌و له‌فه‌له‌كی‌ كه‌س نه‌خولێنه‌وه".

 

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ شه‌شی‌ كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌‌و ساڵی‌ 2001، دوای‌ جیابونه‌وه‌ی‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ یه‌كبون دامه‌زرا، له‌و كاته‌وه‌ تائێستا په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ ساردیان پێوه‌دیاره‌‌و چه‌ندین جار لێدوانی‌ دژبه‌یه‌كیان له‌میدیاكان به‌رامبه‌ر یه‌كتر داوه‌.

 

به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ ئاسایی‌ بون‌و كۆمه‌ڵێك كاری‌ هاوبه‌شیان كردوه‌‌و لیژنه‌ی‌ هاریكارییان هه‌بوه‌‌و لیستی‌ خزمه‌تیان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم پێكهێناوه‌.

 

رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بۆ "نیقاش" جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ "برایه‌تی‌ ئیسلامیان وه‌كو ئه‌سڵێك" سه‌یركردوه‌، باوه‌ڕی‌ ته‌واویان به‌كاری‌ هاوبه‌ش هه‌بووه‌.

 

حه‌مه‌د، به"‌نیقاش"ی‌ وت "باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م كاری‌ هاوبه‌ش‌و نزیكبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ پله‌به‌ندی‌ بێت‌و گفتوگۆی‌ جدی‌ تێدا بكرێت‌و میكانیزمه‌كانی‌ دیاریبكرێن، تائێستا گفتوگۆی‌ جدی‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان نه‌كراوه‌‌و میكانیزمی‌ رونیش دانه‌نراوه‌ بۆ ئه‌وكارانه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌".

 

نزیكبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان له‌كاتێكدایه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوو ساڵی‌ رابردوی‌ له‌نێو قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و سیاسیدا گوزه‌راندوه‌، تائێستاش ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان دیارنین، هێزه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبون، ئیسلامیه‌كانیش له‌رابردودا نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان له‌سه‌ر به‌ره‌یه‌ك یه‌كلابكه‌وه‌، له‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا، دابه‌شبونه‌كه‌یان به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وت.

 

عه‌بدوڵا رێشاوی‌ شاره‌زای كاروباری‌ هێزه‌ ئیسلامیه‌كان پێی‌ وایه‌ له‌یه‌ك نزیكبونه‌وه‌ی‌ پارته‌ ئیسلامیه‌كان شتێكی‌ چاوه‌ڕوان كراو بوو، چونكه‌ دۆخی‌ سیاسی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ڕوات پارته‌كان به‌ته‌نها بڕیاریان بۆ نادرێت‌و بۆ هه‌ر بڕیارێك پێویستیان به‌هاوبه‌شێكه‌ قه‌باره‌ی‌ ره‌خنه‌و ناره‌زایه‌تیه‌كانیان له‌سه‌ر كه‌مكاته‌وه‌.

 

رێشاوی‌ به"‌نیقاش"ی‌ وت "له‌ئێستادا ئه‌وه‌ی‌ زیاتر په‌رۆشی‌ له‌یه‌ك نزیكبونه‌وه‌یه‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیه،‌ چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتیژه‌ سیاسییه‌ی‌ خۆی‌ گونجاوه‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ بێ‌ لایه‌ن بوونه‌، له‌گه‌ڵ بارودۆخی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیش ته‌واو گونجاوه‌، چونكه‌ ئه‌و حیزبه‌ هیچ شتێك له‌م لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌ نادۆڕێنێ‌‌و چاوه‌ڕێی‌ ده‌ستكه‌وتیشه".

 

رێشاوی‌ بڕوای‌ وایه‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، ئه‌گه‌ر چی‌ جاران هه‌ڵگری‌ دروشمی‌ یه‌كبونی‌ ئیسلامیه‌كان بوو، ده‌شێت له‌ئێستادا كه‌مێك به‌هه‌ستیاریه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌و لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌ بنێت، چونكه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌جێنداو پێویستیه‌كانی‌ ئه‌واندا نایه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ زیاتر له‌ئیسلامیه‌كان دیكه‌ كه‌وتوه‌ته‌ به‌ره‌ی‌ دژه‌ پارتیه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌