راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هەرێم له‌تاقیكردنه‌وه‌ی‌ دیموكراسیدا ده‌رنه‌چوو
به‌پێچه‌وانه‌ی‌ دنیاوه‌.. له‌كوردستان حكومه‌ت په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

کاوە شێخ عەبدوڵا
ره‌نگه‌ قه‌ده‌ری‌ ئه‌زموونی‌ حوكمڕانی‌ كوردی‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت له‌به‌رده‌م یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی‌ راسته‌قینه‌دا لایه‌نه‌كان دۆو دۆشاو تێكه‌ڵ بكه‌ن‌و پایه‌كانی‌ دیموكراسی‌ له‌ق بكه‌ن.
14.10.2015  |  سلێمانی
دیموكراسییه‌كه‌ی‌ كوردستان ناوه‌ ناوه‌ ده‌بێت قوربانی‌ بۆ بدرێت ( :وێنه هيدار عمر)
دیموكراسییه‌كه‌ی‌ كوردستان ناوه‌ ناوه‌ ده‌بێت قوربانی‌ بۆ بدرێت ( :وێنه هيدار عمر)

سەر لەبەیانی رۆژی ١٢ی ئەم مانگە رووداوێک لەدەروازەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان روویدا کە رەنگە تا چەندین ساڵی دیکە کاریگەرییەکەی بەسەر رەوشی سیاسی ئەو هەرێمەوە بمێنێتەوە، بەڵام کاریگەرییە راستەوخۆکەی بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی لەجێدا دەرکەوت.

 

کاتێ چەکدارانی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەتۆپزی‌و بەبڕیارێکی حزبیی رێگەیان نەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان‌و چەندین ئەندامی پەرلەمان‌و وه‌زیر بچنە ناو شاری هەولێرو سەرکارو دەوامی رەسمییان، پرۆسەی سیاسی‌و ئیدارە لەهەرێمی کوردستان لەبەردەم بڕیارێکی حزبییانەی چەکداردا پەکیکەوت.

 

د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چەند سەعاتێک دوای ئەو رووداوە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەشاری سلێمانی ئەو رێگرییانەی بە" ئینقلاب بەسەر شەرعیەتدا" ناوبرد.

 

ئەو بەشەی باکووری عێراق کە دوای روخانی رژێمی سەدام حوسێن بەهۆی ئارامیی‌و گەشەی ئابوورییەکەی نازناوی "عێراقەکەی تر"ی پێدرا، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، چونکە بێ ئەوەی بۆ هیچ لایەک روونبێ تەنیا حزبێک کە خاوەنی ٣٨ کورسی پەرلەمانە لەکۆی ١١١ کورسی، کاری حکومەت‌و پەرلەمانی راگرت‌و بڕیاریداوە کابینەیەکی نوێی حکومەت بەبێ بزووتنەوەی گۆڕان رابگەیەنێ.

 

سێ رۆژ پێشی بەرگرتن لەچوونی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر، لەسنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ خۆپیشاندان‌و مانگرتنی مامۆستایان، خۆپیشاندانێکی پڕ لەتوندوتیژیی لەشارەکانی سلێمانی، قەڵادزێ، کەلار، سەیدسادق، پێنجوێن هاتە ئاراوە کە زۆرینەیان بەهەڵکوتانە سەر بارەگاکانی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کۆتایی هات.

 

بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان لەو خۆپیشاندانانەدا 5 کەس کوژران‌و زیاتر لە١٨٠ کەسی دیکە برینداربوون. خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی کە تێکەڵەبوو لەداواکردنی موچەو کۆتاییهێنان بەقەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەرزوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئۆباڵەکەی خرایە ئەستۆی بزووتنەوەی گۆڕان کە خاوەنی ٢٤ کورسی پەرلەمانەو بێ پێچ و پەنا گۆڕانی بە"هاندەری خۆپیشاندانەکان" ناوبرد.

 

قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان رێک لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە سەری هەڵداوە ئەویش بەهۆی هاتنه‌ ئارای‌ باس‌و خواس له‌سه‌ر تەواوبوونی ویلایەتی سێیەمی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بارزانی ساڵی ٢٠٠٥ لە پەرلەمانی کوردستان وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا، ساڵی ٢٠٠٩ لەڕێی هەڵبژاردنێکی راستەوخۆوە کە ٢٥ی تەموز بەڕێوەچوو ٦٩%ی دەنگەکانی بەدەستهێناو بۆ دووەمجار بووەوە بەسەرۆک.

 

بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتییەکەی لەمانگی ئابی ٢٠١٣ بەرێککەوتنی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەرۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا دوو ساڵی دیکەی بۆ درێژکرایەوە کە ئەو کاتە ئۆپۆزسیۆن بەتوندی دژی ئەو درێژکردنەوەیە وەستایەوە.

 

بەگوێرەی رێککەوتنی یەکێتی‌و پارتی، دوای تەواوبوونی دوو ساڵە درێژکراوەکە لە١٩ی ئابی ئەمساڵ، بارزانی بۆی نییە جارێکی دیکە ببێتەوە بەسەرۆک، بەڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان سووربوو لەسەر ئەوەی کە دوو ساڵی دیکە ماوە بدرێتەوە بەبارزانی بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمبێ. پاساوەکانی پارتی ئەوەبوو کە هەرێمی کوردستان ئێستا لەشەڕێکی سەختدایە لەگەڵ داعش. بەڵام ناکۆکییەکە گەورەکە ئەوەبوو کە بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەکێتی‌و هەردوو هێزی ئیسلامی (یەکگرتوو و کۆمەڵ) نەیان دەویست بارزانی بەهەمان دەسەڵاتی ئێستایەوە دوو ساڵی دیکەی بۆ درێژ بکرێتەوە کە ئەمە خواستێکی بێ ئەملاولای پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بوو.

 

ئەم ململانێیانە هاوکات بوون لەگەڵ شەڕێکی قورسی وەکو شەڕی داعش‌و قەیرانی دارایی کە نزیکەی دوو ساڵە بەرۆکی هەرێمی گرتووە.

 

هەرێمـی کوردستان لەپاڵ نائارامی‌و خوێنڕشتنی شەڕە تایفییەکەی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٦ کەوتە سەر سکەی گەشانەوەو لەماوەی حەوت ساڵدا ئاستی وەبەرهێنان گەیشتە ٣٧ ملیارو ٢٩ ملیۆن دۆلار.

 

بەگوێرەی دوایین ئاماری (دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان) لەساڵی 2006ەوە كە دەستەكە دامەزراوە تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٣ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کە مۆڵەتیان وەرگرتبووە گەیشتە 644 پرۆژە. لەو هەموو پرۆژەیەش كۆی سەرمایەكەیان گەیشتە 37 ملیارو 29 ملیۆن دۆلار کە ئەمەیش بۆ هەرێمێکی وا لەوڵاتێکی خوێناویدا ژمارەیەکی گەورەبوو.

 

"عێراقەکەی تر" بوو بوو بەدەستەواژەیەکی باو بۆ هەرێمی کوردستان کە زۆرجار لەلایەن سیاسەتوان‌و رۆژنامەوانانی رۆژئاواییەوە بەکار دەبرا، بەڵام لەقەیرانێکی وەکو ئەوەی ئێستایدا، ئیتر عێراقە راستەقینەکە خەریکە پێشی "عێراقەکەی تر" دەداتەوە لەزۆر شتدا.

 

لەدەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا عێراقی راستەقینە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە چوار سەرۆکوەزیرانی گۆڕیوە لەگەڵ سێ خولی پەرلەماندا، هەروەها سێ سەرکۆمار (جەلال تاڵەبانی دوو خولی تەواوکرد) ئاڵوگۆڕیان پێکراوە کە دووانیان کوردبوون. هەرچەندە پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکان ئاسان نەبوون، بەڵام دواجار سەریان گرتووە.

 

بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە هەرێمی کوردستان یەک سەرۆکی هەرێمی هەبووەو تائێستاش دەیەوێ بۆ دوو ساڵی دیکە بمێنێتەوە، هەروەها دوو کەس سەرۆکوەزیرانیان وەرگرتووەو یەکیان (نێچیرڤان بارزانی) زیاد لە ٩ ساڵە لەپۆستی یەک ئیدارەیی‌و نزیکەی ١٧ ساڵە سەرۆکوەزیرانە لەدوو ئیدارەیی نێوان یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان. هەروەها سێ جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کراوە.

 

لەڕووی یەکخستنی ئیدارەو بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا خاوەنی هێزێکی چەکداری یەکگرتوو نییەو خەسڵەت‌و مۆرکی حزبایەتی هێشتا زاڵە بەسەر ئەو هێزەی ساڵێک زیاترە بەری بەچەکدارانی داعش گرتووە. هەروەها تایبەتمەندییەکانی دوو ئیدارەیی بەروونی دیارە بەدامەزراوەکانی دەوڵەتەوە لەهەرێمی کوردستان.

 

کامیل مەحمود نووسەرو چاودێری سیاسی کە لەشاری هەڵەبجە دەژی، رەخنە لەو سیستمە دەگرێ کە زیاد لە ٢٣ ساڵە هەرێمی کوردستانی پێوە بەڕێوە دەبرێ.

 

کامیل دوای رووداوی رێگەگرتن لەسەرۆکی پەرلەمان بۆ چوونی بۆ هەولێر به‌"نیقاش"ی‌ وت "هەموو شتەکان خراونەتە بۆتەی حزبەوە، بە٢٣ ساڵ سیستمێک‌و هێزێکی چەکداری یەکگرتوو دروست نەبێ ئیتر چۆن دەتوانین بڵێین ئەزموونێکی جیاوازمان هەیە؟ ئەم بەحزبییکردنەی دەوڵەت لەئەستۆی هەمووانە‌و دەبێ ئەم کەلتوورە بخەینە لاوە تا بیرێکی نیشتمانییانە بێنینە کایە بۆ ئەوەی فێرمان بکات چۆن دەوڵەتداریی بکەین".

 

قسەکانی کامیل گلەیی‌و گازاندەی زۆربەی جەماوەری کوردستانە سەبارەت بەزاڵبوونی حزب بەسەر ئیدارەو حکومەتدا لەهەرێمی کوردستان. هەرچەندە بە شکڵیی هەرێمێکی یەکگرتوو هەبوو، بەڵام رووداوەکانی رۆژی ١٢ی ئەم مانگەو دوو رۆژی پێشتر کە تێیدا لەلایەن هێزێکی چەکدار هەردوو ئۆفیسی كه‌ناڵه‌كانی‌ NRTوKNN  لەشاری هەولێر کە بارەگای سەرەکیان لەشاری سلێمانییە داخران‌و کارمەندو رۆژنامەوانەکانیان بەتۆپزی نێردرانەوە بۆ سلێمانی، ئیتر درزەکە دەرکەوتەوە.

 

دکتۆر رێبوار فەتاح شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەنتەری Middle East Consultancy Services لەبەریتانیا سەبارەت بەم رەوشەی هەرێمی کوردستان‌و کاریگەریی لەسەر ئەزموونی ئەم هەرێمە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەخەتاباری سەرەکی دەبینێ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پارتی دەسەڵاتی کوردستان بەموڵکی خۆی دەزانێ، وەك قوتابی هاروهاج بەرپرسەکانی گۆڕان لەهەولێر دەردەکات‌و دەیان نێرێتەوە ماڵەوە – سلێمانی! گۆڕان، هەروەك یەکێتی‌و پارتی‌و ئەوانی دیکە هێزێکی کوردستانییە‌و هیچ لایەنێك لەسەر ئەم زەمینەدا ناتوانێ ئەو نیوملیۆن دەنگەی هێناویەتی فەرامۆش بکات. هەروەها دامەزراندنی کابینەیەکی نوێ بەدەرکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەهاوکێشەکە‌و داخستنی پەڕلەمان، شتێکی نادەستوورییەو تەنیا یەك ناوی هەیە ئەویش کودێتای پارتی-یە".

 

بەڵام سەرباری ئەم جیاوازییانە هەرێمی کوردستان لەڕووی ئەمنیەت‌و پێکەوە ژیانی نەتەوەو ئاینە جیاوازەکانەوە هێشتا هەر لەپێشی بەغداوەیە.

 

خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ درێژەکێشانی خۆپیشاندەرانی شارەکانی عێراق کە نزیکەی دوو مانگە درێژەی هەیەو لەژێر کاریگەریی ئەو خۆپیشاندانانە سەرۆکوەزیران عەبادی پرۆژەیەکی چاکسازیی ئیداریی دەستپێکرد.

 

بەشێک لەخۆپیشاندەرانی بەغدا دەڵێن: جیاوازیمان لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان زۆرە، ئێمە داوای چاکسازیی لەسیستمی دەوڵەتداریی‌و گۆڕینی بەشی زۆری دەسەڵاتداراندا دەکەین، بەڵام لەهەرێم داواکارییەکانیان سادەن ئەویش پێدانی موچە‌و کۆتاییهێنانە بەقەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم. بەڵام ئێمە لەکاتی ئاسایی خۆیدا موچە وەردەگرین.

 

جیاوازییەکی دیکە کە زۆر بەرچاوە ئەوەیە بەدرێژایی ئەو دوو مانگە هیچ خۆپیشاندەرێک لەشارەکانی عێراق نەکوژراون، بەڵام لەتەنیا دوو رۆژی خۆپیشاندان (رۆژانی ٩و ١٠ ئەم مانگە) لەقەڵادزێ (134كم باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) لەبارەگایەکی پارتیدا سێ گەنج‌و لەبارەگایەکی دیکەی هەمان حزب لەشاری کەلار ( 140 کم باشووری سلێمانی) دوو گەنجی خۆپیشاندەر کوژران! لەگەڵ ده‌یان بریندار بەبەردو فیشەک.

 

هەرچۆنبێ ئێستا پرۆسەی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان نزیک بۆتەوە لەشکستهێنان بەهۆی ئەوەی حزبێکی دەسەڵاتدار دەتوانێ پرۆسەی سیاسی‌و ئیداریی‌و پەرلەمانیی پەک بخات‌و بەتۆپزی‌و بەزەبری چەک رێگە لەوەزیرو سەرۆکی پەرلەمان کە لەحزبە نەیارە سیاسییەکەیەتی بگرێ‌و نەهێڵێ تەنانەت بچنە ناو پایتەختیشەوە.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌