راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش عێراقییه‌كان له‌سه‌ر فه‌یسبووك كه‌رت ده‌كات
موسڵ به‌كێ‌ ئازاد ده‌كرێت، پێشمه‌رگه‌ یان حه‌شدی‌ شه‌عبی‌؟

ئیمان ئه‌سعه‌د
خوێنه‌رانی‌ نیقاش له‌سه‌ر فه‌یسبووك بۆچوونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ ده‌توانێت موسڵ له‌ده‌ستی‌ داعش رزگار بكات.
10.12.2015  |  هه‌ولێر
استطلاع الفيسبوك
استطلاع الفيسبوك

نیقاش له‌په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك راپرسی‌ له‌نێو خوێنه‌ره‌كانیدا ئه‌نجامدا له‌باره‌ی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ ده‌توانێت موسڵ رزگار بكات، بژارده‌ی‌ وه‌ڵامه‌كانیش بریتی‌ بوون له‌"سوپای‌ عێراقی‌، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، پێشمه‌رگه‌، سوپای‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا، ئێران، هێزی‌ روسیا".

 

كۆمێنته‌كان ده‌ریخست كه‌ چه‌نده‌ عێراقییه‌كان بۆچوونه‌كانیان له‌یه‌كه‌وه‌ دووره‌و نه‌بوونی‌ متمانه‌ له‌نێویاندا گه‌یشتووه‌ته‌ چ راده‌یه‌ك.

 

به‌روونی‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان ترسیان له‌یه‌كتر هه‌یه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك بێت له‌هۆكاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ لایه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری‌ نه‌كات له‌هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌.

 

ئه‌و پۆسته‌ی‌ "نیقاش" له‌لایه‌ن هه‌زاران كه‌سه‌وه‌ بینراو زیاتر له‌ 900 كۆمێنتی‌ بۆ هاتبوو كه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریان دژی‌ یه‌كتری‌ بوون.

 

كۆمێنتی‌ زۆربه‌ی‌ به‌شداربووه‌كان له‌یه‌ك خاڵدا یه‌كیان ده‌گرته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو هه‌ریه‌كه‌و وای‌ نیشان ده‌دات كه‌ لایه‌نه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وان له‌ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌و لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریشیان به‌تایفی‌‌و توندڕه‌و ناوده‌برد.

 

وه‌ڵامه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی‌ سه‌ره‌كیدا دابه‌ش بووبوون، به‌ره‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌پشتیوانی‌ ئێران‌و روسیا ركابه‌رێكی‌ به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بوو له‌هێزی‌ وشكانی، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هێزی‌ ئاسمانیدا، هه‌رچی‌ سوپای‌ عێراقیش بوو كه‌مترین متمانه‌ی‌ خوێنه‌رانی‌ به‌ده‌ست هێنابوو.

 

به‌شداربووه‌ سوننه‌كانی‌ ئه‌و راپرسییه‌ش پێیان وابوو باشترین بژارده‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ خۆیان شاره‌كه‌یان ئازاد بكه‌ن.

 

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌ده‌گمه‌ن به‌شداربوو تیادا بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقی‌ پێكه‌وه‌ ئه‌ركی‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ، یه‌كێك له‌وانه‌ نوسیوێتی‌ "موسڵ ئازاد ناكرێت ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی‌ سوننه‌و شیعه‌و كوردو توركمان به‌پڕچه‌ككردن‌و ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن".

 

به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ ره‌نگبێ‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ قورستر ببێت، چونكه‌ هه‌رلایه‌كیان ئاماده‌نین بچنه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ تریان تیای‌ به‌شدار بێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ سوپای‌ سووننه‌ش پێكنه‌هاتووه‌.

 

 

حكومه‌تی‌ عێراقیش له‌سه‌رده‌می‌ نوری‌ مالیكییه‌وه‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ی‌ داوه‌ كه‌ شاره‌كه‌ ئازاد بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ هه‌نگاوێكی‌ جدی‌ نه‌ناوه‌.

 

ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ پێشووی‌ نه‌ینه‌وا له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو "دواكه‌وتنی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ په‌یوه‌ندی‌ به‌بڕیاری‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ تائێستا حكومه‌ت له‌رێی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆوه‌ هیچی‌ جدی‌ بۆ موسڵ نه‌كردووه‌".

 

ته‌نها هه‌ژده‌ رۆژ دوای‌ راپرسییه‌كه‌ی‌ "نیقاش"‌و به‌دیاریكراوی‌ له‌رۆژی‌ 12ی‌ نۆڤه‌مبه‌ر، هێرشێكی‌ به‌رفراوان بۆ سه‌ر قه‌زای‌ شنگالی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدرا.

 

له‌هێرشه‌كه‌دا حه‌وت هه‌زار پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی‌ ئێزدی‌‌و شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌ به‌شداربوون، ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك رۆژدا به‌پاڵپشتی‌ فرۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان توانرا شاره‌كه‌ له‌چنگی‌ داعش ده‌ربهێنرێت كه‌ زیاتر له‌ساڵێك بوو به‌ده‌ستیه‌وه‌ بوو.

 

ئازادكردنی‌ شنگال ئاماده‌یی‌ زیاتری‌ به‌خشییه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌و موسڵ پێشڕه‌وی‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ توانیان له‌رێی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ شنگاله‌وه‌ رێگای‌ ستراتیژی‌ نێوان موسڵ‌و ره‌ققه‌ی‌ سوریا له‌یه‌ك داببڕن.

 

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌ر هه‌وڵی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ رومادی‌ پایته‌ختی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ده‌ده‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئاسمانه‌وه‌ پاڵپشتی‌ بكرێن.

 

یه‌كێك له‌به‌شداربووانی‌ راپرسییه‌كه‌ی‌ "نیقاش" نوسیبووی‌ "كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌دووڕوویی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكادایه‌، له‌كاتێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاڵپشتی‌ سوپای‌ عێراق ده‌كات، كه‌چی‌ له‌راستیدا پشتیوانی‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌كات، حكومه‌تی‌ عێراقیش ده‌ستی‌ به‌ستراوه‌و هیچی‌ پێناكرێت".

 

به‌شێكی‌ تریش له‌وانه‌ی‌ به‌شدارییان كردبوو پشتیوانیان بۆ رۆڵی‌ روسیا ده‌ربڕیبوو به‌تایبه‌تی‌ كه‌ روسیا له‌رێی‌ ده‌ریای‌ قه‌زوینه‌وه‌ چه‌ند موشه‌كێكی‌ ئاراسته‌ی‌ داعش كرد.

 

راپرسییه‌كه‌ی‌ "نیقاش" ته‌نها به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو به‌شێك له‌به‌شداربووان هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازییه‌كانی‌، له‌نێو ئه‌وانه‌شدا ناوی‌ هه‌ریه‌ك له‌مه‌سعود بارزانی‌‌و نوری‌ مالیكی‌ له‌وانی‌ تر زیاتر هاتبوو.

 

یه‌كێك له‌به‌شداربووه‌كان به‌رگری‌ له‌مه‌سعود بارزانی‌ كردبوو نوسیبووی‌ "بارزانی‌ به‌پاڵپشتی‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی‌ داعشی‌ كرد، كه‌چی‌ نوری‌ مالیكی‌ خۆی‌ داعشی‌ هێنایه‌ ناوه‌و موسڵی‌ راده‌ستكردن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ بمێنێته‌وه‌".

 

ئه‌و كه‌سه‌ نوسیویشێتی‌ "مالیكی‌ به‌بیانووی‌ هه‌ڵاتن له‌زیندانه‌كان به‌هه‌زاران تیرۆریستی‌ ئازادكرد".

 

به‌شێكی‌ تر له‌وانه‌ی‌ كۆمێنتیان نوسیبوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێیان وایه‌ مه‌سعود بارزانی‌ به‌هاوكاری‌ ئیسرائیل‌و ئه‌مه‌ریكای‌ هاوپه‌یمانی‌ شنگال‌و موسڵی‌ داوه‌ته‌ ده‌ست داعش.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌شداربوویه‌ك نوسیوێتی‌ "پێشمه‌رگه‌و ئه‌مه‌ریكاو داعش دوو دیوی‌ یه‌ك دراون"، ده‌شنوسێت "روسیاو ئێران‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌توانن موسڵ ئازاد بكه‌ن".

 

به‌شێك له‌وانه‌ی‌ به‌شدارییان كردووه‌ بڕوای‌ ته‌واویان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێران تاكه‌ وڵاته‌ ده‌توانێت رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بێت له‌ئازادكردنی‌ موسڵدا، بۆ كه‌سێك نوسیوێتی‌ "تاكه‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا مایه‌وه‌و نه‌یهێشت به‌غدا بكه‌وێته‌ ده‌ستی‌ داعش‌و نوێترین چه‌كی‌ پێبه‌خشی‌، ئێران بوو".

 

ده‌شنوسێت "هه‌رچی‌ سعودییه‌و قه‌ته‌رو توركیاو ئیسرائیل‌و ئه‌مه‌ریكایه‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌‌و پاره‌ ده‌به‌خشن به‌داعش".

 

یه‌كێكی‌ تر له‌به‌شداربووان نوسیوێتی‌ "سوپای‌ عێراق‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ ئێران‌و به‌پاڵپشتی‌ ئاسمانی‌ روسیاو ئه‌مه‌ریكا ده‌توانن سوریاو عێراق له‌چنگ داعش ده‌ربكه‌ن".

 

جگه‌ له‌وه‌ نوسیوێتی‌ "پێشمه‌رگه‌ شنگال‌و ده‌وروبه‌ری‌ موسڵی‌ بێ هیچ به‌رگرییه‌ك راده‌ستی‌ داعش كرد، ئه‌وه‌ ئێران بوو كه‌ هه‌ولێری‌ پاراست".

 

ئه‌م ناكۆییه‌ی‌ سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سێ‌ هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌قه‌زای‌ دووزخورماتووی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین شه‌ڕو پێكداهه‌ڵپژان له‌نێوان حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پێشمه‌رگه‌دا روویدا‌و سه‌ره‌نجامیش زیانی‌ گیانی‌‌و ماڵی‌ لێكه‌وته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی‌ قه‌زاكه‌ بوو كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ رێگای‌ نێوان به‌غداو كه‌ركوك بۆ ماوه‌ك داخرا.

 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ گرژی‌ له‌نێوان ئه‌م دوولایه‌نه‌دا رووده‌دات له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كه‌ ته‌نها ده‌یان كیلۆمه‌تر له‌داعشه‌وه‌ دوورن.

 

له‌كاتێكدا گفتوگۆی‌ چڕ له‌باره‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌چی‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌‌و داعش به‌كه‌وانه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان له‌عێراق‌و سوریادا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌پارێزگاكانی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دینی‌و نه‌ینه‌وا تا ده‌گاته‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سوریاو شاره‌كانی‌ دێر زورو ره‌ققه‌ی‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ركی‌ داعش.

 

تێبینی‌: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نیقاش روخسه‌تی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كۆمێنته‌كانی‌ له‌خاوه‌ن كۆمێنته‌كان وه‌رنه‌گرتبوو، بۆیه‌ ناوی‌ هیچیان نه‌نوسراوه‌.

 

ئیمان ئه‌سعه‌د - موحه‌ریری‌ سۆشیال میدیای‌ نیقاش

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌