راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌
رێككه‌وتنێكی‌ نوێ‌، دۆخی‌ سیاسی‌ كوردستان یا یه‌ك ده‌خات یان په‌كی‌ ده‌خات

هه‌ستیار قادر
رێكه‌وتنی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكاری‌ له‌هاوسه‌نگی‌ هێزدا كرد، له‌و هه‌رێمه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێكه‌ كه‌وتۆته‌ قه‌یرانێكی‌ سیاسی‌ قوڵی‌ ناوخۆییه‌وه‌.
23.06.2016  |  هه‌ولێر
سه‌ركرده‌ ناكۆكه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان ده‌ستی‌ یه‌كیان گرتووه‌ ( :وێنه بريار نامق)
سه‌ركرده‌ ناكۆكه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان ده‌ستی‌ یه‌كیان گرتووه‌ ( :وێنه بريار نامق)

رۆژی‌ 17ی‌ ئایاری‌ رابردوو هه‌ریه‌ك له‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ دوو حیزبی‌ نه‌یاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ یه‌كتربوون، رێكه‌وتنێكی‌ سیاسییان راگه‌یاندو ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌سه‌رجه‌م هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كاندا یه‌كیان ده‌خات، هاوكات هه‌نگاوێكه‌ بۆ تێكه‌ڵكردنی‌ فراكسیۆنه‌كان له‌په‌رله‌مان‌و دروستكردنی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی‌ هاوبه‌ش.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌هێزه‌ باڵاده‌سته‌كانی‌ هه‌رێم، به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر به‌م رێككه‌وتنه‌ ناره‌حه‌ت بووه‌و پێی‌ وایه‌ بۆ دژایه‌تی كردنی‌ ئه‌و پێكهێنراوه‌، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س گومانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ هه‌بێت.

 

ئه‌و گۆڕانكارییه‌ له‌هاوسه‌نگی‌ هێزدا ناكۆكی‌ نێوان گۆڕان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ قوڵتر كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌م دوو هێزه‌ ماوه‌یه‌كه‌ تێبینی‌ زۆریان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س وایده‌بینن كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م گۆڕانكارییه‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كی‌ نائارامدا بڕوات.

 

ره‌ئوف عوسمان سه‌رۆكی‌ جفاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ كارێكی‌ واده‌كات سه‌رجه‌م جومگه‌كان له‌ده‌ست پارتێكی‌ سیاسیدا نه‌مێنێت كه‌ مه‌به‌ستی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ هه‌رچه‌نده‌  دڵنیایی‌ ده‌دات له‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌دژی‌ هیچ لایه‌نێك نییه‌.

 

 ره‌ئوف عوسمان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و رێكه‌وتنه‌ چاره‌سه‌ری‌ زۆرێك له‌كێشه‌كانی‌ تیایه‌ ئه‌گه‌ر جه‌مسه‌ری‌ به‌رانبه‌ر مل بدات بۆ بنه‌ما دیموكراسیه‌كان".

 

چه‌ند رۆژێك دوای‌ راگه‌یاندنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ پارتی‌ هه‌ڵوێستێكی‌ "توندی‌" به‌رانبه‌ر وه‌رگرت‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیدا رایگه‌یاند "له‌رێككه‌وتنی گۆڕان‌و یه‌كێتی ره‌چاوی هه‌وڵێك ده‌كرێ بۆ فراوانكردنی ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان".

 

گۆڕان كه‌ له‌ساڵی‌ 2009دا دامه‌زرا، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ (نه‌وشیروان مسته‌فا)و زۆرێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ له‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان جیابوونه‌وه‌و پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ریشی‌ ده‌كه‌وێته‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ ‌وهه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ هاوكات ناوچه‌ نفوزی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌.

 

كڕۆكی‌ توڕه‌بوونی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئه‌و دوولایه‌نه‌، ئه‌و میكانیزمه‌یه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ دایناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم.

 

به‌پێی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، داواده‌كه‌ن سیستمی‌ حوكمڕانی‌ له‌هه‌رێم په‌رله‌مانی‌ بێت‌و سه‌رۆكیش له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت‌و په‌رله‌مانی‌ ئێستاش به‌بێ مه‌رج كارا بكرێته‌وه‌.

 

ئه‌و ئاماژانه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ تێڕوانینی‌ ئێستای‌ پارتیه‌ بۆ كێشه‌كان، ئه‌وان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت.

 

به‌هۆی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2015ه‌وه‌ پارتی‌ رێگه‌ی نه‌دا به‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌له‌مان بچێته‌وه‌ هه‌ولێری‌ پایته‌خت بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌‌و قایلیش نین بێ لادانی‌ ناوبراو  كه‌ سه‌ر به‌گۆڕانه‌ په‌رله‌مان به‌گه‌ربخرێته‌وه‌، چونكه‌ رۆڵی‌ هه‌بوو له‌ده‌ستبردن بۆ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌ئاڕاسته‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك.

 

ئه‌حمه‌د كانی‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ه‌ندییه‌ كوردستانیه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێیوایه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم ئالۆَزتر ده‌كات به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو نه‌فه‌سی‌ خۆسه‌پاندی‌ پێوه‌ دیاره‌.

 

ئه‌حمه‌د كانی‌  به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوه‌ڕۆكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ نه‌فه‌سی‌ گۆڕانی‌ پێوه‌یه‌و پێشبینی‌ ناكه‌ین یه‌كێتیش بچێته‌ ژێر باری‌ كاریگه‌ری‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌رێكه‌وتنه‌كه‌دا".

 

ناكۆكیه‌كانی‌ دوای‌ قۆناغی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ قوڵتر بۆوه‌ له‌نێوان گۆڕان‌و پارتیدا، تۆماركردنی‌ داوایه‌كی‌ یاسایی‌ له‌لایه‌ن داواكاری‌ گشتی‌ هه‌ولێره‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا‌و ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ ده‌ستگیركردنی‌ به‌تۆمه‌تی‌ هاندانی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ وڵاتان له‌هه‌رێم، شه‌ڕی‌ راگه‌یاندنی‌ نێوانیانی‌ چڕتركرده‌وه‌.

 

بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان‌و ده‌ستكه‌وتنی‌ هاوهه‌ڵوێستی‌، گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ لیژنه‌ی‌ هاوبه‌شیان پێكهێناو سه‌ردانه‌ ماراسۆنیه‌كانیان ده‌ستپێكرد.

 

 ئه‌و ئه‌ركه‌ بۆ دوولایه‌نه‌كه‌ ئاسان بوو له‌دروستكردنی‌ هاوهه‌ڵوێستی‌ هه‌ریه‌ك له‌كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌ له‌په‌رله‌مان هاوڕابوون له‌سه‌ر پرسی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان.

 

عومه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"رێكه‌وتنه‌كه‌ خاڵی‌ باشی‌ تیایه‌و ده‌كرا ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ دیالۆگی‌ نێوان لایه‌نه‌كان‌و هێنانه‌كایه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كگرتوو مه‌ترسی‌ خۆی‌ نه‌شارده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ببێته‌ هۆی‌ ئاڵۆزتربوونی‌ كێشه‌كان به‌ئاڕاسته‌ی‌ دروستبوونه‌وه‌ی‌ دوو ئیداره‌یی‌‌و جه‌مسه‌رگیری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ده‌ڵێت "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ قازانجی‌ كه‌سی‌ تیا نییه‌و كاتی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ش وابوو ئاماژه‌ی‌ باشیان له‌یه‌كتر نه‌گه‌یاند".

 

هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بۆ پارتی‌ ئاسان نابێت به‌تایبه‌ت كه‌ تائێستا سه‌هۆڵبه‌ندانی‌ ناكۆكی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان نه‌تواوه‌ته‌وه‌.

 

 ئه‌حمه‌د كانی‌ ده‌ڵێت "ئاماده‌نین پێشوازی‌ له‌هیچ وه‌فدێكی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بكه‌ین له‌سه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌".

 

ئه‌ركی‌ یه‌كێتی‌ له‌م نێوه‌نده‌دا قورستر بووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ساڵی‌ 2007ه‌وه‌ رێكه‌وتنامه‌یه‌كی‌ هاوشێوه‌ی‌ ستراتیژی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ هه‌یه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی‌ هه‌رێم‌و رێكخستنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی‌ كه‌وتۆته‌ نێوان دوولایه‌نه‌ی‌ ناكۆكه‌وه‌.

 

هه‌رێمی‌ كه‌مال ئاغا ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ پێشتر هه‌وڵیانداوه‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌ناكۆكی‌ نێوان پارتی‌‌و گۆڕان‌و پرۆژه‌شیان پێشكه‌ش به‌پارتی‌ كردووه‌، به‌ڵام  ده‌ره‌نجامی‌ نه‌بووه‌.

 

هه‌رێم كه‌مال ئاغا به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێكه‌وتنی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان‌و پارتی‌ پێكه‌وه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیریی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و رێكخستنه‌وه‌ ناو ماڵی‌ كوردو كاردانه‌وه‌ی‌ پارتیش دژ به‌رێكه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان له‌جێگه‌ی‌ خۆیدا نه‌بوو".

 

 ئاماژه‌كانی‌ دوای‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ تائێستا ئومێد به‌خش نین، سوربوونی‌ پارتی‌ له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ چانسی‌ گه‌یشتنی‌ به‌خاڵی‌ هاوبه‌ش كه‌مكردۆته‌وه‌.

 

د. رێبوار كه‌ریم مامۆستای‌ زانیسته‌ سیاسییه‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێیوایه‌ گریمانه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌ی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ڵوێستی‌ پارتیه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌نییه‌ به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ بداته‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر.

 

د.رێبوار كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌ره‌نجامی‌ خراپی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ سیناریۆی‌ جیاوازی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هه‌نگاو نانبێت بۆ دوو ئیداره‌یی‌‌و دروستبوونه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆو تاده‌گاته‌ په‌نابردنی‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ بۆ هێزی‌ ده‌ره‌كی‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌هه‌ردوولا كه‌سانێك هه‌ن ویستیان له‌گه‌ڵ ئه‌و سیناریۆیه‌دان".

 

 له‌ئێستادا پارتی‌ له‌زۆنی‌ زه‌ردی‌ هه‌ولێرو دهۆك باڵا ده‌سته‌و خاوه‌نی‌ زۆرینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی‌‌و هه‌روه‌ك زۆربه‌ی‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌ ئیداری‌و سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌كانی‌ حكومه‌تیشی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌به‌رانبه‌یشدا یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌زۆنی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌دا باڵا ده‌ستن‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دابه‌شكردووه‌.

 

مه‌ترسیدارترین سیناریۆ بۆ قبوڵنه‌كردنی‌ رێكه‌وتنه‌ نوێكه‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ باردۆخی‌ دووئیداره‌یی‌ نێوان ئه‌و دوو زۆنه‌ كه‌  له‌شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ تا ساڵی‌ 2005 درێژه‌ی‌ كێشا.

 

ئه‌و دابه‌شبونه‌ سیاسیه‌ له‌هه‌رێم نمونه‌ی‌ بچوككراوه‌ی‌ دابه‌شبوونێكی‌ سیاسی گه‌وره‌تره‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندی‌ هێزه‌كانی‌ زۆنی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی‌ ئێراندا به‌هێزه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پارتی‌ له‌زۆنی‌ زه‌رد له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی‌ توركیا به‌هێزتره‌ ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌نكه‌ره‌و تاران له‌ململانێیه‌كی‌ هه‌رێمی‌ توندان له‌ ناوچه‌كه‌دا.

 

د.واسق هاشمی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ لێكۆلێنه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێكه‌واتنه‌كه‌ی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ پێشهاتی‌ مه‌ترسیدار به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت به‌تایبه‌ت كه‌ پارتی‌ قایل نییه‌ به‌و چاره‌سه‌رانه‌ی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێم كه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌.

 

هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بارودۆخی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌مان بارودۆخی‌ سونه‌و شیعه‌یه‌ له‌عێراق له‌ڕوی‌  پاڵپشتیكردنی‌ وڵاتانی‌ تره‌وه‌، بۆیه‌ دوور نییه‌ له‌باری‌ توندبوونه‌وه‌ی‌ ململانێكانی‌ هه‌رێمدا، ئێران پاڵپشتی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بكات‌و توركیاش پاڵپشتی‌ پارتی‌ بكات‌و ده‌ست له‌و كێشه‌یه‌ وه‌ربده‌ن ئه‌وه‌ش قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێم ئاڵۆزتر ده‌كات".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌