راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حكومه‌ت بووه‌ته‌ گاڵته‌جاڕی‌ خه‌ڵك
نوكته‌ نوێیه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران له‌باره‌ی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانه‌وه‌

ئه‌حمه‌د سامر
فه‌رمانڕه‌وایه‌كی‌ چینیمان ده‌وێت، به‌هۆی‌ ئێوه‌وه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ده‌ستدا چونكه‌ ئه‌و سوننیه‌و منیش شیعه‌، پێڵاوه‌كه‌م سوودی‌ زیاتره‌ له‌په‌رله‌مان، ئه‌مانه‌ دروشمی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ناسریه‌ن.
15.10.2015
یه‌كێك له‌و لافیتانه‌ی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناسرییه‌دا به‌رزكراوه‌ته‌وه‌
یه‌كێك له‌و لافیتانه‌ی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناسرییه‌دا به‌رزكراوه‌ته‌وه‌

خۆپیشاندانه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردووی‌ ناسریه‌و پارێزگاكانی‌ باشوور شێوازی‌ نوێی‌ ناڕه‌زاییان به‌خۆوه‌ بینی‌، ئه‌مجاره‌ خۆپیشانده‌ران له‌بری‌ توڕه‌یی‌‌و پێكداهه‌ڵپژان، به‌نوكته‌و گاڵته‌جاڕی‌ رای خۆیان له‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌واكانی‌ عێراق ده‌ربڕی‌.

 

به‌دروشمی‌ "به‌ناوی‌ ئاینه‌وه‌ دزیتان لێكردین هه‌ی‌ دزینا" خۆپیشانده‌ران به‌بوێرانه‌ په‌رده‌ی‌ ئاینیان له‌حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

 

یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ره‌كان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌كاتی‌ هاروهاجیدا باوك له‌منداڵه‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و له‌سه‌ر لافیته‌یه‌ك نوسیبووی‌ "حكومه‌ت دزی‌ مه‌كه‌، ئه‌گه‌رنا پۆلیست بۆ بانگ ئه‌كه‌م بتگرێ‌".

 

خۆپیشانده‌رێكی‌ تر له‌سه‌ر لافیته‌كه‌ی‌ یاری‌ به‌وشه‌كان كردبوو نوسیبووی‌ "گه‌ل ئاوه‌دانی‌ ده‌وێت، كوره‌ ته‌مه‌ن به‌ده‌ست خوایه‌، خوا ته‌مه‌ن كورتتان بكات".

 

حه‌یده‌ر مه‌هدی‌ یه‌كێك له‌چالاكوانانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناسرییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌م رێیه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یامه‌كه‌یان به‌خێرایی بگاته‌ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتداران.

 

حه‌یده‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "گاڵته‌جاڕی‌‌و قسه‌ی‌ ره‌ق تاكه‌ ڕێگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ توڕه‌یی‌ خه‌ڵك بگه‌ێنێته‌ به‌رپرسه‌ بێباكه‌كان"، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی‌ هیچ شتێكیان نه‌ماوه‌ له‌ده‌ستی‌ بده‌ن، بۆیه‌ به‌و توڕه‌ییه‌ ده‌دوێن.

 

په‌رله‌مانیش بێبه‌ش نه‌بووه‌ له‌م گاڵته‌پێكردنه‌ی‌ خه‌ڵك، یه‌كێك له‌گه‌نجه‌كان له‌سه‌ر لافیته‌یه‌ك نوسیبووی‌ "هیچ شتێك به‌قه‌د ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران سێكسی‌‌و رووت نییه‌"، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ یاساكه‌ی‌ په‌رله‌مان كه‌ بڕیاریداوه‌ به‌داخستنی‌ سایته‌ سێكسییه‌كان له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێتی‌ عێراق.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌خۆپیشانده‌ره‌كان له‌ناوه‌ڕاستی‌ لافیته‌یه‌كی‌ ره‌شدا بازنه‌یه‌كی‌ سپی‌ كردووه‌و ناوی‌ په‌رله‌مانی‌ تیا نووسییوه‌، كه‌ رێك له‌ئاڵاكه‌ی‌ داعش ده‌چێت، دانه‌یه‌كی‌ تر به‌هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر لافیته‌یه‌ك نوسیوێتی‌ "خوا په‌نامان بات له‌شه‌ڕی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌نه‌فره‌تكراو".

 

مه‌یسه‌م ساعدی‌ چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌ڵێت "گاڵته‌جاڕی‌ باشترین رێگایه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ كه‌ تائێستا كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌بردنه‌ سه‌ری‌ به‌ڵێنه‌كانی‌‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵكاران".

 

ئه‌م جۆره‌ دروشمانه‌ به‌ته‌نها به‌گۆڕه‌پانی‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌نێو خه‌ڵكیدا دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌.

 

خۆپیشانده‌ران ته‌نها له‌ڕێی‌ دروشم‌و لافیته‌وه‌ بۆچوونه‌كانیان ناخه‌نه‌ روو، به‌ڵكو به‌چه‌ند شێوه‌یه‌كی‌ تریش هێمای‌ بۆ ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر داره‌ مه‌یتێك ناوی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و دادگا نوسراوه‌، هه‌روه‌ها له‌زۆربه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانیشدا بۆیله‌ری‌ كاره‌بایی‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ لێدوانه‌كه‌ی‌ قاسم فه‌هداوی‌ وه‌زیری‌ كاره‌با كه‌ داوای‌ كردبوو خه‌ڵكی‌ له‌وه‌رزی‌ هاویندا بۆیله‌ری‌ كاره‌بایی‌ بكوژێننه‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌و وه‌رزه‌دا پله‌ی‌ گه‌رما ده‌گاته‌ 50 پله‌ی‌ سه‌دی‌.

 

یاسر براك مامۆستای‌ كۆلێژی‌ راگه‌یاندن له‌زانكۆی‌ زیقار به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ به‌سه‌دان هه‌زار كه‌س وایكردووه‌ پشتیان به‌یه‌كتر قایم بێت‌و سنوره‌ ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و حیزبییه‌كان تێبپه‌ڕێنن".

 

ئێستا خه‌می‌ خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌یه‌ بۆ خۆپیشاندانه‌كانی‌ داهاتوو داهێنانی‌ نوێ‌ بكه‌ن، مورته‌زا حه‌مزه‌ یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ ده‌ڵێت "گاڵته‌جاڕییه‌كانمان گرێ‌ دراوه‌ به‌هه‌ڵوێستی‌ نوێی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌