راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌سلێمانیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌
مالیكی‌ گره‌و له‌سه‌ر یه‌كێتی‌‌و گۆڕان ده‌كات بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵات

هه‌ستیار قادر
نوری‌ مالیكی‌ گره‌و له‌سه‌ر رێككه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ عێراقدا قایم بكات.
21.07.2016  |  سلێمانی
مالیكی‌ له‌كاتی‌ گه‌یشتنی‌ بۆ سلێمانی‌ ( :وێنه عدنان كمال )
مالیكی‌ له‌كاتی‌ گه‌یشتنی‌ بۆ سلێمانی‌ ( :وێنه عدنان كمال )

سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ بۆ سلێمانی‌ كه‌ وا راگه‌یه‌ندرا بۆ ده‌ستخۆشییه‌ له‌رێكه‌وتنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، دوو ركه‌به‌ره‌كه‌ی‌ پارتی‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ قه‌یرانی‌ ناوخۆیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی‌ تر ببات به‌تایبه‌ت كه‌ پارته‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی ئه‌زمونی‌ هه‌شت ساڵ ململانێی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشوودا هه‌یه‌.

 

مالیكی‌ چاوی‌ له‌په‌رله‌مانتارانی‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ كوردیه‌ی‌ هه‌رێمه‌ (یه‌كێتی‌ 21 كورسی‌‌و گۆڕان 9 كورسی‌) تا له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا پاڵپشتی بیرۆكه‌كه‌ی‌ بكه‌ن بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ زۆرینه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌رێگاكانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ باڵاترین ده‌سه‌ڵات له‌عێراقدا كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌.

 

"بۆ پیرۆزبایی له‌رێكه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان سه‌ردانی‌ سلێمانیم كردووه‌" به‌م ڕسته‌یه‌ نوری‌ مالیكی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌و سه‌رۆكی‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی‌ شیعه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق "ده‌وڵه‌تی‌ یاسا" ده‌ستی‌ به‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كرد كه‌ دووشه‌ممه‌ 18ی‌ ته‌موز له‌دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستاندا له‌سلێمانی ئه‌نجامیدا.

 

مالیكی‌ له‌سه‌ردانێكی‌ ماراسۆنیدا بۆ ئه‌و شاره‌ی‌ تیایدا یه‌كێتی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان خاوه‌نی‌ زۆرترین جه‌ماوه‌ركه‌ین، سه‌ره‌تای‌ جموجۆڵێكی‌ سیاسی‌ نوێی‌ ده‌ستپێكرد كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ گۆڕانكاریی‌ له‌هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقیشدا بكات.

 

 مالیكی‌ وتی‌ "كێشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت‌و قه‌یرانه‌كانی‌ عێراقیش به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێم ده‌بێت".

 

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو سه‌ركرده‌یه‌كی‌ باڵای‌ عێراقی‌ به‌و شێوه‌یه‌ بۆ پیرۆزبایی‌ له‌رێكه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بۆ سلێمانی‌ بیكات كه‌ له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوودا ئیمزایان كرد.

 

مالیكی‌ له‌لایه‌ن وه‌فدێكی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌ گۆڕانه‌وه‌ له‌مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ له‌سلێمانی‌ پێشوازی‌ لێكراو كۆبوونه‌وه‌.

 

له‌پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ شۆرش حاجی‌ ووته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا وتی‌ "مالیكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌مانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ پێ خۆش بووه‌و هیوای‌ به‌رده‌وامی‌‌و سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ خواستووه‌".

 

ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و له‌كاركه‌وتنی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ كه‌وتۆته‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیه‌وه‌ كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌به‌ره‌یه‌كدایه‌و لایه‌نه‌كانی‌ تریش به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌به‌ره‌كه‌ی‌ تریداk.

 

 ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ئاگری‌ ناكۆكیه‌كانی‌ جۆشدا، رێكه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بوو كه‌ به‌لای‌ پارتیه‌وه‌ به‌رێكه‌وتنێكی‌ "نه‌خوازرا"و له‌قه‌ڵه‌مدرا.

 

سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مالیكیش بۆ پیرۆزبایی‌ له‌و رێكه‌وتنه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر گرێی‌ ناكۆكیه‌كان له‌هه‌رێم ئاڵۆزتر بكان به‌تایبه‌ت كه‌ ناوبراو كاتێك له‌نێوان 2005 بۆ 2014 سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بوو له‌ململانێیه‌كی‌ توندابوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پارتی‌ زۆربه‌ی‌ جومگه‌كانی‌ گرتووه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ مه‌حمود محه‌مه‌د ووته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ به‌"ئاسایی‌" ده‌بینێت وه‌ك په‌یوه‌ندی‌ نێوان حزبه‌ عێراقییه‌كان، به‌ڵام پێی‌ وایه‌ كه‌ نابێت ئه‌و سه‌ردان‌و نزیكبونه‌وه‌یه‌ له‌دژی‌ لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێكی‌ تر به‌كار بهێنرێت‌و ده‌شڵێت "ره‌نگه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌شێك له‌هه‌وڵه‌كانی‌ مالیكی‌ بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات‌و پێشتریش ئه‌و ویسته‌ی‌ نه‌شاردۆته‌وه‌".

 

مه‌حمود محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "مالیكی له‌ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیدا چه‌ندین كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان دروستكردووه‌ چاره‌سه‌ریشی‌ نه‌كردووه‌".

 

ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی‌ پارتی‌ بۆ سروشتی‌ سه‌ردانه‌كه‌و هۆشداریدان له‌ئه‌گه‌ری‌ به‌كارهێنانی‌ له‌دژی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر له‌كاتێكدایه‌ مالیكی‌ قورسایی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ سلێمانی‌ بوو، پێگه‌ی‌ ئه‌و دوو هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌یه‌ (یه‌كێتی‌‌و گۆڕان) كه‌ له‌شیعه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ نزیكترن، بێ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ردانی‌ هه‌ولێر بكات كه‌ پێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئیداره‌و زۆرینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ پارتیه‌‌و له‌هێزه‌ سونه‌كانه‌وه‌ نزیكتره‌.

 

كاوه‌ محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق پێی‌ وایه‌ ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌یان له‌گه‌ڵ مالیكی‌ "گرنگ"بووه‌، به‌ڵام له‌هه‌مات كاتدا ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك كارتی‌ گوشار بێت بۆ سه‌ر پارتی‌.

 

كاوه‌ محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "تێبینی‌ پارتی‌ له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پارته‌ كه‌وتۆته‌ دۆخێكی‌ سایكۆلۆژی‌ خراپه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌پاش رێكه‌وتنی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌".

 

له‌پاش سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ر زوو لێكدانه‌وه‌كان به‌ئاڕاسته‌ی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ بوون له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌  كوردستان به‌ڕه‌چاوكردنی‌ ئه‌گه‌ری‌ گۆڕانكاریی‌ له‌هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غدا.

 

مالیكی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2014دا پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ له‌ده‌ستدا بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ هاوحیزبی‌، ئێستا كه‌وتۆته‌ ململانێیه‌كی‌ تونده‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ سلێمانی‌‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بۆ گۆڕینی‌ پارسه‌نگی‌ هێز بێت له‌ژێر چه‌تری‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا به‌تایبه‌ت كه‌ ناوبراو چه‌ندینجار داوای‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێیی‌ زۆرینه‌ی‌ كردووه‌ له‌بری‌ حكومه‌تی‌ ئێستا.

 

 عه‌بدوڵا ناهیلی‌ سه‌ركرده‌ له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌رۆژانی‌ داهاتوودا كاریگه‌یی‌ ئه‌و سه‌ردانه‌و نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسی‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ده‌بێت.

 

ناهیلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ زۆرینه‌ كه‌ ئێمه‌ داوای ده‌كه‌ین پشت به‌یه‌كێتی‌‌و گۆڕان ده‌به‌ستین له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێم كاریگه‌ریی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر گوشار خستنه‌ سه‌ر پارتی‌ بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌و تاكڕه‌وییه‌ی‌ پیاده‌ی‌ ده‌كات ئه‌و گوشاره‌ش به‌ئاڕاسته‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم".

 

په‌یوه‌ه‌ندی‌ ئاڵۆزی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ به‌شێكی‌ تر بووه‌ له‌ئه‌جنێدای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ سلێمانی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ رێخۆش بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ نێوانیان به‌ر له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ جاری‌ سێهه‌م  كه‌ تائێستاش له‌روه‌ی‌ كردارییه‌وه‌  ئه‌گه‌رێكی‌ كراوه‌یه‌.

 

ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ مالیكی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "مالیكی‌ پێی‌ وتین رێكه‌وتنكه‌تان زۆر باشه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و هیواداریشم له‌گه‌ڵماندا كاربكه‌ن بۆ باشكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌، چونكه‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ردولا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر ده‌بێت".

 

له‌پاش ده‌ركه‌وتنی‌ داعش له‌عێراق، هاوكات له‌گه‌ڵ كێشه‌ ئه‌منیه‌كاندا قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌ریه‌ك له‌عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ئاڵۆزتربوون‌و گه‌ڕان به‌دوای‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نوێ له‌م دۆخه‌ی‌ ئێستادا به‌ئاڕاسته‌ی‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ یه‌كێكه‌ له‌سیناریۆكانی‌  پشت سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ سلێمانی‌.

 

د.ئه‌حمه‌د شه‌ریفی‌ پسپۆری‌ ستراتیژیی‌ عێراقی‌‌و مامۆستای‌ زانكۆی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "گۆڕان‌و یه‌كێتی‌‌و حزبی‌ ده‌عوه‌ له‌ئێستادا پێویستیان به‌یه‌كترییه‌، مالیكی‌ ده‌یه‌وێت پاڵپشتی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ست بهێنێت بۆ گۆڕانكاری‌ له‌به‌غداو دوو لایه‌نه‌ كوردیه‌كه‌ش پێویستیان پێده‌بێت بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر پارتی‌، ئه‌و سه‌ردانه‌ گوشاریی‌ ته‌واوكه‌ریی‌ هه‌ردولا ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌".

 

شه‌ریفی‌ پێشبینی ده‌كات كه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكیدا كاریگه‌ریه‌كانی‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق‌و هه‌رێم ده‌ربكه‌وێت به‌و پێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ گۆڕانكاریی‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ هێزدا دروست ده‌كات".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌