راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌به‌غدا كۆك‌و له‌كوردستان ناكۆك
لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌ناچاری‌ پشتی‌ یه‌ك به‌رناده‌ن

هه‌ستیار قادر
نزیكبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌یی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و پارتی‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كی‌ ململانێ سیاسییه‌ بتوێنێته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ هه‌شت مانگه‌ له‌نێوانیان دروست بووه‌.
14.04.2016  |  هه‌ولێر
kurdish flag
kurdish flag

له‌زۆربه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ مانگی‌ رابردووی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌به‌غدا ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌پشكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و خه‌سره‌و گۆران سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌په‌رله‌مان له‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشتن.

 

دانیشتنی‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌ی‌ هه‌رێم له‌به‌غداو هاوده‌نگیان پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی‌ له‌مانگی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌و دوولایه‌نه‌ پێكه‌وه‌ كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌.

 

كێشه‌كانی‌ نێوان گۆران‌و پارتی‌ له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، كاتێك په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ یوسف محه‌مه‌د وه‌ك نوێنه‌رای‌ گۆڕان ده‌ستی‌ برد بۆ ئه‌و پرسه‌‌و ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی‌ رێگری‌ بوو له‌وه‌ی‌ بچێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ له‌هه‌ولێری‌ پایته‌خت.

 

ئه‌و ناكۆكیه‌ی‌ نێوان دوو لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ئاستی‌ خۆی‌ كه‌ له‌پاش دوورخستنه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان له‌حكومه‌تی‌ بنكه‌فرواندا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ پارتی‌، شه‌ڕی‌ سیاسی‌‌و راگه‌یاندنی‌ نێوانیشیان تادێت په‌ره‌ ده‌سێنێت.

 

هاوكێشه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌ سیاسییه‌كان له‌به‌غدا جیاوازه‌ له‌وه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، له‌وكاته‌وه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌مانگی‌ رابردوودا بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ ته‌كنۆكراتی‌ هێنایه‌ كایه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كورد كه‌وتونه‌ته‌ لێك نزیكبوونه‌وه‌و كۆده‌نگییه‌كی‌ رێژه‌ییان دروست كرد بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ به‌تێڕوانینی‌ ئه‌وان له‌و گۆڕانكایانه‌دا زیان به‌پێگه‌ی‌ كورد بگه‌ێنێت.

 

سه‌رحان ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێیوایه‌ ئه‌و پرسانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌غداو هه‌رێم ناكۆكیان له‌سه‌ره‌ جیاوازن، بۆیه‌ كۆده‌نگی‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان دروستبووه‌.

 

 سه‌رحان ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "كێشه‌كانی‌ هه‌رێم سیاسین‌و كێشه‌كانی‌ به‌غداش كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یین، بۆیه‌ پێناچێت كۆده‌نگی‌ ئێمه‌ له‌به‌غدا كاریگه‌ری‌ ئه‌وتۆی‌ له‌سه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان هه‌بێت له‌هه‌رێم".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئه‌مین به‌كر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌ پارتیه‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كۆده‌نگی‌ به‌غدا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كۆده‌نگی‌ پارته‌كانیان نابێت له‌هه‌رێم، به‌ڵام پێشبینی‌ ئه‌وه‌ده‌كات ئه‌و كۆده‌نگیه‌یان له‌به‌غدا "شه‌رمه‌زاری‌" بۆ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دروستبكات له‌وه‌ی‌ كه‌ ناكۆكن.

 

 ئه‌مین به‌كر به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوه‌ندی‌ بڕیاردان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ په‌رله‌مانه‌ له‌كارخراوه‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێممان نییه‌ تاپابه‌ندبین به‌بڕیاره‌كانیه‌وه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌هه‌رێم به‌ئاسانی‌ كۆنه‌بنه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی‌ بریارێك سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانی‌ به‌غدا".

 

گواستنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ سیاسیه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌غداو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كاندا له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌ ئه‌و هاوكێشه‌ی بووه‌ كه‌ چه‌ند جارێك دوباره‌ بۆته‌وه‌.

 

بزوتنه‌وه‌ گۆران له‌ساڵی‌ 2011دا كه‌وته‌ شه‌ڕێكی‌ سیاسی‌ قورسه‌وه‌ له‌هه‌رێم كاتێك بێبه‌شكردنی‌ له‌پۆستێكی‌ وه‌زاری‌ به‌غدا به‌پلانی‌ پارتی‌ زانی‌ به‌هۆی‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ گۆڕان له‌ئیئتلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی‌ ئه‌و كاته‌وه‌.

 

له‌ساڵی‌ 2010دا نوێنه‌رانی‌ گۆران له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق پرسی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان برده‌ په‌رله‌مان‌و وه‌ك كه‌یسێك له‌دژی‌ پارتی‌ به‌كاریانهێنا.

 

تائێستا دیار نییه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم درز ده‌خاته‌ ناو كۆده‌نگی‌ كورده‌وه‌ له‌به‌غدا یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌گه‌ره‌كان بۆ سیناریۆیه‌كی‌ له‌و جۆره‌ كراوه‌ن.

 

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "گه‌ر داخوازیه‌كانی‌ كورد له‌به‌غدا له‌نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ببنه‌ داخوازی‌ حیزبی كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆده‌نگی‌  كورده‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2011دا رویدا".

 

له‌ئێستادا دوو پرۆژه‌ یاسای‌ پێشكه‌شكراوی‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كه‌ی‌ هه‌رێم " گۆڕان‌و پارتی‌" له‌په‌رله‌مانی‌ په‌كی‌ كه‌وتووه‌ بۆچۆنێتی‌ بڕیاردان له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌كاتێكدا به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ یه‌كی‌ ساڵی‌ 1992 په‌رله‌مان لایه‌نی‌ بڕیارده‌ره‌ له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنامه‌كه‌‌و كێشه‌ چاره‌نوسسازه‌كان‌و په‌یوه‌ندی‌ یاسایی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندیدا.

 

ره‌شبیننی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كۆده‌نگی‌ كورد له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم كه‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی‌ كورد له‌به‌غدا هه‌یانه‌، هاوتاكه‌شی‌ له‌هه‌رێم هه‌یه‌.

 

به‌هار مه‌حمود  جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "كێشه‌كان له‌نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ندا جیاوازن له‌كێشه‌كانی‌ ئێره‌، له‌هه‌رێم كێشه‌ی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا‌و دیموكراسیه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ئه‌وتۆنییه‌".

 

محه‌مه‌د عه‌لی‌ وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی‌ پارتیش له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "پرسه‌كان جیاوازن، به‌ڵام پێویسته‌ كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌رمان هه‌بێت بۆ یه‌كتر قبوڵكردن له‌هه‌رێم".

 

تائێستا روخساری‌ كێشه‌كان له‌هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌به‌غدا پرسێكی‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تێكی‌ زۆرینه‌ شیعه‌ی‌ عێراقدا، به‌ڵام كێشه‌كان له‌هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌سیستمی‌ حوكمڕانی‌‌و شێوازی‌ به‌رێوه‌بردن‌و ئاستی‌ كارایی‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كانیه‌وه‌.

 

د. كامه‌ران به‌رواری‌ مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسیه‌كانی‌ زانكۆی‌ دهۆك دروستنه‌كردنی‌ كاریگه‌ری‌ كۆده‌نگی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كورد له‌به‌غدا له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئاڵۆزی‌ سیاسی‌ هه‌رێم ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌سروشتی‌ بارودۆخی‌ دروستبوونی‌ ئه‌و كۆده‌نگیه‌وه‌.

 

به‌رواری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كۆده‌نگی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌به‌غدا له‌ناچاریدایه‌، چونكه‌ رێگای‌ تریان له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ بۆیه‌ ئه‌و كۆده‌نگیه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر نزیككردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان نابێت له‌هه‌رێم".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌