راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رێككه‌وتنی‌ 50 ساڵه‌ی‌ هه‌رێم‌و توركیا به‌ناڕوونی‌ ماوه‌ته‌وه‌

رێكه‌وتنێك بۆ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و توركیای‌ په‌یوه‌ستكردووه‌ به‌یه‌كه‌وه‌و له‌چه‌ند…
23.04.2015  |  سلێمانی
Getting closer: On the border between Turkey and Iraqi Kurdistan.
Getting closer: On the border between Turkey and Iraqi Kurdistan.

كۆتایی ساڵی‌ 2013، كاتێك حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ حكومه‌تێكی‌ كار به‌ڕێكه‌ربوو، رێككه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ توركیا واژووكرد، كه‌ دواتر ناوبراو چه‌ند بۆنه‌یه‌كی‌ جیاوازدا رایگه‌یاند ئه‌و رێككه‌وتنه‌ چه‌ند بوارێك ده‌گرێته‌وه‌و بۆ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵ له‌نێوان هه‌ولێرو ئه‌نقه‌ره‌ واژووكراوه‌.

واژووكردنی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌، نیگه‌رانییه‌كی‌ زۆری‌ حكومه‌تی‌ ئه‌وكاتی‌ عێراقی‌ به‌دواوه‌ هات، كه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ مالیكی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌و فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كرده‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ببڕێت، ئێستا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆچی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكراناكات؟ هه‌روه‌ها بۆچی‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ فریادره‌سێك بۆ چاره‌سه‌كردنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی هه‌رێم؟

نێچیرڤان بارزانی‌ رۆژی‌ 13ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2013 له‌میانی‌ پێشكه‌شكردنی‌ وتارێك، رایگه‌یاند رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ توركیا واژووكردووه‌، كه‌ چه‌ند بوارێك ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 50 ساڵه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ ئاشكرابكات.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌رپرسی‌ باڵا له‌كابینه‌ی‌ حه‌وته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم (2011-2013) ده‌ست نیقاش كه‌وتووه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو توركیا خۆی‌ له‌ 13 خاڵدا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ بواره‌كانی‌ (پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیا)، هه‌روه‌ها (هاوكاری‌ توركیا بۆ هه‌رێم)، (بواری‌ نه‌وت‌و وزه‌ ده‌گرێته‌وه‌).

هه‌ر به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سه‌رچاوه‌كه‌، له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا بواری‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ وا باسكراوه‌، كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم رۆڵی‌ ئه‌رینی‌ هه‌بێت له‌پرۆسه‌یه‌دا هاوكاری‌ توركیاو پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان بكات بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌، كه‌ ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌توركیا.

له‌بواری‌ هاوكاری‌ توركیا بۆ هه‌رێمیش، ده‌بێت حكومه‌تی‌ توركیا له‌چه‌ند بوارێكدا هاوكاری‌ هه‌رێم بكات، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و كاتانه‌ی‌ هه‌رێم رووبه‌ڕووی‌ مه‌ترسی‌ ده‌بێته‌وه‌.

هه‌رچی‌ بواری‌ وزه‌یه‌، كه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ واژووكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌، له‌رێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ ده‌بێت توركیا هاوكاربێت له‌گه‌یاندنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌به‌نده‌ری‌ جه‌یهان، له‌ڕێگه‌ی‌ بۆری‌و تانكه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها توركیا چه‌ند عه‌نبارێك بۆ نه‌وتی‌ هه‌رێم دابینبكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بگه‌یه‌نرێت به‌بازاڕه‌كانی‌ جیهان، هاوكات ده‌بێت هه‌رێم به‌نرخێكی‌ گونجاو سووته‌مه‌نی‌ بۆ ناوخۆی‌ توركیا دابینبكات، له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌رێكی‌ تر.

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پشتڕاستی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رێككه‌وتنێكی‌ 50 ساڵه‌یی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ توركیا هه‌یه‌، كه‌ چه‌ند بوارێك ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌فین دزه‌یی له‌لێدوانێكدا بۆ "نیقاش" ره‌تیكرده‌وه‌ باس له‌ناوه‌ڕۆكی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكات‌و وتی‌: "ئه‌وه‌ی‌ پێویست بێت له‌باره‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ به‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وتراوه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كیش له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ پته‌وكردنی‌ بواری‌ بازرگانییه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا".

نیقاش ئه‌وه‌شی‌ زانیوه‌ هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ جێگه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌رانبه‌ر به‌غدا پشتگیری‌ هه‌ولێر بكات، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و ناكۆكیانه‌ی‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌.

بیرۆكه‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌یتوانی‌ له‌گه‌ڵ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بگاته‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ی‌ پرسی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌ڕێگه‌ی‌ عێراقه‌وه‌، بڕیاریدا نه‌وت راسته‌وخۆ هه‌نارده‌ بكات‌و له‌بازاڕه‌كان بیفرۆشێت.

به‌پێی‌ ده‌ستووری‌ عێراق، هه‌رێمه‌كان ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی‌ له‌وڵاتانی‌ جیهان بكه‌نه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیانه‌شه‌وه‌ ده‌توانن په‌یوه‌ندی‌ له‌چه‌ند بوارێك دروستبكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ بواری‌ بازرگانی‌‌و كه‌لتوری‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند.

حاكم شێخ له‌تیف، پسپۆڕی‌ یاسایی‌و ده‌ستووری‌‌و په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت: به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 121 له‌ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی عێراق، هه‌رێمه‌كان ده‌توانن له‌رێگه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له‌گه‌ڵ وڵاته‌كان په‌یوه‌ندییه‌ كه‌لتووری‌‌و بازرگانییه‌كانیان په‌ره‌پێبده‌ن.

یه‌كێك له‌كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌بواری‌ نه‌وت ئه‌وه‌بوو، كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق ده‌یوت هه‌رێم ناتوانێت نه‌وت هه‌نارده‌ بكات به‌سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان به‌پێی‌ ده‌ستوور نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن.

له‌و باره‌وه‌ حاكم شێخ له‌تیف وتی‌: "له‌ده‌ستووری‌ عێراقدا به‌ڕوونی‌ باسی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام باسی‌ په‌یوه‌ندی‌ بازرگانی‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی‌ یاسایی بۆ ئه‌و بڕگه‌یه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ كردبێت‌و به‌غداش به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ بكات".

به‌ڵام سه‌فین دزه‌یی جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بواری‌ بازرگانی‌ نه‌وت‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ هیچ رێگه‌یه‌كی‌ نه‌گرتووه‌ته‌ به‌ر كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستوورو یاساكانی‌ عێراق بێت.

له‌بواری‌ نه‌وتدا رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ دۆكتاشی‌ توركی‌ واژووكراوه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری‌ جه‌یهان له‌سه‌ر ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست‌و عه‌نباركردنی‌، كه‌ تائێستا دیار نییه‌ به‌شی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌و كاره‌ چه‌نده‌.

عیزه‌ت سابر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك په‌رله‌مانی‌ كوردستان داوایان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ زانیارییان پێبده‌ن له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌، ئه‌وه‌ش به‌نووسراوی‌ فه‌رمی‌، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه‌.

عیزه‌ت سابر وتیشی‌: "ته‌نیا له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان ئه‌نجوومه‌نی‌ باڵای‌ نه‌وت‌و گاز له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌مان ئه‌وه‌مان پێوتراوه‌، كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵه‌و بواری‌ نه‌وت‌و وزه‌و چه‌ند بوارێكی‌ تر ده‌گرێته‌وه‌".

په‌رله‌مانتارانی‌ هه‌رێم باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ته‌نیا له‌نێوان چه‌ند كه‌سێكدا زانراوه‌، ئه‌وانیش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیاو ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیاو تانه‌ر یه‌ڵدز وه‌زیری‌ وزه‌ی‌ توركیاو نێچیرڤان بارزانی‌‌و ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سورشتییه‌كانی‌ هه‌رێم.

په‌رله‌مانتارێك كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاو نه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ریه‌كه‌ له‌عیماد ئه‌حمه‌د جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم له‌كابینه‌ی‌ حه‌وت‌و قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌كابینه‌ی‌ هه‌شت‌و رێباز محه‌مه‌د وه‌زیری‌ دارایی، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ گازو نه‌وتن له‌هه‌رێم زانیارییان له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ نییه‌".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت: "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو ئه‌نقه‌ره‌ ته‌نیا رێككه‌وتنێكه‌، كه‌ كه‌مترین كه‌س له‌باره‌وه‌یه‌ زانیاری‌ هه‌یه‌، دڵنیام زۆرێك له‌به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌كابینه‌ی‌ هه‌شت زانیارییان له‌و باره‌وه‌ نییه‌، له‌وانه‌ش رێباز محه‌مه‌د وه‌زیری‌ دارایی".

هاوكات عیزه‌ت سابر جه‌ختده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و رای‌ گشتی‌ روونبكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئه‌وه‌ رێككه‌وتنێكه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌نه‌وه‌كانی‌ داهاتووه‌وه‌ هه‌یه‌.

پێشتر تانه‌ر یه‌ڵدز، وه‌زیری وزه‌ی توركیا رایگه‌یاندبوو تا كانوونی دووه‌می رابردوو داهاتی نه‌وتی هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ 700 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام له‌و مانگه‌ به‌دواوه‌ تائێستا زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ داهاته‌كه‌وه‌ ئاشكرانه‌كراوه‌، به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، داهاتی‌ نه‌وتی‌ فرۆشراوی‌ هه‌رێم له‌هاڵبانك هه‌ڵده‌گیرێت له‌توركیا.

یه‌ڵدز ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاندبوو، كه‌ له‌سێ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 47 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی، وێڕای ئه‌وه‌ش هه‌رێم هه‌وڵی زیادكردنی هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌دات.

یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ دژایه‌تی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ ده‌كرد، حكومه‌تی‌ عێراق بوو، به‌تایبه‌تی‌ كابینه‌ی‌ پێشوو، به‌ڵام دوای‌ واژووكردنی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ له‌مانگی‌ 12 ساڵی‌ رابردوو، كابینه‌ی‌ نوێ‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ بێده‌نگی‌ سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌ربڕی‌.

به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بێت رۆژانه‌ بڕی‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رێگه‌ی‌ كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ عێراق (سۆمۆ) هه‌نارده‌بكات، له‌به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی‌ عێراق مانگانه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 17% به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌، ئه‌وه‌ش جێكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوای‌ راده‌ستكردنی‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ دیاریكراوه‌ به‌عێراق، ئه‌وا مافی‌ خۆیه‌تی‌ بڕێك نه‌وت به‌بێ‌ دیاریكردنی‌ رێژه‌كه‌ی‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، ئه‌وه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو ئه‌نقه‌ره‌.

ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌"نیقاش"ی‌ وت: "تائێستا ئێمه‌ داوای‌ زانیاریمان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌كردووه‌ له‌باره‌ی‌ رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ توركیا".

ئارێز عه‌بدوڵڵا وتیشی‌: "هه‌ركاتێك پێویست بكات داوای‌ زانیاری‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام تائێستا شتێكی‌ ئه‌وتۆ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌".

چاودێرانی‌ سیاسی‌ پێیانوایه‌ واژووكردنی‌ رێككه‌وتنێكی‌ له‌و شێویه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه‌ ناكرێت له‌نێوان دوو حكومه‌تدا رێككه‌وتنێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ واژووبكرێت.

نیاز حه‌مید نوسه‌رو شاره‌زا له‌سیاسه‌تی‌ توركیا كه‌ زیاتر له‌میدیاكانی‌ نزیك له‌پارتی‌ كرێكاران ده‌نوسێ‌، پێیوایه‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان توركیاو هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌و رێككه‌وتنانه‌ی‌ كه‌مترین زانیاری‌ له‌باره‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌و ده‌ڵێت: "یه‌كێكه‌ له‌دۆسییه‌ هه‌ره‌ ناشه‌فافه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌لاَته‌، كه‌ زانیاری زۆر نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆسییه‌".

نیاز حه‌مید بۆ "نیقاش" وتیشی‌ "ئیمزاكردنی رێككه‌وتنامه‌یه‌كی ئاوا خۆی له‌خۆیدا جێگه‌ی گومانه‌، گرێبه‌ستی‌ وا ستراتیژی ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێت دوو ده‌وڵه‌تی فه‌رمی ناسراو له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ره‌زامه‌ندبن، چونكه‌ له‌ده‌رئه‌نجامدا نه‌وته‌كه‌ ده‌چێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر بازاره‌كانی دنیاو دواجار به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زۆرو زه‌به‌نده‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كان، بۆیه‌ ئه‌م گرێبه‌سته‌ ناشه‌فافه‌و ئاینده‌ی نابێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌