راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا‌ نییه‌
قه‌یس خزعه‌لی‌: سورین له‌سه‌ر گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌

محەمەد زەیدی
قه‌یس خزعه‌لی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ عێراقییانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ناوی‌ ئه‌ویش زیاتر هه‌ڵكشا‌و بووه‌ ژماره‌یه‌كی‌ كاریگه‌ر له‌عێراقدا.
20.08.2015  |  واست
قه‌یس خزعه‌لی‌ رابه‌ری‌ عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق ( :وێنه الموقع الرسمي للعصائب)
قه‌یس خزعه‌لی‌ رابه‌ری‌ عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق ( :وێنه الموقع الرسمي للعصائب)

ئه‌م پیاوه‌ نه‌یاره‌كانی‌ به‌نوێنه‌ری‌ ئێران له‌عێراقدا ده‌یبینن‌و یاره‌كانیشی‌ پێیان وایه‌ پاڵه‌وانی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌ به‌سه‌ر داعشدا.

 

قه‌یس خزعه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ گروپی‌ (عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق) له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ "نیقاش"دا باس له‌په‌یوه‌ندی‌ خۆیی‌‌و مالیكی‌ ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ له‌عێراقدا بگۆڕن بۆ سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌.

 

خزعه‌لی‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌ به‌جلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌بینرێت، ئاسان نه‌بوو ئه‌مجاره‌ به‌جلی‌ ئاسایی‌ شیعه‌و عه‌مامه‌وه‌ ببینرێت، له‌وێ‌ وه‌ك پیاوێكی‌ سه‌ربازی‌‌و لێره‌ش وه‌ك كه‌سێكی‌ سیاسی‌ ده‌دوێت، هه‌مووانیش ده‌زانن پێگه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ كارئاسانی‌ بۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ شوێنپه‌نجه‌ی‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ دیاربێت.

 

 

نیقاش: به‌پێی‌ لێدوان‌و ڤیدیۆو راپۆرتی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ عه‌سائیب به‌شێوه‌یه‌كی‌ چالاكانه‌ له‌ناو سوریایه‌ له‌ژێر ناوی‌ كه‌تیبه‌كانی‌ حه‌یده‌ر كه‌رار، ئێوه‌ چی‌ ده‌كه‌ن له‌سوریا؟

خزعه‌لی‌: هه‌ر زانیارییه‌ك باس له‌بوونی‌ هێزه‌كانی‌ ئێمه‌ بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سوریا ره‌تی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ ته‌نها له‌ناو عێراقدا هه‌ین، به‌روونی‌ دیاره‌ له‌پاڵ ده‌سته‌و گروپه‌كانی‌ حه‌شدو سوپای‌ عێراقیدا زیانی‌ گه‌وره‌مان به‌داعش گه‌یاندووه‌، هه‌م رێمان له‌پێشڕه‌وییه‌كانیان گرتووه‌و هه‌م ئێستا ئه‌و ناوچانه‌ ئازاد ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌وان داگیریان كردبوو.

 

نیقاش: هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كتان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سوریی‌ سه‌باره‌ت به‌شوێنی‌ هێزه‌كانتان؟

خزعه‌لی‌: نه‌خێر هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كمان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ هیچ هێزێكمان نییه‌ له‌ناو خاكی‌ سوریادا.

 

نیقاش: ئه‌ی‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران چۆنه‌، تا چه‌ند له‌بڕیاره‌كانتاندا سه‌ربه‌خۆن له‌ئێران، ئه‌وه‌ تا چه‌ند راسته‌ كه‌ ئێوه‌ له‌و وڵاته‌وه‌ پاڵپشتی‌ لۆجستی‌ ده‌كرێن؟

خزعه‌لی‌: په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باش‌و رێز له‌نێوان ئێمه‌و كۆماری‌ ئیسلامی ئێراندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی‌ نامۆ نییه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندی‌ مێژوویی‌‌و جوگرافی‌ به‌و وڵاته‌وه‌ گرێمان ده‌داته‌وه‌، زیاتر له‌ 1458كم سنورمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، بۆیه‌ ئاساییه‌ په‌یوه‌ندی‌ هاوبه‌شمان هه‌بێت.

 

هه‌رچی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌بڕیاره‌كانمانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌راوێژی‌ ناوخۆی‌ عه‌سائیبه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڕیارێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نیشتیمانه‌كه‌مانه‌، هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی‌ سلبی‌ له‌كاروباری‌ عێراق‌و هه‌ر وڵاتێكی‌ تر ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌بڕیاردان مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و ئامانجی‌ هاوبه‌ش له‌ئارادا نییه‌، ئه‌وه‌ش شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ئێران پاڵپشتی‌ هه‌موو گروپه‌كانی‌ به‌رگری‌‌و ئازادكردن ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌پاڵپشتی‌ راسته‌وخۆی‌ لۆجستییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعش، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناوه‌ندی‌ رێكخراوه‌و له‌رێی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ ده‌بێت.

 

نیقاش: به‌پێی‌ ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ده‌رچووه‌، هه‌وڵی‌ گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ ده‌ده‌ن بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، مه‌به‌ستان له‌وه‌ چییه‌، ئایا كه‌سێكی‌ دیاریكراو هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ نوێوه‌؟

خزعه‌لی‌: له‌عێراق كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌مووان له‌سه‌ری‌ كۆكن، ئه‌ویش ناوی‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و پرۆژه‌ی‌ ستراتیژی‌‌و نه‌هێشتنی‌ بێكارییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شتی‌ تر، ئێمه‌ له‌عه‌سائیب پێمان وایه‌ سیسته‌می‌ به‌شه‌ پشكی‌ تایفی‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ ده‌رچوون له‌م گێژاوه‌ سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تیمان خستووه‌ته‌ روو، چونكه‌ ده‌زانین سه‌ره‌ك وه‌زیران بێده‌سه‌ڵاته‌ له‌دیاریكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ كابینه‌كه‌ی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێت له‌لایه‌ن كوتله‌كانی‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌دابڕانی‌ له‌نێوان سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و وه‌زیره‌كاندا دروستكردووه‌‌و كاری‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران، بۆیه‌ ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ له‌رێی‌ كه‌ناڵه‌ ده‌ستوری‌‌و یاساییه‌كانه‌وه‌، سه‌ره‌نجام بڕیار جێهێڵدراوه‌ بۆ گه‌لی‌ عێراق‌و ئه‌و دواجار بڕیاری‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌دات.

 

نیقاش: هه‌ندێ‌ له‌لایه‌نه‌كان تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ ده‌ده‌یت بۆ ده‌سه‌ڵات له‌رێی‌ سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌، بۆچوونی‌ ئێوه‌ چییه‌؟

خزعه‌لی‌: په‌یوه‌ندییه‌كی‌ تایبه‌تمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مالیكیدا نییه‌، به‌ڵگه‌شمان ئه‌وه‌یه‌ له‌و كاته‌ی‌ ئه‌و سه‌ره‌ك وه‌زیران بوو هیچ پۆستێكی‌ حكومیمان وه‌رنه‌گرت‌و له‌ناو لیسته‌كه‌ی‌ ئه‌ودا خۆمان نه‌پاڵاوت، به‌ڵكو به‌لیستێكی‌ تایبه‌ت به‌ناوی‌ (سادقون) به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنمان كرد.

 

نیقاش: دوو ساڵی‌ كۆتایی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشتان له‌گه‌ڵ مالیكی‌ هه‌بوو، ماوه‌ی‌ حوكمڕانی‌ ئه‌و چۆن ده‌بینن، ئه‌ی‌ ماوه‌ی‌ حوكمڕانی‌ عه‌بادی‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

خزعه‌لی‌: سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ مالیكی‌ باش‌و خراپی‌ تێدایه‌، ره‌خنه‌مان له‌به‌شێك له‌جومگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت هه‌بوو، كاتێكیش ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ كێشه‌ی‌ هه‌بوو له‌سه‌ر كاندیدبوونه‌وه‌ی‌ مالیكی‌، ئێمه‌ دژی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا وه‌ستاینه‌وه‌و پشتیوانی‌ به‌ڕێز عه‌بادیمان كرد‌و به‌ئاشكرا رامانگه‌یاند، پێمان وایه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ڕێز عه‌بادی‌ كاتی‌ ته‌واوی‌ نه‌دراوه‌تێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین هه‌ڵیبسه‌نگێنین، كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ له‌حكومه‌ته‌كه‌یدا هه‌یه‌، هیوادارین بتوانێت تێی‌ بپه‌ڕێنێت.

 

نیقاش: نیازی‌ ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ له‌ئاینده‌دا به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كتان له‌ده‌ست داعش پاككرده‌وه‌، پلانتان چییه‌؟

خزعه‌لی‌: ئێستا هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ كرده‌كی‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌كه‌ین، به‌شداریكردنمان له‌و كاته‌وه‌ بوو كه‌ داگیركاری‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق كشایه‌وه‌، نوێنه‌رمان له‌په‌رله‌ماندا هه‌یه‌، ئێستا چه‌كمان دژی‌ داعش هه‌ڵگرتووه‌ پاش فه‌تواكه‌ی‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ دانا، به‌داوای‌ فه‌رمی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌، به‌پێی‌ ئه‌م داوایه‌ش بوینه‌ به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ یاسادا كارده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بووه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ كه‌ راسته‌وخۆ گرێدراوه‌ به‌سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌وه‌، خواستی‌ گه‌وره‌مان هه‌یه‌ بۆ سه‌رخستنی‌ پرۆژه‌كه‌مان‌و كاركردن به‌پێی‌ یاساو ده‌ستور.

 

نیقاش: په‌یوه‌ندی‌ خۆتان‌و ره‌وتی‌ سه‌در چۆن لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێستا له‌حه‌شدی‌ شه‌عبیدا پێكه‌وه‌ن، دیارترین ناكۆكییه‌كانی‌ نێوانتان چییه‌‌و له‌سه‌ری‌ چی‌ كۆكن، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كێشه‌ی‌ قوڵ له‌نێوانتاندا هه‌یه‌؟

خزعه‌لی‌: ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی‌ سه‌در كۆمان ده‌كاته‌وه‌، زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ دوورمان ده‌خاته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ردوكمان سه‌ر به‌یه‌ك خوێندنگاین كه‌ ئه‌ویش خوێندنگای‌ شه‌هید سه‌دره‌، به‌ڵێ‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێ‌ ناكۆكیمان هه‌بێت، به‌ڵام ناهێڵین بگاته‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌، چونكه‌ یه‌ك دوژمنی‌ هاوبه‌شمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو عێراقییه‌كان، بۆیه‌ ئاسان ده‌توانین به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانماندا زاڵ ببین.

 

نیقاش: ئێوه‌ رازین له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌شه‌ڕی‌ داعش، ره‌خنه‌تان لێی‌ چییه‌؟

خزعه‌لی‌: حكومه‌ت ئه‌وه‌ی‌ له‌توانایدا بێت ده‌یكات، ئاساییه‌ جیاوازبین له‌شێوازی‌ بیركردنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕێكه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ عێراق پاڵپشتی‌ ده‌كرێت، شه‌ڕی‌ داعش شه‌ڕێكی‌ جیاوازه‌و كادیرو ته‌كینیكی‌ پێویستی‌ ده‌وێت، هه‌موو هێزێكی‌ نیزامی‌ ناتوانێت ئه‌م كاره‌ بكات، چونكه‌ پلان‌و شه‌ڕی‌ سوپاكان جیاوازه‌ له‌پلانی‌ شه‌ڕی‌ پارتیزانی‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ له‌سه‌ر پلانه‌كان كێشه‌مان هه‌بێت، به‌ڵام دواجار بڕیار بۆ فه‌رمانده‌یی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌ كه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێت سوود له‌تێڕوانینی‌ گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ببینرێت، چونكه‌ ئه‌زموونی‌ زۆری‌ ئه‌م جۆره‌ شه‌ڕانه‌ی‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ ژماره‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ زیاد بكات‌و چه‌كی‌ پێبدرێت كه‌ یه‌ك بگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پلانی‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كان.

 

حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌(120) هه‌زار شه‌ڕكه‌ره‌وه‌ توانی‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ئازاد بكات كه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ به‌(300) هه‌زار كه‌س ئه‌وه‌ی‌ پێنه‌كراوه‌.

 

نیقاش: وه‌ها لێكدرایه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ پلانتان هه‌یه‌ شوێنی‌ سوپای‌ عێراقی‌ بگرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

خزعه‌لی‌: ئێمه‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراق نین، به‌ڵكو به‌رده‌وام پشتیوانیانین‌و ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ ئێمه‌ به‌هێزكردنی‌ سوپایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌وه‌ سوپایه‌ك كه‌ توانای‌ پاراستنی‌ وڵاتی‌ هه‌بێت، هاوكات پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ توانای‌ سوپا به‌هێز ده‌كات سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ئه‌زموونی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، چونكه‌ ئه‌زموونێكی‌ سه‌ركه‌وتووه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ رێك سوپا رێكنه‌خراوه‌و له‌ژێر كاریگه‌ری‌ دابه‌شكاری‌ تایفیدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆشایی‌ دروست نه‌بێت، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئاماده‌یی‌ هه‌بووه‌.

 

نیقاش: ده‌وترێت چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ چه‌ند كارێك ده‌كه‌ن كه‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌تكریت‌و ئه‌نبار، ئێوه‌ ئاگاداری‌ ئه‌و كارانه‌ن‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌سه‌رپێچیكاران ده‌كه‌ن؟

خزعه‌لی‌: له‌هه‌ر سوپایه‌ك له‌جیهاندا ره‌نگه‌ سه‌رپێچی‌ رووبدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكرێت گشتگیر بكرێت، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ناكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ناو حه‌شدی‌ شه‌عبیدا هه‌ڵه‌‌و پێشێلكاری‌ روویداوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ تاكه‌ كه‌سی‌ بێت، پێمان وایه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ له‌رێی‌ دادگاوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، ژوورێكی‌ هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێكهێناوه‌ بۆ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌و دادگایی‌ كردنی‌ تاوانباران، له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بووین‌و به‌هۆیه‌وه‌ متمانه‌ له‌نێوان ئێمه‌و پارێزگا تازه‌ ئازادكراوه‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ حه‌ڤده‌ هه‌زار كه‌سی‌ سوننه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانیش پشتیوان بوون.

 

نیقاش: پێشتر وا راگه‌یه‌ندرا كه‌ عیزه‌ت دووری‌ كوژراوه‌، دواتر ده‌ركه‌وت وانییه‌، ئه‌مه‌ ئێوه‌ی‌ تووشی‌ رووگیری‌ نه‌كرد؟

خزعه‌لی‌: گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ تائێستا ناتوانرێت ئه‌وه‌ ره‌ت بكرێته‌وه‌ كه‌ كوژراوه‌كه‌ عیزه‌ت دووریی نییه‌، له‌رۆژی‌ بڵابوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كه‌وه‌ ڤیدیۆیه‌ك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌ربخات.

 

نیقاش: هه‌ماهه‌نگیتان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، كێ‌ باشترین لایه‌نه‌ بۆ به‌ستنی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش؟

خزعه‌لی‌: هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌نێوانماندا نییه‌، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ شه‌ڕده‌كه‌ن كه‌ به‌خاكی‌ كوردستانی‌ ده‌زانن، باشترین هاوپه‌یمانیش سوپاو عه‌شیره‌ته‌كان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌