راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شاری‌ رچه‌شكێن
دوای‌ سه‌د ساڵ مێژوو له‌هه‌ڵه‌بجه‌ خۆی‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

سەلام هانەدنی
دوای‌ زیاتر سه‌د ساڵ مێژوو له‌هه‌ڵه‌بجه‌ خۆی‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شاره‌ی‌ بۆیه‌كه‌مجار ژن تیایدا بووه‌ته‌ قایمقام، ئه‌مجاره‌ش رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌داته‌وه‌ ده‌ست ژنێكی‌ تر.
19.05.2016  |  هه‌ڵه‌بجه
عادیله‌ خانم‌و نوخشه‌ ناسیح
عادیله‌ خانم‌و نوخشه‌ ناسیح

له‌ماوه‌ی‌ نێوان ساڵانی‌ 1909 هه‌تا 1915 عادیله‌ خانم وه‌كو یه‌كه‌م ژن له‌مێژووی‌ كوردستاندا بووه‌ته‌ قایمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ئێستا جارێكی‌ تر له‌و شاره‌ پۆستی‌ قایمقام به‌ژنێك ده‌درێته‌وه‌و خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ش چاویان له‌ده‌ستێتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ "سه‌رده‌می‌ زێڕین"ی‌ عادیله‌ خانم بۆ شاره‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌.

 

عادیلە خانم (١٨٥٩-١٩٢٤) ژنێكی‌ دەسەڵاتدارو کارگێری ھۆزی جاف (گه‌وره‌ترین هۆزی‌ كوردی‌)و ھاوسەری عوسمان پاشای جاف  (فه‌رمانڕه‌وای‌ هه‌ڵه‌بجه‌)و دایکی ئەحمەد موختار جاف و تاھیر بەگی جاف دوو شاعیری ناودار بووە. ئینگلیزیەکان پێیان وتووە "شاژنی بێ‌ تاجی شارەزوور".

 

كاتێك عادیلە خانم پۆستی‌ قایمقام وه‌رده‌گرێت (به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداری‌ قه‌زا) وه‌ك مێژوونوسان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن زۆر ‌حەزی بەئاوەدانی‌و پێشخستنی زانست‌و خوێندەواری کردووە‌و قوتابخانەو بازاڕ‌و چەند باڵەخانەی گەورەی لەھەڵەبجە بنیات ناوه‌و لەگوندێکی بچووکەوە کردوێتییه‌ شارێکی ئاوەدان‌و گەلێک باخ‌و سەیرانگای جوانی‌ لێ دروست کردووه‌.

 

هه‌ڵەبجه‌ییه‌كان زۆر شانازی‌ به‌و مێژووه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تیایدا ژنێك باڵاده‌ستی‌ یه‌كه‌م بووه‌و كاری‌ گرنگی‌ بۆ شاره‌كه‌ ئه‌نجامداوه‌و ته‌نانه‌ت په‌یكه‌رێكیشی‌ بۆكراوه‌، له‌دوای‌ ئه‌ویشه‌وه‌و له‌سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كاندا چه‌ندین ژنی‌ تر پۆستی‌ باڵای‌ ئیدارییان له‌شاره‌كه‌دا وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام هیچیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌ قایمقام.

 

كوێستان ئه‌كره‌م جێگری‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ژنه‌ ده‌ست رۆیشتووه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ له‌بواره‌كه‌ی‌ خۆیدا، به‌"نیقاش"ی‌ وت "عادیله‌ خانم ژنێكی‌ سه‌ركه‌وتووبووه‌ له‌بواری‌ به‌رێوه‌به‌ردن‌و كارگێریداو له‌و كاتانه‌ی‌ قایمقام بووه‌ چه‌ندین كاری‌ گرنگی‌ ئه‌نجامداوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مانكات ژنی‌ ماڵه‌وه‌ بووه‌و له‌هه‌ردوو بواری‌ ماڵه‌وه‌و كاردا سه‌ركه‌وتوو بووه‌".

 

كوێستان وتیشی‌ "وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ له‌مێژه‌وه‌ سه‌لماندومانه‌ كه‌ ئافره‌ت به‌رده‌وام جیاوازی‌ نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ پیاوداو له‌كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌دا شان به‌شانی‌ پیاوه‌كانیان كاریان كردوه‌، عادیله‌ خانم نموونه‌ی‌ هه‌ره‌ دیاره‌".

 

گه‌یشتن به‌پۆسته‌كه‌ی‌ عادیله‌ خانم یه‌كێك بووه‌ له‌و خه‌ونانه‌ی‌ زۆرێك له‌ژنانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆی‌ كۆشاون، به‌ڵام پێی‌ نه‌گه‌یشتوون، هه‌تا رۆژی‌ 27ی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵ ژنێكی‌ تر به‌ناوی‌ (نوخشه‌ ناسیح) كرایه‌وه‌ به‌قایمقامی‌ شاره‌كه‌.

 

نوخشه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نیدا چه‌ندین پۆستی‌ ئه‌منی‌‌و ئیداری‌ هه‌بووه‌و بۆ ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ی‌ سه‌ر به‌هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌، ئێستا تاكه‌ ژنه‌ له‌هه‌موو كوردستاندا كه‌ له‌پۆستی‌ قایمقامدا بێت.

 

نوخشه‌ ناسیح جگه‌ له‌وه‌ی‌ شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پۆستێكی‌ گرنگی‌ ئیداری‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ زۆر دڵی‌ پێی‌ خۆشه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌شاره‌كه‌ی‌ خۆیدا دووهه‌م ژنه‌ پۆستی‌ قایمقام وه‌ربگرێت‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ قایمقام له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ شتێكی‌ نامۆ نییه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ رۆشنبیری‌ ئه‌م شاره‌ هه‌میشه‌ پشتیوانی‌ ژن بوون‌و ئه‌وا نموونه‌كانیشی‌ دیارن".

 

نوخشه‌ رازی‌ نییه‌ له‌و پۆسته‌ ئیدارییانه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ژنان ده‌درێن‌و پێی‌ وایه‌ ژنانیش له‌ئه‌زموونی‌ به‌ڕێوه‌بردندا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌لماندوویانه‌ كه‌ شانبه‌شانی‌ پیاوان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌كاره‌كاندا، بۆیه‌ چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هاوپیشه‌و هاوپۆستی‌ ئه‌و له‌كوردستاندا زۆربن.

 

نوخشه‌ ده‌ڵێت "ژن له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان شانبه‌شانی‌ پیاوه‌كانیان ئیشیان كردوه‌ له‌كێڵگه‌و ده‌شته‌كاندا، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و كات به‌و شێوه‌یه‌و ئێستاش به‌به‌رێوه‌بردن‌و وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ كارگیری‌ وه‌ك پیاوه‌كانیان كارده‌كه‌ن، به‌رده‌وام ئافره‌ت له‌م سنوره‌دا قسه‌ی‌ به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌، به‌شداری‌ كۆرو كۆبونه‌وه‌كان بووه‌".

 

بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م قایمقامه‌ نوێیه‌ بتوانێت بره‌و به‌شاره‌كه‌یان بداته‌وه‌و بیخاته‌وه‌ سه‌ر پێی‌ خۆی‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ شاره‌كه‌ی‌ ئه‌وان له‌دوای‌ كیمیابارانه‌وه‌ (ئازاری‌ 1988) یه‌كێكه‌ له‌وێرانترین شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌ئاست ئه‌و قوربانیه‌ی‌ كه‌ داوێتی‌ خزمه‌ت نه‌كراوه‌.

 

خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ناڕه‌زاییه‌كی‌ زۆریان هه‌یه‌ له‌فه‌رامۆشكردنی‌ شاره‌كه‌یان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌و تائێستا چه‌ندین خۆپیشاندانیان به‌ڕێوه‌بردووه‌، دیارترینیان له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 2006 بوو كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ "مۆنۆمێنتی‌ شه‌هیدان" بسوتێنن كه‌ سیمبولی‌ پێنج هه‌زار قوربانی‌ ئه‌و شاره‌یه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌زۆربه‌ی‌ ساڵه‌كاندا خۆپیشاندنی‌ ناڕه‌زایی‌ به‌ڕێوه‌چووه‌و ئه‌مساڵیش یه‌كێك بوو له‌و شارانه‌ی‌ له‌دژی‌ بڕینی‌ موچه‌ ناڕه‌زایی‌ تیا به‌ڕێوه‌برا.

 

نوخشه‌و هه‌موو به‌رپرسه‌كانی‌ تری‌ ئه‌و شاره‌ ئه‌ركێكی‌ قورسیان له‌پێشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ توڕه‌یی‌ خه‌ڵك هێور بكه‌نه‌وه‌و خزمه‌تێكی‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ قایمقامه‌ نوێكه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پلانی‌ من خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌بوژاندنه‌وه‌ی‌  هه‌ڵه‌بجه‌‌و  دیاریكردن‌و چاودێریكردنی‌ نرخه‌كانی‌ بازارو پاراستنی‌ لایه‌نی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌كه‌، له‌ئێستاش چه‌ندین پرۆژه‌ ئاماده‌یه‌ بیخه‌ینه‌ بواری‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌، به‌ڵام قه‌یرانی‌ دارایی‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌ماندا".

 

به‌شێكی‌ تر له‌پلانه‌كانی‌ نوخشه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت بریتییه‌ له‌"سه‌وزكردن‌و زیاتركردنی‌ سه‌وزایی‌ له‌سنوره‌كه‌دا‌و لابردنی‌ زیاده‌رۆیه‌كان كه‌ له‌ئێستاد زیاده‌رۆیه‌كی‌ زۆر كراوه‌ بۆ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌، هه‌روه‌ها له‌بواری‌ ژناندا كارده‌كه‌ین بۆ خزمه‌تكردن‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ زیاتر".

 

قایمقامه‌ نوێكه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ده‌یه‌وێت ببێته‌ نمونه‌یه‌كی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ كارگێڕی‌ سه‌ركه‌وتووی‌ ژنان له‌هه‌ڵه‌بجه‌و كوردستاندا، به‌ڵام ده‌بێت رۆژانی‌ داهاتوو ئه‌وه‌ ده‌ربخات ئایا 55هه‌مین قایمقام‌و دووهه‌مین قایمقامی‌ ژن له‌شاره‌كه‌دا له‌ئاست ئه‌و ئه‌ركه‌دایه‌و باره‌ قورسه‌كه‌ی‌ عادیله‌خانمی‌ بۆ هه‌ڵده‌گیرێت یان نا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌