راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ناكۆكی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌
ململانێیه‌كی‌ مێژووی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ عێراق سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
له‌هه‌موو كات زیاتر ململانێی‌ نێوان سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و ناكۆكییه‌ی‌ ره‌گ‌و ریشه‌یه‌كی‌ مێژووی‌ هه‌یه‌، ئێستا له‌سه‌ر خاكی‌ عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌.
3.09.2015  |  به‌غدا
ململانێی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ له‌عێراقدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕ ( :وێنه عطا كنا جيتي)
ململانێی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ له‌عێراقدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕ ( :وێنه عطا كنا جيتي)

له‌كاتێكدا عێراق رووبه‌رووی‌ قه‌یرانێكی‌ مه‌ترسیداری‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵیدا ورده‌ ورده‌ روخساری‌ ململانێیه‌كی‌ قوڵ ده‌رده‌كه‌وێت له‌نێوان عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ له‌عێراق‌و عه‌لی‌ خامه‌نه‌یی‌ رابه‌ری‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ له‌ئێران له‌باره‌ی‌ دۆسێ سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ململانێیه‌ ره‌گ‌و ریشه‌یه‌كی‌ قوڵتری‌ هه‌یه‌و درێژكراوه‌ی‌ ناكۆكی‌ مێژووی‌ نێوان نه‌جه‌ف‌و قومه‌.

 

له‌دیمه‌نی‌ گشتی‌ عێراقدا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ململانێیه‌كی‌ ئاینی‌ به‌ده‌ركه‌وتووه‌، سه‌ره‌تاكه‌شی‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكی‌ به‌غداو شاره‌كانی‌ تری‌ باشوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌‌و ماڵی‌‌و داواكردنی‌ چاكسازی‌ سیاسی‌، وه‌كو هه‌موو رووداوه‌كانی‌ تر كه‌ له‌ 2003وه‌ تائێستا روویانداوه‌، له‌مه‌شدا بۆچوونی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ دژ به‌یه‌كه‌.

 

ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ ناكۆكی‌ مێژوویی‌ نێوان پیاوانی‌ ئاینی‌ شیعه‌ی‌"نه‌جه‌ف" له‌عێراق‌و پیاوانی‌ ئاینی‌ شیعه‌ی‌ شاری‌ "قوم" له‌ئێران له‌سه‌ر بابه‌تی‌ "ویلایه‌تی‌ فه‌قێ‌"یه‌، مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ نه‌جه‌ف كه‌ سیستانی‌ رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات به‌ته‌واوی‌ بیرۆكه‌ی‌ "ویلایه‌تی‌ فه‌قێ‌" ره‌تده‌كاته‌وه‌و داوای‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئاین له‌ده‌وڵه‌ت‌و دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ "قوم" به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ خامه‌نه‌یی‌ داوای‌ چه‌سپاندنی‌ "ویلایه‌تی‌ فه‌قێ‌" ده‌كات له‌عێراق.

 

ویلایه‌تی‌ فه‌قێ‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نوێیه‌ له‌لای‌ شیعه‌، بیرۆكه‌كه‌ی‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ فه‌قێ‌ هه‌موو كاروبارێكی‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات "تا ده‌ركه‌وتنی‌ ئیمام مه‌هدی‌"، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ تێكه‌ڵكردنی‌ ئاینه‌ به‌كاروباری‌ ده‌وڵه‌تداری‌.

 

ئێستا له‌زۆر دۆسێی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منیدا ناكۆكی‌ تێڕوانینی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ روونتر ده‌ركه‌وتووه‌، به‌تایبه‌تی‌ جیاوازییان له‌سه‌ر سیسته‌می‌ سیاسی‌‌و چۆنێتی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش‌و ئه‌و خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

 

سیستانی‌ ئاماده‌نییه‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌"حه‌شدی‌ شه‌عبی‌" ناوببات، به‌ڵكو به‌"خۆبه‌خشه‌كان" ناویان ده‌بات، ئه‌مه‌ش له‌رێی‌ ئه‌و وتاره‌ ئاینیانه‌ی‌ عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ربه‌لایی‌‌و ئه‌حمه‌د سافی‌ رۆژانی‌ هه‌ینی‌ له‌كه‌ربه‌لا به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ن.

 

عه‌قیل وائیلی‌ كه‌ خوێندكارێكی‌ حه‌وزه‌ی‌ ئاینی‌ نه‌جه‌فه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ململانێی‌ نێوان مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ نه‌جه‌ف به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ سیستانی‌‌و مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ قوم به‌رێبه‌رایه‌تی‌ خامه‌نه‌یی‌، ململانێیه‌كی‌ نه‌بڕاوه‌یه‌ له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ تاكه‌ رێبه‌رێك بۆ شیعه‌ی‌ جیهان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌وڵه‌تی‌ فاتیكان بۆ مه‌سیحییه‌كان هه‌یه‌".

 

ده‌شڵێت "نه‌جه‌ف كه‌ شارێكی‌ عه‌ره‌بییه‌ ناوه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ شیعه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ عه‌لی‌ كوڕی‌ ئه‌بوتاڵبی‌ ئامۆزاو مێردی‌ فاتیمه‌ی‌ كچی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ تیا نێژراوه‌ كه‌ عه‌ره‌بن، ئێرانیش ده‌یه‌وێت خۆی‌ رێبه‌رایه‌تی‌ شیعه‌ی‌ جیهان بكات له‌كاتێكدا ئه‌وان عه‌ره‌ب نین".

 

ئێران چه‌ندین كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ تا له‌رێگایانه‌وه‌ ده‌ست له‌كاروباری‌ عێراق وه‌ربدات، له‌نێوانیاندا پشتیوانیكردنی‌ گروپه‌ شیعه‌كان‌و پڕچه‌ككردنیان كه‌ دیارترینیان بریتین له‌"عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و رێكخراوی‌ "به‌در"‌و "سه‌رایا خۆراسانی‌"‌و "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا"‌و "نوجه‌با" ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌میان سه‌ر به‌خامه‌نه‌یین‌و دان به‌ویلایه‌تی‌ سیستانیدا نانێن.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌كه‌ره‌سته‌كانی‌ تری‌ ئێران په‌نا بردنه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ شیعه‌، ئه‌وانه‌یان كه‌ بڕوایان به‌بیرۆكه‌ی‌ "ویلایه‌تی‌ فه‌قێ‌" هه‌یه‌، تا له‌عێراق بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌ویش له‌رێی‌ چه‌ند نوسینگه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ نزیكن له‌نوسینگه‌كه‌ی‌ سیستانییه‌وه‌، هه‌روه‌ها ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ خامه‌نه‌یی‌ نوسینگه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌نه‌جه‌ف كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌هدی‌ ئه‌سفی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرد هه‌تا له‌4ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو كۆچی‌ دوایی‌ كرد، نوسینگه‌كه‌ی‌ خامه‌نه‌یی‌ هاوكاری‌ دارایی‌ به‌سه‌ر خوێندكارانی‌ حه‌وزه‌دا دابه‌ش ده‌كات‌و له‌باره‌ی‌ كاروباری‌ عێراقه‌وه‌ به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كات.

 

سیستانی‌ پشتیوانی‌ دروستكردنی‌ هێزی‌ "گاردی‌ نیشتیمانی‌" ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ بوو كه‌ پاش شكانی‌ سوپا له‌به‌رامبه‌ر داعش بیر له‌دروستكردنی‌ كرایه‌وه‌، به‌جۆرێك له‌هه‌ردوو لایه‌نی‌ سوننه‌و شیعه‌ پێكبێت‌و هێزێكی‌ فه‌رمی‌ بێت، به‌ڵام گروپه‌ شیعه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێران ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كانه‌وه‌و ده‌یانه‌وێ وه‌ك هێزێكی‌ سه‌ربه‌خۆ بمێننه‌وه‌.

 

له‌رووی‌ سیاسییه‌وه‌ گروپه‌ شیعه‌ به‌هێزه‌كان‌و پیاوانی‌ ئاینی‌ سه‌ر به‌ئێران هه‌وڵی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌ستورو په‌رله‌مان‌و گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ ده‌ده‌ن بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، ئه‌و گروپانه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵیاندا خواستی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ بگۆڕن بۆ خواستی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، به‌ڵام سیستانی‌ رێی‌ له‌وه‌ گرت‌و ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌ستورو په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌.

 

رۆژی‌ 21ی‌ مانگی‌ رابردوو (ئاب) سیستانی‌ وه‌ڵامی‌ گروپه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێرانی‌ دایه‌وه‌و ئه‌حمه‌د سافی‌ وته‌بێژی‌ وتی‌ "مه‌رجه‌عیه‌ت پشتیوانی‌ یاساو ئه‌و پرۆسه‌ چاكسازییه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌ت ده‌ستی‌ داوه‌تێ‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێت به‌پێی‌ ده‌ستوورو له‌رێی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بن"، ئه‌مه‌ش روونترین ره‌خنه‌ی‌ سیستانییه‌ له‌سه‌ر ئامانجی‌ گروپه‌ شیعه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێران.

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو قاسم سوله‌یمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ قودسی‌ ئێران سه‌ردانی‌ عێراقی‌ كردوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سیاسه‌تمه‌داری‌ شیعه‌و پیاوانی‌ ئاینیدا كۆبووه‌وه‌، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" سیستانی‌ ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵ سوله‌یمانیدا كۆببێته‌وه‌ كه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌سیستانی‌‌و گروپی‌ شیعه‌ی‌ سه‌ر به‌ئێران هاتبوو.

 

هه‌رچی‌ هێزو حیزبه‌ شیعه‌كانی‌ عێراقیدا دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌ردوو ئاراسته‌ی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌ییدا، ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌ممار حه‌كیم‌و ره‌وتی‌ سه‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ موقته‌دا سه‌درو گروپه‌كانی‌ سه‌ر به‌م دوو حیزبه‌و به‌شێك له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ له‌نێوانیاندا حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران پشتیوانی‌ سیستانی‌ ده‌كه‌ن.

 

له‌به‌رامبه‌ردا گروپه‌كه‌ی‌ تری‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مالیكی‌‌و رێكخراوی‌ به‌درو میلیشیا به‌هێزه‌كانی‌ شیعه‌ پشتیوانی‌ خامه‌نه‌یی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م دوو ده‌سته‌یه‌ش ئێستا ململانێیانه‌ له‌سه‌ر دۆسێ سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌ گرنگ‌و مه‌ترسیداره‌كان، مالیكی‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانییه‌كی‌ به‌هێزی‌ لێده‌كرێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌خاڵه‌ قوڵه‌كانی‌ ناكۆكی‌ نێوان خامه‌نه‌یی‌‌و سیستانی‌.

 

رۆژی‌ 9ی‌ مانگی‌ رابردوو (ئاب) خامه‌نه‌یی‌ له‌تاران چاوی‌ به‌مالیكی‌ كه‌وت، ئه‌مه‌ش پاش سێ‌ رۆژ له‌راپۆرته‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق هات كه‌ تیایدا خه‌تای‌ كه‌وتنی‌ موسڵی‌ خسته‌ ئه‌ستۆی‌ مالیكی‌، له‌و دیداره‌دا خامه‌نه‌یی‌ ستایشی‌ زۆری‌ مالیكی‌ كردو وتی‌ "هه‌ڵوێسته‌ ئیسلامی‌‌و نیشتیمانییه‌كانی‌ مالیكی‌‌و پاڵپشتی‌ بۆ هێزی‌ به‌رخۆدان، شایه‌نی‌ سوپاس‌و پێزانینه‌".

 

دوو رۆژ دوای‌ دیداره‌كه‌ی‌ خامه‌نه‌یی‌‌و مالیكی‌، سیستانی‌ ره‌خنه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ له‌مالیكی‌ گرت‌و له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا كه‌ ئاژانسی‌ رۆژنامه‌وانی‌ فه‌ره‌نسی‌ ئاراسته‌ی‌ كردبوو ده‌ڵێت "ئه‌و سیاسییانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا عێراقیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد به‌رپرسیارێتی‌ بارودۆخه‌كه‌ی‌ ئێستایان له‌ئه‌ستۆدایه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵكردنی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و به‌تایبه‌تی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌منی‌ نه‌بوایه‌، ئه‌گه‌ر خراپی‌ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵات نه‌بوایه‌، ئه‌وا داعش نه‌یده‌توانی‌ ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ خاكی‌ عێراقدا".

 

ئه‌و خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایه‌تیانه‌ش كه‌ له‌رۆژی‌ 31ی‌ ته‌مموزی‌ رابردووه‌وه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌، خاڵێكی‌ تری‌ ناكۆكی‌ نێوان سیستانی‌‌و خامه‌نه‌ییه‌، سیستانی‌ زیاد له‌جارێك له‌رێی‌ به‌یاننامه‌وه‌ پشتیوانی‌ كردووه‌و داوای‌ له‌ده‌سه‌ڵاتداران كردووه‌ خواستی‌ خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، به‌ڵام خامه‌نه‌یی‌ قسه‌یه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌.

 

له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێران هه‌وڵیدا له‌رێی‌ گروپه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان بگۆڕێت‌و داواكارییه‌كان ببێت به‌خواستی‌ گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ له‌په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ شكستی‌ هێنا، چونكه‌ سیستانی‌ پاڵپشتی‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ راگه‌یاند، بۆیه‌ ئێستا ئێران ره‌خنه‌ له‌خۆپیشاندانه‌كان ده‌گرێت.

 

رۆژی‌ 9ی‌ ئابی‌ رابردوو لیوا حه‌سه‌ن ئابادی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌ ئێرانییه‌ هاوبه‌شه‌كان وتی‌ "خۆپیشاندانه‌كانی‌ عێراق به‌هاندانی‌ چه‌ند گروپێكی‌ دیاریكراو ده‌كرێن كه‌ به‌شێكیان نا موسوڵمانن" هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن قومی‌ باڵیۆزی‌ پێشووی‌ ئێران له‌به‌غدا له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی‌ "ته‌سنیم"ی‌ ئێرانی‌ رۆژی‌ 25ی‌ مانگی‌ رابردوو وتی‌ "به‌پێی‌ زانیارییه‌كانمان چه‌ند باڵیۆزخانه‌یه‌ك‌و لایه‌نی‌ گومانلێكراو له‌پشت خۆپیشاندانه‌كانی‌ به‌غداوه‌ن، ئامانجی‌ هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر پیاوانی‌ ئاینی‌‌و سیاسی‌ شیعه‌".

 

ته‌نانه‌ت مالیكیش به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌خنه‌ی‌ گرت‌و له‌دیدارێكی‌ كه‌ناڵی‌ "ئافاق"ی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌كه‌یدا رۆژی‌ 14ی‌ مانگی‌ رابردوو وتی‌ "ئه‌مڕۆ هێرشی‌ دروشم‌و جنێوی‌ خۆپیشانده‌ران له‌دژی‌ ره‌مزه‌ سیاسی‌‌و ئاینییه‌كان ده‌ستی‌ پێكردووه‌ له‌لایه‌ن ره‌وتێكی‌ دژه‌ ئاینه‌وه‌".

 

چه‌ند ساڵێكه‌ سیستانی‌ په‌یڕه‌وی‌ هاوسه‌نگی‌ ده‌كات‌و لایه‌نگرانی‌ ده‌ڵێن به‌حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌ سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌كان ده‌كات‌و دژی‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی‌ تایفییه‌‌و به‌رده‌وام داوای‌ گفتوگۆی‌ نێوان شیعه‌و سوننه‌ ده‌كات، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ لایه‌نگرانی‌ خامه‌نه‌یی‌ سیستانی‌ به‌خیانه‌تكردن له‌شیعه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

 

ناكۆكی‌ نێوان سیستانی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ نوێ‌ نییه‌، به‌ڵام ئێستا رونتر ده‌ركه‌وتووه‌، جاران به‌شێوه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ له‌نێوان لایه‌نگرانی‌ سیستانی‌‌و خامه‌نه‌ییدا به‌ڕێوه‌ ده‌چوو له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ ئاینی‌‌و عه‌قیده‌یی‌‌و سیاسییه‌كان ده‌كران‌و دوور له‌میدیاكان.

 

سیستانی‌ له‌عێراقدا شوێنه‌وتوویه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌و به‌ملیۆنان كه‌س چاویان له‌ده‌می‌ ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ن به‌بێ‌ بیركردنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ رۆژی‌ 3ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوو (2014) كاتێكدا سیستانی‌ داوای‌ چه‌كهه‌ڵگرتنی‌ خۆبه‌خشانه‌ی‌ كرد دژی‌ داعش، به‌هه‌زاران كه‌س بڕیاره‌كه‌یان جێبه‌جێ‌ كرد، ساڵی‌ 2005 به‌هه‌مان شێوه‌ سیستانی‌ داوای‌ له‌عێراقییه‌كان كرد به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگدان بكه‌ن، خه‌ڵكێكی‌ ئێجگار زۆر چوون به‌ده‌میه‌وه‌.

 

هه‌رچی‌ خامه‌نه‌ییه‌ له‌نێو شیعه‌كانی‌ عێراقدا جه‌ماوه‌رو شوێنكه‌وته‌ی‌ زۆری‌ نییه‌، به‌ڵام چه‌ند گروپێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌چه‌كدارانی‌ شیعه‌ به‌ده‌سته‌ كه‌ به‌سه‌ر كاروباری‌ ئه‌منییه‌وه‌ باڵاده‌ستن، هه‌روه‌ها چه‌ندین سیاسه‌تمه‌داری‌ گه‌وره‌ی‌ عێراق هه‌ڵده‌سوڕێنێت‌و پشتیوانی‌ چه‌ند گه‌وره‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ عێراق ده‌كات له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش، هه‌ركاتێكیش رووداوێك ببینێت كه‌ به‌خواستی‌ ئه‌و نه‌بێت، ئێران به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كشاندنه‌وه‌ی‌ پاڵپشتییه‌كانی‌ له‌عێراق ده‌كات.

 

پرسیاری‌ گه‌وره‌ لای‌ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئامانجه‌كانی‌ خامه‌نه‌یی‌ سه‌رده‌كه‌وێت یان سیستانی‌؟ وه‌ڵامی‌ ئه‌مه‌ ناڕۆشنه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م ململانێیه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ئێستا له‌هه‌موو كات به‌هێزتره‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌