راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێمه‌ كوردییه‌كان ناگونجێن
كوردستانی‌ عێراق‌و سوریا.. دوو هه‌رێمی‌ ناكۆك‌و نا ته‌با

هه‌ستیار قادر
كورد له‌دوو پارچه‌ی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ دوو هه‌رێمه‌، به‌ڵام دوو هه‌رێم كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دانوویان پێكه‌وه‌ ناكوڵێ‌.
28.04.2016  |  هه‌ولێر
گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ساڵی‌ 2015 به‌كه‌سوكاریان شاد ده‌بنه‌وه‌ به‌بناری‌ قه‌ندیل ( :وێنه بنار سردار متروغرافي)
گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ساڵی‌ 2015 به‌كه‌سوكاریان شاد ده‌بنه‌وه‌ به‌بناری‌ قه‌ندیل ( :وێنه بنار سردار متروغرافي)

هه‌ردوو پارته‌ باڵا ده‌سته‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و كوردستانی‌ سوریا ناتوانن ناكۆكیه‌كانی‌ نێوانیان تێپه‌ڕێنن، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاونه‌ته‌وه‌ن، ململانێكانیان له‌كێشه‌ی‌ حیزبی‌و خه‌ونی‌ هه‌ژمونی‌ سیاسییه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ ململانێیه‌كی‌ هه‌رێمی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌ ئه‌وان تیایدا بوونه‌ته‌ دوو كاراكته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌.

 

22ی‌ نیسان مه‌سعود بارزانی فه‌رمانیدا به‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ بۆ له‌خۆگرتنی‌ بریندارانی‌ روداوه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ پێش ئه‌وه‌ی‌  شاری‌ قامیشلۆی‌ كوردستانی‌ سوریا  كه‌ به‌هۆی‌ پێكدادانه‌كانی‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌ كوردیه‌كان‌و  سه‌ربازانی‌ سوپای‌ سوریا پێكرابوون.

 

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ سوریاوه‌ له‌ساڵی‌ 2011 هێزه‌ ئه‌منیه‌ كورده‌كانی‌ سوریا له‌گه‌ڵ سوپای‌ به‌شار ئه‌سه‌دا پێكدا هه‌ڵپرژێن، كه‌ ئاگربه‌ستێكی‌ ناراسته‌وخۆی‌ ناڕاگه‌ێندراو له‌نێوانیاندا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نه‌بوو بارزانی‌ ده‌رگای‌ هاوكاری‌ هه‌رێم بۆ  ئه‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان بكاته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ناكۆكی‌  سه‌رسه‌ختی‌ نێوانیان.

 

پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ سوریا (په‌یه‌ده‌) كه‌ نزیكه‌ له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌)ه‌وه‌، هه‌ژمونی‌ جومگه‌ ئیداری‌و ئه‌منییه‌كانی‌ كوردستانی‌ سوریای‌ كردووه‌و له‌ململانێیه‌كی‌ توندایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دووهه‌میان هه‌ژمونی‌ زۆربه‌ی‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراقی‌ كردووه‌.

 

پێشتر له‌ساڵی‌ (2014)دا بۆ یه‌كه‌مجار هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بڕیاری‌ په‌رله‌مان‌و فه‌رمانی‌ بارزانی‌ له‌رێگه‌ی‌ توركیاوه‌ گه‌ێندرانه‌ شاری‌ كۆبانێی‌ كوردستانی‌ سوریا كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ گه‌ماڕۆ درابوو.

 

ئه‌و كات ئه‌و هه‌نگاوه‌ هێڵی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌ردولای‌ به‌هێزكرد، به‌ڵام زۆری‌ نه‌برد مانگی‌ هه‌نگوینی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان پارتی‌‌و په‌یه‌ده‌ به‌ناكۆكی‌ كۆتایی‌ هات.

 

عه‌لی‌ عه‌ونی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هیواخوازه‌ كه‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ بارزانی‌ رێخۆشكه‌ربێت بۆ ئاسایی‌ بوونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ كردی‌ هه‌ڵوێستێكی‌ ئاكاریانه‌ بوو بۆ هاوكاریكردنی‌ كوردستانی‌ سوریا، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ته‌شقه‌ڵه‌گرتن‌و هێرشی‌ راگه‌یاندن‌و ئه‌و بڕیاره‌ی‌ بارزانی‌ به‌هه‌ند وه‌رناگرن".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دان به‌دوری‌ نێوان پارتی‌‌و په‌كه‌كه‌دا ده‌نێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌جنێدای‌ ئێمه‌و په‌كه‌كه‌ جیاوازه‌، ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردیمان ده‌وێت‌و ئه‌وان بڕوایان پێی‌ نییه‌‌و دژایه‌تی‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ نزیك له‌ئێمه‌ ده‌كه‌ن له‌رۆژئاوای‌ كوردستان".

 

كرۆكی‌ ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ژمونی‌ كوردستانی‌ سوریایه‌، پارتی‌، په‌یه‌ده‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی‌ كه‌ نزیكن لێوه‌ی‌، په‌یه‌ده‌ش پارتی‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌جێبه‌جێكردنی‌ سیاسه‌تی‌ توركیا له‌دژیان‌و ئابلوقه‌ خستنه‌ سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان له‌رێگه‌ی‌ داخستنی‌ تاكه‌ ده‌روازه‌ی‌ هاتوچۆی‌ نێوانیان كه‌ سمیڵانه‌.

 

له‌سنوری‌ كوردستانی‌ سوریا دووبه‌ره‌ی‌ جیاوازی‌ سیاسی‌ ناكۆك هه‌ن  كه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو جه‌مسه‌ری‌ پارتی‌‌و په‌یه‌ده‌دا دابه‌ش بوون.

 

به‌ره‌ی‌ یه‌كه‌میان "ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ كورد له‌سوریا" (ئه‌نه‌كه‌سێ)یه‌ كه‌ له‌سیانزه‌ حیزب پێكدێن‌و نزیكن له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ عێراقه‌وه‌و به‌ره‌ی‌ دووه‌میشان "ته‌ڤگه‌ری‌ جفاتی‌ دیموكراتی‌" (ته‌ڤده‌م)ه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌چه‌ند حیزبێك پێكدێت‌و په‌یه‌ده‌ تیایدا باڵا ده‌سته‌.

 

له‌ساڵی‌ 2011ه‌وه‌ سێ رێكه‌وتنی‌ جیاواز به‌سه‌رپه‌رشتی‌ بارزانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق له‌نێوان ئه‌و دووبه‌ره‌یه‌دا ئیمزاكراوه‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌ناكۆكیه‌كانیان بێ ئه‌وه‌ی‌ خاڵه‌كانی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ جێبه‌جێبكرێت كه‌ سه‌ره‌كیترینیان كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌رلادوو هه‌رێمه‌كه‌و پرۆسه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات بوون له‌كوردستانی‌ سوریا له‌میانه‌ی‌ ئه‌و سێ كانتۆنه‌ی‌ بۆ خۆبه‌رێوه‌به‌ری‌ شاره‌كان پێكیان هێناوه‌.

 

شێرزاد ئێزدی‌ نوێنه‌ری‌ كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق كه‌ له‌شاری‌ سلێمانیه‌ له‌به‌های‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ بارزانی كه‌مده‌كاته‌وه‌ بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "بارزانی‌ تازه‌ به‌تازه‌ بیری‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ سنوره‌كه‌ی‌ به‌ڕووی‌ هاوڵاتیانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستاندا بكاته‌وه‌ كه‌ داخستنی‌ وه‌ك كارتی‌ گوشار له‌دژیان به‌كارده‌هێنێت بۆ ره‌زامه‌ندی‌ توركیا، ئه‌وه‌ی‌ كردی‌ هیچ منه‌تێكی‌ تیانییه‌".

 

راگه‌یاندنی‌ پرۆژه‌ی‌ فیدراڵی‌ له‌كوردستانی‌ سوریا له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه‌ له‌16ی‌ مانگی‌ ئازاری‌ رابردوودا ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ناكۆكیه‌كانی‌ په‌یه‌ده‌و پارتی‌ زیاتر كرد به‌تایبه‌ت كه‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ نزیك له‌پارتی‌ له‌و پرسه‌دا به‌شداریان پێنه‌كراو هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌ره‌سمی‌ دانی‌ به‌و فیدراڵیه‌دا نه‌نا سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ كوردی‌ تری‌ هاوسنورێتی‌.

 

شێرزاد ئێزدی‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌نمونه‌ی‌ نه‌مانی‌ متمانه‌و هاوكاری‌ نێوانیان ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت "بۆچی‌ فیدراڵی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق حه‌ڵاڵه‌و بۆ رۆژئاوای‌ كوردستان حه‌رامه‌، ئه‌وه‌ دوو فاقیه‌ له‌سیاسیه‌تدا".

 

داخستنی‌ به‌رده‌وامی‌ سنوری‌ سمێلان‌و رێگری‌ له‌كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ په‌یه‌ده‌و كانتۆنه‌كانی‌ كوردستانی‌ سوریا له‌شاری‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌به‌رامبه‌ردا رێگریكردن له‌كاری‌ به‌شێك له‌پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ نزیك له‌پارتی‌ له‌كوردستانی‌ سوریا كارو كاردانه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن.

 

پێده‌چێت ناكۆكیه‌كان له‌وه‌ گه‌وره‌تر بێت كه‌ له‌ سنوری‌ ململانێیه‌كی‌ حیزبیدا قه‌تیس بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راست به‌تایبه‌ت سوریاو عێراق بۆته‌ پێگه‌یه‌كی‌ ململانێی‌ هه‌رێمی‌ گه‌وره‌ كه‌ كورد یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی‌.

 

نزیكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌توركیاوه‌ كه‌ نه‌یاری‌ سه‌ره‌كی‌ په‌یه‌ده‌یه‌ له‌كوردستانی‌ سوریا ده‌رهاویشته‌ی‌ ناكۆكی‌ گه‌وره‌تری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناوه‌ له‌نێوان پارتی‌‌و په‌یه‌ده‌دا.

 

د عه‌لا جه‌نگۆ مامۆستای‌ كۆلێژی‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌زانكۆی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆیی‌ له‌سلێمانی‌‌و پسپۆری‌ سیاسی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌نێوان پارتی‌‌و یه‌په‌ده‌ هه‌یه‌ به‌ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ نیه‌ به‌دوو هه‌رێمی‌ كوردی‌ ناوچه‌كه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ هاوكێشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌.

 

عه‌لا جه‌نگۆ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ سوریایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "په‌یوه‌ندی‌ نێوان پارتی‌‌و په‌یه‌ده‌ كاریگه‌ره‌ به‌سروشتی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی‌ كه‌ هه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ تردا‌و كردنه‌وه‌ی‌ سنوری‌ سمێلكان به‌ڕووی‌ كوردستانی‌ سوریادا بۆپارتی‌ كارێكی‌ قورسه‌ به‌تایبه‌ت له‌به‌ر هه‌ڵوێستی‌ توركیاو رووداوه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ كوردستانی‌ سوریاش سه‌لماندی‌ كه‌ په‌یه‌ده‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ ئێستای‌ به‌ته‌نهاو بێ پاڵپشتی‌ ده‌وڵه‌تێك ناتوانێت رۆژئاوای‌ كوردستان بێ كێشه‌ به‌رێوه‌ به‌رێت".

 

وێنه‌ بچوككراوه‌ی‌ ئه‌وململانێیه‌ش ركابه‌ری‌ پارتی‌‌و په‌كه‌كه‌یه‌ له‌هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و سوریا، به‌وپێیه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ بوونی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ له‌كوردستانی‌ عێراق هه‌یه‌‌و ئاوهاش پارتی‌ ده‌یه‌وێت له‌گۆڕه‌پانی‌ ركابه‌ره‌كه‌یدا لایه‌نگر بۆ خۆی‌ په‌یدا بكات‌و بونی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ هه‌بێت.

 

عه‌لا جه‌نگۆ ده‌ڵێت "روداوه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ سه‌لماندی‌ هیچ كام له‌م دوو هێزه‌ ناتوانن به‌ته‌نها هه‌ژموونی‌ ناوچه‌كه‌یان بكه‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌