راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بڕیاری‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ لای‌ خه‌ڵكه‌
كه‌مال كه‌ركوكی: كورد له‌عێراق جیا نه‌بێته‌وه‌ له‌ناو ده‌چێت

شاڵاو محەمەد
كه‌مال كه‌ركوكی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ "نیقاش"دا رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر كورد له‌عێراق جیا نه‌بێته‌وه‌ له‌ناو ده‌چێت".
11.06.2015  |  كه‌ركوك
كمال كركوكي ( :وێنه شالاو محمد)
كمال كركوكي ( :وێنه شالاو محمد)

له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌، ئه‌مه‌ پوخته‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ د. كه‌مال كه‌ركوكییه‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا.

 

ئه‌و كه‌ له‌دوای‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ رۆژئاوای‌ كه‌ركوكی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، وه‌ك فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ كورده‌كانی‌ تر رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵناكات كه‌ سوپای‌ عێراق تیایاندا هه‌ڵهاتووه‌و به‌خوێن له‌داعشی‌ سه‌ندوون.

 

د. كه‌مال كه‌ركوكی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان (2009 - 2012)‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی  پارتی دیموكراتی كوردستان له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ "نیقاش"دا رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر كورد له‌عێراق جیا نه‌بێته‌وه‌ له‌ناو ده‌چێت".

 

نیقاش: دواین زانیاری‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ داعش له‌میحوه‌ری‌ رۆژئاوای‌ كه‌ركوك چییه‌؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: له‌م میحوه‌ره‌وه‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئازار هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ شكستی‌ گه‌وره‌یان به‌چه‌كدارانی‌ داعش هێنا، له‌هێڵی‌ پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕوویان بووینه‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌زۆر شوێن ته‌نها 50 بۆ 80 مه‌تر نێوانمان بوو، توانرا به‌ته‌واوه‌تی دوور بخرێنه‌وه‌و ئێستا ته‌واوی‌ به‌رزاییه‌كان‌و كه‌ناڵی‌ ئاوه‌كان‌و وێستگه‌ی‌ كاره‌باو غازو پاڵاوگه‌و بیره‌ نه‌وته‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ روونه‌ داعش له‌نێو قه‌زای حه‌ویجه‌و گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانی‌ قه‌زاكه‌و ناحیه‌كانی‌ ریازو ره‌شادو زاب، تێكه‌ڵاو به‌خه‌ڵكی‌ سڤیل بوون، زۆر كات خۆیان ئاماده‌كردوه‌ بۆ هێرشكردن ڕووبه‌ڕوویان بوینه‌ته‌وه‌و شكستمان به‌پیلانه‌كانیان هێناوه‌، له‌به‌ره‌نجامی‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌یان، له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ ڕابردوودا كوژراو بریندارێكی‌ زۆریان هه‌بووه‌ كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كانمان له‌نه‌خۆشخانه‌كانی  موسڵ‌و حه‌ویجه‌ چاره‌سه‌ریان  بۆ كراوه‌. داعش هه‌وڵ‌ ده‌دات بۆ زیانگه‌یاندن‌و داگیركردنی‌ خاك له‌سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، به‌ڵام به‌دڵنیایی‌ ده‌شكێندرێن‌و راوده‌نرێن.

 

نیقاش: ئێستا گونده‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست كێوه‌یه‌؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: ئه‌وه‌ی‌ سه‌ربڵندی‌ بۆ میحوه‌ری‌ رۆژئاوای‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك جێهشتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ توانیومانه‌ ته‌واوی‌ گونده‌ كوردنشینه‌كان‌و گونده‌كانی تێكه‌ڵاویش‌و (17) گوندی‌ عه‌ره‌بنشین كه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ كوردستانن رزگاری‌ بكه‌ین‌و بكه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌.

 

نیقاش: زۆرجار ئێوه‌ ده‌ڵێن داعش له‌كه‌ركوك توانای‌ هێرشبردنی‌ نه‌ماوه‌، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ چییه‌، چه‌كه‌كانتان باشبووه‌ یان پشتیوانیتان زۆرتره‌؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: پێداویستی‌ سه‌ربازی‌ داعش له‌پێداویستیه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ باشتره‌، چونكه‌ ته‌واوی‌ چه‌كه‌كانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ كه‌ شكستی‌ هێنا كه‌وته‌ ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، به‌ڵام تواناو ئیراده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ وایكردوه‌ پێشڕه‌وی‌ بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ژووری‌ هه‌ماهه‌نگی‌ فرۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانان په‌یوه‌ندیمان زۆر باشه‌، به‌ڵام كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش ئه‌وه‌یه‌ تاكو خۆیان چه‌كدارانی‌ داعش نه‌بینن بۆردومانیان ناكه‌ن.

 

نیقاش: به‌ڵام خۆ به‌رده‌وام باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ چه‌ند وڵاتێك چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرن.

كه‌مال كه‌ركوكی‌: ئه‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مانیانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات هاتوون زۆر سنوردارو كه‌من، ئه‌و چه‌كانه‌شی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان ده‌ینێرن ئه‌وه‌نده‌ گرفتی‌ بۆ دروست ئه‌كرێت تاكو ئه‌گاته‌ ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌و كات ئه‌و سوده‌ی‌ نامێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ یه‌ك فیشه‌ك بۆ میحوه‌ری‌ ڕۆژئاوای‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌هاتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی‌ ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ئه‌مریكا چه‌ند جۆرێك چه‌كی‌ دژه‌ تانك‌و جۆری‌ دیكه‌ی‌ چه‌كیان ناردوه‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام له‌ئاستی‌ پێویستی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا نین، له‌به‌رئه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ پێداویستی‌ سه‌ربازییان له‌به‌رده‌ستدا زۆر كه‌مه‌، به‌ڵام دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ كۆنگریسی‌ ئه‌مریكا ئومێدێكی‌ زۆر هه‌یه‌ چه‌ك‌و پێداویستی‌ سه‌ربازی‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بێت، چ خۆمانیش بیكڕین یا وه‌كو هاوكاری بۆمان بێت.

 

نیقاش: كه‌می‌ پێداویستی‌ سه‌ربازی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌بۆته‌ مه‌ترسی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داعش ده‌ستی‌ بگاته‌ كه‌ركوك‌و هه‌رێم؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: با لایه‌نێك روون بكه‌مه‌؛ پێش هاتنی‌ داعش پێشمه‌رگه‌ كێشه‌ی‌ بودجه‌و كڕینی چه‌ك‌و كێشه‌ی مووچه‌و گرفتی‌ خورێكخستنه‌وه‌ی‌ هه‌بوو، به‌غدا به‌به‌رنامه‌ كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كرد له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌بیری پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی دابوون ئه‌وكاتیش ڕۆژئاوای كه‌ركوك به‌سوپای عێراق سپێردرابوو تاكو بیپارێزێت، كاتێك داعش هێرشی هێنا، سوپای عێراق له‌و سنووره‌ ته‌واوی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و كه‌ره‌سته‌ی‌  كه‌ هه‌یان بوو وه‌كو تۆپ‌و تانك‌و هامه‌رو جۆره‌كانی‌ چه‌كی قورس‌و سوك‌و عیتاد كه‌وته‌ ده‌ست داعش‌و خه‌ڵك‌و خاك‌و سامانی ناوچه‌كه‌یان له‌پێش مه‌ترسی‌ داعش به‌جێهێشت، پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كان داعشیان راگرت، پاشان ده‌ستكرا به‌راونانیان‌و به‌و چه‌كه‌ سوكانه‌ی هه‌یبوو خه‌ڵك‌و خاك‌و سامانی كه‌ركوكیان پێ پاراست، ئێمه‌ ده‌زانین داعش چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌یه‌ چه‌ند جاریش وتوویانه‌ ئه‌گه‌ر كه‌ركوك بگرین ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بین به‌نه‌وت‌و غاز ئه‌و كات هه‌یمه‌نه‌مان ده‌بێت به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ناوخۆی‌‌و جیهانداو ئاڵای‌ داعش له‌سه‌ر په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپاو كۆشكی‌ سپی‌ هه‌ڵده‌كه‌ین، به‌ڵام ئیراده‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌یهێشت ئه‌و خه‌ونه‌ جاهیلیانه‌ی‌ داعش بێته‌ دی‌، ئێستاش ئه‌و ئیراده‌یه‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ناهێڵێ‌.

 

نیقاش: په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غداد تاكو دێت ڕوو له‌ئاڵۆزی‌ ده‌كات، هیچ ئاسۆیه‌كی‌ چاره‌سه‌ر بۆ كۆتایی‌ هاتنی‌ ناكۆكییه‌كان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كێشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و بودجه‌؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: له‌پێش جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌م‌و به‌درێژای مێژوو هیچ كات كوردستان له‌چیاكانی حه‌مرین‌و تكریت به‌سه‌ره‌وه‌ سه‌ر به‌ عێراق نه‌بووه‌، له‌وێوه‌ بۆ خواره‌وه‌ عێراقی‌ عه‌ره‌ب بووه‌و رۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی عێراقی عه‌جه‌م  بووه‌، هه‌مووان ده‌زانن كوردستان له‌و ده‌مه‌دا به‌زۆر لكێنراوه‌ به‌عێراقه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و جینۆساید بووه‌ بۆ كورد، له‌دوای‌ 2003 وتیان فیدراڵی‌ بۆ كورد باشه‌، ئه‌وه‌تا جارێكی‌ دیكه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ پێنه‌دانی‌ چه‌ك به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و بڕینی‌ بودجه‌ی‌ كوردستان خرایه‌وه‌ به‌ر مه‌ترسی‌ جینۆساید، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ بڕوامان به‌حكومه‌تی‌  عێراقی‌ نیه‌و ئه‌وانیش متمانه‌یان به‌ ئێمه‌ نیه‌، وه‌كو گه‌لی‌ كوردستان خاوه‌ن زمان‌و مێژوو خاك‌و كولتوری‌و جه‌ماوه‌ری‌ خۆمانین  بۆیه‌ ده‌بێت كورد سه‌ربه‌خۆی‌ ڕابگه‌یه‌نێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ته‌واوی‌ كێشه‌كانی‌، چونكه‌ كورد به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌چێت.

 

نیقاش: پلانی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌یه‌؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چووه‌ په‌رله‌مان‌و داوای‌ له‌ په‌رله‌مان كرد ئاماده‌كاریه‌كان ده‌ست پێبكات زه‌مینه‌ی‌ یاسایی‌ سازبكات تاكو ریفراندۆم ساز بكرێت تاكو هاونیشتمانیانی‌ كورد له‌و ڕاپرسیه‌ به‌ئازادی به‌شداری‌ بكات بۆ بریاردانی خۆی، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌رده‌وام داوامان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان كردوه‌ په‌له‌ بكات له‌ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم‌و دیاریكردنی رۆژی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان، ئه‌و كاته‌ گه‌ل بڕیار ده‌دات، چونكه‌ ناكرێت حزبێك بڵێت ئێستا كاتی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌ت نیه‌ حزبێكی دیكه‌ش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڵێت ئیستا كاتێتی‌و دره‌نگیش كه‌وتووه‌، بڕیاردان له‌چاره‌نوس بڕیاری گه‌له‌ پێویسته‌ گشت حزبه‌كان بڵێن گه‌لی كوردستان ئێمه‌ چی بكه‌ین، نه‌ك خۆیان بسه‌پێننه‌ به‌سه‌ر گه‌ل‌و بڵێن گه‌لی كوردستان پێتان خۆش بێ یا نا ده‌بێت ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ حزبه‌كان ده‌یانه‌وێت، ئه‌مه‌ خراپه‌، كاره‌ساته‌و ناكرێت كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ره‌و دیموكراسی بڕوات حزب خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر گه‌لدا.

 

نیقاش: ئێوه‌ به‌رده‌وام باسی‌ توانای‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ی‌ بۆ تائێستا نه‌تانتوانیوه‌ شنگال له‌ده‌ست داعش بسه‌ننه‌وه‌؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: پلان هه‌یه‌ بۆ ئازادكردنی‌ قه‌زای‌ شنگال، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌و قه‌زایه‌ گونده‌ عه‌ره‌بنیشینه‌كان پشتگیری‌ له‌چه‌كدارانی‌ داعش ده‌كه‌ن پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌كه‌ی‌ دواكه‌وتووه‌، نامه‌وێت بچمه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌، به‌ڵام ئازادكردنی‌ شنگال نزیكه‌و كه‌سانی دڵسۆز ئاماده‌كاری بۆ ئه‌كه‌ن.

 

نیقاش: له‌سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بارزانی‌‌و پارێزگاری‌ كه‌ركوك بۆ ئه‌مریكا ده‌وترێ‌ باسی‌ هه‌رێمێكی‌ تایبه‌ت بۆ كه‌ركوك كراوه‌، تاچه‌ند ئه‌و زانیاریه‌نه‌ راستن؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: به‌میزاجی‌ شه‌خسی‌ كه‌ركوك ناكرێته‌ هه‌رێمێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، خاكی كه‌ركوك پارچه‌یه‌كی دانه‌بڕاوه‌ له‌خاكی كوردستان، هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان كه‌ركوكی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێكیش بیر له‌دابڕانی  كه‌ركوك له‌كوردستان بكات هاونیشتمانیانی‌ كوردستان لێی  قبوڵ ناكه‌ن.

 

نیقاش: به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، دوای‌ ته‌واوبوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش، پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ پێش 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 لێ‌ جێگیر بوون؟

كه‌مال كه‌ركوكی‌: نه‌خێر، هیچ مه‌عقول نیه‌ له‌رۆژی ته‌نگانه‌ ئه‌وه‌ی گه‌لی له‌پێش چه‌كدارانی‌ داعش به‌جێ هێشتبێت بۆ سه‌ربڕین‌و مردن جارێكی تر بچیت ژیانی خه‌ڵكی پێ بسپێریته‌وه‌،  كه‌ی ئه‌مه‌ دروسته‌؟، پێشمه‌رگه‌ كه‌ركوك‌و دانیشتوانی كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی‌ تری‌ به‌بێ جیاوازی پاراستووه‌، بۆیه‌ هه‌ر ده‌مێنێت‌و ئه‌ركه‌كه‌ی‌ خۆی ئه‌نجام ده‌دات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌