راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسی‌ كه‌رتبوونێكی‌ نوێ‌ له‌كوردستان
سلێمانی‌ رووی‌ له‌به‌غداو پشتی‌ له‌هه‌ولێره‌

هێمن حەسەن
ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دوو ئاراسته‌ی‌ باو هه‌یه‌، یه‌كێكیان داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان داوای‌ پشتكردنه‌ به‌غدا ده‌كات، ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ش به‌سه‌ر هه‌ولێرو سلێمانیدا دابه‌شبوون.
7.07.2016  |  سلێمانی‌
دیموكراسییه‌كه‌ی‌ كوردستان ناوه‌ ناوه‌ ده‌بێت قوربانی‌ بۆ بدرێت ( :وێنه هيدار عمر)
دیموكراسییه‌كه‌ی‌ كوردستان ناوه‌ ناوه‌ ده‌بێت قوربانی‌ بۆ بدرێت ( :وێنه هيدار عمر)

له‌وكاته‌وه‌ی‌ له‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ (2015) پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێگه‌ی‌ نه‌دا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و وه‌زیره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بچنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، كه‌لێنێكی‌ سیاسی‌ قوڵ كه‌وته‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگای‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان له‌هه‌ولێر باڵاده‌سته‌و ئه‌وه‌ی‌ دووهه‌میشیان له‌سلێمانی‌ قسه‌ رۆیشتووه‌، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م دوو پارێزگایه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یه‌ك حكومه‌تدان، كه‌چی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆچوونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ به‌فه‌رمی‌ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ هیچ باوه‌ڕێكی‌ به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق نه‌ماوه‌، پێی‌ وایه‌ ئێستا فرسه‌تێك بۆ ریفراندۆم‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، هه‌رچی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتیشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن فرسه‌تێك دروست بووه‌، به‌ڵام پێیانوایه‌ پارتی‌ بنه‌ماكانی‌ ئه‌و فرسه‌ته‌ی‌ له‌ناوبردووه‌، بۆیه‌ به‌ناوه‌ختی‌ ده‌زانن هه‌رێم له‌عێراق جیابێته‌وه‌.

 

له‌ئێستادا دوو ئاڕاسته‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان ده‌یه‌وێت هه‌ولێر له‌به‌غدا دوور بخاته‌وه‌و داوای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌كات كه‌ پارتی‌‌و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌رگری‌ لێ ده‌كه‌ن، ئاڕاسته‌كه‌ی‌ تریشیان كه‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان‌و هاوپه‌یمانه‌كانیانن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ندان كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێم چاك بكرێته‌وه‌.

 

عه‌لی‌ عه‌ونی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌رجۆره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌غدا به‌بیانوی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ "خیانه‌ته‌ له‌گه‌لی‌ كورد"و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا فرسه‌تێكی‌ گه‌وره‌ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جیابینه‌وه‌، ناكرێت جارێكی‌ تر هه‌رێم بگێڕینه‌وه‌ بۆ عێراقێك كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیعدا بوونی‌ نه‌ماوه‌، نه‌ك بچین هه‌رێم یان شارێكی‌ وه‌كو سلێمانی‌ بده‌ینه‌ ده‌ست به‌غدا".

 

ده‌شڵێت "هه‌ندی‌ لایه‌نی‌ سیاسی‌ هه‌رێم هه‌ن ده‌یانه‌وێت سلێمانی‌ بخه‌نه‌وه‌ ده‌ست دیكتاتۆرێكی‌ تر كه‌ به‌غدایه‌، دڵنیام خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ له‌و لایه‌نانه‌ قبوڵی‌ ناكه‌ن هه‌رێم پارچه‌ پارچه‌ بكه‌ن".

 

پارتی‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕاندوه‌ته‌وه‌ كه‌ جارێكی‌ تر هه‌رێم ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام سه‌ختی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و ناڕۆشنی‌ له‌داهاتی‌ نه‌وت وای‌ له‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ كردوه‌ كه‌ بیر له‌رێگای‌ دووه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ خه‌ڵك.

 

هه‌رچه‌ند پارتی‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان خۆی‌ نمایش بكات، به‌ڵام نه‌یاره‌كانی‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ ده‌یكات ته‌نها بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان‌و سه‌رقاڵكردنی‌ خه‌ڵكییه‌، ئه‌گه‌رنا تائێستاش ئه‌و حیزبه‌ له‌به‌غدا پۆستی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و وه‌زیری‌ دارایی‌‌و چه‌ند پۆستێكی‌ تری‌ هه‌ستیارو دنیایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوری‌ هه‌یه‌.

 

له‌ناو به‌شێكی‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانیدا بۆچوونێكی‌ باو هه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌ چه‌قی‌ ده‌سه‌ڵات‌و هه‌موو ده‌زگا هه‌ستیاره‌كان له‌وێ‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سلێمانی‌ له‌خزمه‌تگوزاری‌ بێبه‌ش بووه‌و ته‌نانه‌ت به‌هۆكاری‌ سیاسی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌یه‌، ده‌یه‌وێت سلێمانی‌ نابووت بكات.

 

نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ شاره‌كه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیشی‌ هه‌مان لێكدانه‌وه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێیان باشه‌ راسته‌وخۆ سلێمانی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات‌و له‌وێوه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێت.

 

كۆتایی‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرد كه‌ یاسای‌ ژماره‌ 3ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ په‌رله‌مان په‌یڕه‌و بكات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌كاركردن به‌سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌رۆژی‌ 11ی‌ حوزه‌یران ئه‌و داوایه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات پێی‌ وایه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌ك ده‌نگ بن، لایه‌نه‌كانی‌ تریش هه‌رچه‌نده‌ پشتیوانی‌ ئه‌م داوایه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كده‌نگی‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ دوای‌ خواستی‌ پارتی‌ بكه‌ون.

 

نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ ئێستا حیزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ رێككه‌وتنی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌یه‌و به‌سه‌ر پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌‌و كه‌ركوكدا باڵاده‌ستن، رۆژی‌ 15ی‌ حوزه‌یران له‌وتارێكیدا بۆ ئه‌ندامانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ په‌خشكرا وتی‌ "پارتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كلایه‌نه‌و به‌ته‌نها بڕیاری‌ داوه‌، ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێت ده‌زگای‌ بڕیاریدانی‌ سیاسی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌ریكایه‌تی‌ تێدا نه‌بووه‌، یه‌كلایه‌نه‌ بڕیاریداوه‌ له‌به‌غدا بكشێینه‌وه‌".

 

به‌پێی‌ چه‌ند زانیاریه‌ك كه‌"نیقاش" له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ بڕیاریانداوه‌ كه‌ به‌سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ سنوری‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیاندا بچنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دارایی‌ بۆ دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بدۆزنه‌وه‌و گوزاره‌نی‌ خه‌ڵك چاك بكه‌ن.

 

هه‌ر به‌پێی‌ زانیاریه‌كان له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ 14ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردووی‌ شاندی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر پارتی‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی‌ به‌رده‌وام بوو ئه‌وا هه‌وڵده‌درێت له‌گه‌ڵ به‌غدا جۆرێك له‌رێككه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن یان به‌داهاتی‌ ئه‌و ناوچانه‌ باری‌ ئابوری‌ خه‌ڵك راست بكه‌نه‌وه‌.

 

بوونی‌ ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ دروستكردووه‌ كه‌ هه‌رێم كه‌رت بكات‌و هه‌ر یه‌كێك له‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ناوچه‌كانی‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ خۆیان به‌ئاراسته‌یه‌كدا ببه‌ن.

 

مه‌حمود عوسمان كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ته‌مه‌نێكی‌ دوورودرێژی‌ له‌سیاسه‌تی‌ عێراقدا به‌ڕێكردووه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "شتێكی‌ زۆر ناشرین‌و نه‌گونجاوه‌ حزبێك له‌هه‌ولێر بۆچوونێكی‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان هه‌یه‌و حزبێكی‌ تر له‌سلێمانی‌ بۆچوونێكی‌ تری‌ هه‌بێت، حه‌ق نییه‌ چیتر ئه‌م په‌رته‌وازه‌یی‌‌و دوورییه‌ به‌رده‌وام بێت".

 

مه‌حمود عوسمان باس له‌وه‌ ده‌كات ناكرێت هه‌ر لایه‌نه‌و له‌شوێنی‌ خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌غداوه‌ بكات، به‌ڵكو به‌وته‌ی‌ ئه‌و ده‌بێت حزبه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشن‌و بڕیارێكی‌ كۆتایی‌ بده‌ن یان بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا یان جیاببنه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" یه‌كێك له‌و رێگه‌یانه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ بیریان لێكردوه‌ته‌وه‌ نزیككردنه‌وه‌ی‌ حكومڕانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان له‌به‌غدا له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بۆ ئه‌وه‌ش به‌غدا بودجه‌ی‌ سلێمانی‌ خه‌رج بكات، له‌به‌رانبه‌ریشدا سلێمانی‌ وه‌ك پارێزگایه‌كی‌ عێراق ئه‌ركه‌ ده‌ستوری‌و یاساییه‌كانی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند جێبه‌جێ بكات.

 

شۆڕش حاجی‌ وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌پارچه‌ پارچه‌كردنی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی‌ رابردوویان سورن‌و ده‌یانه‌وێت كێشه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌دیالۆگ‌و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

 

شۆڕش حاجی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویسته‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم له‌رێی‌ دامه‌زراوه‌ نیشتیمانییه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌ك شاندی‌ حزبی‌".

 

رۆژی‌ 25ی‌ حوزه‌یران شاندێكی‌ هاوبه‌شی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ سه‌ردانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ عێراقیان كردو له‌كۆبوونه‌وه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ عه‌بادی‌‌و مالیكی‌‌و عه‌مار حه‌كیم‌و ئوسامه‌ نوجێفی‌‌و عه‌لاوی‌‌و ره‌وتی‌ سه‌در جارێكی‌ جه‌ختیان له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا كردوه‌ته‌وه‌، له‌كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، عه‌بادی‌ به‌ڵێنی‌ داوه‌ به‌ره‌وانه‌كردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم به‌و مه‌رجه‌ی‌ هه‌رێم نه‌وتی‌ خۆی‌ راده‌ستی‌ به‌غدا بكات، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ كاوه‌ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان.

 

له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌یكات ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار مانگی‌ رابردوودا دووجار سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كردوه‌و له‌گه‌ڵ عه‌بادیدا كۆبووه‌ته‌وه‌ كه‌ دواهه‌مینیان رۆژی‌ 19ی‌ حوزه‌یران بوو، به‌ڵام تاكو ئێستا پارێزگاری‌ هه‌ولێرو دهۆك هیچ سه‌ردانێكی‌ به‌غدایان نه‌كردوه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئه‌م سه‌ردان‌و لێدوانانه‌ هێمای‌ روون ده‌ده‌ن به‌نزیكبوونه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌‌و به‌غدا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ردوولا دۆستی‌ ئێرانن، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكانی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌جیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن.

 

له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌و گۆڕان له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ نیشتیمانیدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا له‌رێی‌ دانیشتن‌و گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام هیچ به‌رنامه‌یه‌كی‌ نوێ نییه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كڕیزی‌ لایه‌نه‌كان گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین".

 

له‌تیف شێخ عومه‌ر جه‌خت ده‌كانه‌وه‌ كه‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ مافی‌ خۆیه‌تی‌ وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ تری‌ عێراق داوای‌ مافه‌كانی‌ خۆی‌ بكات له‌به‌غداو حكومه‌تی‌ ناوه‌ند له‌سه‌ریه‌تی‌ پێداویستی‌ سلێمانی‌‌و هه‌موو شاره‌كانی‌ عێراق دابین بكات.

 

مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری‌ دیاری‌ كورد رونیده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت مامه‌ڵه‌ی‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدا جۆرێكه‌و سلێمانیش جۆرێكی‌ تره‌، ئه‌وه‌ش به‌كارێكی‌ زۆر خراپ ناوده‌بات‌و پێیوایه‌ هه‌رێم ده‌باته‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یی‌.

 

ئه‌مه‌ش ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كان هه‌تا 2005 تاقیانكرده‌وه‌و نایانه‌وێت جارێكی‌ تر بیبیننه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌