راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ په‌كه‌كه‌
هه‌موو هێلكه‌كان ده‌چنه‌ سه‌به‌ته‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانه‌وه‌

هونەر حەمەرەشید
به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زووی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، رۆژ به‌رۆژ كاریگه‌رییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ هه‌رێمی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ زیاتر ده‌بێت‌و پێشبینی‌ هه‌ڵكشانی‌ زیاتریشی‌ لێده‌كرێت.
9.07.2015  |  سلێمانی
لەهەموو پارچەکانی کوردستان سەردەمی زێرینی پەکەکەیە ( :وێنه Besaran Tofiq)
لەهەموو پارچەکانی کوردستان سەردەمی زێرینی پەکەکەیە ( :وێنه Besaran Tofiq)

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ مه‌سرور بارزانی‌ راوێژكاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ سایتی‌ مۆنیتۆری‌ ئه‌مه‌ریكیدا رایگه‌یاند: ده‌بێت چه‌كدارانی‌ په‌كه‌كه‌ چیای‌ قه‌ندیل جێبێڵن‌و به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌كدارانی‌ یه‌په‌گه‌ (په‌كه‌كه‌ی‌ سوریا) چیای‌ شنگال چۆڵ بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م دوو ناوچه‌یه‌ خاكی‌ عێراقن.

 

لێدوانه‌كه‌ی‌ مه‌سرور بارزانی‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ په‌كه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌شه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر ئاسان نییه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داوای‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان لێبكه‌ن، به‌ڵكو دوور نییه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا ركابه‌ری‌  پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كان بكه‌ن.

 

هێرشی‌ داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رفه‌تێكی‌ زێڕینی‌ بۆ پارتی‌ كرێكاران دروستكرد، چونكه‌ له‌وه‌ به‌دواوه‌ ئه‌و پارته‌ به‌ته‌نها له‌چیاكاندا نه‌مایه‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر خاكیش بووه‌ هێزێكی‌ شه‌ڕكه‌رو ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌‌و به‌هۆی‌ كاریگه‌ریشییان له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگدا، له‌سه‌ر ئاستی‌ جه‌ماوه‌ریش لایه‌ندارو شوێنكه‌وتووی‌ زیاتریان بۆخۆیان په‌یداكرد.

 

په‌كه‌كه‌ ئێستا هێزی‌ هه‌ره‌ باڵاده‌سته‌ له‌چیای‌ قه‌ندیل (سنوری‌ عێراق‌و توركیاو ئێران)، له‌ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوكیش ژماره‌یه‌كی‌ زۆر گه‌ریلای‌ جێگیری‌ هه‌یه‌ بۆ شه‌ڕی‌ داعش، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چیای‌ شنگالیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و له‌دوای‌ مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌نزیكه‌یی‌ بوونه‌ته‌ هێزی‌ ژماره‌ یه‌ك له‌نێو ئێزدییه‌كاندا.

 

ده‌مهات عه‌گید وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (باڵی‌ سه‌ربازی‌ په‌كه‌كه‌) به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌باشووری‌ كوردستان له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌كی‌ شه‌ڕ دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش به‌رخودان ده‌كه‌ن، توانیویانه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ فراوان له‌چه‌كدارانی‌ داعش پاك بكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ شنگال، ئێستاش له‌شه‌ڕه‌كان به‌رده‌وامن".

 

ده‌مهات عه‌گید وتیشی‌: "گه‌ریلاكان تائێستا له‌باشووری‌ كوردستان 185 شه‌هیدیان له‌شه‌ڕی‌ داعشدا داوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ زیانێكی‌ زۆریان له‌چه‌كدارانی‌ داعش وه‌شاندووه‌".

 

دوایین هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 2013 له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامدرا، پارتی‌ چاره‌سه‌ری‌ كوردستان (باڵی‌ په‌كه‌كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان) له‌نێوان دوو ملیۆن ده‌نگده‌ردا ته‌نها چه‌ند هه‌زار ده‌نگێكی‌ كۆكرده‌وه‌‌و نه‌یتوانی‌ هیچ كوردسییه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام چاودێران پێیان وایه‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوو زۆرێك له‌هاوكێشه‌كه‌ی‌ گۆڕیوه‌و ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ ئه‌مجاره‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكاته‌وه‌، ره‌نگه‌ ده‌نگه‌كانی‌ زۆر هه‌ڵكشێ‌.

 

وانه‌بێت په‌كه‌كه‌ ته‌نها له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رفه‌ته‌كه‌ی‌ قۆستبێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌پارچه‌كانی‌ تری‌ كوردستانیش ئه‌وه‌ی‌ بۆ په‌كه‌كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر، به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌كرێت به‌"سه‌رده‌می‌ زێڕین"ی‌ خه‌باتی‌ ئه‌و پارته‌ هه‌ژمار بكرێت.

 

پارتی‌ كرێكاران له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی‌ كوردستان (عێراق، توركیا، ئێران، سوریا) حیزب‌و رێكخراوی‌ سیاسی‌ سه‌ربازی‌ لێدروستبووه‌، له‌وانه‌ له‌باكووری‌ كوردستان (توركیا) كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) باڵی‌ سیاسی‌، هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (هه‌په‌گه‌) باڵی‌ سه‌ربازی‌، هه‌روه‌ها پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌) كه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 7 حوزه‌یرانی‌ 2015 به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ توركیای‌ كردو توانی‌ 13% ده‌نگی‌ توركیا به‌ده‌ستبهێنێت‌و بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك پارتێكی‌ كوردی‌ به‌ 80 كورسییه‌وه‌ بچێته‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا.

 

له‌رۆژئاوای‌ كوردستان (سوریا) پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكرات (په‌یه‌ده‌)، باڵی‌ سه‌ربازییه‌كه‌شی‌ بریتییه‌ له‌یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل‌و ژن (یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌)، هه‌روه‌ها له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا (ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ كوردستان) وه‌ك پارتێكی‌ سیاسی‌ نزیكه‌ له‌پارتی‌ كرێكاران، هه‌رچی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌ (ئێران) پارتی‌ ژیانی‌ ئازادی‌ كوردستان (پژاك) سه‌ر به‌په‌كه‌یه‌و ئێستا خه‌باتی‌ سه‌ربازی‌ له‌و پارچه‌ی‌ كوردستان ده‌كه‌ن.

 

به‌روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌عێراق‌و سوریاو توركیا بارودۆخی‌ په‌كه‌كه‌ رووی‌ له‌باشییه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ له‌و پارته‌ ده‌گیرێت به‌هۆی‌ نزیكی‌ له‌ئێرانه‌وه‌، چالاكییه‌ سه‌ربازی‌و سیاسییه‌كانی‌ له‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان هه‌ڵپه‌ساردووه‌و ده‌ستی‌ له‌گه‌ڵ رژێمی‌ ئه‌و وڵاته‌دا تێكه‌ڵكردووه‌.

 

كاریگه‌ری‌ هه‌ره‌ دیاری‌ په‌كه‌كه‌ به‌كوردستانی‌ سوریاوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌رگری‌ چه‌كدارانی‌ یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ له‌كۆبانێ‌‌و شاره‌كانی‌ تری‌ كوردستانی‌ سوریا سه‌دایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ دایه‌وه‌و ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌هێزێكی‌ چه‌كداری‌ لۆكاڵییه‌وه‌ كرده‌ هێزێك كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ زلهێزی‌ دونیا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

 

غه‌ریب حه‌سۆ په‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ (په‌یه‌ده‌) له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ "نیقاش" وتی‌: ئێستا یه‌په‌ده‌ یه‌كێكه‌ له‌پارته‌ گه‌وره‌كانی‌ سوریا، كه‌ ئه‌و پارته‌ له‌سه‌ر بنه‌ما فكرییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان دامه‌زراوه‌و سیاسه‌ت ده‌كات".

 

غه‌ریب حه‌سۆ وتیشی‌: "به‌رده‌وام ده‌بین له‌سیاسه‌تكردن له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ی‌ ئێستا هه‌مانه‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وامده‌یكه‌ن".

 

له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ سوریا له‌ئازاری‌ 2011، هێزه‌ كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی‌ په‌یه‌ده‌ چه‌ند ناوچه‌ كوردییه‌كانی‌ سوریایان گرته‌ ده‌ست‌و له‌ساڵی‌ 2013 سێ‌ كانتۆن (كۆبانی‌‌و جزیره‌و عفرین) وه‌ك ئیداره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ دامه‌زراند، كه‌ ئێستا ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ به‌ده‌ست كورده‌كان خۆیانه‌وه‌.

 

به‌شێكی‌ زۆر له‌كورده‌كان ئه‌وه‌ی‌ له‌سوریا رووده‌دات وه‌ك وه‌رچه‌رخان‌و ده‌ستكه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بینن‌و نه‌یاره‌كانی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ش ره‌خنه‌یان له‌سه‌ری‌ هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ وه‌ك "هێزی‌ خۆسه‌پێن" ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی‌ سوریادا گرتووه‌و رێ‌ به‌چالاكی‌ هیچ ده‌سته‌و گروپێكی‌ تر ناده‌ن.

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ پارتی‌ كرێكاران‌و هه‌موو باڵ‌و به‌شه‌كانی‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاوه‌ وه‌ك "هێزێكی‌ تیرۆریست" ناسێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا رووده‌دات پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و ئاراسته‌یه‌و مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ بارودۆخه‌ نوێیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هاوكێشه‌ی‌ نوێی‌ هێناوه‌.

 

محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنی‌، سیاسه‌تمه‌داری‌ كوردو كه‌سایه‌تی‌ نزیك له‌عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت: "له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ په‌كه‌كه‌ له‌دژی‌ توركیا، له‌و كاته‌وه‌ حكومه‌تی‌ توركیا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ وه‌ك رێكخراوێكی‌ تیرۆرستی‌ بناسێنێت، ئه‌م كاره‌ش بۆی‌ سه‌ریگرت".

 

محه‌مه‌د ئه‌مین، كه‌ ساڵانێك له‌ڕیزه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ خه‌باتی‌ كردووه‌و چه‌ندین ساڵیش له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بووه‌، بۆ "نیقاش" وتی: "توركیا ته‌نیا له‌پێناوی‌ ئه‌وه‌ ده‌یویست په‌كه‌كه‌ وه‌ك رێكخراوێكی‌ تیرۆرستی‌ بناسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوكاری‌ ئه‌و ده‌وڵاتانه‌ رابگرێت، كه‌ پشتگیری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردیان ده‌كرد".

 

له‌ئێستادا سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ وه‌ك رێكخراوێكی‌ تیرۆرستی‌ ناسێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌و رێكخراوه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ له‌رۆژئاوای‌ كوردستان‌و باشووری‌ كوردستان شه‌ڕی‌ تیرۆر ده‌كه‌ن، كه‌ شه‌ڕه‌كه‌شیان له‌ئاستێكدایه‌ له‌جیهاندا ده‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌.

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ نیاز حه‌مید، چاودێری‌ سیاسی‌، كه‌ نووسینه‌كانی‌ زیاتر له‌سه‌ر بارودۆخی‌ توركیاو رۆژئاوای‌ كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت: "به‌رگرییه‌ به‌رده‌وامه‌كان‌و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش وایكرد، كه‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان بێنه‌ سه‌ر خه‌ت بۆ هاوكاریكردنی‌ هێزه‌كانی‌ یه‌په‌گه‌".

 

نیاز حه‌مید به‌"نیقاش"ی‌ وت: "ئێستا بۆ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان روون بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ی‌ ده‌توانێت شه‌ڕی‌ داعش بكات له‌سوریا شه‌ڕڤانانی‌ كوردن، بۆیه‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی‌ نێوان شه‌ڕڤانان‌و هاوپه‌یمانان به‌ڕوونی‌ ده‌بینرێت".

 

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌، نموونه‌ی‌ به‌شه‌ڕی‌ سوپای‌ عێراق‌و شه‌رڤانان هێنایه‌وه‌و وتی‌: "ئه‌مریكا هاوكارییه‌كی‌ زۆری‌ هێزه‌كانی‌ عێراق ده‌كات، به‌ڵام هیچ پێشكه‌وتنێكی‌ ئه‌وتۆیان ده‌ستنه‌خستووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ شه‌ڕڤانان بكه‌ن، ده‌بینن چ سه‌ركه‌وتنێك تۆمار ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مریكا ئێستا بۆی‌ روونبووه‌ته‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌كات به‌ڕاستی‌ شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌یه‌".

 

زۆرێك له‌ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئێستا هه‌ماهه‌نگی‌ گه‌وره‌‌و ئاشكرا له‌نێوان هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی‌ په‌كه‌كه‌ش ئه‌م زانیارییه‌ ناشارنه‌وه‌.

 

ڕێدور خه‌لیل وته‌بێژی‌ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (باڵی‌ سه‌ربازی‌ په‌یه‌ده‌ له‌سوریا) له‌لێدوانێكدا بۆ "نیقاش" باسی‌ له‌هه‌ماهه‌نگییه‌كانی‌ نێوان شه‌رڤانانی‌ یه‌په‌گه‌و هاوپه‌یمانان كردو وتی‌: "ئێستا ژووری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان ئێمه‌و هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌".

 

رێدور خه‌لیل وتیشی‌: "به‌به‌رده‌وامی‌ په‌یوه‌ندی‌ راسته‌خۆ له‌نێوانمان هه‌یه‌و له‌كاتی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌منییه‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ یه‌په‌گه‌، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان هاوكاری‌ هێزه‌كان ده‌كه‌ن‌و بنكه‌و باره‌گاكانی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆردومانده‌كه‌ن".

 

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌یه‌ چاودێران پێیان وایه‌ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ تائێستا له‌به‌شه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان روویانداوه‌ ده‌چێته‌ خزمه‌تی‌ په‌كه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ داخوازی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكات داخوازییه‌ك نییه‌ له‌كات‌و شوێنی‌ خۆیدا بێت‌و مه‌له‌ كردنه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ شه‌پۆله‌وه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ مه‌سرور بارزانی‌ له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا داوایكردووه‌، خواستێكه‌ كه‌ چوونه‌سه‌ری‌ ئێجگار زه‌حمه‌ته‌.

 

بۆیه‌ ئه‌و چاودێرانه‌ وایده‌بینن دواجار به‌رپرسانی‌ هه‌رێمیش ناچار ئه‌بن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌مری‌ واقیع مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌كه‌كه‌دا بكه‌ن‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ جێهێشتنی‌ كوردستانی‌ لێبكه‌ن، ده‌بێت هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵدا گرێ‌ بده‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌