راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سێ‌ پێكهاته‌ی‌ ناكۆك‌و ناته‌با
عێراقی‌ دوای‌ داعش له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ گه‌وره‌تردایه‌

ره‌نگه‌ داعش نابێته‌ به‌شێك له‌ئاینده‌ی‌ عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گومانی‌ تێدا نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناكۆكییه‌كی‌ وه‌های‌ له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌و كورددا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئاسان نابێت.
17.12.2015  |  به‌غدا
به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراق بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ خۆیان
به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراق بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ خۆیان

ئاستی‌ داخوازی‌ هه‌ریه‌ك له‌پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌وه‌مان له‌لا روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ قۆناغی‌ پاش داعش چ ده‌رهاویشته‌یه‌كی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

ناكۆكی‌ دیموگرافی‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی‌ ده‌بێت به‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی‌ عێراقه‌وه‌، پێده‌چێت هه‌موو لایه‌نه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بن كه‌ جارێكی‌ تر عێراقه‌كه‌ی‌ جاران دروست نابێته‌وه‌، به‌رپرسانی‌ كوردیش زۆر به‌راشكاوی‌ ئه‌مه‌یان راگه‌یاندووه‌ كاتێك وتیان "عێراقی‌ دوای‌ موسڵ نابێته‌وه‌ به‌عێراقی‌ پێش موسڵ" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئاینده‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

 

نوێترین گۆڕانكاری‌ كه‌ له‌م رووه‌وه‌ روویداوه‌ ئازادكردنی‌ قه‌زای‌ شنگاله‌، چونكه‌ ئیتر ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ كه‌وته‌ ژێر ركێفی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا باس‌و خواسه‌ گه‌وره‌كه‌ هه‌ر په‌یوه‌سته‌ به‌ئاینده‌ی‌ كه‌ركووكه‌وه‌.

 

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌پاڵ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ نوێیه‌دا زیاتر پێداگری‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆبوونی‌ كوردستان، ته‌نانه‌ت لای‌ ئه‌و هێزانه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كلایی‌ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ جێناكۆك بكه‌وێته‌ ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌، تازه‌ بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ كوردستانی‌، هه‌رچی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كانیشه‌ بڕوای‌ ته‌واویان به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ كوردستان په‌یوه‌سته‌ به‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌.

 

وائیل عه‌بدولله‌تیف په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "قۆناغی‌ دوای‌ داعش مه‌ترسییه‌كانی‌ هیچ كه‌متر نابن له‌داعش"، ده‌شڵێت "راسته‌ داعش له‌ناو ده‌چێت، به‌ڵام داعشێكی‌ تر سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌مه‌ترسی‌ كه‌رتبوونی‌ عێراق‌و شه‌ڕ له‌سه‌ر سنور‌و سامان‌و ده‌سه‌ڵات".

 

وا نه‌بێت ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست بێت به‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ نزیك هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو ناوچه‌ سونییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتوون.

 

كێشه‌یه‌كی‌ تر په‌یوه‌سته‌ به‌بابه‌تی‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ سووننه‌وه‌، چونكه‌ سوننه‌ له‌دوای‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیاری‌ نه‌ماوه‌و ئێستاش به‌شی‌ هه‌ر  زۆری‌ ناوچه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ست خۆیدا نه‌ماوه‌.

 

پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ چاره‌نووسی‌ ناوچه‌ سوننیه‌كان له‌پاش داعشه‌وه‌ چی‌ ده‌بێت؟ تا ئه‌مڕۆشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت حكومه‌تی‌ عێراق نه‌یتوانیوه‌ هه‌موو سوننه‌كان به‌رێته‌ به‌ره‌ی‌ خۆیه‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا، ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆنگره‌ زۆرو زه‌وه‌ندانه‌ی‌ له‌نێو سوننه‌كانیشدا به‌ستراوه‌ نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌‌و ئه‌وه‌ روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چاره‌نووسی‌ شاره‌كان‌و ئاواره‌كان چییان به‌سه‌ر دێت.

 

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێكهێنانی‌ هه‌رێمی‌ سوننه‌ به‌چاره‌سه‌ر بزانرێ‌ ده‌بێت له‌پێشدا ناكۆكی‌ قوڵی‌ هێزه‌ سونییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، یان ئه‌و هه‌رێمه‌ش له‌ناوخۆیدا ببێت به‌چه‌ند كه‌رتێكه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ شكستی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عێراق له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاخیبوون له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستای‌ داعشدا سه‌رهه‌ڵبدات، به‌ڵام ناكرێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو نه‌گیرێت كه‌ كێبڕكێی‌ سوننه‌ – سووننه‌ش رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌ده‌ركه‌وتنی‌ داعشدا.

 

به‌مانایه‌كی‌ تر دیاریكردنی‌ لایه‌نێكی‌ سوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ هه‌بێت له‌عێراقی‌ دوای‌ داعش ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌حكومه‌تی‌ به‌غداوه‌، به‌ڵكو سازانی‌ ناوخۆیی‌ هێزه‌ سونییه‌كانیشی‌ ده‌وێت.

 

عه‌لی‌ عه‌لاق په‌رله‌مانتاری‌ نزیك له‌سه‌ره‌ك وه‌زیران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش پاش ئازادكردنیان رووبه‌رووی‌ ناكۆكی‌‌و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شان ده‌بنه‌وه‌.

 

عه‌لاق به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌سته‌یه‌كی‌ سیاسی‌ هه‌ن ده‌یانه‌وێت ناوچه‌ سونییه‌كان له‌عێراق داببڕن‌و گروپێكی‌ تریش هه‌ن دژی‌ ئه‌مه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌به‌رده‌م ناكۆكییه‌كی‌ قوڵی‌ ناوخۆییدان".

 

له‌به‌رامبه‌ردا پێناچێت ئه‌و هێزه‌ شیعانه‌ی‌ جڵه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌به‌غدا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌وانیش وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌یان له‌لا بێت كه‌ قۆناغی‌ پاش داعش چی‌ رووده‌دات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش له‌ناو خۆیاندا ناكۆكی‌ قوڵیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی‌ فیدراڵی‌‌و دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌ربازی‌، به‌دیاریكراویش حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و بابه‌تی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ كه‌ پێشنیاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بوو بۆ پێكهێنانی‌ هێزی‌ سوننه‌.

 

هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی‌ ئێستا كه‌ڵه‌كه‌بوون له‌به‌ره‌نجامی‌ دواخستنی‌ به‌رده‌وامیانه‌وه‌ بووه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كێشه‌ ئه‌منی‌‌و سیاسییه‌كانیش چاره‌ ببن، ئه‌وا عێراق به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وته‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌دایه‌.

 

هه‌موو ئه‌م پێشهاتانه‌ی‌ رووده‌ده‌ن ده‌ریده‌خات بارودۆخی‌ عێراق به‌رۆیشتنی‌ داعش چاره‌سه‌ر نابێت‌و ئه‌گه‌ر بژارده‌ی‌ سێ‌ ده‌وڵه‌تی‌ شیعه‌و سوننه‌و كوردیش سه‌ربگرێت، ئه‌وا سێ‌ دراوسێی‌ ناكۆك‌و ناته‌با له‌یه‌ك ناوچه‌دا ئاسان پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌