راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ناكۆكی‌ ئامۆزاكان
ململانێی‌ سیاسی‌ سه‌لاحه‌دین ده‌كوڵێنێت

غه‌زوان حه‌سه‌ن جبوری‌
ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین له‌نێو ئامۆزاكاندا به‌جۆرێك قووڵبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ ته‌واویان له‌سه‌ر ژیانی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ دروستكردووه‌.
17.03.2016  |  سه‌لاحه‌دین
ئاڵای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌تكریت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌. ( :وێنه يونس البيياتي)
ئاڵای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌تكریت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌. ( :وێنه يونس البيياتي)

جارێكی‌ تر پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین بووه‌وه‌ ناوه‌ندی ململانێ‌و كێبڕكێیه‌كی‌ قووڵ له‌نێوان حیزب‌و عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌دا، جه‌مسه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌م ململانێیه‌ش بریتین له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كان.

 

سه‌لاحه‌دین كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی‌ شاری‌ تكریته‌و هه‌شت قه‌زای‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌، له‌بارێكی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌‌و مرۆیی‌ ناهه‌مواردا ده‌ژی‌، له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌حوزه‌یرانی‌ 2014 تكریت‌و ده‌وروبه‌ری‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ ده‌ مانگ كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش.

 

نزیكترین قه‌زای‌ سه‌لاحه‌دین له‌به‌غداوه‌ دوجه‌یلی‌ زۆرینه‌ شیعه‌نشینه‌ كه‌ ته‌نها (60 كلم) له‌پایته‌خته‌وه‌ دووره‌، كه‌چی‌ دوورییه‌كه‌ی‌ له‌تكریته‌وه‌ (120كلم)ه‌، به‌دیوێكی‌ تردا قه‌زای‌ شرگاتی‌ سه‌لاحه‌دین ته‌نها (80كلم) له‌موسڵه‌وه‌ دووره‌، ئاماژه‌ كردن به‌م دوورییانه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ چه‌نده‌ سه‌لاحه‌دین به‌ئاڵۆزی‌ تێكه‌ڵی‌ پارێزگاكانی‌ ده‌ورووبه‌ری‌ بووه‌.

 

ئێستا كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ له‌رووی‌ سیاسییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌دوو به‌رزترین پۆست له‌پارێزگاكه‌دا كه‌ ئه‌وانیش پۆسته‌كانی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگایه‌، ململانێی‌ سه‌ره‌كیش له‌نێوان ئه‌حمه‌د جبوری‌ وه‌زیری‌ پێشووی‌ كاروباری‌ په‌رله‌مان‌و ئامۆزاكه‌ی‌ رائید ئیبراهیمی‌ پارێزگاری‌ ئێستادایه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ پارێزگار.

 

ئه‌حمه‌د جبوری‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌ به‌"ئه‌بو مازن" ناوی‌ ده‌به‌ن، پێی‌ وایه‌ پۆستی‌ پارێزگار شایه‌نی‌ ئه‌وه‌ نه‌ك ئامۆزاو هاوگوندییه‌كه‌ی‌ (هه‌ردوكیان خه‌ڵكی‌ گوندی‌ حه‌جاجن – 40 كم باكوری‌ تكریت)، هه‌رچی‌ رائید ئیبراهیمه‌ له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د جبورییه‌وه‌ كرا به‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ته‌ندروستی‌ سه‌لاحه‌دین‌و پاش داگیركردنی‌ تكریت له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بووه‌ پارێزگاری‌ شاره‌كه‌، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ پارێزگاكه‌.

 

رائید ئیبراهیمی‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش خاڵێكی‌ به‌هێزه‌، چونكه‌ ئێستا حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ستڕۆیشتووترین هێزی‌ ناوچه‌كه‌یه‌.

 

هه‌رچی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگایه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا كه‌ خه‌ڵكی‌ سامه‌ڕران كێبڕكێی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ سامه‌ڕرا بووه‌، چونكه‌ گه‌وره‌ترین شاری‌ پارێزگاكه‌یه‌‌و پێگه‌یه‌كی‌ به‌هێزی‌ ئاینی‌‌و گه‌شتیاری‌ مێژوویی‌ هه‌یه‌، پێشتریش حیزبی‌ ئیسلامی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ پێنج كورسییه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ بچووكه‌كاندا رێككه‌وت بۆ لابردنی‌ ئه‌حمه‌د كه‌ریم سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و له‌بری‌ ئه‌و خالید حه‌سه‌ن ده‌راجییان دانا.

 

له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ده‌یان داوای‌ یاساییان دژی‌ یه‌كتر تۆماركردووه‌ له‌سه‌ر پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كان‌و دۆسێكانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و خراپ به‌ڕێوه‌بردن‌و به‌هه‌ده‌ردانی‌ پاره‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

 

لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانیان بكه‌ن له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كاندا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ باس له‌پشتیوانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكی‌‌و ئێرانی‌ ده‌كرێت بۆ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا داوا له‌په‌رله‌مان بكه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت.

 

سه‌بهان مه‌لا جیاد ئه‌ندامی‌ كوتله‌ی‌ "چاكسازی‌‌و بنیاتنان" كه‌ كوتله‌كه‌ی‌ له‌شانزه‌ ئه‌ندام پێكهاتووه‌و پشتیوانی‌ رائید ئیبراهیم پارێزگاری‌ ئێستا ده‌كه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ وت "ململانێكان گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌ی‌ كاره‌سات‌و كاری‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر ژیانی‌ هاوڵاتیان له‌رووی‌ ئه‌منی‌‌و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، گه‌نده‌ڵی‌ له‌فه‌رمانگه‌كاندا به‌ربڵاو بووه‌و بووه‌ته‌ هۆی‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان".

 

ده‌شڵێت "له‌سه‌لاحه‌دین ململانێكان هه‌مه‌جۆرن، به‌ڵام دیارترینیان ململانێی‌ سیاسی‌‌و ئایدۆلۆجین له‌نێوان حیزبه‌ ئاینییه‌ سوننه‌و شیعه‌كاندا، به‌و پێیه‌ی‌ پارێزگاكه‌ تێكه‌ڵه‌ له‌رووی‌ مه‌زهه‌بی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌".

 

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌بهان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات هێزه‌ شیعه‌كان له‌قه‌زاكانی‌ به‌له‌د‌و دوجێل‌و خورماتوو جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌، حیزبی‌ ئیسلامیش له‌سامه‌ڕرا باڵا ده‌سته‌، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ له‌خورماتوو كێبڕكێیه‌كی‌ قووڵ له‌نێوان كوردو عه‌ره‌ب‌و توركماندا هه‌یه‌.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ جگه‌ له‌و هێزانه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كیش هه‌ن كه‌ له‌بازنه‌ی‌ كێبڕكێدان‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تییان له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌‌و ده‌یانه‌وێ به‌پشتیوانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان بچنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ مه‌لا جیاد به‌"ململانێی‌ ئامۆزاكان" ناوی‌ ده‌بات.

 

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین له‌(29) ئه‌ندام پێكهاتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خالید حه‌سه‌ن ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌‌و یه‌كێك له‌پشتیوانانی‌ ئه‌حمه‌د جبوری‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، ململانێكه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و ده‌ستوریدایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كه‌ی‌ قوڵكردووه‌ته‌وه‌ ناكۆكی‌‌و كێبڕكێ‌ عه‌شایه‌رییه‌كانن.

 

ئه‌م ململانێیه‌ دوو به‌ره‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ دروستكردووه‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ پاره‌و به‌ڵێنی‌ كه‌سی‌ وایكردووه‌ جارێك ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ملاداو جارێكی‌ تر به‌ولادا بیشكێننه‌وه‌.

 

به‌روونی‌ ناكۆكییه‌كه‌ به‌ژیانی‌ هاوڵاتیانی‌ سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ دیاره‌‌و جۆرێك له‌بێسه‌رو به‌ره‌یی‌ له‌ناو فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و ئه‌منییه‌كاندا دروستكردووه‌و ناوه‌ندی‌ بڕیار ونبووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ فه‌رمانگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئیفلیج بوون، فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ وه‌ك پاسپۆرت گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌زای‌ به‌له‌د (110كم خوارووی‌ تكریت)، فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆش چووه‌ته‌ سامه‌ڕرا (45كم خوارووی‌ تكریت)، فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستیش زیاتر له‌بنكه‌یه‌كی‌ هه‌یه‌، قه‌زایه‌كی‌ وه‌ك خورماتووش له‌رووی‌ شكڵییه‌وه‌ سه‌ر به‌سه‌لاحه‌دینه‌، به‌ڵام له‌راستیدا له‌كه‌ركووكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

 

محه‌مه‌د ئیسماعیل چاودێری‌ سیاسی‌‌و دانیشتووی‌ پارێزگاكه‌ له‌باره‌ی‌ ناكۆكییه‌كانه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌لاحه‌دین ده‌گوزه‌رێ‌ ململانێیه‌ له‌سه‌ر سامان‌و ده‌سه‌ڵات، نه‌ك ململانێی‌ عه‌شیره‌ت‌و هۆزه‌كان، چونكه‌ به‌رپرسه‌ سیاسییه‌كان به‌دوای‌ قازانج‌و به‌رتیل‌و به‌ڵێنده‌رایه‌تیدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌هێنێت ئه‌و ململانێ‌ قووڵه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن".

 

كۆتایی‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌م دادگای‌ فیدراڵی‌ فه‌رمانیدا به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بۆ پۆسته‌كانیان، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش كه‌مێك بارودۆخه‌كه‌ هێور بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ كۆتایی‌ به‌ململانێكان ناهێنێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌