راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ماڵوێرانییه‌كه‌ بۆ عێراقه‌
ئۆبامای‌ سوننه‌ له‌به‌رامبه‌ر پۆتنی‌ شیعه‌دا

موسته‌فا حه‌بیب
ناكۆكی‌ قوڵی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌نێوان ئه‌مه‌ریكاو روسیادایه‌، كه‌چی‌ له‌مه‌شدا عێراقییه‌كان خۆیان كردووه‌ته‌ كه‌وا سووری‌ به‌ر له‌شكر.
7.10.2015
لایه‌نگرانی‌ ئه‌سه‌د له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌روسیا خۆپیشاندان رێكده‌خه‌ن ( :وێنه اندري سميرنوف)
لایه‌نگرانی‌ ئه‌سه‌د له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌روسیا خۆپیشاندان رێكده‌خه‌ن ( :وێنه اندري سميرنوف)

راگه‌یاندنی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ ئه‌منی‌ چوارقۆڵی‌ له‌نێوان عێراق‌و سوریاو ئێران‌و روسیا وه‌ك هه‌موو رووداوه‌كانی‌ تر بووه‌ مایه‌ی‌ دابه‌شكاری‌‌و جنێوو تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ له‌نێوان عێراقییه‌كاندا، شیعه‌ له‌گه‌ڵیه‌تی‌‌و سوننه‌ش دژی‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

 

له‌و كاته‌ی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و چه‌كدارانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان‌و سوپای‌ ئه‌مه‌ریكی‌ سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌سازی‌ بوون بۆ هێرشی‌ به‌رفراوانی‌ سه‌ر رومادی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، له‌پڕ هاوپه‌یمانێتی‌ چوارقۆڵی‌ نێوان عێراق‌و ئێران‌و سوریاو روسیا راگه‌یه‌ندراو هه‌مووانی‌ تووشی‌ شۆك كرد.

 

ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ جارێكی‌ تر جه‌مسه‌ربه‌ندی‌ نێوان شیعه‌و سوننه‌ی‌ تۆخكرده‌وه‌، چونكه‌ روسیا چووه‌ته‌ به‌ره‌ی‌ شیعه‌ كه‌ سوریا‌و ئێرانی‌ له‌خۆگرتووه‌و پشتیوانی‌ ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانی‌ كه‌نداویش له‌به‌ره‌ی‌ سوننه‌دان‌و دژی رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌دن، ئه‌مه‌ش گرفتی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ عێراق دروستكردووه‌.

 

كه‌م رووداو هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا رووبدات‌و عێراقییه‌كان دوو بۆچوونی‌ جیاوازیان نه‌بێت له‌سه‌ری‌، هه‌ر گروپه‌ش به‌جنێوو تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ په‌لاماردانی‌ گروپه‌كه‌ی‌ تر، به‌ڵام كه‌رتبوونی‌ ئه‌مجاره‌ زۆر مه‌ترسیدارتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌هاوسه‌نگی‌ زلهێزه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌مه‌ریكاو روسیاو هاوپه‌یمانه‌كانیانه‌وه‌.

 

گۆشه‌نیگای‌ شیعه‌

هه‌موو هێزو گروپه‌كانی‌ شیعه‌ پێشوازییان له‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ی‌ روسیا كرد له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ئه‌وان پێیان وابوو ئه‌مه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌وان شكستی‌ هێناوه‌ له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵێكه‌ واشنتۆن شه‌ڕی‌ له‌دژی‌ داعش راگه‌یاندووه‌.

 

میلیشیا شیعه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ یه‌كه‌مین لایه‌ن بوون كه‌ پێشوازییان له‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ چوارقۆڵییه‌ كرد، هۆكاره‌كه‌ش روونه‌، هه‌ر چوار وڵات پشتیوانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌كه‌ن.

 

رێكخراوی‌ "به‌در"و "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا"‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" باڵاده‌ستترین گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبین كه‌ راسته‌وخۆ گرێدراون به‌ئێرانه‌وه‌ له‌رووی‌ پێدانی‌ چه‌ك‌و وه‌رگرتنی‌ فه‌رمانه‌وه‌، ئه‌م سێ‌ لایه‌نه‌ش بێ‌ دوودڵی‌ پێشوازییان له‌هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌كه‌ كرد.

 

ئه‌م لایه‌نانه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ دژی‌ بوونی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا بوون له‌عێراق‌و كاتێك له‌نیسانی‌ ئه‌مساڵ تكریت له‌ده‌ست داعش سه‌ندرایه‌وه‌، ناكۆكی‌ قوڵ له‌نێوان هه‌ردوولادا روویدا، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ له‌روومادی‌ دووباره‌ بووه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا دژی‌ به‌شداری‌ گروپه‌ شیعه‌كان بوون‌و ئه‌وانیش دژی‌ به‌شداری‌ ئه‌مه‌ریكا بوون.

 

ئه‌حمه‌د جومه‌یلی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌س بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌نبارو دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ناكاته‌وه‌، هێزه‌ چه‌كداره‌كان تێوه‌گلاون له‌ناكۆكی‌ ئاینی‌‌و سیاسییه‌وه‌و ئه‌نباریش بووه‌ته‌ قوربانی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان".

 

جومه‌یلی‌ ده‌شڵێت "ئازادكردنی‌ هه‌ردوو شاری‌ رومادی‌‌و فه‌لوجه‌ به‌بێ‌ هێزێكی‌ زه‌مینی‌ كاریگه‌ری‌ وه‌ك حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و هێزێكی‌ ئاسمانی‌ به‌هێزی‌ وه‌ك ئه‌مه‌ریكا ناكرێت، ئه‌م دوو لایه‌نه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ ناسازێن بۆیه‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و دوو شاره‌ دواكه‌وتووه‌".

 

له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ رابردووه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌هێزێكی‌ زیاتره‌وه‌ چووه‌ ئه‌نبارو راهێنانی‌ به‌هه‌زاران چه‌كدارای‌ عه‌شیره‌ته‌كان كردو چه‌كی‌ دانێ‌، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی‌ گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ دژی‌ پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ سوننه‌ن.

 

سه‌رجه‌م گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌شدارییان له‌شه‌ڕی‌ ئه‌نبار راگرت، وه‌ك فشارێك بۆ سه‌ر حكومه‌ت تا رێ له‌رۆڵی‌ ئه‌مه‌ریكا بگرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ هه‌بوو، وایكرد داعش چه‌ندین هێرش بكاته‌ سه‌ر بنكه‌كانی‌ سوپا له‌ده‌وروبه‌ری‌ رومادی‌‌و فه‌لوجه‌و حه‌دیسه‌.

 

گروپه‌ شیعه‌كان كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، ئاساییه‌ پێشوازی‌ له‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێ‌ بكه‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ عێراق چ سوودێكی‌ لێ‌ ده‌بینێت.

 

هه‌رچی‌ حیزبه‌ شیعه‌كانی‌ ناو پرۆسه‌ی‌ سیاسییه‌ ئه‌وانیش پشتیوانی‌ هاوپه‌یمانی‌ چوارقۆڵییان كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێیان وایه‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانیوه‌ داعش له‌ناو ببات، بۆیه‌ پێویستی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ نوێ‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ، ئه‌مه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ بوو كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو خستیه‌ روو.

 

گۆشه‌نیگای‌ سوننه‌

هێزو حیزب‌و دانیشتوانی‌ سوننه‌ له‌دژی‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ چوارقۆڵییه‌ وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌كانی‌ بۆ ئه‌وان قێزه‌ونن، له‌تێڕوانینی‌ ئه‌وانه‌وه‌ ئێران پشتیوانی‌ هێزه‌ شیعه‌كان ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی‌ سوننه‌ له‌ناو ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها پشیتوانی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات له‌رێی‌ حیزبوڵای‌ لوبنانییه‌وه‌و روسیاش له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پشتیوانی‌ ئه‌سه‌د ده‌كات.

 

سوننه‌ زیاتر متمانه‌یان به‌ئه‌مه‌ریكاو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودان، ئه‌وان پێیان وایه‌ ده‌بێت رۆڵی‌ زیاتر به‌ئه‌مه‌ریكا بدرێت له‌ئازادكردنی‌ شاره‌ سوننه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش، به‌ڵام گروپه‌ شیعه‌كان رێ‌ له‌وه‌ ده‌گرن‌و ناهێڵن هێزێكی‌ سوننه‌ی‌ به‌هێز پێك بێت‌و گاردی‌ نیشتیمانی‌ دروست بكرێت، هه‌روه‌ك چۆن دژی‌ پڕ چه‌ككردنی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبارن كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن، وه‌ك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ بو فه‌هدو بونرو بو عه‌لوان‌و بو زیاب.

 

"هاوپه‌یمانێتی‌ هێزه‌ نیشتیمانییه‌كان" كه‌ سه‌رجه‌م حیزبه‌ سوننه‌كانی‌ له‌خۆگرتووه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا دژی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ چوارقۆڵی‌ وه‌ستانه‌وه‌ "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نهێنی‌‌و به‌بێ‌ راوێژ پێكهێنراوه‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ تێدایه‌ كه‌ نه‌یاری‌ پارێزگا سوننه‌كانی‌ گیرۆده‌ی‌ ده‌ستی‌ داعشن"، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئێران.

 

له‌به‌رامبه‌ردا حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌"هاوپه‌یمانێتی‌ هێزه‌ نیشتیمانییه‌كان" گرت‌و له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا وتی‌ "هه‌ندێك وه‌ها مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئۆباما خزمیان بێت، من پێشوازی‌ له‌هاوپه‌یمانێتی‌ چوارقۆڵی‌ ده‌كه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێویستمان به‌هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ به‌رفراوانه‌".

 

یه‌كه‌م ئه‌نجامی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ناكۆكی‌ نوێی‌ نێوان سیاسییه‌كانی‌ سوننه‌و شیعه‌یه‌ له‌عێراقدا، له‌كاتێكدا عێراق بۆخۆی‌ دنیایه‌ك قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌‌و ئابوری‌ هه‌یه‌، ئه‌م ناكۆكییه‌ بۆ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش شۆڕبووه‌ته‌وه‌.

 

زۆرێك له‌شیعه‌كان ڤلادیمێر پۆتنی‌ سه‌رۆكی‌ روسیایان وه‌ك فریادڕه‌ستی‌ خۆیان ناساند له‌شه‌ڕی‌ داعشداو چه‌ندین ڤیدیۆی‌ سوپای‌ روسیایان بڵاوكرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان وێنه‌ی‌ پۆتنیان كرد به‌وێنه‌ی‌ پرۆفایله‌كانیان له‌فه‌یسبوك‌و چه‌ندین ده‌نگۆشیان بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر په‌لاماردانی‌ داعش له‌ئه‌نبار له‌لایه‌ن روسیاوه‌.

 

هه‌رچی‌ دانیشتوانی‌ سوننه‌یه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر پۆتن‌و به‌دوژمنی‌ سوننه‌یان ناساند له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پاڵپشتی‌ ئه‌سه‌دو ئێران ده‌كات‌و پشتیوانییان بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕی‌.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین هه‌وڵ له‌ئارادایه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ناكۆكییه‌ ئیقلیمییه‌كان‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ یه‌كگرتووی‌ ده‌ره‌كی‌‌و سازانێكی‌ ناوخۆیی‌، كه‌چی‌ عێراق تازه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌هاوپه‌یمانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ ناكۆك له‌سه‌ر ئاستی‌ شیعه‌و سوننه‌.

 

چالاكییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ چوارقۆڵی‌

دوور له‌ناكۆكی‌ تائیفی‌ نێوان شیعه‌و سوننه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌، چاودێران پرسیار له‌توانای‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ ده‌كه‌ن، ئاخۆ ده‌توانن كارێك بكه‌ن به‌رامبه‌ر داعش كه‌ ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانی‌ خۆرئاوا پێیان نه‌كراوه‌؟

 

شه‌ڕی‌ داعش به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م شه‌ڕێكی‌ هه‌واڵگری‌‌و زانیارییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌ناو دانیشتوانی‌ شاره‌كانی‌ عێراق‌و سوریا خۆیان مه‌ڵاسداوه‌و به‌ئاسانی‌ له‌رێی‌ خاڵی‌ سنوری‌ بو كه‌ماله‌وه‌ هاتوچۆ له‌نێوان شاری‌ ده‌یرزوری‌ سوریاو ئه‌نباری‌ عێراقی‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناویان ناوه‌ ویلایه‌تی‌ فورات.

 

هێرشی‌ فرۆكه‌كان پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ ته‌نها ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سوننه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا باشه‌.

 

ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێز له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كانی‌ ئه‌نباردا دروست بكات، كاتێك هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ی‌ دژی‌ قاعیده‌ پێكهێنا، تائێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ر به‌توندتۆڵی‌ ماوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌هه‌ردوو خاكی‌ عێراق‌و سوریا بڵابوونه‌ته‌وه‌،  بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سوریاش زانیاری‌ هه‌واڵگری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

هه‌رچی‌ هاوپه‌یمانی‌ چوارقۆڵییه‌، ئه‌وا به‌ئاسانی‌ ده‌ستیان ناگات به‌زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ روسیا په‌یوه‌ندی‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای‌ سوننه‌داو ئێرانیش ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌كان هه‌یه‌، رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌دیش به‌ته‌واوی‌ پشتیوانی‌ سوننه‌ی‌ له‌وڵاته‌كه‌یدا له‌ده‌ستداوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌پانی‌ سوننه‌ش به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌كه‌ ئاسته‌نگی‌ زۆری‌ له‌پێشه‌.

 

ئه‌حمه‌د ئالوسی‌ چاودێری‌ سیاسی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌كه‌ هه‌وڵێكی‌ روسیا بۆ كردنه‌وه‌ی‌ به‌ره‌یه‌ك دژی‌ ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ قه‌یرانی‌ ئۆكرانیا"، ده‌شڵێت "روسیا باش ده‌زانێت كه‌ وه‌ك ئه‌مه‌ریكا شاره‌زایی‌ نییه‌ له‌ناكۆكییه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا".

 

ترسه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ناكۆكییه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ درێژخایه‌ن له‌نێوان ئه‌مه‌ریكاو روسیا له‌سوریاو عێراق باڵ به‌سه‌ر خۆهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا بكێشێت‌و ساڵانێكی‌ زۆر بخایه‌نێت، كه‌ ده‌رده‌سه‌رییه‌كه‌ی‌ ته‌نها بۆ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت.

 

ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌واو ئه‌ندامی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ "موته‌حیدون بۆ چاكسازی‌" به‌"نیقاش"ی‌ وت "گرفتی‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌رگا بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا ده‌كاته‌وه‌، كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ش به‌رگه‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ زیاتر ناگرێت".

 

سودمه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ چوارقۆڵی‌ سوریایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كات به‌بێ‌ پشتیوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ ئه‌بێت هاوسه‌نگی‌ رابگرێت له‌نێوان هاوپه‌یمانێتی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیادا.

 

ئه‌مه‌ریكا ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ چوارقۆڵییه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وانیش ئه‌مه‌ریكایان بانگهێشت نه‌كردووه‌، حكومه‌تی‌ عێراق له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌مه‌ریكا پشتیوانییه‌كانی‌ له‌شه‌ڕی‌ داعش بكشێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ روسیا به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ناشتوانێت نه‌چێته‌ هاوپه‌یمانێتی‌ چوار قۆڵییه‌وه‌ له‌ترسی‌ ئێران، نه‌وه‌ك ئه‌ویش گروپه‌ شیعه‌كان له‌شه‌ڕه‌كه‌ بكشێنێته‌وه‌.

 

عێراق ئێستا پێویستی‌ به‌دیبلۆماسیه‌تێكی‌ زیره‌ك‌و به‌ئاگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا رابگرێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌لایه‌كدا بیشكێنێـه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن پێویستی‌ به‌سازانی‌ ناوخۆییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیبلۆماسیه‌ته‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ بۆ عێراق باش نییه‌ ئه‌مه‌ریكا یان روسیا بكاته‌ دوژمنی‌ خۆی‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی‌ قورسه‌ له‌به‌رده‌م حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیراندا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌