راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هەرێمی دووەم لەعێراقدا
كەركوكییەكان دەیانەوێت هەلی داعش بقۆزنەوەو بڕیارێك لەئایندەیان بدەن

شاڵاو محەمەد
پارێزگای كەركوك، "عێراقێكە بچوكەكە" یان "دڵ‌‌و قودسی كوردستان" یان "هەرێمێكی سەربەخۆ"، ئەمە ئەو بژاردانەن كە ئێستا كەوتوونەتە بەردەمی خەڵكی شارەكە.
9.06.2016  |  كەركوك
كەركوك ( :وێنه San Diego Air & Space Museum / Wikimedia Commons)
كەركوك ( :وێنه San Diego Air & Space Museum / Wikimedia Commons)

لەكاتێكدا كە وردە وردە داعش چەند ناوچەیەكی گرنگ لەدەست دەدات، كەركوكییەكان كەوتوونەتە خۆ بۆ ئەوەی پاش كۆتایی هاتنی "قەیرانی داعش" بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەئایندەی شارەكەیان بدەن، بۆ ئەمەش چەند سیناریۆیەكی جیاوازو باسی لێوە دەكرێت.

 

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەناو بەرپرسانی كەركوك باس لەچەند ئەگەرێكی جیاواز دەكرێت، بەڵام هەموویان لەدەوری سێ‌ هێڵی سەرەكی كۆدەبنەوە، ئەوانیش بریتین لەوەی یان دوای داعش هیچ ناگۆڕێت، یاخود كەركوك دەلكێنرێت بەهەرێمی كوردستانەوە، یاخود بڕیاری پێكهێنانی هەرێمێكی تر لەپاڵ هەرێمی كوردستاندا رادەگەیەنرێت.

 

پارێزگای كەركوك (240كم باكوری بەغدا) كە دانیشتوانەكەی زیاتر لەیەك ملیۆن‌و پێنج سەد هەزار كەسە، بەپێی سەرژمێرە نافەرمییەكان زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردنشینە لەپاڵ دوو پێكهاتەی سەرەكی عەرەب‌و توركمان، ئێستا یەكێكە لەدیارترین ناوچە جێناكۆكەكان لەعێراقدا.

 

سەرەڕای ئەوەی هاوكێشەی هەڵبژاردن بەلای كورددا شكاوەتەوەو لەدوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (نیسانی 2014) كورد هەشت كورسی لەكۆی (12) كورسی شارەكە لەپەرلەمانی عێراقدا بردووەتەوە، لەرووی ئیداریشەوە باڵاترین پۆستی شارەكە بەدەستی كوردەوەیە كە پارێزگارە، لەرووی باڵانسی هێزی سەربازیشەوە لەپاش شەڕی داعش (حوزەیرانی 2014) هەر بەلای كورددا شكاوەتەوەو هێزێكی زۆری پێشمەرگە لەشارەكەدا هەیەو بەرپرسی سەرجەم میحوەرەكانی شەڕ كوردن.

 

ئەم باڵادەستییە لەرووی هەڵبژاردن‌و ئیدارەو هێزەوە وای لەلایەنە كوردییەكان كردووە ئێستا بەباشترین دەرفەت بزانن بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی شارەكە، هەرچەندە جاران داواكاری كورد لكاندنی بوو هەرێمەوە، بەڵام ئێستا بژاردەیەكی تر هاتووەتە ئاراوە كە ئەویش راگەیاندنی كەركوكە وەك هەرێمێكی جیا.

 

پرۆژەی هەرێم لەلایەن پارێزگاری شارەكەوە پشتیوانی دەكرێت‌و بەشێك لەكوردەكان‌و زۆرینەی توركمان لەگەڵین، بەڵام دیسانەوە نەیارو ناكۆكی زۆری هەیە.

 

نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كە باڵاترین پۆستی ئیداری‌و ئەمنیە شارەكە بەڕێوەدەبات بە"نیقاش"ی وت "دەبێت كەركوك لەبەغداد دەببڕێت بۆ ئەوەی لەرووی ئابوری‌و ئەمنیەوە گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، مانەوەی كەركوك لەگەڵ بەغداد ئایندەی كەركوك بەلێڵی دەهێڵێتەوە".

 

 

نەجمەدین كەریم هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق سكرتێری ئەو حزبەیە، دەشڵێت "دەبێت كەركوك بۆ ماوەیەك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، دواتر خەڵكەكەی بڕیار لەسەر چارەنوسی شارەكە بدات، یان سەركردایەتی كورد بڕیاری گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بدات".

 

بەپێی مادەی (119)ی دەستوری عێراقی، هەر پارێزگایەك یان زیاتر مافی ئەوەی هەیە ببێتە هەرێم ئەویش پاش راپرسی دانیشتوانەكەی، داواكاریی راپرسیش بەدوو رێگا پێشكەش دەكرێت، یان بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، یاخود بەدەنگی دە یەكی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەك.

 

پلانی كردنی كەركوك بەهەرێم، ئەگەرێكە كە بەر لەوەی هەنگاوی بۆ هەڵبهێنرێت رووبەرووی ئاستەنگ بووەتەوە، دیارترین ناڕەزاییەكانیش پێش هەموو لایەك، خودی لایەنە كوردییەكانن.

 

بەشێكی زۆر لەسەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بەنزیكەیی سەرجەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پرۆژەیە دەردەبڕن.

 

عەدنان كەركوكی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "ئەمنیەتی كەركوك هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی هەرێم پاراستیویەتی، نەوتی كەركوك لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێ‌، بۆیە كەركوك یەكلای بۆتەوە كوردستانیە تەنها لە ڕوو ئیدارییەكەی ماوە بگەڕێتەوە سەر هەرێم".

 

كەركوكی دەشڵێت "هەرێمی كوردستان كە ئامادەكاری دەكات بۆ ڕیفراندۆم دەبێت شەڕی ئێمە ئەوە بێت ڕاگەیاندنی ئەو سەربەخۆییەی كوردستان كەركوك بگرێتەوە".

 

لیستی‌ بەرەی توركمانی، كە لیستی‌ هاوبەشی‌ پارتە توركمانیەكانی كەركوكە لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و خاوەنی 9 كورسی ئەنجومەنەكەیە لەكۆی (41 كورسی)، پشتیوانی پرۆژەی هەرێم دەكات، بەڵام بەوردەكاریی‌و ئامانجێكی جیاوە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت راگەیاندنی كەركوكە وەك هەرێمێك، بەڵام بەشێوەیەكی هەمیشەیی، نەك دواتر بلكێنرێت بەهەرێمی كوردستانەوە.

 

عەلی مەهدی وتەبێژی بەرەی توركمانی لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش"ی وت " كەركوك دەبێت بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، بەڵام بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمە بەشێوەی خول دەبێت (لەنێوان كوردو عەرەب‌و توركمان) تاكو سیمای پێكەوە ژیانی كەركوك پێوە دیاربێت".

 

عەلی مەهدی وتیشی "ئەو هەرێمی سەربەخۆیەی كەركوك هاوشێوەی هەرێمی كوردستان سەرۆك هەرێم‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و پەرلەمانی دەبێت، بەڵام بەڕێوەبردنی بەشێوەی یەكسان دەبێت لەنێوان نەتەوەكاندا".

 

بەگوێرەی دەستوری‌ عێراق، مادەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی‌ چارەنوسی‌ كەركوك لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا دانراوە، ئەویش مادەی‌ 140ە. ئە‌و مادە دەستورییە داوادەكات چارەنوسی‌ كەركوك لەسەر بنەمای‌ ئیرادەی‌ دانیشتوانەكەی ‌‌و لەڕێی‌ راپرسییەوە یەكلایبكرێتەوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی مادەی 140 لەكۆتایی ساڵی 2007 بەسەرچووە.

 

لەبەرانبەر پێشنیاری دروستكردنی هەرێم یان لكاندنی بەكوردستانەوە، گردبونەوەی‌ عەرەبی‌ لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو هێزەیە نوێنەرایەتی‌ پێكهاتەی‌ عەرەبی‌ كەركوك دەكات، دەڵێت جیابونەوەی كەركوك لەدەوڵەتی عێراق هێڵی سوورە.

 

محەمەد خزر ئەندامی لیستی گردبونەوەی عەرەبی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە"نیقاش"ی وت "مێژووی كەركوك گرێدراوە بەدروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، لەبەرئەوە جیابونەوەی كەركوك لەیەك پارچەیی عێراق هێڵی سوورە".

 

محەمەد خزر دەشڵێت "كەركوك عێراقی بچوكەو نابێت ئەو عێراقە بچوكە كە تەواوی نەتەوەكان تێدا دەژین تێك بدرێت، هەر كەسێكیش هەوڵی تێكدادانی بدات خۆكوژی سیاسی ئەنجام دەدات".

 

كەركوك بەهەناردەكردنی نەوت بەناوبانگە، چوار بیری نەوتی تێدایە‌و گەورەترینیان دەكەوێتە ناوەندی شارەكە، كەركوك لەڕووی ئیدارییەوە بەسەر چوار قەزادا دابەشبووە ئەوانیش قەزاكانی ناوەندی كەركوك، داقوق، دوبس‌و حەویجەن، كە لە ئێستا قەزای حەویجە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە.

 

لەتەموزی ساڵی 2014 نەوتی پارێزگای كەركوك لەڕێگەی بۆڕی نێوان هەرێمی كوردستان – بەندەری جەیهانی توركیەوە هەناردە دەكرێت ، هەرچەندە بەهۆی ڕادەست نەكردنی پارەی نەوتی كەركوك بەحكومەتی عێراقی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، جگە لەكێڵگەی نەوتی بای حەسەن، لەكیڵگەكانی دیكە ماوەی چوار مانگە هەناردە كردنی نەوت ڕاگیراوە.

 

گرنگی پێگەی مێژوویی‌و جوگرافی‌و قازانجی داهاتەكەیەتی وایكردووە لایەنە جیاوازەكان ململانێیان بێت لەسەری‌و هەریەكەو بیەوێت بەلای خۆیدا رایبكێشێت، بەتایبەتی كە ئێستا شەڕی داعش دەرفەتێكی نوێی خولقاندووە.

 

د.عومەر زەنگەنە مامۆستای زانكۆی كۆلێژی زانستە سیاسیەكانی زانكۆی كەركوك بە"نیقاش"ی وت "داعش لەسنوری كەركوك بەرەو كۆتایی دەچێت، حكومەتی ناوەندیش لەبەرانبەر قەیرانی دارایی‌و ئەمنیەتی شارەكە كەمتەرخەم بووە، ئەمەش وایكردوە هێزە سیاسیەكان ئامادەكاری بۆ ئایندەی شارەكە بكەن".

 

بەبڕوای زەنگەنە هیچ كام لەنەتەوەكانی كەركوك (كوردو عەرەب‌و توركمان) ناتوانن بەتەنیا ئایندەی شارەكە یەكلایی بكەنەوە، بەڵكو لانی كەم دەبێت دوان لەنەتەوەكانی لەسەر بابەتێك بسازێن بۆ ئەوەی زۆرینەی دەنگی دانیشتوانی شارەكەی لەگەڵ بێت، لەمڕووەوە دەڵێت "دەبێت پڕۆژەی دوو نەتەوە كۆبكرێتەوە، چونكە یەكگرتنی پڕۆژەی دوو نەتەوە لەرووی راپرسیەوە بۆ ئایندەی شارەكە ئاسانتر دەكات".

 

ئەم ئەگەرەی زەنگەنە باسی دەكات پێناچێت ئەگەرێكی ئاسان بێت، چونكە هەریەك لەنەتەوەكانی ئەو شارە مەحكومن بەكۆمەڵێك بیروبۆچون‌و ئایدۆلۆژیاو وەك چاودێران دەڵێن سەركردەكانیان لەدەرەوە ئاراستە دەكرێن، بۆیە ئاسان نییە بتوانن پرۆژەكانیان یەك بخەن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌