راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕی‌ سیاسی‌ به‌وێنه‌ی‌ سه‌ركرده‌كان
له‌سلێمانی‌ هێشتا تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقه‌

هونەر حەمەرەشید
به‌شێكی‌ زۆر له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌وێنه‌ی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رازێنراونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌وێنه‌ هێشتا تاڵه‌بانی‌ سه‌ركۆماری‌ عێراقه‌.
1.06.2016  |  سلێمانی
وێنه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ له‌فه‌رمانگه‌و شوێنه‌ حكومییه‌كان
وێنه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ له‌فه‌رمانگه‌و شوێنه‌ حكومییه‌كان

ساڵی 1998 ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌دوو ئیداره‌ی هه‌ولێرو سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌برا، په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بوو، بێ به‌شداری فراكسیۆنی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، بڕیاریدا وێنه‌ی مسته‌فا بارزانی (دامه‌زرێنه‌ری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و باوكی‌ مه‌سعود بارزانی‌) له‌په‌رله‌مان‌و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان هه‌ڵبواسرێت، حه‌وت ساڵ دواتر ئه‌و كاته‌ی ئیداره‌كان تێكه‌ڵكرانه‌وه‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ هاوبه‌ش پێكهات، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا له‌هه‌موو داموده‌گاكانی حكومه‌ت وێنه‌یه‌كی مه‌سعود بارزانی‌و جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ناو چوارچێوه‌یه‌كدا هه‌ڵبواسرێن (تاڵه‌بانی به‌سیفه‌تی سه‌رۆك كۆماری عێراق‌و مه‌سعود بارزانی به‌سیفه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان).

 

له‌و بڕیاره‌دا جۆری وێنه‌كه‌و قه‌باره‌و ره‌نگه‌كانیشی ده‌ستنیشانكراون، به‌و پێوه‌ره‌ ده‌بێت تاڵه‌بانی به‌قات‌و بۆینباخ، كه‌ ره‌نگی ره‌شبێت‌و بارزانیش به‌جلی كوردییه‌وه‌، كه‌ جامانه‌یه‌كی سووری به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ هه‌ڵبواسرێت.

 

ئه‌م بڕیاره‌ تائێستاش وه‌ك خۆی‌ به‌بێ‌ ده‌ستكاری‌ جێبه‌جێده‌كرێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌پۆسته‌كه‌یدا مابێت، هه‌روه‌ها كێشه‌‌و رای‌ جیاواز له‌سه‌ر واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام له‌پۆسته‌كه‌ی‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

 

رۆژی‌ 13 نیسانی‌ 2016 یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دوای‌ گه‌شتێكی‌ چه‌ند رۆژه‌ له‌وڵاتی‌ سوید له‌رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌ر له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها رۆژی‌ 7 ئایاری‌ 2016 سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌، هه‌ر له‌فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان باس كرد.

 

كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی‌ هه‌ردوو سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و عێراق له‌به‌شی‌ "VIP" فڕۆكه‌خانه‌كه‌ رێكخرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنج بوو، هه‌ردوو سه‌رۆك له‌به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ وه‌ستابوون، كه‌ به‌هه‌رسێ‌ زمانی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و ئینگلیزی‌ لێنووسراوه‌ "سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقی‌ فیدراڵ، به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی‌".

 

به‌پێی‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ بێت، تائێستا جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقه‌، له‌كاتێكدا ناوبراو له‌17ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2012 به‌هۆی‌ نه‌خۆشی‌ به‌فعلی‌ كاری‌ له‌پۆسته‌كه‌یدا نه‌كردووه‌و له‌رۆژی‌ 23ی‌ ته‌مموزی‌ 2014 به‌فه‌رمی‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ فوئاد مه‌عسوم له‌و رۆژه‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆماری‌ تازه‌ هه‌ڵبژێراو سوێندی‌ یاسایی خوارد.

 

تاهیر عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه‌ تائێستا وێنه‌كه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ له‌به‌شی‌ "VIP"یان لانه‌بردووه‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ "گه‌وره‌یی ئه‌و پیاوه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌".

 

تاهیر عه‌بدوڵڵا بۆ "نیقاش" راشیگه‌یاند، له‌به‌رنامه‌یاندا هه‌موو وێنه‌كانی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ لابه‌رن له‌فڕۆكه‌خانه‌و به‌قسه‌ی‌ ئه‌و "له‌ژووره‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێكراوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوون به‌لابردنی‌ وێنه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌به‌شی‌ VIP فڕۆكه‌خانه‌كه‌".

 

له‌كوردستان دوو هێزه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ی‌ هه‌رێم (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 1994 – 1998 شه‌ڕێكی‌ خوێناوی ناوخۆیان دژی‌ یه‌كتر ئه‌نجامدا، له‌و كاته‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌رت بوو بۆ دووبه‌ش (هه‌ولێرو دهۆك بۆ پارتی‌‌و سلێمانی‌‌و گه‌رمیان‌و هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ یه‌كێتی‌) ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت سه‌ره‌ڕای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ نزیكه‌ی‌ 18 ساڵ به‌سه‌ر كۆتایی‌ شه‌ڕه‌كه‌دا، به‌ڵام مۆركی‌ دوو ئیداره‌یی‌ له‌زۆر جێگه‌ی‌ هه‌رێم به‌دی‌ ده‌كرێت.

 

له‌زۆرێك له‌فه‌رمانگه‌كانی‌ سنووری پارێزگای سلێمانی‌و گه‌رمیان‌و هه‌ڵه‌بجه‌، ته‌نیا وێنه‌ی تاڵه‌بانی هه‌ڵده‌واسرێت‌و له‌بازگه‌كان وێنه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌ك سه‌ره‌ك كۆماری‌ عێراق هه‌ڵواسراوه‌.

 

پێچه‌وانه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، له‌به‌شێكی زۆر له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی شاری هه‌ولێرو دهۆك به‌تایبه‌تی له‌ژووری به‌ڕێوه‌به‌ره‌كاندا، به‌وێنه‌ی‌ موسته‌فا بارزانی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیره‌ڤان بارزانی‌‌و مه‌سرور بارزانی‌ ته‌نراون.

 

هێمن فه‌رید چالاكوانێكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌ له‌شاری هه‌ولێر، سه‌رسوڕمانی‌ خۆی‌ له‌دیارده‌ی‌ وێنه‌ی‌ هه‌ڵواسینی‌ سه‌ركرده‌كان ده‌رده‌بڕێت‌و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌هاوڕێكانی كه‌مپینێكیان له‌شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بردووه‌ بۆ لابردنی وێنه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان له‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، به‌ڵام كه‌مپینه‌كه‌یان هیچ ئه‌نجامێكی‌ نه‌بوو.

 

هێمن له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌كاتی چالاكییه‌كانمان‌و كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و شاندی وڵاتان، هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ناوچاوماندا، كه‌ بۆچی وێنه‌ی سه‌رۆكه‌كانتان به‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندا هه‌ڵده‌واسن؟ ئێمه‌ش له‌وه‌ڵامدا ته‌نیا رووگیریمان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌شه‌رمه‌وه‌ ده‌ڵێین ئه‌وه‌ وێنه‌ی فڵانه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و حیزبه‌یه‌و ئه‌وه‌ش وێنه‌ی فڵانه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و حیزبه‌كه‌ی تره‌".

 

چالاكوانه‌كه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنێت‌‌و چیتر بیر له‌وه‌ نه‌كرێته‌وه‌ وێنه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان له‌شوێنه‌ گشتی هه‌ڵبواسرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و وڵاتێكی دامه‌زاراوه‌یی‌و دیموكراسی‌و كرانه‌وه‌ به‌ڕووی جیهاندا هه‌نگاو ده‌نێت.

 

بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونێكی‌ حیزبی‌ به‌سه‌رییه‌وه‌ زاڵه‌، له‌ناوچه‌ جیاكانی‌ هه‌رێم وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێناكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵواسینی‌ وێنه‌ی‌ مه‌لا مسته‌فا له‌سنووری‌ سلێمانی‌ جێبه‌جێناكرێت‌و بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌تیش بۆ هه‌ڵواسینی‌ وێنه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌سنووری‌ هه‌ولێرو دهۆك جێبه‌جێناكرێت.

 

ته‌نانه‌ت له‌ناو خودی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیشدا مقۆمقۆ له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ دروست بووه‌و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بێت بڕیاری‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت بۆ هه‌ڵواسینی‌ سه‌ركرده‌كان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

 

گۆران ئازاد په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاساییه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كاته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری هه‌ڵواسینی وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی داوه‌، په‌رله‌مان له‌ژێر ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بوو، بڕیارێكی تاك حیزبی بووه‌، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ش هه‌ڵواسینی ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ پۆرتۆكۆلییه‌و ده‌بێت له‌كاتی رێوره‌سمه‌ فه‌رمییه‌كان له‌هه‌رێم له‌پشتی به‌رپرسانه‌وه‌ ئه‌و هه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌زۆره‌ملێ".

 

سه‌باره‌ت به‌بڕیاری حكومه‌ت بۆ هه‌ڵواسینی وێنه‌ی تاڵه‌بانی‌و بارزانی پێكه‌وه‌ گۆران ئازاد وتی "ئه‌مه‌یان پرۆتۆكۆلی نییه‌و ده‌كرێت له‌ژووری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كان هه‌ڵبواسرێت".

 

بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت كاتێك ده‌رچوو بۆ هه‌ڵواسینی وێنه‌ی بارزانی‌و تاڵه‌بانی، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك جێبه‌جێی نه‌كردایه‌ تووشی لێپێچینه‌وه‌و سزادان ده‌بوو، هێمن فه‌رید، كه‌ له‌دژی ئه‌و بڕیاره‌ به‌شداریكردبوو له‌كه‌مپینێكدا وتی "ئێمه‌ له‌میانی كه‌مپینه‌كه‌مان چه‌ند نموونه‌یه‌كمان ده‌ستكه‌وت، كه‌ چه‌ندین به‌ڕێوه‌به‌ر به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كه‌وه‌ سزا دراون‌و ته‌نانه‌ت هه‌بووه‌ له‌كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌".

 

محه‌مه‌د ره‌شید میره‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆگاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، ره‌نگبێت ته‌نیا به‌ڕێوه‌به‌ربێت له‌كوردستان، كه‌ وێنه‌ی تاڵه‌بانی‌و بارزانی له‌ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌واسیوه‌، ئه‌و به‌راشكاوانه‌ ده‌ڵێت ئاماده‌ نییه‌ وێنه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌شوێنی كاره‌ ره‌سمییه‌كه‌ی هه‌ڵبواسێت.

 

محه‌مه‌د ره‌شید میره‌ بۆ "نیقاش" وتی‌ له‌"ساڵی 2010 كاتێك وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌ستبه‌كاربووم وێنه‌ی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌م به‌بیانووی گۆڕینی دیزاینی ژووره‌كه‌م لابردو دواتر هه‌ڵمنه‌واسییه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تادا دژایه‌تییه‌كی زۆر كرام، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وه‌م كرده‌ بڕیارو چیتر وێنه‌كه‌م هه‌ڵنه‌واسییه‌وه‌".

 

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ وتیشی‌ "به‌شێكی زۆر له‌ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ خودی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئازایه‌تی ئه‌وه‌یان نییه‌ وێنه‌كان دابگرن‌و له‌هه‌مان كاتدا له‌دڵه‌وه‌ پێیان خۆش نییه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ هه‌ڵواسن".

 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا تاڵه‌بانی له‌پۆستی سه‌رۆك كۆماریدا نه‌ماوه‌و بارزانیش كێشه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی‌ دروست بووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رنامه‌یدا نییه‌ به‌و بڕیاره‌یدا بچێته‌وه‌، كه‌ ساڵی ٢٠٠٥ بۆ هه‌ڵواسینی ده‌ریكردووه‌.

 

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا هیچ به‌رنامه‌یه‌ك نییه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری هه‌ڵواسینی وێنه‌ی ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ له‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت".

 

دزه‌یی له‌باره‌ی‌ نه‌مانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌‌و مانه‌وه‌ی‌ وێنه‌كانی‌ له‌داموده‌زگاكان وتی‌ "راسته‌ تاڵه‌بانی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیاری‌ كورده‌، بۆیه‌ تائێستا هیچ كارێك نه‌كراوه‌ بۆ ده‌ستكاریكردنی‌ وێنه‌كان".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌