راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌دری‌.. به‌دری‌.. عه‌سائیبی‌
داعش كۆیكردنه‌وه‌و سیاسه‌ت له‌یه‌كی‌ كردن

موسته‌فا حه‌بیب
مانگی‌ داهاتوو دوو ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر فه‌تواكه‌ی‌ سیستانی‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گروپه‌ شیعه‌كان توانیان پێكه‌وه‌ داعش له‌به‌غدا دووربخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سیاسه‌ت ئێستا له‌یه‌كی‌ كردوون.
19.05.2016  |  به‌غدا
چه‌كدارێكی‌ سه‌رایا سه‌لام ( :وێنه حيدر محمد علي)
چه‌كدارێكی‌ سه‌رایا سه‌لام ( :وێنه حيدر محمد علي)

ئێستا وه‌ك جاران ئه‌بو فاتیمه‌ بدێری‌ ناتوانێت شانازی‌ به‌وه‌ بكات كه‌ سه‌ر به‌گروپی‌ به‌دره‌، چونكه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وو هاوشێوه‌كانی‌ خۆیان ده‌پارێزن له‌ره‌وتی‌ سه‌در.

 

ئه‌بو فاتیمه‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌دری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌غدا نیشته‌جێیه‌، له‌وێ‌ ره‌وتی‌ سه‌درو گروپی‌ "سه‌رایا سه‌لام"ی‌ سه‌ر به‌و ره‌وته‌ باڵاده‌ستن، ئێستا ناكۆكی‌ سه‌رایاو به‌در زۆر قووڵ بووه‌ته‌وه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا نه‌عیم لامی‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا نیشته‌جێیه‌ ئه‌ویش ناتوانێت وه‌ك جاران خۆی‌ ده‌ربخات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئه‌ویش گروپی‌ به‌در تیایدا باڵاده‌سته‌.

 

ناكۆكی‌ نێوان ئه‌مجاره‌ی‌ گروپه‌ شیعه‌كان له‌وه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵدا كه‌ ره‌وتی‌ سه‌در خۆپیشاندانی‌ رێكخست‌و خۆپیشانده‌رانی‌ توڕه‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ناوچه‌ی‌ سه‌وزو بینای‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام گروپی‌ شیعه‌كانی‌ تر دژی‌ ئه‌مه‌ وه‌ستانه‌وه‌و هه‌رزوو له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ به‌غداو ده‌وروبه‌ری‌ چه‌كداره‌كانیان بڵاوكرده‌وه‌.

 

هه‌ر رۆژێك دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ لایه‌نگری‌ سه‌در چوونه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز له‌30ی‌ مانگی‌ رابردوو، گروپه‌كانی‌ "به‌در"و "سه‌رایا خوراسانی‌"‌و "سه‌رایا جیهاد" سه‌دان چه‌كداریان له‌به‌غداو ده‌ورووبه‌ری‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز بڵاوكرده‌وه‌، سه‌دریش چه‌كدارانی‌ "سه‌رایا سه‌لام"ی‌ له‌ناو به‌غدا بڵاوه‌ پێكرد.

 

حاكم زاملی‌ یه‌كێك له‌په‌رله‌مانتاره‌ دیاره‌كانی‌ ره‌وتی‌ سه‌در داوای‌ له‌گروپه‌كانی‌ تر كرد ده‌ست وه‌رنه‌ده‌نه‌ سیاسه‌ت‌و رێ له‌خۆپیشانده‌ران نه‌گرن، به‌ڵام گروپه‌كانی‌ تر ره‌وتی‌ سه‌دریان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ سوودی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كان بینیوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ سیاسی‌.

 

خۆپیشانده‌رانی‌ سه‌ر به‌سه‌در په‌لاماری‌ باره‌گاكانی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو حیزبی‌ فه‌زیله‌یاندا له‌پارێزگای‌ دیوانیه‌ی‌ خوارووی‌ عێراق‌و وێنه‌ی‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ ئه‌و حیزبانه‌یان شكاند.

 

له‌و رۆژه‌وه‌ تائێستا سه‌ركرده‌ی‌ گروپه‌ شیعه‌كان تۆمه‌ت ئه‌گۆڕنه‌وه‌‌و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێت بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌وه‌ی‌ تر، ناكۆكییه‌كانیش كاتێك قووڵتر بووه‌وه‌ كه‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ پێشوو سێ‌ ته‌قینه‌وه‌ له‌به‌غدا روویانداو یه‌كێك له‌وانه‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌در بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 123 كه‌س له‌ناو كوژراوو برینداردا هه‌بوون.

 

ده‌سه‌ڵاتی‌ گروپه‌ شیعه‌كان به‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ به‌غدادا دابه‌شبووه‌، بۆ نموونه‌ ره‌وتی‌ سه‌در له‌ناوچه‌ی‌ سه‌در باڵاده‌سته‌، ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ به‌ده‌ست به‌دره‌وه‌یه‌و هه‌رچی‌ "عه‌سائب ئه‌هلل حه‌ق"ه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ به‌له‌دیات‌و مه‌حمودییه‌و وه‌شاش باڵاده‌ستن، ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كانی‌ تری‌ وه‌ك به‌یاع‌و شوعله‌و ئه‌بوده‌شیرو حوریه‌و شه‌عب به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌دا دابه‌ش بووه‌.

 

له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی‌ دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌نێوان گروپه‌ شیعه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش به‌سترا ئێستا هه‌ڵوه‌شابێته‌وه‌، ناكۆكی‌ سیاسی‌ نێوان ئه‌م گروپانه‌ ئه‌گه‌ری‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ شیعه‌ – شیعه‌ی‌ هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

 

زاملی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ په‌رله‌مانه‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌وه‌زیری‌ ناوخۆ گرتن ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌زاران كه‌س له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌در خۆپیشاندانێكیان رێكخست‌و داوای‌ لابردنی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆیان كرد پاش ئه‌وه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ناوچه‌كه‌یاندا روویدا.

 

له‌لای‌ خۆیانه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ وه‌ڵامی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ دایه‌وه‌و رایگه‌یاند ره‌خنه‌كانی‌ زاملی‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ سیاسییه‌، به‌ڵام ئه‌بو فاتیمه‌ بدێری‌ ده‌ڵێت "ره‌وتی‌ سه‌در بۆیه‌ ره‌خنه‌ له‌وه‌زیری‌ ناوخۆ ده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌ به‌دره‌، ئه‌ی‌ بۆچی‌ به‌ر له‌چه‌ند مانگێك ره‌خنه‌یان له‌وه‌زیری‌ ناوخۆ نه‌بوو؟".

 

خه‌ڵكی‌ به‌غدا له‌هه‌ر ئان‌و ساتێكدا چاوه‌ڕێی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانن، به‌غدادییه‌ك كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆر له‌و گروپانه‌ ده‌ترسین، به‌ده‌یانیان له‌ناوچه‌كه‌ماندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بزانین سه‌ر به‌كێن، خه‌ریكبوو شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كرد".

 

بارودۆخێكی‌ وه‌ها خراپ له‌به‌غدا هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ خه‌ریكبوو له‌ده‌ست ده‌رده‌چوو، گروپی‌ "كه‌تیبه‌كانی‌ سه‌یدلشوهه‌دا" یه‌كێك له‌پێكهاته‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی ئه‌مه‌ریكای‌ تۆمه‌تبار كرد به‌نانه‌وه‌ی‌ فیتنه‌ له‌نێو هێزه‌ شیعه‌كاندا.

 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ناكۆكی‌ له‌نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كاندا دروست ببێت، به‌ڵكو رووداوی‌ هاوشێوه‌ له‌ساڵانی‌ پێشوودا روویداوه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداری‌، دیاترینیان شه‌ڕی‌ سه‌درو به‌در بوو له‌ساڵی‌ 2008 له‌خوارووی‌ عێراق، ساڵانی‌ 2011و 2012ش سه‌درو عه‌سائیب له‌ناوچه‌ی‌ سه‌در بووه‌ شه‌ڕیان.

 

له‌راستیدا هه‌موو ئه‌م ناكۆكیانه‌ له‌نێوان دوو گروپدایه‌، گروپێك كه‌ ئێران پاڵپشتی‌ ده‌كات‌و گروپێكی‌ تریش كه‌ له‌ناوخۆی‌ عێراقه‌وه‌ پاڵپشتی‌ ده‌كرێن.

 

جابر محه‌مه‌داوی‌ كه‌ پیاوێكی‌ ئاینی‌ شیعه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌و له‌بواری‌ خوێندنی‌ شیعه‌ له‌نه‌جه‌ف كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناكۆكی‌ نێوان ره‌وتی‌ سه‌درو گروپه‌ شیعه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێران ناكۆكییه‌كی‌ عه‌قیده‌ییه‌و ده‌یان ساڵه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌، ره‌وتی‌ سه‌در دژی‌ ویلایه‌تی‌ فه‌قێ‌و باڵاده‌ستی‌ ئێرانه‌ له‌عێراقدا".

 

ره‌وتی‌ سه‌در له‌شیعه‌كانی‌ عێراق دروست بووه‌و فه‌رمانده‌كانیشی‌ عێراقین‌و سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێن له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌بوون، هه‌رچی‌ گروپه‌ شیعه‌كانی‌ تره‌ زۆربه‌ی‌ سه‌كرده‌كانیان ده‌یان ساڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق بوون‌و له‌وڵاتانی‌ ئیران‌و سوریاو لوبنان‌و ئه‌وروپا ژیاون، بۆیه‌ وه‌ك محه‌مه‌داوی‌ ده‌ڵێت ره‌وتی‌ سه‌در له‌ناو شیعه‌كاندا لایه‌نداری‌ زۆرتره‌ له‌وانی‌ تر.

 

به‌هێزترین گروپه‌ شیعه‌ عێراقییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێران كه‌ عه‌لی‌ خامه‌نه‌یی‌ رابه‌ری‌ ئێران سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات بریتین له‌رێكخراوی‌ به‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هادی‌ عامری‌‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ قه‌یس خزعه‌لی‌‌و "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌بومه‌هدی‌ موهه‌ندیس‌و "سه‌رایا خوراسانی‌"‌و "نوجه‌با" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌كره‌م كه‌عبی‌.

 

له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا گروپه‌ شیعه‌كان هه‌ماهه‌نگی‌ راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی‌ به‌ریه‌ك كه‌وتن، ره‌نگه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان یه‌كێك بێت له‌هۆكاره‌كان كه‌ بڕیار وایه‌ حه‌وت مانگی‌ تر به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوودا حیزبه‌ شیعه‌ ته‌قلیدییه‌كان كێبڕكێیان بووه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نۆ پارێزگا شیعه‌كه‌ی‌ عێراق (كه‌ربه‌لا، نه‌جه‌ف، بابل، واست، دیوانه‌، سه‌ماوه‌، ناسرییه‌، موسه‌نناو به‌سره‌) له‌گه‌ڵ سێ‌ پارێزگای‌ تێكه‌ڵ (به‌غداو دیاله‌و سه‌لاحه‌دین).

 

به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو كێبڕكێكه‌ قووڵتر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعانه‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعشیان كرد بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆرو له‌ئێستاوه‌ به‌شێكیان به‌شێوه‌ی‌ نهێنی‌ هاوپه‌یمانییان پێكهێناوه‌و ئاماده‌كاری‌ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن.

 

ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ 48 گروپی‌ چه‌كداری‌ شیعه‌ هه‌ن توانیویانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌و ببنه‌ هێزی‌ نیمچه‌ نیزامی‌‌و په‌یڕه‌وو بڕیاری‌ خۆیان هه‌بێت.

 

ئه‌م گروپانه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت كێبڕكێی‌ نێوانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌ له‌پێناو ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ كه‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌، به‌ڵام له‌راستیدا ململانێی‌ قووڵی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و سه‌ربازی‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌.

 

حكومه‌ت ویستی‌ له‌رێی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بیانكاته‌ به‌شێكی‌ ره‌سمی‌ سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت‌و یه‌كیان بخات، به‌ڵام تائێستا ئه‌و هه‌وڵانه‌ هیچیان سه‌ریان نه‌گرتووه‌و ئه‌و گروپانه‌ی‌ سه‌ر به‌ئێرانن ده‌یانه‌وێ‌ خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆیان بن‌و رێ ناده‌ن حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتیان بكات.

 

تائێستا فه‌رمانده‌ی‌ گروپه‌ شیعه‌كان باس له‌ئاینده‌ی‌ خۆیان ناكه‌ن له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌‌و ده‌ڵێن ئێستا سه‌رقاڵی‌ شه‌ڕن، به‌ڵام هه‌ڵكشانی‌ جه‌ماوه‌ریان‌و قوڵبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ له‌وڵاتدا به‌رچاوروونی‌ ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ بێگومان پێكدا هه‌ڵده‌پژێن.

 

جابر محه‌مه‌داوی‌ كه‌ سه‌دان خوێندكار له‌ژێر ده‌ستیدا ده‌رچوون‌و ئێستا سه‌ر به‌گروپه‌ شیعه‌كانن ده‌ڵێت "دڵنیام له‌وه‌ی‌ له‌ئاینده‌دا حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ باڵی‌ سیاسی‌ ده‌بێت‌و به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاو په‌رله‌مان ده‌كات‌و سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ش به‌ده‌ست ده‌هێنن، چونكه‌ ئه‌وان چه‌ندین ناوچه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌یدا ده‌ژین، بێگومان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر ده‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌