راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عوسمان ئۆجه‌لان: داعش وێنه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ له‌جیهاندا گۆڕی‌

هێمن حەسەن
عوسمان ئۆجه‌لان برای‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان کە ماوه‌ی‌ نۆ ساڵه‌ لەپەکەکە دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئێستا ره‌خنه‌ی‌ له‌به‌شێكی‌ زۆری‌ سیاسه‌ته‌كانیان هه‌یه
12.05.2015
Osman Ocalan
Osman Ocalan

عوسمان ئۆجه‌لان برای‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی‌ رێبه‌ری‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ ئه‌و پارته‌، ماوه‌ی‌ نۆ ساڵه‌ لێی‌ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئێستا ره‌خنه‌ی‌ له‌به‌شێكی‌ زۆری‌ سیاسه‌ته‌كانیان هه‌یه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ هیچ پۆست‌و باڵاده‌ستییه‌كی‌ سیاسی‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام عوسمان ئۆجه‌لان كه‌ ئێستا له‌شارۆچكه‌یه‌كی‌ نزیك هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌، چه‌ند چه‌كدارێك به‌جلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ پاسه‌وانی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن.

 

له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ "نیقاش" ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان ئه‌نجامدا كه‌ تیایدا باس له‌سیاسه‌ته‌كانی‌ ئێستاو رابردووی‌ پارتی‌ كرێكاران‌و پێشبینی‌ بۆ ئاینده‌ی‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی‌ برای‌ ده‌كات.

 

نیقاش: له‌ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌نگێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێت پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌هه‌رێم به‌هێز بكات‌و هاوشێوه‌ی‌ پارچه‌كانی‌ تر كۆنترۆڵی‌ بكات تۆش ئه‌وه‌ له‌په‌كه‌كه‌ ده‌بینیت؟

عوسمان ئۆجه‌لان: په‌كه‌كه‌ ئه‌گه‌ر توانیبێتی‌ له‌كوردستانی‌ توركیا‌و سوریا ئه‌وه‌ بكات، ئه‌وا بۆ هه‌رێمی‌ كورستان‌و رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان قورسه‌، ده‌یه‌وێت به‌ره‌و پارچه‌كانی‌ تر هه‌نگاو بنێت‌و خۆی‌ به‌هێز بكات، ئینجا وه‌كو باكور‌و  رۆژئاوا ده‌یه‌وێت ته‌نیا خۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ی‌ له‌باشوری‌ كوردستان بۆ ناكرێت، ئه‌و كاته‌ی‌ من له‌سه‌ركردایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ بووم بڕیاری‌ ئه‌وه‌ماندا كه‌ له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی‌ كوردستان حزبێك دروست بكه‌ین تا كاری‌ سیاسی‌ خۆیان بكه‌ن‌و سه‌ربه‌خۆ بن، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كان به‌په‌كه‌كه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌وه‌بوو له‌باشور پارتی‌ چاره‌سه‌ری‌‌و له‌رۆژئاوا پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌‌و له‌رۆژهه‌ڵات په‌ژاكمان دروست كرد، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ من جیابوومه‌وه‌، په‌كه‌كه‌ هات ئه‌م هێزانه‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ به‌سته‌وه‌‌و بڕیاریان له‌په‌كه‌كه‌وه‌ وه‌رده‌گرت، ئه‌وه‌ش زیانی‌ لێدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ په‌كه‌كه‌ ئاسان نییه‌ له‌باشور خۆی‌ به‌هێز بكات.

 

نیقاش:باشه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كه‌م؟

عوسمان ئۆجه‌لان: به‌ڵێ‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وێت، حكومێكی‌ مه‌ركه‌زی‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وای لێكردوه‌ كه‌ باوه‌ڕی‌ به‌هێزی‌ تر نه‌بێت‌و ده‌یه‌وێت ببێته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستان، كه‌ باسی‌ یه‌كێتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ده‌كات مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌كوردستانی‌ گه‌وره‌ ببن به‌په‌كه‌كه‌ باوه‌ڕی‌ به‌وه‌ نییه‌ هێزی‌ تر هه‌بن.

 

نیقاش:په‌كه‌كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا پێگه‌ی‌ چۆنه‌‌و چی‌ رۆڵێكی‌ هه‌یه‌؟

عوسمان ئۆجه‌لان: له‌رووی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ په‌كه‌كه‌ رۆڵی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌باتێكی‌ سه‌د ساڵی‌ هه‌یه‌‌و زیره‌ك‌و خاوه‌ن ئه‌زموونن په‌كه‌كه‌‌و سه‌رۆكی‌ په‌كه‌كه‌یان خۆش ده‌وێت، به‌ڵام نایانه‌وێت ببن به‌ په‌كه‌كه‌، واته‌ سنورێكیان له‌به‌ینی‌ خۆیان‌و په‌كه‌كه‌ كێشاوه‌، وه‌كو هێزێكی‌ خه‌باتكار خۆشیان ده‌وێت، به‌ڵام رازی‌ نیین په‌كه‌كه‌ حكومیان بكات، چونكه‌ سیسته‌می‌ په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ باشور ناگونجێت، به‌ڵام له‌كوردستانی‌ سوریا وانییه‌ ئه‌وان خۆشه‌ویستی‌ خۆیان بۆ په‌كه‌كه‌ كرد به‌هێز، بۆیه‌ پێموایه‌ په‌كه‌كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هێز نابێت.

 

نیقاش: به‌شداریكردنی‌ په‌كه‌كه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا چی‌ وێنه‌یه‌كی‌ لای ئه‌مریكاو ئه‌وروپا دروست كردوه‌؟

عوسمان ئۆجه‌لان: شه‌ڕی‌ داعش بۆ كورد‌و په‌كه‌كه‌ش فرسه‌تێكی‌ نوێ‌ بوو، ئه‌م شه‌ڕه‌ فرسه‌تێكی‌ خسته‌ به‌رده‌م په‌كه‌كه‌ تا بتوانێت له‌شه‌ڕی‌ تیرۆر به‌شداری‌ بكات‌و لای‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ بگۆڕێت، كاتی‌ خۆشی‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ماندا كه‌ په‌كه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئێران‌و سوریا كه‌مێك باش بكات، به‌ڵام به‌رانبه‌ر وڵاتانی‌ جیهان سیاسه‌تی‌ خۆی‌ بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌كاتێكی‌ وه‌ك ئێستادا ئه‌مریكا‌و ئه‌وروپا مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كرد بۆیه‌ ئێستا هه‌ر وه‌كو رێكخراوێكی‌ تیرۆرستی‌ سه‌یری‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ په‌كه‌كه‌ هیچ سیاسه‌تی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وروپا نه‌گۆڕیوه‌، ده‌بێت په‌كه‌كه‌ له‌پاڵ خه‌باته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ خه‌باتی‌ سیاسیش بكات، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌ تاراده‌یه‌كی‌ كه‌م په‌یوه‌ندی‌ هه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ جیهان په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ باش بكات ئه‌وه‌ش به‌گۆڕینی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌بێت.

 

نیقاش: واته‌ ئێستا ئه‌مریكا‌و ئه‌وروپا له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوه‌وه‌ چۆن ده‌ڕوانه‌ په‌كه‌كه‌؟

عوسمان ئۆجه‌لان: له‌ناوچه‌كه‌ دوو به‌ره‌ هه‌یه‌، به‌ره‌كیان دژی‌ داعش‌و به‌ره‌یه‌كیش خۆی‌ دوورگرتوه‌، ئه‌مریكا‌و په‌كه‌كه‌ كه‌وتنه‌ یه‌ك به‌ره‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ تیرۆردا، ئه‌وه‌ وایكرد ئه‌مریكا‌و ئه‌وروپا جیاوازتر سه‌یری‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ن راسته‌ ئاماده‌ نه‌بوون له‌لیستی‌ تیرۆر ده‌ریبهێنن، به‌ڵام نزیكایه‌تی‌ دروست بوو، من بیست ساڵ پێش ئێستا له‌ناو په‌كه‌كه‌ داوام كرد خۆمان له‌ئه‌مریكا‌و ئه‌وروپا نزیك بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ رۆژێكدا پێویست ده‌بێت كاربكه‌ین به‌یه‌كه‌وه‌، داوام كرد په‌كه‌كه‌ له‌جیهان سیاسه‌تی‌ خۆی‌ بگۆڕێت، ئه‌و كاته‌ نه‌یكرد، ئێستا دوای‌ بیست ساڵ په‌كه‌كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ بیكردایه‌، ئێستا په‌كه‌كه‌ له‌لیستی‌ تیرۆردا نه‌ده‌بوو ئه‌وانیش له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا هه‌ماهه‌نگ‌و هاوكار بوون.

 

نیقاش: پێتوایه‌ به‌م نزیكانه‌ په‌كه‌كه‌ له‌لیستی‌ تیرۆر ده‌ربهێنرێت؟

عوسمان ئۆجه‌لان: له‌ئێستادا ئه‌مریكا‌و ئه‌وروپا ئاراسته‌ی‌ جیهان ده‌كه‌ن، هه‌ر گروپ‌و هێزێك چه‌كی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بێت دانی‌ پێدا نانێن، ده‌رهێنانی‌ په‌كه‌كه‌ش له‌لیستی‌ تیرۆر پێویستی‌ به‌خه‌باتی‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌، وه‌كو ئێمه‌ ده‌مانخوسات بیست ساڵ پێش ئێستا په‌كه‌كه‌ ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی‌ بكردایه‌ ئێستا په‌كه‌كه‌ له‌لیستی‌ تیرۆر ده‌رهاتبوو، ئێستاش ره‌وشێكی‌ باش هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ ده‌توانن به‌كاری‌ بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو هێزێكی‌ دژه‌ تیرۆر بناسرێت، ئه‌وه‌ش خه‌باتێكی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ ده‌وێت خۆ ئه‌وروپا هه‌ر وا زوو بڕیار نادات، داعش وێنه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌ بۆ هێزێكی‌ دژه‌ تیرۆر، به‌ڵام جارێ‌ كاتی‌ ده‌وێت تا ئه‌وروپا ئه‌وه‌ ده‌كات.

 

نیقاش: په‌یوه‌ندی‌ عێراق‌و په‌كه‌كه‌ چۆنه‌، ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌بێت، وه‌كو عه‌بادی‌ له‌رابردوودا وتی‌ ئاسایه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌بێت؟

عوسمان ئۆجه‌لان: وه‌كو پێشتر وتم ده‌بێت په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌‌و سیاسه‌تی‌ بگۆڕێت، ئێستا په‌كه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ره‌ی‌ شیعه‌وه‌، چونكه‌ ره‌وتی‌ عه‌له‌وی‌ له‌ناو په‌كه‌كه‌دا به‌هێزه‌.

 

نیقاش: ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌جه‌میل بایكی‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكی‌ عه‌له‌وییه‌؟

عوسمان ئۆجه‌لان: نا ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌ رێی‌ مسته‌فا قه‌ره‌سووه‌یه‌، ئه‌و كه‌سێكی‌ عه‌له‌وییه‌، جه‌میل بایك باوك‌و دایكی‌ عه‌له‌وی‌ نیین، به‌ڵام سه‌قافه‌تی‌ عه‌له‌وی‌ كاری كردوه‌ته‌ سه‌ری‌، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌سوریا‌و ئێران‌و لوبنان ژیاوه‌ زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ به‌ره‌ی‌ شیعه‌كانه‌وه‌و وه‌كو كه‌سێكی‌ عه‌له‌وی‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر تێكه‌ڵی‌ په‌كه‌كه‌‌و ئێران هه‌یه‌، من پێموایه‌ ئێستا په‌كه‌كه‌ تێكه‌لێ‌و دۆستایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئێران‌و ئه‌سه‌د‌و عه‌بادی‌ هه‌یه‌، ئه‌وانیش پشتگیری‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

 

نیقاش: زۆر باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت په‌كه‌كه‌ بۆچی‌ شه‌ڕ دژی‌ ئێران ناكات، به‌بڕوای‌ تۆ بۆچی‌ ئێران‌و په‌كه‌كه‌ ئێستا شه‌ڕ ناكه‌ن؟

عوسمان ئۆجه‌لان: وه‌كو وتم په‌كه‌كه‌ له‌به‌ری‌ شیعه‌دایه‌ له‌ناوچه‌كه‌، ئێرانیش سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كات كه‌ له‌عێراق‌و ئێران‌و حیزبوڵای‌ لوبانی‌و هێزی‌ تریش پێكهاتوون، په‌كه‌كه‌و یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستانیش له‌به‌ره‌ی‌ شیعه‌دان، كاتێك په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران ناكۆك بوو كه‌ په‌ژاك دژی‌ ئێران شه‌ڕی‌ ده‌كرد، په‌ژاك خه‌باتێكی‌ پڕ قه‌در‌و قیمه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئێران كرد، به‌ڵام دواتر هه‌ندێكیان شه‌هیدبوون‌و هه‌ندێكیان لاواز بوون تا وایڵیهات چوونه‌وه‌ ناو په‌كه‌كه‌، ئه‌و په‌ژاكه‌ی‌ ئێمه‌ دروستمان كرد ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌، په‌ژاك تاكتیكی‌ په‌كه‌كه‌ له‌رۆژهه‌لات به‌كارده‌هێنێت، تاكتیكی‌ په‌كه‌كه‌ش شه‌ڕ نه‌كردنه‌.

 

نیقاش: ئێستا بارودۆخی‌ په‌كه‌كه‌ له‌رووی‌ سه‌ربازی‌‌و سیاسییه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟

عوسمان ئۆجه‌لان: په‌كه‌كه‌ له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا زۆر به‌هێز بووه‌، ئێستا له‌رۆژئاوای‌ كوردستان سوپایه‌كی‌ ده‌ هه‌زار كه‌سی‌ هه‌یه‌، به‌ده‌یان هه‌زار چه‌كداری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، له‌رۆژئاوا ناوی‌ په‌یه‌ده‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هی‌ په‌كه‌كه‌یه‌، پرۆسه‌ی‌ ئاشتیش له‌توركیا به‌كارده‌هێنێت ئه‌وه‌ش یارمه‌تی‌ داوه‌ كه‌ به‌هێز تر بێت‌و له‌ناو خه‌ڵك جێگای‌ خۆی‌ قایمتر كردوه‌، بۆیه‌ له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا له‌رووی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازییه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ زۆر به‌هێز بووه‌، واته‌ ئه‌و دوو ساڵه‌ بۆ په‌كه‌كه‌ دوساڵی‌ زێڕینن له‌و كاته‌وه‌ی‌ كه‌ دروست بووه‌.

 

نیقاش: توركیا چۆن سه‌یری‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ ده‌كات ئایا له‌لای‌ ئه‌و پرسی‌ ئاشتی‌ پرسێكی‌ ستراتیژییه‌ یان تاكتیكیه‌؟

عوسمان ئۆجه‌لان: به‌ر له‌هه‌موو شتێك رێبه‌ر ئاپۆ جدییه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیادا‌و لای‌ ئه‌و پرسێكی‌ ستراتیژییه‌، به‌شێكی‌ پرۆسه‌كه‌ش گرێدراوی‌ ژیانی‌ رێبه‌ر ئاپۆیه‌، چونكه‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ ئازادبوونی‌ رێبه‌ر ئاپۆش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی‌ توركیا جدی‌ نییه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌، توركیا ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ په‌كه‌كه‌ بكات، نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد، چاره‌سه‌ری‌ په‌كه‌كه‌ چییه‌، توركیا ده‌یه‌وێت په‌كه‌كه‌ چۆن چه‌ك بكات‌و له‌ توركیا بیخاته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاپۆ ئازاد ببێت پێویستی‌ به‌چاره‌سه‌ركردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئامانجی‌ توركیا‌و ئامانجی‌ ئۆجه‌لان جیاوازن، سه‌ركردایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ش باوه‌ڕیان به‌توركیا نییه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و چاره‌سه‌ر بكات.

 

نیقاش: هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر توركیا ده‌یه‌وێت په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت با ئۆجه‌لان ئازاد بكات، تۆش هه‌مان بۆچوونت هه‌یه‌؟

عوسمان ئۆجه‌لان: به‌ڵی‌ راسته‌، ئه‌گه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ ئازاد ببێت‌و هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد بهاوێژێت، كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

 

نیقاش: ئۆجه‌لان داوای‌ كرد په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت به‌بڕوای‌ تۆ په‌كه‌كه‌ چه‌ك داده‌نێت؟

عوسمان ئۆجه‌لان: مه‌به‌ستی‌ رێبه‌ر ئاپۆ كۆتاییهاتنی‌ خه‌باتی‌ چه‌كدارییه‌ له‌توركیا نه‌ك دانانی‌ چه‌ك، ئه‌گه‌ر توركیا هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ كورد بنێت، په‌كه‌كه‌ش خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ له‌توركیا كۆتایی‌ پێ ده‌هێنێت، كورد ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌توركیا، ده‌توانێت ببێته‌ هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی.

 

نیقاش: ده‌وترێت په‌كه‌كه‌ رێز له‌بۆچوونه‌كانی‌ ئۆجه‌لان ده‌گرێت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ به‌قسه‌ی‌ بكات؟

عوسمان ئۆجه‌لان: نا وانییه‌، هه‌رچی‌ ئۆجه‌لان بیڵێت په‌كه‌كه‌ش جێبه‌جێی‌ ده‌كات، ره‌نگه‌ دوای‌ بخات، به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ر پابه‌ندی‌‌و بڕیار‌و بۆچوونه‌كانی‌ ئه‌و ده‌بێت، ئۆجه‌لان له‌ناو په‌كه‌كه‌ پیاوی‌ یه‌كه‌م‌و ئاخیره‌، پیاوی‌ دووه‌م‌و سێیه‌م‌و چواره‌م نییه‌، له‌ناو په‌كه‌كه‌ هێز‌و گروپێك نییه‌ دژی‌ ئاپۆ بڕیار بدات.

 

نیقاش: پێشبینی‌ ده‌كه‌یت ئۆجه‌لان ئازاد ببێت؟

عوسمان ئۆجه‌لان: جارێ‌ هیچ روون نییه‌، ره‌نگه‌ دوو ساڵی تر له‌ماڵه‌وه‌ زیندانی‌ بێت، واته‌ نیمچه‌ زیندانی‌ بێت، پێشبینی‌ ده‌كه‌م 2018 به‌ته‌واوه‌تی‌ ئازاد بكرێت، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌.

 
 
 
 
سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌