راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خۆپیشاندانه‌كانی‌ عێراق پایه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ پاراست

ئیبراهیم ساڵح
به‌پێچه‌وانه‌ی‌ بۆچوونه‌ باوه‌كه‌وه‌، پێده‌چێت خۆپیشانانه‌كان پایه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ پاراستبێت‌و دووری‌ خستبێته‌وه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی‌ دوانزه‌ ساڵه‌ بنیاد ده‌نرێت.
20.08.2015  |  به‌غدا
خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا له‌گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌
خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا له‌گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌

سیاسه‌تمه‌داره‌كانی‌ عێراق ده‌زانن ئه‌و رێسایانه‌ی‌ دوانزه‌ ساڵی‌ رابردوو بۆ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ دایانڕشتووه‌، خه‌ریكبوو به‌یه‌كجاری‌ هه‌ڵده‌وه‌شایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ به‌غداو شاره‌كانی‌ باشوور رایانگه‌یاند قۆناغی‌ داهااتوویان په‌لاماردانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز ده‌بێت له‌به‌غدا، كه‌ زۆربه‌ی‌ وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌كان له‌وێ‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌.

 

ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكی‌ پایته‌خت‌و شاره‌كانی‌ تر كه‌ له‌لایه‌ن عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت، له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موو ئاماژه‌كانی‌ به‌و ئاراسته‌یه‌بوون كه‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تیان ده‌كرد، تا ئه‌و كاته‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ گڵۆپی‌ سه‌وزی‌ بۆ عه‌بادی‌ هه‌ڵكردو داوای لێكرد به‌"ده‌ستێكی‌ ئاسنین" رووبه‌رووی‌ گه‌نده‌ڵكاران ببێته‌وه‌.

 

ده‌سته‌ ئاسنینه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا گوژمه‌یه‌ك چاكسازی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ بێت له‌عێراقدا، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش یه‌كیگرته‌وه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی‌ خۆپیشانده‌ران كه‌ داوای‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵكاران‌و دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و كۆتایی‌ هێنان به‌به‌شه‌ پشكی‌ تایفی‌ ده‌كه‌ن.

 

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ داوایان ده‌كرد كه‌ چاكسازی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ عێراقیدا بكرێت به‌و پێیه‌ی‌ چه‌ند كاته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ رێگر بووه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ڕڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی‌ گه‌نده‌ڵكاراندا بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ عێراق ناچاربوون ده‌ستبه‌رداری‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتیان ببن، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌نگاوه‌كان له‌قازانجی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ كۆتایی‌ هات.

 

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران نه‌ك هه‌ر ده‌نگی‌ به‌چاكسازییه‌كانی‌ عه‌بادی‌ دا، بگره‌ له‌وه‌ زیاتر رۆیشت‌و خۆیشی‌ گوژمه‌یه‌ك چاكسازی‌ په‌سه‌ندكرد كه‌ سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان پێشكه‌شی‌ كردبوون، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر چه‌ند به‌رپرسێك رایانگه‌یاندبوو كه‌ چاكسازییه‌كانی‌ عه‌بادی‌ نا ده‌ستورییه‌و له‌گه‌ڵ رێكه‌وتنی‌ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت ناگونجێت.

 

زۆرێك له‌سیاسه‌تمه‌داره‌كان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ئه‌و چاكسازییانه‌ی‌ عه‌بادی‌ پێشكه‌شی‌ كردووه‌ بۆ پاراستنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ زوو به‌ده‌میه‌وه‌ هاتوون‌و دانیشتنێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌.

 

حه‌یده‌ر مولا په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو ده‌ڵێت "چاكسازییه‌كانی‌ عه‌بادی‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ بپارێزێت، چونكه‌ ئه‌و خه‌می‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ عێراقی‌ نییه‌".

 

مولا ده‌شڵێت "بیرۆكه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ ئه‌وه‌یه‌ داخوازی‌ خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ‌ بكات‌و پشت گوێی‌ نه‌خات، تا بتوانێت پارێزگاری‌ له‌ده‌سه‌ڵات بكات".

 

له‌ناو خۆپیشانده‌راندا ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ نه‌بێت سیسته‌می‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌، چونكه‌ ئه‌وان ته‌نها بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ر كام له‌سیسته‌مه‌كان بێت، چی‌ پێشكه‌شی‌ ئه‌وان ده‌كات، ئێستا ئه‌وان داواكارن بڕیاره‌كانی‌ عه‌بادی‌ ته‌نها مه‌ره‌كه‌بی‌ سه‌ر كاغه‌ز نه‌بێت‌و بچێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

ئه‌حمه‌د عه‌بدولكریم یه‌كێك له‌به‌شداربووانی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ڵێت "خۆپیشانده‌ران چاوه‌ڕێی‌ جێبه‌جێكردنی‌ چاكسازییه‌كان‌و دادگایی‌ كردنی‌ گه‌نده‌ڵكارانن، ئێمه‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و دادگایه‌كی‌ ده‌ست پاكمان ده‌وێت".

 

ئه‌حمه‌دو خۆپیشانده‌ره‌كانی‌ تر ده‌زانن چوون بۆ ناوچه‌ی‌ سه‌وز كارێكی‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ له‌م خۆپیشاندانانه‌دا بێلایه‌نیان پاراست، رێگر ده‌بن له‌تێپه‌ڕبوونی‌ خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و باره‌گاو ماڵی‌ به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان.

 

ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت "لێپرسینه‌وه‌ له‌دزو گه‌نده‌ڵكاران زۆر گرنگتره‌ له‌گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ یان هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستور، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر داخوازییان جێبه‌جێ‌ نه‌كران، ئه‌م دوو بژارده‌یه‌ به‌كراوه‌یی‌ ده‌مێننه‌وه‌".

 

له‌هه‌فته‌ی‌ سێهه‌می‌ خۆپیشاندانه‌كاندا جارێكی‌ تر مه‌رجه‌عیه‌تی‌ شیعه‌ داوای‌ كرد ده‌رفه‌ت بدرێت به‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی‌ نیه‌تی‌ چاكسازییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش په‌یامێكه‌ كه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت ده‌یه‌وێت له‌رێیه‌وه‌ چاكسازییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان نه‌بێته‌ بێسه‌رو به‌ره‌یی‌‌و خۆپیشاندانه‌كانیش له‌كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چێت.

 

شێخ عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ربه‌لایی‌ نوێنه‌ری‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ له‌كه‌ربه‌لا له‌وتاری‌ هه‌ینی‌ رابردوودا وتی‌ "لۆژیك ئه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌تی‌ گونجاو بدرێت به‌به‌رپرسان بۆ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌تپاكی‌ خۆیان ده‌ربخه‌ن به‌ئاراسته‌ی‌ چاكسازی‌، به‌جۆرێك وڵات نه‌گه‌یه‌نینه‌ لێواری‌ بێسه‌روبه‌ره‌یی‌‌و په‌كخستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌".

 

په‌یامه‌كه‌ی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت روونه‌، ئه‌و نایه‌وێت ئاینده‌ی‌ وڵات بخاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌تیان بۆ راكێشراوه‌ كه‌سانێكی‌ خاوه‌ن پێگه‌ن‌و به‌ئاسانی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیان نابن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا هێشتا لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵكاران، خواستی‌ یه‌كه‌می‌ خۆپیشانده‌رانه‌.

 

شێخ ئه‌یاد تائی‌ كه‌ پیاوێكی‌ ئاینی‌ شیعه‌یه‌ ده‌ڵێت "مه‌رجه‌عیه‌ت ده‌یه‌وێت ده‌نگی‌ گه‌ل باڵاترین بێت، به‌ڵام هه‌مانكات پێی‌ وایه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ كه‌ له‌به‌ره‌نجامی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكه‌ كاتێك له‌ساڵی‌ 2003 بوونه‌ هه‌وێنی‌ گۆڕانی‌ سیاسی‌‌و له‌دایكبوونی‌ دیموكراتی‌، بۆیه‌ نابێت ئه‌مه‌ له‌ده‌ست بده‌ین".

 

تائی‌ ده‌شڵێت "رێنماییه‌كانی‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ شیعه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌ت بدرێت به‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێ چاكسازی‌ بكه‌ن، كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر واقیعی‌ عێراق‌و واده‌كات چینی‌ سیاسی‌ زیاتر گوێ‌ به‌ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ بده‌ن‌و گه‌لیش ده‌بێت به‌چاودێر به‌سه‌ریانه‌وه‌و ده‌رفه‌تی‌ دروستبوونی‌ دیكتاتۆرێكی‌ نوێ‌ نایه‌ته‌ ئاراوه‌".

 

زۆرێك له‌چاودێران وایده‌بینن له‌مه‌ به‌دواوه‌ ئیتر عێراق ده‌بێته‌ خاوه‌نی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ كامڵ، نه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ بێسه‌روبه‌ره‌یی‌ ده‌ڕوات‌و نه‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ تیا پشتگوێ‌ ده‌خرێت، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می‌ ناڕه‌زایی‌ خۆپیشانده‌ران‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوانه‌ پێكه‌وه‌ چوونه‌ تای‌ ته‌رازوویه‌كه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر تای‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كان.

 

بۆ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ بنیادیان ناوه‌ خۆپیشاندانی‌ سێ‌ هه‌فته‌یی‌ نه‌یتوانی‌ له‌ره‌گ‌و ریشه‌وه‌ ده‌ریبهێنێت، ئێستاش زۆرێك له‌به‌رپرسه‌كان چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ناڕه‌زاییه‌كان ده‌گاته‌ كورسییه‌كه‌ی‌ ئه‌وان یان پارێزراو ده‌بن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌