راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ناكۆكی‌ شیعه‌ عه‌بادی‌ خستووه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌

موسته‌فا حه‌بیب
لایه‌نه‌ شیعه‌كانی‌ عێراق به‌ربوونه‌ته‌ گیانی‌ یه‌كتری‌‌و ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیان روون نییه‌، داعشیش سودی‌ له‌م ناكۆكییه‌ بینیوه‌و له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ پێشڕه‌وی‌ كردووه‌.
14.05.2015  |  بەغدا

په‌یوه‌ندی‌ نێوان لایه‌نه‌ شیعه‌كانی‌ عێراق ئێستا له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدا، كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیش په‌یوه‌سته‌ به‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌قه‌یرانێكی‌ قوڵدایه‌، له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ میلیشیا شیعه‌كان‌و له‌لایه‌كی‌ تریش له‌گه‌ڵ واشنتۆن‌و تاراندا.

 

به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاشكراو چه‌ند دانه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ له‌نێوان حیزبه‌ شیعه‌كان به‌ڕێوه‌چوو بۆ تاوتوێكردنی‌ دۆسێكانی‌ په‌یوه‌ست به‌حكومه‌ت‌و گروپه‌ شیعه‌كان، هه‌روه‌ها چۆنێتی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌‌و چۆنێتی‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكاو ئێران، ئه‌و دوو وڵاته‌ی‌ هه‌ژموونیان به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پاندووه‌.

 

حیزبی‌ ده‌عوه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشوو سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌ممار حه‌كیم‌و ره‌وتی‌ سه‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ موقته‌دا سه‌درو حیزبی‌ فه‌زیله‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ محه‌مه‌د یه‌عقوبی‌ له‌دیارترین ئه‌و هێزه‌ی‌ شیعانه‌ن كه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ تائێستا له‌رێی‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ناوی‌ "هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانیی"ه‌وه‌ له‌عێراق فه‌رمانڕه‌وان.

 

له‌ماوه‌ی‌ دوانزه‌ ساڵی‌ رابردوودا ئه‌وا بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ ناكۆكی‌ نێوان ئه‌و هێزانه‌ بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران، چه‌ند هێزێكی‌ شیعه‌ی‌ نزیك له‌مالیكی‌ هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ناوزڕاندن‌و لێدان له‌عه‌بادی‌.

 

هۆكاری‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ ئاڵۆزبوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ناكۆكی‌ نێوان عه‌بادی‌‌و میلیشیا شیعه‌كانی‌ نزیك له‌ئێران، ئه‌م ناكۆكییه‌ش له‌و كاته‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ له‌نیسانی‌ رابردوو چه‌ند چه‌كدارێكی‌ سه‌ر به‌میلیشیاكانی‌ شیعه‌ پاش ئازادكردنی‌ تكریت كه‌وتنه‌ سوتاندن‌و تاڵانیی‌ ماڵ‌و حاڵی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌و عه‌بادیش داوایلێكردن تكریت جێبهێڵن.

 

له‌به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌ك له‌و گروپانه‌ ئاماده‌نه‌بوون پابه‌ندبن به‌بڕیاره‌كه‌ی‌ عه‌بادییه‌وه‌، ئه‌وه‌ش خاڵی‌ سه‌ره‌تای‌ ناكۆكییه‌كان بوو، میلیشیاكان پێیان وایه‌ عه‌بادی‌ سوكایه‌تی‌ پێكردوون‌و ئه‌وه‌ی‌ بیرچووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تكریتیان ئازادكردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا عه‌بادی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و میلیشیایانه‌ مه‌ترسین‌و سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان شێواندووه‌.

 

بڕیارێكی‌ تری‌ عه‌بادی‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ رێگری‌ كرد له‌وه‌ی‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ناكۆكییه‌كانی‌ قوڵكرده‌وه‌.

 

ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌پاش ئازادكردنی‌ تكریته‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ قوڵبووه‌ته‌وه‌و ده‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ له‌وه‌ به‌دواوه‌ میلیشیا شیعه‌كان بڕیاریاندا شه‌ڕ دژی‌ داعش رابگرن‌و دیارترین سه‌ركرده‌كانیان وه‌ك هادی‌ عامری‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ به‌درو ئه‌بو مه‌هدی‌ موهه‌ندیس سه‌رۆكی‌ "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا" ده‌ستبه‌رداری‌ جله‌ سه‌ربازییه‌كانیان بوون‌و مه‌یدانی‌ شه‌ڕیان جێهێشت، دوای‌ ئه‌وه‌ش چوونه‌وه‌ شاره‌كانی‌ خۆیان له‌به‌غداو باشوورو له‌وێوه‌ ده‌ستیانكرد به‌لێدوان بۆ میدیاكان‌و په‌لاماردانی‌ عه‌بادی‌.

 

له‌گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆییدا كه‌ له‌سه‌ر یوتیوب بڵاوبووه‌ته‌وه‌، چه‌ند چه‌كدارێكی‌ میلیشیاكان ده‌رده‌كه‌ون كه‌ جنێو به‌حكومه‌ت ده‌ده‌ن‌و ره‌خنه‌ له‌سوپاو پۆلیس ده‌گرن‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت گروپه‌ شیعه‌كان تاكه‌ لایه‌نن بتوانن به‌سه‌ر داعشدا زاڵبن.

 

داعش هه‌رزوو سوودی‌ له‌م ناكۆكیانه‌ بینی‌‌و په‌لاماری‌ پاڵاوگه‌ی‌ "بێجی‌"داو به‌شێكی‌ به‌رفراوانی‌ لێ‌ كۆنترۆڵكرد، هه‌روه‌ك چۆن په‌لاماری‌ گرتوخانه‌یه‌كیدا له‌خاڵسی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دیاله‌و ژماره‌یه‌ك له‌چه‌كداره‌كانی‌ خۆی‌ ئازادكرد، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌ته‌واوی‌ دیاله‌ له‌داعش پاككراوه‌ته‌وه‌.

 

ئێستا میلیشیاكان چه‌ند مه‌رجێكیان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕ بكه‌نه‌وه‌ دژی‌ داعش، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ پارێزبه‌ندی‌ یاسایی‌ بدرێته‌ چه‌كداره‌كانیان، هه‌روه‌ها چه‌ند لایه‌نێكی‌ شیعه‌ی‌ وه‌ك حیزبی‌ "فه‌زیله‌"‌و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ "ده‌عوه‌" داوایانكردووه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ یاسایه‌ك ده‌ربچێت كه‌ پارێزبه‌ندی‌ به‌میلیشیا شیعه‌كان ببه‌خشرێت.

 

رۆژی‌ 28ی‌ نیسانی‌ رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌دانیشتنێكی‌ داخراوی‌ په‌رله‌ماندا رایگه‌یاند "چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ ده‌یانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌م بخه‌ن"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ببات، ئه‌وا ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌.

 

پێده‌چێت عه‌بادی‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووبێت له‌وه‌ی‌ بتوانێت داره‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ هاژموونی‌ ئه‌مه‌ریكاو ئێران له‌عێراقدا بگرێت‌و تاڕاده‌یه‌ك به‌لای‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا دایشكاندووه‌ به‌وه‌ی‌ رێ‌ له‌چالاكی‌ میلیشیا شیعه‌كان بگیرێت‌و بوار بدرێت سوپاو پۆلیس‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كان شه‌ڕی‌ داعش بكه‌ن، به‌ڵام هێشتا سوپاو پۆلیس لاوازن‌و میلیشیا شیعه‌كان به‌هێزن، بۆیه‌ داعش له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو پێشڕه‌وی‌ كرد.

 

له‌راستیدا میلیشیاكانی‌ سه‌ر به‌ئێران هێشتا پشتیوانی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشوو ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ مالیكی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوو هاوكاریی‌ میلیشیاكانی‌ كردو رێیدا تێكه‌ڵی‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان ببن‌و چه‌ك‌و پاره‌ی‌ دانێ‌، ئێستاش مالیكی‌ ره‌خنه‌ له‌عه‌بادی‌ ده‌گرێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ هه‌ردووكیان له‌یه‌ك حیزبدان (ده‌عوه‌).

 

كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ شیعه‌كان، كێشه‌ی‌ نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌كانیانه‌، چونكه‌ ئه‌و گروپانه‌ بوون به‌دوو ده‌سته‌وه‌، به‌شێكیان نزیكن له‌ئێران‌و له‌رووی‌ ئاینییه‌وه‌ گرێدراون به‌عه‌لی‌ خامه‌نه‌یی‌ رابه‌ڕی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌"به‌در"‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا"‌و "سه‌رایا خوراسانی‌"، ئه‌م میلیشیایانه‌ به‌هیچ جۆرێك رێز له‌بڕیاری‌ حكومه‌ت ناگرن.

 

هه‌رچی‌ به‌شی‌ دووه‌میانه‌ میلیشیاكانی‌ سه‌ر به‌عه‌لی‌ سیستانی‌‌و عه‌ممار حه‌كیم‌و موقته‌دا سه‌درن‌و رێز له‌بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌ت ده‌گرن، له‌دیارترینیان "لیوای‌ عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ر"‌و "سه‌رایا جیهاد"‌و "سه‌رایا عه‌ته‌به‌ عه‌بباسییه‌"‌و "سه‌رایا عه‌ته‌به‌ عه‌له‌وییه‌" كه‌ سه‌ر به‌سیستانین، هه‌روه‌ها "سه‌رایا جیهادو بینا"‌و "سه‌رایا عاشور"‌و "سه‌رایا ئه‌نسار عه‌قیده‌"ی‌ سه‌ر به‌عه‌ممار حه‌كیم‌و "سه‌رایا سه‌لام" سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در.

 

ناكۆكی‌ نێوان ئه‌م هێزانه‌ هه‌ندێجار گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی‌ چه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ له‌یه‌كتر، به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ ناوچه‌‌و چه‌ك‌و هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ سیاسی‌ ناڕاسته‌وخۆوه‌.

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا په‌لاماری‌ باره‌گایه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵایاندا له‌پارێزگای‌ به‌سره‌و به‌شێكی‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان بردن‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌به‌یاننامه‌یه‌ك ره‌خنه‌ی‌ له‌و رووداوه‌ گرت‌و داوای‌ له‌ئه‌بو مه‌هدی‌ موهه‌ندیسی‌ سه‌رۆكی‌ كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا كرد رونكردنه‌وه‌ بدات.

 

ناكۆكی‌ میلیشیا شیعه‌كان په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌یه‌كتر له‌رێی‌ میدیاكانه‌وه‌، ئێستا میدیاكانی‌ سه‌ر به‌و میلیشیایانه‌ ره‌خنه‌ی‌ توند له‌یه‌ك ده‌گرن، له‌كاتێكدا له‌رابردوودا ئاراسته‌ی‌ ره‌خنه‌یان رووه‌و كوردو سوننه‌ بوو.

 

كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ حیزبه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌لایه‌نی‌ سیاسییه‌وه‌، ئه‌ویش ململانێیانه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ "هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌" كه‌ هه‌موو حیزبه‌ شیعه‌كانی‌ له‌خۆگرتووه‌، ئه‌و حیزبانه‌ تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ سه‌رۆكێك بۆ كوتله‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان دیاریی‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر په‌رته‌وازه‌ی‌ كردوون.

 

كاتێك هاوینی‌ رابردوو حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ پێكهات، حیزبه‌ شیعه‌كان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وێكی‌ ناوخۆ بۆ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ دابڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

 

كوتله‌ی‌ ئه‌حراری‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در پێشنیاری‌ كرد په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ دیاریی‌ بكرێت‌و بڕیاره‌ گرنگه‌كان له‌رێی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بدرێن، به‌ر له‌وه‌ی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كوتله‌ سوننه‌و كوردییه‌كان بكرێت.

 

هه‌موو ئه‌م پێشنیارانه‌ شكستی‌ هێنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ شیعه‌كان توانای‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ سه‌رۆكی‌ كوتله‌كه‌یان نه‌بوو، ناكۆكی‌ سه‌ره‌كیش له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌نێوان حیزبی‌ ده‌عوه‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو ره‌وتی‌ سه‌دردایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ كوتله‌كه‌و وه‌زیری‌ ئێستای‌ ده‌ره‌وه‌ خواستی‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و كوتله‌یه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.

 

ناكۆكی‌ نێوان هێزه‌ شیعه‌كان ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بێت دوور نییه‌ گۆڕانكاریی‌ گه‌وره‌ دروست بكات جا ره‌نگه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ حكومه‌ت‌و هه‌ندێ‌ له‌وه‌زیره‌كان بگرێته‌وه‌، له‌م كاته‌شدا داعش ورده‌ ورده‌ خۆی‌ كۆده‌كاته‌وه‌و له‌پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبارو دیاله‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێ‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌