راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گۆڕینی‌ یاساكه‌ چاره‌سه‌ره‌
قه‌یرانی‌ دارایی‌ ته‌نگی‌ به‌رێكخراوه‌كان هه‌ڵچنیوه‌

عەبدولخالق دۆسکی
قه‌یرانی‌ دارایی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ته‌نگی‌ به‌كۆمه‌ڵه‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ كوردستان هه‌ڵچنیوه‌و چاره‌ی‌ خێراو به‌په‌له‌ له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كاندا ده‌بینرێته‌وه‌.
11.05.2016  |  دهۆك
اطفال في احدى المدارس ينشدون اغنية  ( :وێنه Staff Sgt. Alex Licea)
اطفال في احدى المدارس ينشدون اغنية ( :وێنه Staff Sgt. Alex Licea)

بیست‌و سێ‌ ساڵه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ رێكخراوه‌كانی‌ كوردستان به‌پێی‌ یاسایه‌ك كارده‌كه‌ن كه‌ ساڵی‌ 1993 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت ئیتر ئه‌و یاسایه‌ به‌كه‌ڵكی‌ كاتی‌ ئێستایان نه‌یه‌ت.

 

نه‌سره‌دین بوتی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ شین بۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌دهۆك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی‌ ئه‌و یاسایه‌وه‌ نه‌ حكومه‌ت ده‌ستگیرۆیی‌ كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كان ده‌كات نه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه‌ چاره‌سه‌ر له‌وه‌دایه‌ كه‌ یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

 

ئه‌م بۆچوونه‌ی‌ نه‌سره‌دین له‌لایه‌ن پسپۆڕانی‌ یاسایشه‌وه‌ پشت راست ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر گوێ‌ به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ نه‌درێت، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێت‌و چالاكییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ لاواز ده‌بن.

 

مافناس هۆگر چه‌تۆ پسپۆڕ له‌یاسا مه‌ده‌نییه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "یاساكه‌ كۆنه‌و كه‌لێنی‌ زۆری‌ تێدایه‌ كه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

 

چه‌تۆ پێی‌ وایه‌ ئه‌م یاسایه‌ وایكردووه‌ كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كان سه‌ربه‌خۆ نه‌بن‌و حیزب ده‌ست وه‌ربداته‌ كاره‌كانیه‌وه‌، ده‌ڵێت "له‌یاساكه‌دا هاتووه‌ كه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ مۆڵه‌ت به‌كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كان بدات، به‌مه‌ش ئه‌و رێكخراوانه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن".

 

چه‌تۆ روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانی‌ سێ شێوازی‌ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵه‌و رێكخراو هه‌یه‌، یه‌كه‌میان راگه‌یاندن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌موو ئه‌وانی‌ تر پێشكه‌وتووتره‌، دووهه‌میان تۆماركردن، سێهه‌میان مۆڵه‌ت وه‌رگرتن، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت "به‌پێی‌ ئه‌م یاسایه‌ رێ به‌ده‌وڵه‌ت ده‌درێ‌ ئه‌ندامانی‌ رێكخراوه‌كان ده‌ستگیر بكات‌و رێكخراوه‌كه‌ش دابخات، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ ماف‌و ئازادی‌ تاكه‌كانه‌".

 

ئه‌و پسپۆڕه‌ یاساییه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بابه‌تی‌ داهات‌و دارایی‌ رێكخراوه‌كان له‌یاساكه‌دا ناڕۆشنه‌و ده‌ڵێت "شێوازی‌ به‌ده‌ستهێنان‌و خه‌رجكردنی‌ دارایی‌ رێكخراوه‌كان ورد نه‌كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌رێی‌ رێكخراوه‌كانه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر چووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سیسته‌مێكی‌ دواكه‌وتووی‌ ژمێره‌یی‌ ده‌بێت له‌رێكخراوه‌كاندا په‌یڕه‌و بكرێت".

 

ئه‌وانه‌ی‌ شاره‌زای‌ كاروباری‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن له‌رێی‌ به‌ستی‌ كۆڕو سیسمیناره‌وه‌ هه‌وڵی‌ زۆریان داوه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ هه‌نگاو بنرێت، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا هیچیان نه‌چنیوه‌ته‌وه‌.

 

هۆشیار مالو راوێژكاری‌ ناوه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ یاسای‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وان چه‌ندین كۆڕوكۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌كوردستان ئه‌نجامداوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ یاساكه‌ی‌ ئێستاو ده‌ڵێت "زۆرێك له‌بڕگه‌كانی‌ ئه‌م یاسایه‌ یه‌ك ناگرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه‌ یاساكه‌ پێویستی‌ به‌گۆڕانگاری‌‌و كرانه‌وه‌ی‌ زیاتره‌".

 

هۆشیار به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا رێكخراوه‌كان له‌كوردستان له‌به‌رده‌م كاره‌ساتێكدان، چونكه‌ یاساكه‌ باسی‌ كۆمه‌كی‌ حكومه‌تی‌ نه‌كردووه‌ بۆ رێكخراوه‌كان‌و ته‌نها باسی‌ داهاتی‌ كردووه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێ‌ ئه‌و داهاته‌ له‌كوێوه‌ ده‌سده‌كه‌وێت".

 

هۆشیار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بیرۆكه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ یاساكه‌ له‌یاسای‌ ژماره‌ یه‌كی‌ ساڵی‌ 1960ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌‌و پێویستی‌ به‌گۆڕانكارییه‌، ده‌شڵێت "ئێستا كارده‌كه‌ین بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاسایه‌كی‌ نوێ‌ كه‌ له‌كاتی‌ گونجاودا بخرێته‌ به‌ر ده‌ستی‌ په‌رله‌مان‌و تا به‌هۆیه‌وه‌ رێگه‌ بۆ كاری‌ رێكخراوه‌كان خۆش بكرێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌