راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تێكشكاندنی‌ به‌ربه‌سته‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز
بۆیه‌كه‌مجار خۆپیشانده‌ران سێڵفی‌ له‌سه‌ر كورسی‌ په‌رله‌مانتاران ده‌گرن

موسته‌فا حه‌بیب
بۆیه‌كه‌مجار له‌دوای‌ سیانزه‌ ساڵ هاوڵاتیانی‌ ئاسایی‌ به‌غدا توانیان بچنه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزو بێ ترس وێنه‌ی‌ سێڵفی‌ له‌سه‌ر كورسی‌ په‌رله‌مانتاران‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگرن.
2.05.2016  |  به‌غدا

چوونی‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ناوچه‌ی‌ سه‌وز یه‌كێك بوو له‌و رووداوه‌ مێژووییانه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك له‌یاده‌وه‌ری‌ عێراقییه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌تییه‌ك بوو له‌به‌رامبه‌ر چینی‌ فه‌رمانڕه‌وا كه‌ شكستیان هێناوه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵاتدا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌مجار دیواره‌ توندوتۆڵه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ تێك شكاند كه‌ عێراقییه‌كان رقێكی‌ زۆریان هه‌یه‌ بۆی‌.

 

به‌ڕوونی‌ هێمای‌ سه‌رسوڕمان به‌رووخساری‌ خۆپیشانده‌رانی‌ شوێنكه‌وتووی‌ موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ دیاربوو كاتێك چوونه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزو له‌ناو بینای‌ په‌رله‌ماندا ده‌سوڕانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو چوبێتنه‌ وڵاتێكی‌ تره‌وه‌، چونكه‌ سیمای‌ ژیانێكی‌ شاهانه‌ به‌و جێگه‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت كه‌ هیچ له‌ژیانی‌ ئه‌وان نه‌ده‌چوو.

 

ناوچه‌ی‌ سه‌وز یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیان ده‌وت "ناوچه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت" ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندی‌ به‌غداوه‌و وه‌ك قه‌ڵایه‌كی‌ پۆڵاین چوارده‌وری‌ به‌دیواری‌ كۆنكرێت‌و ته‌لی‌ دڕكاوی‌ كاره‌بادارو كامێرا گیراوه‌و به‌هه‌زاران سه‌رباز پارێزگاری‌ له‌پێنج ده‌روازه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن، له‌وێ‌ بینای‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و ماڵی‌ سیاسه‌تمه‌داره‌ گه‌وره‌كان كۆبووه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا.

 

دوای‌ ساڵی‌ 2003 ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ته‌واوی‌ گیراو پرده‌ به‌ناوبانگه‌كه‌شی‌ كه‌ به‌"پردی‌ هه‌ڵواسراو" ناسراوه‌ به‌رووی‌ عێراقییه‌كاندا داخرا، كه‌س بۆی‌ نه‌بوو هاتوچۆی‌ پیادا بكات، تا ئه‌و كاته‌ی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو دوای‌ سیانزه‌ ساڵ خۆپیشانده‌ران ناوچه‌كه‌یان به‌رووی‌ خۆیاندا كرده‌وه‌.

 

زۆربه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران به‌وه‌وه‌ سه‌رقاڵبوون كاتی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ی‌ سه‌وز دیكۆمێنت بكه‌ن، به‌شێكیان له‌هه‌موو ته‌مه‌نیاندا یه‌كه‌مجار بوو ئه‌و جێگه‌یه‌ ده‌بینن، بۆیه‌ به‌سه‌دان وێنه‌و ڤیدیۆیان تێدا گرت، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌مجاره‌ به‌ده‌ستی‌ خۆیان وێنه‌یان ده‌گرت.

 

مازن عه‌بودی‌ (19 ساڵ) یه‌كێك بوو له‌و خۆپیشانده‌رانه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجارمه‌ له‌ژیانمدا ئه‌چمه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.. بینیم كه‌ سیاسییه‌كان له‌ چ ژیانێكی‌ خۆشدا ده‌ژین، كاره‌با له‌وێ‌ نابڕێت‌و شه‌قامه‌كانیشی‌ رێك‌و پاكوته‌میزه‌ هه‌ر ئه‌ڵێی‌ وڵاتێكی‌ ئه‌وروپییه‌".

 

به‌ده‌یان خۆپیشانده‌ر له‌سه‌ر كورسی‌ په‌رله‌مانتاره‌كان وێنه‌یان گرت، هه‌ندێكیشیان چه‌ند ڤیدیۆیه‌كی‌ كۆمیدیان تۆماركرد‌و لاسایی‌ په‌رله‌مانتارانیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ چۆن ده‌نگ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌و هاوار ده‌كه‌ن، چه‌ند دانه‌یه‌كی‌ تریان چوونه‌ شوێنی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و به‌چه‌كوشه‌كه‌ی‌ به‌رده‌ستیان ده‌یانكێشا به‌مێزه‌كه‌دا، دواتر یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ره‌كان چه‌كوشه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا برده‌وه‌و له‌ماڵه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵدا گرت‌و له‌فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌.

 

كاتێك خۆپیشانده‌ره‌كان شه‌وی‌ شه‌ممه‌ بینای‌ په‌رله‌مانیان جێهێشت، حه‌یدره‌ عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران سه‌ردانی‌ جێگه‌كه‌ی‌ كردو له‌وێنه‌كاندا ده‌ركه‌وتبوو كه‌ چۆن كه‌لوپه‌ل‌و ده‌رگاكانی‌ شكێندراوه‌، بۆیه‌ بڕیاریدا سزای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

 

به‌یانی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ په‌رله‌مان دانیشتنێكی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد بۆ گۆڕینی‌ چه‌ند وه‌زیرێكی‌ حكومه‌ت، ئه‌وكات له‌ده‌ره‌وه‌ به‌هه‌زاران خۆپیشانده‌ر چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌رچه‌ند خوله‌كێك دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بڕیاریدا دانیشتنه‌كه‌ دوابخات به‌هۆی‌ ته‌واونه‌بوونی‌ نیسابی‌ یاساییه‌وه‌، یه‌كسه‌ر خۆپیشانده‌ران په‌لاماری‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزیان دا.

 

په‌رله‌مانتاران‌و به‌رپرسان له‌ترسی‌ توڕه‌یی‌ خۆپیشانده‌ران توانیان خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكیان گه‌مارۆدران وه‌ك عه‌مار ته‌عمه‌ په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ فه‌زیله‌و ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، ئه‌مانیش له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌رو دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیان ده‌ربازیان بكه‌ن.

 

خۆپیشانده‌ره‌كان ته‌نها به‌بینای‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو له‌ناو ناوچه‌ی‌ سه‌وزدا سوڕانه‌وه‌و سه‌ریان سوڕمان له‌بیناو باخچه‌و مه‌له‌وانگه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، به‌شێكیان له‌باخچه‌كاندا دانیشتن‌و به‌شێكی‌ تریان چوونه‌ ناو مه‌له‌وانگه‌كان مه‌له‌یان كرد.

 

به‌شێك له‌خۆپیشانده‌رانی‌ تر توانیان خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و له‌وێ‌ وێنه‌ی‌ سێڵفییان گرت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌موو زیاتر خۆپیشانده‌رانی‌ تووشی‌ سه‌رسوڕمان كرد گۆڕه‌پانی‌ ئاهه‌نگه‌كان بوو، ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ به‌ناوبانگه‌ی‌ له‌ناوه‌ڕاستیدا دوو شمشێری‌ گه‌وره‌ له‌یه‌ك دراون، به‌شێك له‌خۆپیشانده‌ران له‌وی‌ِ نمایشی‌ سه‌ربازییان كرد‌و چوونه‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ سه‌ربازی‌ كه‌ له‌وێوه‌ نزیكه‌.

 

له‌گۆڕه‌پانی‌ ئاهه‌نگه‌كان هه‌موو ساڵێك سوپای‌ عێراقی‌ به‌بۆنه‌ی‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ نمایشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌م مه‌راسیمه‌ سی‌ ساڵه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵام له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ رێگه‌ نادرێت عێراقییه‌كان ئاماده‌ی‌ ببن‌و ته‌نها به‌رپرسان بۆیان هه‌یه‌ نمایشه‌كه‌ ببینن.

 

پردی‌ هه‌ڵواسراوی‌، یه‌كێكی‌ تر بوو له‌و ناوچانه‌ی‌ بۆ خۆپیشانده‌ران بینینی‌ گرنگ بوو، چونكه‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ پردێكی‌ به‌ناوبانگی‌ به‌غدایه‌و یاده‌وه‌ری‌ تاڵ‌و شیرینی‌ له‌خۆگرتووه‌، سیانزه‌ ساڵه‌ خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ نه‌یانتوانیوه‌ پیایدا تێپه‌ڕ ببن.

 

ئه‌م پرده‌ له‌ساڵی‌ 1964 دروستكراوه‌و یه‌كه‌مین پردی‌ هه‌ڵواسراو بووه‌ له‌وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا، هه‌میشه‌ مایه‌ی‌ شانازی‌ عێراقییه‌كان بووه‌، به‌ڵام هێرشێكی‌ فرۆكه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی‌ 1991 روخاندی‌‌و دواتر دروست كرایه‌وه‌، له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ داخرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌چێته‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز.

 

عه‌بدولجه‌بار مه‌سعودی‌ یه‌كێك له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ له‌ته‌نیشت ناوچه‌ی‌ سه‌وزه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م پرده‌ ته‌نها چه‌ند مه‌ترێك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ منه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام بۆم نییه‌ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ ببم، پرده‌كه‌ هه‌ردوو به‌ری‌ كه‌رخ‌و ره‌سافه‌ی‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ گرێده‌داته‌وه‌و داخستنیشی‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كی‌ زۆری‌ له‌پایته‌ختدا دروستكردووه‌".

 

یه‌كه‌م رۆژ خۆپیشانده‌ره‌كان ناوچه‌ی‌ سه‌وزیان جێنه‌هێشت‌و بڕیاریاندا تیایدا بمێننه‌وه‌ له‌باخچه‌كانیدا بخه‌ون، چه‌ند یه‌كێكیشیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ چادریان هه‌ڵداو له‌ماڵه‌وه‌ خواردنیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردبوو.

 

له‌سه‌ر یه‌كێك له‌شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ نێوان بینای‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت لافیته‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ هه‌ڵواسرابوو كه‌ له‌سه‌ری‌ نوسراوه‌ "تێپه‌ڕبوون ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ باجی‌ تایبه‌تیان پێیه‌"، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران هیچ حیسابێكیان بۆ ئه‌م لافیته‌یه‌ نه‌كردو له‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیشدا گاڵته‌یان به‌نوسینه‌كه‌ی‌ ده‌كردو به‌ژێریدا تێده‌په‌ڕین.

 

باجه‌كانی‌ رێپێدان له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز كراوه‌ به‌چه‌ند جۆرێكه‌وه‌و له‌رووی‌ گرنگی‌‌و ره‌نگه‌وه‌ ده‌گۆڕێن، گرنگترینیان باجی‌ ره‌نگ ره‌شه‌ كه‌ ده‌درێت به‌فه‌رمانده‌ باڵاكانی‌ سوپا له‌پله‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌و به‌ره‌وسه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كاندا، باجی‌ ره‌نگ مارۆنی‌ ده‌درێت به‌بریكاری‌ وه‌زیره‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و راوێژكاره‌كان، باجی‌ ره‌نگ ره‌ساسیش ده‌درێت به‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزو هاوڵاتیانی‌ ئاسایی‌‌و فه‌رمانبه‌ران.

 

ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ دواتر خۆپیشانده‌ران له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام دنیایه‌ك یاده‌وه‌رییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برده‌وه‌ كه‌ به‌ڤیدیۆو وێنه‌ دیكۆمێنتیان كردبوو، چونكه‌ ره‌نگه‌ جارێكی‌ تر له‌ژیانیاندا ده‌رفه‌ت نه‌بێت بچنه‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.

 

دوای‌ رووداوه‌كه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در داوایكرد له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا ده‌نگ به‌حكومه‌تی‌ نوێ‌ بدرێت یان هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌گه‌رنا جارێكی‌ تر له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز خۆپیشاندان ده‌كه‌نه‌وه‌، حیزب‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانیش كه‌ باره‌گاكانیان كه‌وتبووه‌ ده‌ست خۆپیشانده‌ران ته‌واو نیگه‌ران بوون‌و ئه‌وه‌ی‌ روویدا به‌نایاسایی‌ ناویان ده‌برد.