راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سیستانی‌ كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی‌ ساڵ
له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان بارزانی‌ یه‌كه‌م‌و نه‌وشیروان مسته‌فا دووه‌مه‌

ئیمان ئه‌سعه‌د
له‌راپرسییه‌كی‌ نیقاشدا عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ له‌عێراق وه‌كو كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی‌ ساڵی‌ 2015 ده‌ستنیشان كراوه‌.
28.01.2016  |  هه‌ولێر
خوێنه‌رانی‌ نیقاش كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ ساڵیان ده‌ستنیشان كردووه‌
خوێنه‌رانی‌ نیقاش كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ ساڵیان ده‌ستنیشان كردووه‌

له‌و راپرسییه‌دا كه‌ "نیقاش" له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك رێكی‌ خستبوو، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ده‌ستنیشان كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوێنه‌رانی‌ نیقاش له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقه‌وه‌ ده‌نگیان بۆ بده‌ن.

 

له‌ناو هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌ پاڵێوراوه‌كاندا عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ زۆرترین ده‌نگی‌ به‌شداربووانی‌ به‌ده‌ست هێنابوو، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نگیان به‌سیستانی‌ دابوو چه‌ند لایه‌نێكیان كردبووه‌ پێوه‌ر، دیارترینیان كاریگه‌رییه‌كانی‌ سیستانی‌ بوو به‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی عێراقه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014 داعش سێیه‌كی‌ خاكی‌ عێراقی‌ داگیركرد.

 

سیستانی‌ له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی‌ هێرشه‌كانی‌ داعش فه‌توایه‌كی‌ ده‌ركرد بۆ "جیهادكردن" دژی‌ ئه‌و گروپه‌و به‌هۆیه‌وه‌ میلیشیاكانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ پێكهێنران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ به‌روونی‌ به‌حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادییه‌وه‌ دیار بوون.

 

په‌یامنێرو به‌رپرسی‌ به‌شه‌كانی‌ "نیقاش" نۆ كه‌سایه‌تییان پاڵاوتبوو له‌وانه‌ی‌ كاریگه‌رییان به‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وانیش بریتی‌ بوون له‌"عه‌لی‌ سیستانی‌، مه‌سعود بارزانی‌، هادی‌ عامری‌، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نه‌وشیروان مسته‌فا، مه‌یسون ده‌ملوجی‌، ڤیان ده‌خیل، ئه‌نوه‌ر حه‌مدانی‌، خۆپیشانده‌رانی‌ عێراق".

 

به‌پێی‌ رای‌ زۆربه‌ی‌ به‌شداربووانی‌ راپرسییه‌كه‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی‌ بووه‌و رێژه‌ی‌ 41% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنابوو.

 

له‌دوای‌ سیستانییه‌وه‌، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌پله‌ی‌ دووه‌م هاتووه‌و رێژه‌ی‌ 36% ده‌نگی‌ به‌شداربووانی‌ راپرسییه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنابوو.

 

پاڵاوتنی‌ بارزانی‌ بۆ ئه‌و راپرسییه‌ له‌سه‌ر راده‌ی‌ كاریگه‌ریی‌ بوو به‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ 19ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌ره‌سمی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بارزانی‌ كۆتایی‌ هاتووه‌، به‌ڵام وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ كاریگه‌ر له‌پۆسته‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه‌.

 

غیابی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بۆ دووه‌م ساڵ له‌دوای‌ یه‌ك به‌هۆی‌ نه‌خۆشه‌یه‌وه‌ چانسی‌ داوه‌ته‌ بارزانی‌ كه‌ ببێته‌ كه‌سایه‌تی‌ كاریزمی‌ پله‌یه‌كی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێم كه‌ له‌ئاستی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ به‌غداو ده‌ره‌وه‌شیدا وه‌ك روكاری‌ سیاسی‌ هه‌رێم ده‌بینرێت‌و مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

 

شه‌ڕی‌ داعش كه‌ رووبه‌رێكی‌ زۆر سنوری‌ ته‌ماسی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌ بارزانی‌ كردۆته‌ یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ روبه‌روبونه‌وه‌ به‌لای‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ داڵده‌دانی‌ ئاواره‌ سونه‌و مه‌سیحی‌‌و ئێزیدیه‌كان له‌هه‌رێمدا ناوبراوی‌ وه‌ك یه‌كێك له‌سومبوله‌كانی‌ پاراستنی‌ ئه‌و كه‌مایه‌ته‌یانه‌ پیشانداوه‌.

 

له‌پله‌ی‌ سێهه‌مدا هادی‌ عامری‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ به‌درو یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌ دیاره‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هاتووه‌، عامری‌ رێژه‌ی‌ 12% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌و ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نگیان پێداوه‌ زۆر جه‌ختیان له‌و خاڵه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "عامری‌ وازی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ هێناوه‌و خۆ نه‌ویستانه‌ چووه‌ته‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ".

 

نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌پله‌ی‌ چواره‌می‌ كه‌سایه‌تییه‌كان هاتووه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق‌و به‌پله‌ی‌ دووهه‌م دێت له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان، به‌و پێیه‌ی‌ رێژه‌ی‌ 6% ده‌نگی‌ راپرسییه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

نه‌ك هه‌ر بۆ ساڵی‌ رابردوو، ره‌نگه‌ له‌شه‌ش ساڵی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین یه‌كێك بێت له‌كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

دۆست‌و نه‌یاره‌كانیشی‌ شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌ده‌ن ئه‌م پیاوه‌ وه‌ك سیاسییه‌كی‌ لێزان داوه‌كان ده‌جوڵێنێت‌و توانایه‌كی‌ به‌هێزی‌ هه‌یه‌ له‌هێوركردنه‌وه‌و شڵه‌قاندنی‌ بارودۆخی‌ كوردستان.

 

كاتێك حیزبه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بوو گۆڕانی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ژیانی‌ سیاسی‌ كوردستاندا دروستكرد، كه‌ چووه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی‌ تری‌ وه‌رگرت، له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ بووه‌ گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست بۆ ئه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ نه‌توانێ‌ به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه‌ ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ درێژ بكاته‌وه‌.

 

له‌پله‌ی‌ پێنجه‌مدا خۆپیشانده‌رانی‌ عێراق له‌شارو شارۆچكه‌ جیاوازه‌كان وه‌ك كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی‌ ساڵ ده‌ستنیشانكراون، به‌و پێیه‌ی‌ سه‌رسه‌ختانه‌ داكۆكیان له‌مافه‌كانی‌ خۆیان كردو حكومه‌تیان ناچار كرد چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك بكات، خۆپیشانده‌ران رێژه‌ی‌ 2%ی‌ ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

پله‌ی‌ شه‌شه‌م بۆ ڤیان ده‌خیل په‌رله‌مانتاری‌ ئێزدی‌ بووه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌، ڤیان رێژه‌ی‌ 2% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌و كاریگه‌رییه‌كه‌ی‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ توانیوێتی‌ ده‌نگی‌ ئێزدییه‌كان بگه‌یه‌نێته‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌و قورسایه‌تی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌ربخات كه‌ به‌سه‌ریاندا هات.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌م كه‌سایه‌تیانه‌ به‌لای‌ ده‌نگده‌رانی‌ راپرسییه‌كه‌وه‌ سه‌نگ‌و قورسایی‌ خۆیان هه‌بووه‌، به‌ڵام كه‌م نین ئه‌و به‌شداربوانه‌ش كه‌ پێیان وایه‌ سه‌رجه‌م كه‌سایه‌تییه‌ به‌شداربووه‌كانی‌ راپرسییه‌كه‌، جگه‌ له‌رۆڵی‌ خراپ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ساڵی‌ رابردوودا هیچ رۆڵێكی‌ به‌سوود ببینن، به‌ڵكو به‌هۆی‌ ئه‌وانه‌وه‌ عێراق‌و كوردستان كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر لێواری‌ داڕمان‌و له‌وپه‌ڕی‌ خراپی‌ بارودۆخیدایه‌.

 

ئیمان ئه‌سعه‌د - لێپرسراوی‌ سۆشیال میدیای‌ نیقاش

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌