راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ولێر دڵی‌ له‌به‌غدا سارده‌
كورد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ رێكخستنی‌ ماڵی‌ شیعه‌ ده‌كات

هه‌ستیار قادر
جێهێشتی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ عێراق له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی‌ كورده‌وه‌ به‌ڵگه‌ی‌ كاڵبوونه‌وه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ به‌زۆر سیاسی‌ نێوان كوردو به‌غدایه‌ كه‌ له‌هه‌ر ئان‌و ساتێكدا ئه‌گه‌ری‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌.
26.05.2016  |  هه‌ولێر
سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌په‌رله‌مان
سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌په‌رله‌مان

په‌رله‌مانتارانی‌ كورد مه‌رجی‌ پێشوه‌ختیان هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كیان له‌به‌غدا له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز كه‌وتۆته‌ ده‌ستی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ لایه‌نگری‌ موقته‌دا سه‌درو به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ش كورد گه‌ره‌نتی‌ ئاسایش‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ نێوان شیعه‌كانی‌ ده‌وێت كه‌ تائێستا قبوڵنه‌كراوه‌.

 

سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتووه‌كانی‌ عێراق بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 22ی‌ ئایاردا به‌شێك بوو له‌و هه‌وڵانه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌عه‌ره‌بیه‌كان عێراقییه‌كان گرتیانه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ نێو هۆڵی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كه‌ له‌ 30ی‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردووه‌وه‌ به‌جێیان هێشتووه‌.

 

له‌و كاته‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ لایه‌نگری‌ موقته‌دا سه‌در هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت‌و چونه‌ نێو هۆڵی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، په‌رله‌مانتارانی‌ كورد بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان دا بۆ هه‌رێم، تائێستاش ئاسۆی‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان دیار نیه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ خۆپیشانده‌ران هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد.

 

 رۆژێك دوای‌ ئه‌و روداوه‌ هه‌ر پێنج فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌) به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زاییان له‌سه‌ر هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر په‌رله‌مان بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا ده‌ڵێن "ئه‌و رووداوانه‌ كارێكی‌ وایكرد كه‌ دووباره‌ چاو بخشێنینه‌وه‌ به‌شێوازی‌ به‌شیداریكردنماندا له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق".

 

تاریق گه‌ردی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ شیعه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌تاكڕه‌وی‌ به‌رێوه‌بردووه‌ بۆیه‌ بارودۆخه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ به‌وه‌ی‌ ئێستا".

 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كورد به‌و شێوازه‌ له‌به‌غدا توڕه‌ بێت‌و گۆڕه‌پانی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ جێبهێڵێت، ئه‌گه‌رچی‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ ناوه‌ندو هه‌رێم له‌ململانێیه‌كی‌ توندان له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی‌ وه‌ك ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان‌و نه‌وت‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم.

 

سه‌ره‌تا مانگی‌ ئایار هه‌ریه‌ك له‌سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و عه‌لی‌ عه‌لاق سه‌ركرده‌ له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی‌ شاری‌ سلێمانیان كرد بۆ قایلكردنی‌ كورد به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ هیچیان لی َسه‌وز نه‌بوو.

 

موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاشكرایكرد كه‌ حزبه‌كاكانیان سه‌رپشكیان كردون له‌بڕیاردان له‌سه‌ر پرسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا.

 

موسه‌نا ئه‌مین به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌سته‌م بوو له‌ئێستادا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر پرسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كورد كۆببنه‌وه‌، بۆیه‌ ئیمه‌یان سه‌ر پشككرد".

 

فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌دواین كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆیاندا له‌ 16ی‌ مانگی‌ ئایار دوا بڕیاریان له‌سه‌ر پرسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ به‌غدا كه‌ به‌ستیانه‌وه‌ به‌چه‌ند مه‌رجێكی‌ پیشوه‌خته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترینیان گه‌ره‌نتی‌ ئاسایشی‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاران‌و جێبه‌جێكردنی‌ داواكاری‌ كورد بوو له‌چوارچێوه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدا به‌پاراستنی‌ رێژه‌ی‌ 20%ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورده‌وه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا.

 

هۆشیار عه‌بدوڵا سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ پێشتریش ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ جێبه‌جێنه‌كردووه‌ كه‌ به‌ر له‌دووساڵ به‌كوردی‌ داوه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ حكومه‌ت پێكهێنرا كه‌ به‌شێكیان په‌یوه‌ستن به‌چاره‌نوسی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان‌و شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و سیستمه‌ به‌رگریه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌.

 

هوشیار عه‌بدوڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و مۆدیله‌ی‌ حوكمڕانی‌ عێراق كه‌ له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌  ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، شكستخواردووه‌".

 

ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مان لایه‌نه‌گری‌ موقته‌دا سه‌در بوون كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین كه‌سایه‌تیه‌ ئاینی‌‌و سیاسیه‌كانی‌ شیعه‌ی‌ عێراق‌و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش كه‌ مانیانگرتووه‌ بۆ گۆڕینی‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ عێراق (سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و سه‌ركۆمار) سه‌ر به‌شیعه‌كانن، ئه‌و پێكهاته‌یه‌كی‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن‌و یاسادانانی‌ عێراقیان گرتووه‌.

 

ململانێكانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ نێو هێزه‌ شیعه‌كان پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ عێراقی‌ توشی‌ شڵه‌ژان كردووه‌ ئه‌وه‌ش بۆ كورد بۆته‌ یه‌كێك مه‌ترسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌پرسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌غدا.

 

 ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق  به‌"نیقاش"ی‌ وت "بڕیارمانداوه‌ تا شیعه‌كان نێو ماڵی‌ خۆیان یه‌ك نه‌خه‌نه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌غدا".

 

هه‌وڵی‌ شیعه‌و سونه‌ له‌لایه‌ك بۆ قایلكردنی‌ كورد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌وڵی‌ ئه‌مریكا به‌هه‌مان ئاڕاسته‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ویش ده‌ره‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆی‌ هه‌بێت.

 

رۆژی‌ 20ی‌ ئایار ماتیاس میتمان كونسوڵی‌ ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ به‌سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ كردو داوای‌ لێكردن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا.

 

تاریق گه‌ردی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ ده‌ڵێت "پێشتریش باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق هه‌مان هه‌وڵی‌ داوه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ كێشه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئاستێك كه‌ به‌ئه‌مریكیه‌كانیش چاره‌سه‌ر ناكرێن‌و كاری‌ ئه‌وان به‌سه‌رچووه‌ له‌و پرسه‌داو چاره‌سه‌ری‌ گونجاویشیان پێ نییه‌".

 

 له‌ئێستادا  ئه‌وه‌ روون نیه‌ كه‌ كورد به‌بێ داواكارییه‌كانی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌  بۆ به‌غدا یان نا، ئه‌وه‌ش نازانرێت شێوازی‌ به‌شداری‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراقیدا بۆ له‌مه‌ودوا چۆن ده‌بێت كه‌ به‌مدواییه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر نه‌شته‌ری‌ داواكاری‌ گۆڕانكاری‌.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌رگه‌رمی‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌ بیخاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ چۆنێتی‌ به‌شداریكردنه‌وه‌ له‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا كه‌ له‌بری‌ وه‌رگرتنی‌ چه‌ند وه‌زیرێك ته‌نها یه‌ك وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌تی‌ پێبدرێت بۆ كاروباری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ به‌م دواییه‌ رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆر بۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق.

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا په‌یوه‌ندی‌ كوردی‌ به‌ عێراقه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌ به‌شداریه‌تی‌ له‌ پرۆسه‌ سیاسیه‌ پركێشه‌كه‌یدا كه‌ به‌هۆی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌كانی كورد بۆ هه‌رێم ئه‌و ده‌زووه‌ هیوایه‌ش له‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌ردولا به‌ره‌و پچڕان ده‌چێت.

 

ئه‌و ئاڵۆزیه‌ نوێیه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی‌ یه‌ك سه‌ده‌ به‌سه‌ر رێكه‌وتنی‌ سایكۆس بیكۆدا كه‌ تیایدا كورد دوور له‌خواستی‌ خۆی‌ به‌سترایه‌وه‌ به‌عێراقه‌وه‌.

 

سه‌رۆكی‌ فراكسۆنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ ده‌ڵێت"بوونی‌ كورد له‌عێراقدا به‌ده‌ست خۆی‌ نه‌بووه‌و خۆی‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر نه‌داوه‌و ئێستاش هه‌روایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێك دروست بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربه‌خۆ  پێموانییه‌ كورد له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقدا بمێنێته‌وه‌".

 

كورد له‌ ئێستادا له‌به‌رده‌م به‌رداشی‌ دوو ئه‌گه‌ردایه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان له‌وی‌ تر زه‌حمه‌تتره‌، نه‌ده‌توانێت بێ ڕه‌زامه‌ندی‌ هه‌رێمی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌سایه‌ی‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ یه‌كجاری‌ خۆی‌ له‌عێراق رابگه‌ێنێت، نه‌ده‌شتوانێت به‌ته‌واوی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق بێت بێ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی‌ نێوانیان.

 

 د. ئیحسان شمه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌ بیری‌ عێراقی‌ بۆ توێژینه‌وه‌ سیاسیه‌كان پێیوایه‌ كورد ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری‌ به‌غدا بێت، به‌ڵام جارێكی‌ تریش به‌بێ پێشمه‌رجی‌ نوێ به‌شداری‌ تیادا ناكاته‌وه‌ كه‌ گه‌ره‌نتی‌ فه‌راهه‌مكردنی‌ هه‌ندێك مافی‌ یاسایی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ تیانه‌بێت كه‌ هێشتا به‌ده‌ستی نه‌هێناون له‌ناوه‌ند.

 

شمه‌ری‌ به‌ نیقاشی‌ وت "رێكه‌وتنی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ له‌ئاستی‌ ناوخۆشدا ئه‌گه‌ری‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌به‌غدا ئه‌سته‌متر كردووه‌ كه‌ هه‌ردولا خاوه‌نی‌ ئه‌جنێدایه‌كی‌ جیاوازن له‌وه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌یه‌تی‌".

 

یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوو هێزی‌ نه‌یاری‌ یه‌كتر هه‌فته‌ی‌ رابردوو رێكه‌وتنێكی‌ سیاسییان ئیمزا كرد، هه‌ردوو هێزه‌كه‌ به‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ ئێرانیان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌كه‌ی‌ شمه‌ری‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌