راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یاسایه‌كی‌ پڕ له‌كێشه‌
حیزبایه‌تی‌ له‌عێراقدا نه‌ یاسای‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ‌ نه‌ پێوه‌ر

ئه‌یمه‌ن فارس
ده‌ مانگی‌ تر ئه‌بێ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌رێوه‌ بچێت‌و حیزبه‌كانیش له‌وه‌و پێش ده‌كه‌ونه‌ خۆ، به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ی‌ كاری‌ حیزبه‌كان رێكده‌خات هێشتا كاری‌ پێنه‌كراوه‌.
7.07.2016  |  به‌غدا
فوئاد مه‌عسوم له‌نێوان سه‌لیم جبوری‌‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ ( :وێنه الموقع الرسمي للبرلمان العراقي)
فوئاد مه‌عسوم له‌نێوان سه‌لیم جبوری‌‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ ( :وێنه الموقع الرسمي للبرلمان العراقي)

مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوو (2015) یاسای‌ حیزبه‌كان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌نگی‌ له‌سه‌ردرا، به‌شێكی‌ كاری‌ ئه‌م یاسایه‌ رێكخستنی‌ به‌شداری‌ كیان‌و حیزبه‌كانه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، هه‌رچی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشووتره‌ له‌ساڵانی‌ (2005، 2010، 2014) حیزبه‌كان تیایدا به‌پێی‌ فه‌رمانێك كاریان ده‌كرد كه‌ له‌لایه‌ن پۆل برێمه‌ری‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق‌و له‌و ده‌مه‌دا ده‌رچووبوو.

 

بۆ ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ رێك زۆربه‌ی‌ حیزبه‌ عێراقییه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش حیزبه‌ ئسلامییه‌كان دژی‌ ئه‌وه‌ بوون یاسای‌ حیزبه‌كان ده‌ربچێت، ترسی‌ سه‌ره‌كیشیان له‌ئاشكرابوونی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتیان بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ كۆمه‌ككردنی‌ حیزبه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كان ده‌كه‌وته‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌ت‌و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری‌ به‌هێزبوونی‌ حیزبه‌ نوێیه‌كانی‌ به‌هێز ده‌كرد.

 

دواجار له‌ژێر فشارێكی‌ زۆردا یاساكه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك به‌ندو بڕگه‌ی تیایه‌ كه‌ پێده‌چێت جێبه‌جێكردنیان زۆر زه‌حمه‌ت بێت.

 

یه‌كێك له‌و مادانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ له‌سه‌ره‌ ماده‌ی‌ پێنجه‌مه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ "حیزب‌و رێكخراوی‌ سیاسی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هاوڵاتی‌ بوون ده‌ده‌مه‌زرێت به‌جۆرێك پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستور نه‌بێت، ناكرێت هیچ حیزبێك یان رێكخراوێكی‌ سیاسی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ره‌گه‌زپه‌رستی‌‌و تیرۆرو ته‌كفیرو ده‌مارگیری‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ دروست ببێت".

 

ئه‌وه‌ی‌ روونه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003 هه‌تا ئێستا حیزبی‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌ین، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ماده‌یه‌ هیچ پێناسه‌یه‌كی‌ دانه‌ناوه‌ بۆ ره‌گه‌زپه‌رستی‌‌و تایفی‌‌و ناشزانرێ‌ چ لایه‌نێك به‌رپرسه‌ له‌ناساندنی‌ ئه‌و چه‌مكانه‌.

 

له‌ماده‌ی‌ هه‌شته‌می‌ هه‌مان یاسادا هاتووه‌ "نه‌بێت كاری‌ حیزبی‌ شێوه‌ی‌ رێكخستنی‌ سه‌ربازی‌ یان نیمچه‌ سه‌ربازی‌ وه‌ربگرێت‌و نابێت لكێنرابن به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌" كه‌چی‌ هیچ یه‌كێك له‌حیزبه‌كانی‌ ئێستا ئاماده‌نین باڵی‌ سه‌ربازییان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

 

 

ماده‌یه‌كی‌ تر كه‌ كێشه‌ی‌ له‌سه‌ره‌ ماده‌ی‌ (44)ه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ئه‌م ماده‌یه‌ حیزبه‌كان كه‌سایه‌تییه‌كی‌ مه‌عنه‌وی‌و یاساییان هه‌یه‌‌و بۆیان هه‌یه‌ راگه‌یاندن‌و خانوبه‌ره‌و چاپخانه‌و موڵكی‌ تریان هه‌بێت، هه‌روه‌ك به‌رێژه‌ی‌ 20% كۆمه‌كی‌ دارایی‌ ده‌كرێن‌و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ كورسی‌ په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 80% هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان.

 

ئه‌م ماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌ی‌ ژماره‌ (25) رێگه‌ ده‌گرێت له‌وه‌ی‌ حیزبه‌كان كار له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ ده‌ره‌كی‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ماده‌ی‌ (41) دا هاتووه‌ "رێگه‌ ده‌گیرێت له‌وه‌ی‌ حیزبه‌كان پاره‌ له‌هیچ حیزب‌و رێكخراوو كه‌سایه‌تی‌‌و لایه‌نێكی‌ ده‌ره‌كی‌ وه‌ربگرن ته‌نها به‌ره‌زامه‌ندی‌ حیزب نه‌بێت، هه‌روه‌ك بۆیان نییه‌ پاره‌ بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌رازامه‌ندی‌ بازنه‌ی‌ حیزب نه‌بێت".

 

ده‌سته‌واژه‌ی‌ "بازنه‌ی‌ حیزب" ناوه‌ڕۆكی‌ ماده‌ی‌ (25)ی‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ئه‌مه‌ بێت حیزبه‌كان بۆیان هه‌یه‌ پاره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرن‌و بینێرنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌دیارترین خاڵه‌ لاوازه‌كانی‌ ئه‌م یاسایه‌ ماده‌ی‌ دووه‌می‌ بێت كه‌ پێكهێنانی‌ حیزب گرێدراوه‌ به‌كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ش له‌ژێر ركێفی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندایه‌و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن حیزبی‌ نوێ‌ دروست ببێ‌ یان دوور بخرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ تر ئه‌م بابه‌ته‌ خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ یان وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ.

 

له‌ماده‌ی‌ نۆهه‌میشدا كه‌ باس له‌مه‌رجه‌كانی‌ دامه‌زراندنی‌ حیزب ده‌كات، قه‌ده‌غه‌یكردووه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌و ئه‌ندامانی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌‌و هه‌واڵگری‌‌و ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌كان بن‌و به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی‌ ئه‌ندامان‌و به‌رپرسانی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌‌و ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كان‌و ئه‌ندامانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ نه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دواییان به‌رپرسن له‌وردبینی‌ لایه‌نی‌ ژمێریاری‌ حیزبه‌كان.

 

له‌ماده‌ی‌ (34)دا هه‌موو كارێكی‌ بازرگانی‌ قازانجویستی‌ له‌حیزبه‌كان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ماده‌یه‌كی‌ ناۆڕشنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سروشتی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ دیارینه‌كردووه‌، له‌كاتێكدا ئێستا زۆربه‌ی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان "لیژنه‌ی‌ ئابوری‌"یان هه‌یه‌و پشكی‌ حیزب له‌و پرۆژانه‌ دیاری‌ ده‌كات كه‌ ئه‌ندامان‌و به‌رپرسانی‌ حیزب به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن.

 

ئه‌گه‌ر یاساكه‌ وه‌ك ئێستا جێبه‌جێ‌ بكرێت‌و هیچ گۆڕانكارییه‌كی‌ به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، ئه‌وا كۆمسیۆن لایه‌نی‌ بڕیارده‌ر ده‌بێت له‌دامه‌زراندنی‌ حیزبه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمسیۆن سه‌ر به‌حیزبه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانن، بۆیه‌ هه‌ر حیزبێكی‌ نوێ‌ مه‌یلی‌ ئه‌وانی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت دامه‌زراندنی‌ زه‌حمه‌ته‌.

 

به‌ڵام له‌ناو هه‌موو ئه‌مانه‌دا كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاتووه‌ له‌چۆنێتی‌ دابینكردنی‌ داهاتی‌ حیزبه‌كان‌و دوركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ره‌گه‌زپه‌رستی‌‌و تایفه‌گه‌ری‌، چونكه‌ هه‌مووان ده‌زانن زۆربه‌ی‌ حیزبه‌كانی‌ ئێستا داهاتیان ناڕۆشنه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ پێكهاتوون، ئاسانیش نییه‌ یاساكه‌ به‌سه‌ر ئه‌واندا جێبه‌جێ‌ بكرێت.

 

ئه‌گه‌ر زووش ئه‌م یاسایه‌ نه‌كه‌وێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وا هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌بێ‌ یاسا ده‌چنه‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ساڵی‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان له‌ساڵی‌ 2018، به‌م پێیه‌ش ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ یاسا كۆنه‌كه‌‌و ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت هیچ هێزێكی‌ سیاسی‌ سیفه‌تی‌ یاسایی‌ نابێت بۆ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن.

 

كه‌واته‌ گه‌ر كار وابڕوات بۆ چه‌ند ساڵی‌ داهاتوو نه‌ ده‌توانرێ‌ داهاتی‌ حیزبه‌كان دیاری‌ بكرێت‌و نه‌ ده‌توانرێت ناچار بكرێن بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌پۆلێنكاری‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نه‌ ده‌شكرێ‌ رێی‌ بوونی‌ هێزی‌ چه‌كداریان لێ‌ بگیرێت‌و چۆن بیانه‌وێت ئاوها پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو هه‌ڵده‌سوڕێنن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌