له‌كاتێكدا به‌هه‌زاران هاوڵاتی عێراقی له‌به‌غداو شاره‌كانی تری باشوور دژی خراپی خزمهتگوزاریو گه‌نده‌ڵی ماڵی‌و دارایی خۆپیشاندانیان ده‌كرد، له‌پشت په‌رده‌وه هه‌وڵێك له‌ئارادابوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌ئاراسته‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومهتو پرۆسه‌ی سیاسی به‌لاڕێدا ببرێن، به‌ڵام له‌دوا ساته‌كاندا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه فریای عه‌بادی كه‌وت.
رۆژی 31ی مانگی رابردوو (تهمموز) به‌هه‌زاران كه‌س رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا له‌دژی خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌تایبه‌تی كاره‌با، چالاكوانانی مهدهنیو كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ رێبه‌رایه‌تی خۆپیشاندانه‌كانیان دهكردو له‌رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هانی به‌شداری خه‌ڵكیان ده‌دا، رایانگه‌یاند كه ئامانجی سه‌ره‌كییان دابینكردنی خزمهتگوزارییو ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیری كاره‌بایه.
خۆپیشاندانه‌كه سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێناو به‌هه‌زاران كه‌س به‌شدارییان تێداكرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه له‌نێوان خه‌ڵك‌و هێزه ئه‌منییه‌كاندا رووبدات، بگره سوپا‌و پۆلیس له‌شوێنی خۆپیشاندانه‌كه له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریری ناوه‌ندی به‌غدا پارێزگاری‌یان له‌خۆپیشانده‌ران دهكردو ئاوی خواردنه‌وه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كردن.
دوو رۆژ دوای خۆپیشاندانه‌كه قه‌یس خزعه‌لی رابه‌ری میلیشیاكانی "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه پشتگیری خۆپیشاندانه‌كانی كرد‌و پێكهێنانی "حه‌شدی شه‌عبی مه‌ده‌نی" راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش هه‌مان ناوه كه بۆ میلیشیاكانی شیعه له‌شه‌ڕی داعش به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره پاشناوی "مه‌ده‌نی" بۆ زیادكراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌ی سه‌ربازیی نییه.
خزعه‌لی رایگه‌یاند "ده‌بێت ئامانجی خۆپیشاندانه‌كان له‌وه فراوانتر بێت، چونكه كێشه‌كه ته‌نها وه‌زیری كاره‌با نییه، بگره كێشه‌ی سه‌ره‌كی به‌هۆی سیسته‌می پهرلهمانییهوهیهو ده‌بێت بگۆڕدرێت بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی".
پاش قسه‌كانی خزعه‌لی به‌شێك له‌و چالاكوانانه‌ی به‌شداری خۆپیشاندانی یه‌كه‌میان كردبوو ناڕه‌زاییان دژی ئه‌و لێدوانانه دهربڕیو بڕیاریاندا به‌شداری خۆپیشاندانی داهاتوو نه‌كه‌ن كه هه‌فته‌یه‌ك دواتر خزعه‌لی به‌شداری تیا ده‌كرد.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای سیاسی به‌مه‌رجی ناو نه‌هێنانیان به"نیقاش"یان راگه‌یاند عه‌بادی هه‌ستی به‌وه كردووه پلانێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان له‌لایه‌ن هێزێكی سه‌ربازییه‌وه بۆ روخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودی لێ ببینرێت.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه به‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك عه‌بادی، عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ی له‌نه‌جه‌ف ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه ناتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیراندا رابپه‌ڕێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره شیعه‌كان‌و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌ڵمه‌تێكیان له‌دژی به‌رپا كردووه، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی نییه هیچیان به‌رامبه‌ر بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران پشتیوانیانه.
ئه‌و سه‌رچاوانه ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد كه سیستانی ره‌خنه‌ی له‌عه‌بادی گرتووه له‌سه‌ر چۆنێتی ئیداره‌دانی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ساڵی یه‌كه‌می سهرۆكایهتیداو ره‌خنه‌ی گرتووه له‌زیادبوونی ناكۆكی نێوان سوننه‌و شیعه‌و كورد‌و رێنمایی كردووه كه هه‌مان سیاسه‌ته‌كانی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی پێشوو دووباره نه‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌شكرد كه پاش خۆپیشاندانه‌كانی 31ی مانگی رابردوو چه‌ند جارێك عه‌بادی په‌یوه‌ندی بهسیستانییهوه كردووه به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی وه‌ك "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"و رێكخراوی "به‌در"و "كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا" بڕیاری به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانیان داوه، كه ئه‌م گروپانه‌ش سه‌رجه‌میان سه‌ر به‌عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانن.
سه‌ركه‌وتنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ئازادكردنی چه‌ند شارێكی ژێر ده‌ستی داعش هانی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و گروپانهیدا بیر له‌به‌شداری سیاسی بكه‌نه‌وه‌و كۆده‌نگ بوون له‌داواكردنی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی بۆ سیسته‌می سهرۆكایهتیو پاڵپشتیكردنی نوری مالیكی به‌و پێیه‌ی نزیكترین هاوپه‌یمانی گروپه شیعه‌كانی نزیك له‌ئێرانه.
سێ رۆژ به‌ر له‌خۆپیشاندانی دووه‌م كه رۆژی حه‌وتی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌چوو، میلیشیا شیعه‌كان لایه‌نگرانیان ئاماده‌كرد بۆ به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كان، به‌ڵام سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در ته‌نها پاڵپشتی خۆپیشاندانه‌كانی كردوو رایگه‌یاند ئه‌و سه‌رقاڵه به‌شه‌ڕی داعشه‌وه‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا نوسیبووی "ده‌بێت ئاگامان له‌وه بێت هێشتا داعش مه‌ترسییه به‌سه‌ر به‌غداوه".
له‌به‌غدا "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" ده‌ستیكرد بهئامادهكاری بۆ خۆپیشاندانه‌كه، كه‌ریم لامی ئه‌ندامی ئه‌و گروپه له‌ناوچه‌ی سه‌دری خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه به"نیقاش"ی وت "له‌سه‌ركردایه‌تییه‌وه نوسراو هاتووه بۆ هه‌موو نوسینگه‌كانمان له‌به‌غداو تیایدا هاتووه كه ده‌بێت هه‌موو لایه‌نگران‌و فه‌رمانبه‌رانی عه‌سائیب به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه بكهنو نابێت هیچ لافیته‌یه‌ك به‌رز بكه‌نه‌وه یان جل‌و به‌رگێكیان له‌به‌ردا بێت كه ده‌ریبخات سه‌ر به‌كێن، به‌ڵكو ده‌بێت دروشم‌و لافیته دژی پهرلهمانو حكومهتو خراپی خزمهتگورازی به‌رز بكه‌نه‌وه".
به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی، به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كه كه كاتژمێر شه‌شی ئێواره به‌ڕێوه ده‌چوو، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌نێوان عهبادیو سیستانی گرێ‌دراو بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك پێكه‌وه گفتوگۆیان كرد له‌سه‌ر دوو بابه‌ت، یه‌كه‌میان نه‌خشه‌یه‌ك كه سیستانی داوێتی به‌عه‌بادی بۆ چاكسازی لهحكومهتهكهیدا، دووهه‌میان رێگریكردن له‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نێكی چه‌كدار خۆپیشاندانه‌كه بۆ روخانی حكومه‌ت به‌كاربهێنن، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی پیاوێكی ئاینی له‌نه‌جه‌ف بۆ "نیقاش" كه نزیكه لهسیستانییهوه.
له‌كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ ئه‌حمه‌د سافی وته‌بێژی سیستانی له‌كاتی وتاری هه‌ینی له‌شاری كه‌ربه‌لا رایگه‌یاند سیستانی پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا یه‌كه‌مینجاره مه‌رجه‌عی باڵای شیعه پشتیوانی سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی بكات.
سافی وتی "له‌سه‌ر عه‌بادی پێویسته دوودڵ نه‌بێت له‌لابردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌شوێنی گونجاو‌دا نین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كانیش رازی نه‌بوون، ده‌بێت به‌شه پشكی حیزبی‌و تایفی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و له‌سه‌ر عێراقییه‌كانیش پێویسته پشتیوانی حكومه‌ت بكه‌ن".
هه‌روه‌ها وتی "ده‌بێت عه‌بادی به‌ده‌ستێكی ئاسنین دژی ئه‌وانه بوه‌ستێته‌وه كه یاری به‌سامانی گه‌ل ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئه‌و ئیمتیاز‌و ده‌رماڵه گه‌ورانه نه‌مێنێت كه دراون به‌به‌رپرسانی ئێستا‌و رابردوو".
پاش چه‌ند كاتژمێرێك له‌قسه‌كانی سافی، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیران پابه‌ندبوونی خۆی به‌ڕێنماییه‌كانی سیستانییه‌وه راگهیاندو بهڵێنیدا چه‌ند بڕیارێك بۆ چاكسازی له‌حكومه‌تدا ده‌ربكات.
كاتێك سافی له‌بری سیستانی له‌كه‌ربه‌لا به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌خوێنده‌وه، ئه‌ندامانی سه‌ر به‌میلیشیا شیعه‌كان له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریر پۆسته‌ریان هه‌ڵده‌واسی وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئێواره، ئه‌و پۆسته‌رانه دژی چالاكوانانی مه‌ده‌نی بوو، تۆمه‌تباری ده‌كردن به‌وه‌ی بهعسینو ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرن‌و دژایه‌تی ئاین بكه‌ن.
وه‌ك بڕیار بوو كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی خۆپیشاندانه‌كه ده‌ستی پێكردو قه‌ره‌باڵغییه‌كی زیاتر به‌خۆوه بینی له‌چاو خۆپیشاندانی پێشوو، سه‌یره‌كه ئه‌وه بوو چه‌ند چالاكوانێكی مهدهنیو كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ دروشمیان بۆ پشتیوانی عهبادیو سیستانی به‌رز كردبۆوه.
به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه عه‌بادی چه‌ند بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌ركرد، له‌دیارترینیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگرانی سه‌ره‌ك كۆمار (نوری مالیكی، ئه‌یاد عه‌لاوی، ئوسامه نوجێفی)و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگرانی سه‌ره‌ك وه‌زیران (به‌ها ئه‌عره‌جی، ساڵح موتڵه‌گ، رۆژ نوری شاوه‌یس)و لێسه‌ندنه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌كانیان كه به‌هه‌زاران كه‌س ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی بهرگریو ناوخۆ تا له‌شه‌ڕی داعشدا سوودیان لێ ببینرێت.
هه‌روه‌ها بڕیاریدا به"هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی زۆر‌و زه‌وه‌ندی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانو ده‌سته‌و دامه‌زراوه‌كانی دهوڵهتو دورخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆسته باڵاكانی ده‌سته سهربهخۆكانو بریكاری وهزارهتو راوێژكار‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان له‌به‌شه پشكی حیزبی‌و تایفی".
هه‌رزوو بڕیاره‌كانی عه‌بادی له‌ناو خه‌ڵكیدا پێشوازی به‌رفراوانی لێكراو به‌هه‌زاران عێراقی له‌به‌غدا هه‌مان رۆژ بڕیاریاندا خۆپیشاندان رێكبخه‌ن بۆ پشتیوانی عه‌بادی، تیایدا دروشمی پشتیوانی عهبادیو سوپاسی سیستانیان به‌رز كردبۆوه، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌نگی لایه‌نگرانی گروپه شیعه‌كان كپ بوبووه‌وه.
چه‌ند پهرلهمانتارو به‌رپرسێكی حكومی به"نیقاش"یان راگه‌یاند سیستانی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی له‌هه‌ژموونی ئێران رزگاركردووه‌و وایكردووه خۆپیشاندانه‌كان له‌دژایه‌تی حكومه‌ته‌وه بگۆڕێت بۆ پشتیوانی چاكسازی پرۆسه‌ی سیاسی، ئێستا عێراقییه‌كان عه‌بادییان خۆش دهوێتو داوای چاكسازی زیاتری لێده‌كه‌ن.
له‌هه‌مان رووه‌وه حه‌یده‌ر خوئی توێژه‌ی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی چاتامهاوس لهلهندهنو پسپۆڕی كاروباری عێراق‌و ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئاینی شیعه به"نیقاش"ی راگه‌یاند ئه‌و له‌نزیكه‌وه ئاگاداری په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی عهبادیو سیستانی نییه، به‌ڵام ئه‌وه روونه سیستانی به‌ده‌گمه‌ن ده‌ست وه‌رده‌داته كاروباری سیاسییه‌وه‌و هه‌ر كاتێكیش ئه‌وه‌ی كرد، كاریگه‌رییه‌كانی راسته‌وخۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
خوئی ئاماژه‌ی به‌وه كرد وه‌ك چۆن له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا سیستانی داوای له‌خه‌ڵك كردووه دژی ئه‌و گروپه بجه‌نگن، ئێستاش پێویست بووه بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت له‌به‌رده‌م داخوازی خه‌ڵكی ناڕازی عێراقدا.
خوئی ده‌ڵێت "له‌وكاته‌وه‌ی عه‌بادی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه نه‌یاره‌كانی، به‌تایبه‌تی مالیكی هه‌وڵی لاوازكردنیان داوه، راسته ئه‌مجاره‌ش نامه‌كه‌ی سیستانی ره‌خنه بوو له‌عه‌بادی، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا پشتگیری بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌رووی ركابه‌ره‌كانیدا بوه‌ستێت".
ده‌شڵێت "له‌پاش په‌یامه‌كه‌ی سیستانییه‌وه، عه‌بادی له‌سه‌ره‌ك وه‌زیرانێكی بێده‌سه‌ڵاته‌وه بووه سه‌ره‌ك وه‌زیرانێكی كاریگه‌ر، سیستانیش ویستی له‌م رێیه‌وه بواری بداتێ تا رووبه‌رووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه".
خۆپیشاندانه‌كان له‌به‌غداو شاره‌كانی تر به‌رده‌وامه، به‌ڵام هێشتا ترسی به‌كارهێنانیان بۆ ئامانجی سیاسی نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه، چاودێران پێیان وایه ئه‌ركی عه‌بادی له‌چاكسازی پرۆسه‌ی سیاسی ئاسان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزو كوتلانه‌ی زیانیان پێكه‌وتووه بێده‌نگ نابن‌و رێگری لهچاكسازییهكان ده‌كه‌ن له‌رێی ئه‌و ده‌یان پۆسته سیاسی‌و ئهمنیو سه‌ربازییه باڵایانه‌ی له‌ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌یانه.