راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عێراق خۆی‌ ناكات به‌خاوه‌نی‌
هه‌ڵه‌بجه‌.. پارێزگای سەر كاغەز

ژیار محه‌مه‌د
سەرەڕای تێپەڕبونی ده‌ مانگ بەسەر بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ببێته‌ پارێزگا، بەڵام تائێستا ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز پارێزگایه‌.
3.12.2015  |  سلێمانی
محافظة حلبجة ( :وێنه زيار محمد)
محافظة حلبجة ( :وێنه زيار محمد)

ڕۆژی 5ی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵ (2015) پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنێكی نائاسایدا لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە بڕیاریدا ئه‌و شاره‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ داببڕێت‌و بكرێته‌ پارێزگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ، به‌مه‌ش هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سێ‌ پارێزگاوه‌ بوو به‌چوار پارێزگا (هه‌ولێر، سلێمانی‌، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌)، به‌ڵام ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق به‌فه‌رمی‌ دانی‌ پیا نه‌نراوه‌و نه‌بووه‌ته‌ پارێزگای‌ ژماره‌ نۆزده‌.

 

له‌رووی ئیدارییەوە‌ پۆسته‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌نێوان هه‌ر پێنج لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكرات، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) دابه‌شكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ نییه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ دڵخۆش بكات كه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ پارێزگا.

 

بیرۆكه‌ی‌ كردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پارێزگا وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك بۆ ئه‌و قوربانیه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ داویانه‌ كاتێك له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 1988 رژێمی‌ به‌عس به‌چه‌كی‌ كیمیاوی‌ پێنج هه‌زار كه‌سی‌ لێ‌ له‌ناوبردن‌و به‌هه‌زارانی‌ تریش برینداربوون.

 

پارێزگای هەڵەبجە لەناوەندی قەزای هەڵەبجەو سێ ناحیە (سیروان، خورماڵ، بیارە) پێكهاتووەو تائێستا بەهۆی ناڕەزایەتی بەشێك لەدانیشتووانی قەزاكانی تری (سەیدسادق‌و پێنجوێن‌و شارەزوور) سنووریان نەخراونەتە سەر ئەم پارێزگا تازەیە‌و بۆ بڕیاری دانیشتوانی ئەو ناوچانە خۆیان جێهێڵدراوە.

 

بەپێی ئاماری سەرۆكایەتی شارەوانی ژمارەی دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە (ناوەندی هەڵەبجەو ناحیەكانی سیروان‌و خورماڵ‌و بیارە) 120 هەزار كەسە، ناوەندی قەزای هەڵەبجە 14 هەزار خێزان لەخۆ دەگرێت، كە لە 66 هەزار كەس پێك هاتوون.

 

ئێستا له‌هه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك بپرسیت خه‌ڵكی‌ كوێیت؟ یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت "پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌" به‌ڵام له‌سه‌ر پێناس‌و ناسنامه‌ی‌ باری‌ شارستانیان پارێزگای‌ سلێمانی‌ نوسراوه‌و تابلۆی‌ ئۆتۆمبێله‌كانیشیان هه‌ر سلێمانییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كۆدی‌ ته‌له‌فۆنی‌ تایبه‌ت به‌پارێزگاكه‌ دانه‌نراوه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پاسپۆرت‌و نشینگه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ نییه‌، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ تائێستا به‌غدا به‌فه‌رمی‌ دانی‌ نه‌ناوه‌ به‌م پارێزگایه‌دا.

 

ئەیوب عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئەنجومەنە خۆجێیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌فه‌رمی‌ به‌پارێزگا ناسێنراوه‌و پارێزگارو جێگری‌ بۆ داندراوه‌، ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ بڕیاری‌ حكومه‌تی‌ عێراقن.

 

ئه‌یوب عه‌بدوڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ره‌نگه‌ به‌شێك له‌كێشه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ئه‌وه‌ بێت كه‌ بودجه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، چونكه‌ بڕیار بوو به‌ بودجه‌ی‌ تایبه‌ت هاوكاری پارێزگای هەڵەبجە بكات، بەڵام ئەوەشی نەنارد".

 

نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق هه‌وڵیاندا چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراقیش هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگایه‌كی‌ فه‌رمی‌ بناسرێت، به‌ڵام تائێستا سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانیان كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م به‌ربه‌ستی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌.

 

له‌پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2016 په‌رله‌مانی‌ عێراق بڕیاریدا بڕی‌ دوو ملیار دۆلار به‌تایبه‌ت بۆ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخان بكات، كه‌چی‌ له‌سه‌ر تانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

 

موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌په‌رله‌مان چه‌ند جارێك گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ پرسی‌ به‌پارێزگابوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌، به‌ڵام رای‌ باو ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆیدایه‌و ته‌نها له‌سه‌ر په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ عێراق پێویسته‌ رێز له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ هه‌رێم بگرن.

 

موسەننا ئەمین به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئامانجی‌ ئێمه‌ له‌ته‌رخانكردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو لەدیكۆمێنته‌ یاساییه‌كاندا ناوی هەڵەبجەدا بێت، تا ناوی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی نوێ‌ تۆماربكرێت".

 

موسەننا ئه‌مین ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ پێدانی‌ بودجه‌ی‌ تایبه‌ت بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌مانای‌ ئه‌وه‌ نایه‌ت دان به‌پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا نانرێت، به‌ڵكو سكاڵای حكومەتی ناوەندی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كە پەرلەمان بۆی نیە لەیاسای بودجەدا بواری زیاتر خەرج بكات "هەرچەندە ئەو بەڵگەیە لاوازبوو، چونكە زیادكردنی بودجە نەبوو، بەڵكو گواستنەوەی پارەبوو لەبڕگەیەكەوە بۆ بڕگەیەكی تر".

 

له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقیشدا نوێنه‌رانی‌ كورد تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ گوشارێكی‌ ئه‌وتۆ دروست بكه‌ن‌و بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌ت به‌ئاراسته‌ی‌ ناساندنی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ببه‌ن.

 

فریاد ڕەواندزی وەزیری ڕۆشنبیری عێراق كه‌ خۆیشی‌ كورده‌ بۆ "نیقاش" ئەوەی نەشاردەوە كە تائێستا وەك نوێنەرە كوردەكان لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچیان لەبارەی هەڵەبجەوە پێشنیار نەكردووە‌و وتی‌ "راستە زۆربەی  لایەنەكانی تر لارییان نیە لەبونی هەڵەبجە بەپارێزگا، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەوان بەومەرجە ڕازی دەبن كە هەندێك لەقەزاو شوێنی تر ببنە پارێزگا".

 

ڕەواندزی وتیشی "ئێمە وەك نوێنەرە كوردەكان دەتوانین بیدەینە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و بیكاتە ناو كارنامەی كۆبونەوەكان، بەڵام ئەمە بەتەنها بەسەرۆك وەزیران ناكرێت، بەڵكو دەبێت زەمینەسازی پێشتری بۆ بكرێت ئێمەش وەك كورد لەناو ئەنجومەنی وەزیران ته‌نها سێ‌ وەزیرین".

 

هەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە پاساوی خۆی هەیە بۆ ئەوەی تائێستا هەڵەبجە دامودەزگای پارێزگای دانەمەزراوەو  ڕەتیشی دەكاتەوە دانپێدانانی حكومەتی عیراق بۆ بوون بەپارێزگای هەڵەبجە پەیوەندی بەكێشەكانی بەغداو هەولێرەوە هەبێت.

 

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "نه‌كردنه‌وه‌ی‌ دام‌و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ به‌نه‌بوونی‌ بودجه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا بوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پارێزگا یه‌كلابووه‌ته‌وه‌".

 

دزه‌یی‌ وتیشی "لەپەرلەمانی فیدراڵ پەرلەمانتارانی كورد درێغیان نەكردووە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی هەڵەبجە، باوەڕناكەم كێشەی نێوان بەغداو هەولێر پەیوەندی بەهەڵەبجەوە هەبێت، چونكە بۆ خۆی هەڵەبجە سمولی نەهامەتی‌و قوربانیە لای هەموان".

 

قسه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان شوێنی‌ هیچ ناگرێت، ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ شاره‌كه‌یان له‌ناوچه‌یه‌كی‌ وێرانه‌ی‌ دوای‌ شه‌ڕه‌وه‌ ببێته‌ پارێزگایه‌كی‌ تۆكمه‌‌و ئاوه‌دان، بێگومان هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌میش له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ بڕیاری‌ به‌پارێزگابوون له‌سه‌ر كاغه‌زه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌رزی‌ واقیع.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌