راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێمی‌ سوننه‌
هێزه‌ سوننه‌كان ناتوانن له‌سه‌ر قەوارەکەیان قسەیان یه‌ك بێت

مازن ساحب
هێشتا به‌شێك له‌سوننه‌كان ده‌ستبه‌رداری‌ بیرۆكه‌ی‌ هه‌رێم نه‌بوون‌و پێیان وایه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه‌ی‌ له‌عێراقدا تێی‌ كه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ بێ‌ نه‌یار نییه‌.
14.04.2016  |  به‌غدا
خۆپیشاندانێك له‌تكریت دژی‌ كه‌سوكاری‌ داعشییه‌كان
خۆپیشاندانێك له‌تكریت دژی‌ كه‌سوكاری‌ داعشییه‌كان

له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌ده‌یان په‌یج كراونه‌ته‌وه‌ به‌ناوی‌ "هه‌رێمی‌ سوننه‌" یان "هه‌رێمی‌ سوننه‌ خواستمانه‌"، له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا له‌قسه‌ی‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ "هاوپه‌یمانی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان" كه‌ سه‌رجه‌میان له‌هێزه‌ سوننه‌كان پێكهاتوون ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌نگاو ده‌نرێت بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ له‌و باسه‌دا قسه‌یان یه‌ك نییه‌.

 

له‌كارنامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حیزبی‌ ئیسلامی‌ عێراقی‌ كه‌ له‌كۆنگره‌ی‌ حیزبه‌كه‌ له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو خرایه‌ روو ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ داوای‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌ سوننه‌كان ره‌وایه‌، مادام له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسادایه‌.

 

له‌و كارنامه‌یه‌دا هاتووه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌ پشتگیری‌ بژارده‌ی‌ عێراقییه‌كان ده‌كات بۆ دیاریكردنی‌ چاره‌نووسی‌ خۆیان له‌رێی‌ پێكهێنانی‌ هه‌رێم‌و چه‌سپاندنی‌ بنه‌مای‌ لا مه‌ركه‌زییه‌ت.

 

كاره‌كه‌ هه‌ر به‌م كارنامه‌یه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو هه‌نگاوی‌ تری‌ بۆ ده‌نرێت، له‌م رووه‌وه‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ پێشووی‌ موسڵ رایگه‌یاند كه‌ به‌هاوكاری‌ وه‌زیری‌ پێشووی‌ دارایی‌ رافع عیساوی‌ "نوێنه‌رایه‌تی‌ سوننه‌" له‌ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌و بۆ گه‌یاندنی‌ كێشه‌و خواستی‌ سوننه‌كانه‌.

 

نوجێفی‌ له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند "ئامانجی‌ ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ له‌پێناو گه‌یاندنی‌ ده‌رده‌سه‌ری‌‌و سته‌می‌ سه‌ر سوننه‌كانه‌ له‌عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكاو كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌".

 

له‌به‌رامبه‌ردا زوهێر چه‌له‌بی‌ به‌رپرسی‌ هێزی‌ پشتیوانی‌ موسڵ پێی‌ وایه‌ هه‌رێمی‌ سوننه‌ له‌رووی‌ پایه‌كانی‌ ئابوری‌‌و سیاسییه‌وه‌ دانه‌مه‌زراوه‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌واقیعدا بوونی‌ نییه‌، به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و ده‌ستوه‌ردانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كێشه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌".

 

چه‌له‌بی‌ كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوودا له‌سه‌ر لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا خۆی‌ پاڵاوتبوو، ده‌ڵێت "خاكی‌ ناوچه‌ سوننه‌كان به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌ژێر مه‌ترسیدایه‌، ئه‌وانه‌ی‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ ده‌كه‌ن ئامانجی‌ سیاسیان هه‌یه‌".

 

ئیبراهیم عاشور راوێژكاری‌ پێشووی‌ لیستی‌ عێراقییه‌ بۆچوونێكی‌ هاوشێوه‌یی‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "به‌هه‌رێمبوون له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایفی‌ دابه‌شكردنی‌ شوناسی‌ عێراقه‌و سه‌ره‌نجام شه‌ڕو ئاژاوه‌ی‌ لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ئامانجی‌ هه‌رێمی‌ سوننه‌ دابه‌شكردنی‌ عێراقه‌ له‌رووی‌ تایفییه‌وه‌، سیاسییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌و رێیه‌وه‌ شوێن پێی‌ خۆیان قایم بكه‌ن".

 

ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌په‌رله‌مانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ریمه‌ جواری‌ په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ عێراقییه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كوتله‌كه‌ی‌ ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوره‌وه‌ دژی‌ هه‌رێم بووه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ له‌به‌ر بوونی‌ هه‌رێم ده‌نگمان به‌ده‌ستور نه‌دا، ئه‌م دابه‌شكارییه‌ بیرۆكه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌".

 

به‌هه‌مان شێوه‌ عه‌باس به‌یاتی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ بیرۆكه‌ی‌ هه‌ندێ‌ سیاسی‌ مایه‌پوچه‌، له‌هه‌ر یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌دا چه‌ندین پێكهاته‌ی‌ جیاواز هه‌ن".

 

به‌یاتی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ ناكۆكی‌ له‌نێوان هێزه‌ سوننه‌كاندا دروست ببێت له‌سه‌ر سنوری‌ هه‌رێمه‌كان، چونكه‌ بیرۆكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ موسڵ‌و ئه‌نبار له‌ئارادایه‌‌و ده‌ڵێت "خه‌ڵكی‌ سوننه‌ متمانه‌یان به‌و هێزانه‌ نییه‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ئه‌مه‌ پلانی‌ وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌‌و ناوچه‌كه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ عێراق، ئه‌مه‌ریكا سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌ دروست بكات".

 

د. ئه‌میر ساعدی‌ پسپۆڕی‌ ستراتیژی‌ هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ به‌یاتی‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بوونی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ی‌ پێ گرنگه‌و پشتیوانی‌ ده‌كات، ده‌شڵێت "كێشه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سامانی‌ نییه‌و رۆژێك دێت وه‌ك ئه‌زموونی‌ كوردی‌ دوچاری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و سیاسی‌ ببه‌نه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌