راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاش له‌خه‌یاڵێك‌و ئاشه‌وان له‌خه‌یاڵێك
حیزبه‌كانی‌ هه‌رێم بیریان لای‌ هاووڵاتیان نییه‌

هونەر حەمەرەشید
حیزبه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌ن ده‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پۆستێك بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ش بۆ ده‌یان قه‌یران بكه‌ن، كه‌ به‌رۆكی‌ هاووڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌.
13.10.2015  |  سلێمانی‌
چه‌ند گه‌نجێك له‌سه‌ر شه‌قامی‌ مه‌وله‌وی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئاگریان كردووه‌ته‌وه‌ وه‌ك ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕینێك دژی‌ باری‌ گوزه‌ران‌و كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، رۆژی‌ 10/10/2015 ( :وێنه Soran Ahmad)
چه‌ند گه‌نجێك له‌سه‌ر شه‌قامی‌ مه‌وله‌وی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئاگریان كردووه‌ته‌وه‌ وه‌ك ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕینێك دژی‌ باری‌ گوزه‌ران‌و كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، رۆژی‌ 10/10/2015 ( :وێنه Soran Ahmad)

رۆژ به‌رۆژ قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم قووڵده‌بێته‌وه‌و حكومه‌ت مانگ دوای‌ مانگ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ پێنادرێت‌و سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كان راگرتووه‌‌و خه‌ڵكیش ده‌ڵێن حكومه‌ت ده‌سته‌وسان وه‌ستاوه‌و تائێستا هه‌نگاوێكی‌ جددی‌ نه‌ناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یران‌و كێشه‌كان.

 

هاوكات له‌گه‌ڵ قووڵبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و كێشه‌كانی‌ هاووڵاتیان، حیزبه‌ به‌شداربووه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌رقاڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌یه‌كن، كه‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كورستانه‌و ئه‌و كێشه‌یه‌ش هێنده‌ی‌ تر قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ قووڵكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت بووه‌ته‌ هۆی‌ دروستبوونی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێم.

 

به‌پێی‌ یاساكانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رۆژی‌ 19ی‌ ئابی‌ 2015 واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كۆتایی هات، به‌و پێیه‌ی‌ له‌واده‌ی‌ خۆیدا نه‌توانرا هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بكرێت، لایه‌نه‌كانی‌ به‌شدار له‌حكومه‌ت (پارتی‌ دیموكرات، بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌)، كێشه‌یان له‌سه‌ر میكانیزمی‌ دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ دروستبووه‌و به‌ نۆ كۆبوونه‌وه‌ نه‌یانتوانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

 

دواین كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌رۆژی‌ 8ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت، لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن‌و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌ڵپه‌سارد، كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌كانی‌ زیاتر قووڵكرده‌وه‌و هاووڵاتیانی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌هه‌رێم ده‌ستیاندایه‌ مانگرتن‌و خۆپیشاندان، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ربڕینی‌ توڕه‌ییه‌ك له‌به‌رانبه‌ر بێباكبوونی‌ لایه‌نه‌كان له‌چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ هه‌رێم.

 

له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و نۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، به‌قسه‌ی‌ به‌شداربووانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ لایه‌نه‌كان بۆ ته‌نیا جارێكیش ته‌وه‌رێك، یان به‌شێكی‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان ته‌رخاننه‌كرد بۆ كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی‌ هاووڵاتیان، له‌كاتێكدا له‌سه‌روبه‌ندی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نۆیه‌م له‌سلێمانی‌ له‌ئۆتیل شاری‌ جوان، ئه‌ندامانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی هاووڵاتیان گه‌مارۆدرابوون.

 

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ ئه‌ندامی‌ شاندی‌ دانوستانی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كان، كه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ ناوده‌برێت، بۆ "نیقاش" نه‌یشارده‌وه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا ته‌نیا باسی‌ كێشه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كراوه‌و وتی‌: "كۆبوونه‌وه‌كان بۆ ئه‌وه‌بوو پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ك نه‌یتوانی‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵكو كێشه‌كانی‌ قووڵتركرده‌وه‌".

 

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌، كه‌ به‌شداری‌ هه‌ر نۆ كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كه‌ی‌ كردبوو، وتیشی‌: "چه‌ند جارێك هه‌وڵدرا، باسی‌ ئه‌و كێشانه‌ بكرێت، كه‌ له‌ئه‌نجامی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و قه‌یرانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم رووبه‌ڕووی‌ هاووڵاتیان بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆكان له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ گه‌رمبوو، كۆبوونه‌وه‌ دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ باسكردنی‌ كێشه‌كان دواده‌خران".

 

له‌كورده‌واریدا په‌ندێك هه‌یه‌ ده‌ڵێت: "ئاش له‌خه‌یاڵێك‌و ئاشه‌وان له‌خه‌یاڵكێك"، ئێستا ئه‌م په‌نده‌ له‌ناو حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و حیزبه‌كانی‌ هه‌رێم به‌ته‌واوی‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

 

ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ په‌نده‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌، كه‌ هاووڵاتیانی‌ هه‌رێم، كێشه‌ی‌ نه‌بوونی‌ موچه‌ی‌ مانگانه‌و پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و قه‌یرانی‌ دارایی‌و نه‌بوونی‌ سووته‌مه‌نی‌ چه‌ند كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌، به‌ڵام په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و حیزبه‌كان سه‌رقاڵی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌یه‌كی‌ ترن، كه‌ ئه‌ویش سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌.

 

په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌23 حوزه‌یرانی‌ رابردووه‌وه‌ تائێستا چوار كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌، كه‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌پرسی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و نه‌شیتوانی‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكات، هه‌روه‌ها دوو كۆبوونه‌وه‌ی‌ تریش تایبه‌ت بووه‌ به‌هه‌مواری‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی‌ بۆ گفتوگۆكردنی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هاووڵاتیان نه‌كرد، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌دوای‌ 29 حوزه‌یرانه‌وه‌، ته‌نیا یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ش تایبه‌ت بوو به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ راپۆرتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ داعش‌و چه‌ند پرسێكی‌ تر.

 

شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "به‌ڕاستی‌ سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم (سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت)‌و حیزبه‌كانی‌ به‌شدار له‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت به‌رپرسن له‌چاره‌سه‌كردنی‌ كێشه‌كانی‌ هاووڵاتیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ نه‌ك كێشه‌كانیان چاره‌سه‌نه‌كردووه‌، به‌ڵكو كێشه‌كانیان بۆ خه‌ڵك قووڵكردووه‌ته‌وه‌".

 

شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین وتیشی‌: "به‌رپرسی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌دروستبوونی‌ ئه‌م كێشانه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌وڵێكی‌ جدیان نه‌ناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان".

 

قووڵبوونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان رۆژ دوای‌ رۆژ تووڕه‌یی هاووڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ زیاتركرد به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستایانی‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌به‌رانبه‌ر دابه‌شنه‌كردنی‌ موچه‌ی‌ مانگانه‌یان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستیان به‌مانگرتن كردو چه‌ند رۆژێك نه‌چوونه‌وه‌ بۆ ده‌وام، دواتریش له‌رۆژانی‌ 8، 9، 10 ده‌ستكرا به‌خۆپیشاندان‌و رۆژانه‌ هاووڵاتیان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.

 

خۆپیشانده‌ران له‌به‌شێكی‌ زۆر له‌ناوچه‌كانی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی‌‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان‌و راپه‌ڕین توڕه‌یی خۆیان به‌رانبه‌ر باره‌گا حیزبییه‌كان ده‌رده‌بڕی‌ به‌تایبه‌تی‌ باره‌گاكانی‌ پارتی‌ دیموكرات، به‌دارو به‌رد هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گان‌و به‌شێك له‌باره‌گاكانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ش سووتێنران.

 

كامه‌ران مه‌نتك مامۆستای‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین‌و چاودێری‌ سیاسی‌، ده‌ڵێت: "تووڕه‌یی خه‌ڵك له‌جێی‌ خۆیه‌تی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ هه‌رێم، به‌و پێیه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سیاسه‌تكردن‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش له‌ئیداره‌دان گه‌یشتوون به‌بنبه‌ست‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیان بۆ ناكرێت، بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نێكی‌ تر قسه‌بكات بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، كه‌ ئه‌ویش شه‌قامه‌".

 

به‌شێكی‌ زۆر له‌مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران به‌ به‌رده‌وامه‌ له‌گردبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كاندا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ حكومه‌ت پاره‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ هه‌رێم به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هاووڵاتیانی‌ سزاداوه‌و قه‌یرانی‌ سیاسی‌ تێكه‌ڵاوی‌ قووتی‌ خه‌ڵك كردووه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ كامه‌ران مه‌نتك به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ شتێكی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، كه‌ قه‌یرانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم تێكه‌ڵاوی‌ كێشه‌كان‌و قه‌یرانی‌ دارایی هه‌رێم كراوه‌، ئه‌وه‌شی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستا ده‌یڵن له‌و باره‌وه‌ زۆر راسته‌و قه‌یرانه‌كان تێكه‌ڵاوی‌ یه‌كتركراون".

 

حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كان‌و له‌به‌رانبه‌ر نه‌ناردنی‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌هه‌ناده‌كردنی‌ نه‌وت، كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كان‌و ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌سروشتییه‌كان رۆژانه‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌و راسته‌وخۆ ده‌یفرۆشێت.

 

به‌پێی‌ دواین ئامار، كه‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌سروشتییه‌كان له‌راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌هه‌ژده‌ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو (واته‌ تێكڕا 600 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌)ی له‌مانگی ئه‌یلولدا له‌ڕێی تۆڕی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهان له‌توركیا هه‌نارده‌كردووه‌.

 

به‌پێی‌ ئه‌و ئاماره‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌و بڕه‌ نه‌وته‌ حكومه‌ت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 40 دۆلاریشی‌ بۆ مابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و مانگه‌ی‌ 744 ملیۆن‌و 591 هه‌زارو 920 دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ داهاتی‌ هه‌بووه‌، به‌بێ‌ له‌داهاتی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ تانكه‌ره‌وه‌ هه‌نارده‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ ناوخۆ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ پێنادرێت‌و ئێستا سێ‌ بۆ چوار موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ لایه‌.

 

عیزه‌ت سابر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌و ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان سه‌ره‌راِی‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ بۆ "نیقاش" پشتڕاستكرده‌وه‌و ئاشكراشیكرد، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ نه‌وتی‌ گرێبه‌ستێكی‌ هه‌یه‌، كه‌ مانگانه‌ له‌به‌رانبه‌ر بڕێك نه‌وت، بڕی‌ 850 ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانێت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی‌ حكومه‌ت راگیراوه‌و كه‌وتووه‌ته‌ ژێر باری‌ قه‌رزێكی‌ زۆر.

 

عیزه‌ت سابر به‌گومانه‌وه‌ سه‌یری‌ داهاتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت ده‌كات‌و بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "به‌پێی‌ به‌دواداچوونه‌كانی‌ من، حكومه‌ت داهاتی‌ له‌به‌رده‌سته‌و پاره‌ی‌ نه‌وتیشی‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ هه‌رێم نایه‌وێت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكات".

 

سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌و ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ دوو سێ‌ مانگی‌ رابردوودا حكومه‌تی‌ هه‌رێم زیاتر له‌سێ‌ ملیار دۆلار داهاتی‌ هه‌بووه‌، كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ش له‌چه‌ند حساب بانكییه‌ك هه‌ڵگیراوه‌و به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی‌ دابه‌شناكات.

 

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ فرسه‌ت سۆفی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لیستی‌ پارتی‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌، كه‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم تێكه‌ڵاوی‌ قه‌یرانی‌ دارایی هه‌رێم كرابێت‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم هۆكارێكه‌ بۆ قه‌یرانه‌كان‌و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌وڵی‌ خۆی‌ داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترێت بۆ لایه‌نه‌كان هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ هاووڵاتیان ناده‌ن، له‌كاتێكدا سه‌رقاڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌یه‌كن، كه‌ كێشه‌ی‌ هاووڵاتیانی‌ قووڵتركردووه‌ته‌وه‌، فرسه‌ت سۆفی‌ نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ لایه‌نه‌كان نایانه‌وێت كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ وت: "ده‌بوو لایه‌نه‌كان به‌زوویی ئه‌و پرسه‌یان یه‌كلابكردایه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوانه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتایه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌