راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جارێكی‌ تر برینی‌ به‌هه‌رێمبوونی‌ به‌سره‌ كولایه‌وه‌

وه‌حید غانم
ئه‌وانه‌ی‌ پاڵپشتی‌ به‌هه‌رێمبوونی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ چه‌ند مانگی‌ داهاتوو بۆ ئه‌و پارێزگایه‌…
9.04.2015  |  به‌سرا
Basra boasts a port and provides much of Iraq's oil.
Basra boasts a port and provides much of Iraq's oil.

جاری‌ یه‌كه‌م حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر قازی‌ وائیل عه‌بدولله‌تیفی‌ په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو ده‌ستپێشخه‌ریی‌ به‌هه‌رێمبووتی‌ به‌سره‌ی‌ راگه‌یاند، ئه‌وكات نه‌یتوانی‌ له‌هه‌وڵه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت به‌هۆی‌ كۆنه‌بوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ پێویستی‌ ده‌نگ بۆ ئه‌نجامدانی‌ راپرسی‌، به‌ڵام پشتیوانانی‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ پێیان وایه‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو هه‌م هۆشیاری‌ خه‌ڵكی‌ زیادكردووه‌و هه‌م شكستی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانیش زیاتر روونبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا سه‌ركه‌وتنی‌ بیرۆكه‌كه‌ چانسی‌ زیاتری‌ له‌پێشه‌.

قازی‌ وائیل عه‌بدولله‌تیف له‌باره‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئێستاوه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ عه‌شایه‌ری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی‌ له‌رابردوودا دژی‌ بیرۆكه‌كه‌ بوون، ئێستا بۆچونیان گۆڕاوه‌و ئه‌و ده‌نگانه‌ زیادیان كردووه‌ كه‌ داوای‌ به‌هه‌رێمبوونی‌ به‌سره‌ ده‌كه‌ن، قۆناغی‌ دووه‌م كارمان ئه‌وه‌یه‌ فۆرم بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ بۆ زانینی‌ ژماره‌ی‌ پشتیوانان، ئینجا كیانێك پێكبهێنین‌و داوا له‌كۆمسیۆن بكه‌ین راپرسی‌ ئه‌نجام بدات".

ئه‌و پێی وایه‌ ئێستا بارودۆخه‌كه‌ له‌بارتره‌و خه‌ڵك بۆیان روون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ یاری‌ به‌سه‌روه‌ت‌و سامانه‌كه‌یان ده‌كرێت‌و ده‌ڵێت "به‌سره‌ 85% بودجه‌ی‌ عێراق دابین ده‌كات كه‌چی‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر به‌رزی‌ هه‌ژاری‌ تێدایه‌، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ بێكارو زۆربوونی‌ رێژه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كان‌و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌".

ژماره‌یه‌ك كه‌سی‌ خۆبه‌خش ئێستا ده‌ستیان كردووه‌ به‌راگه‌یاندنی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ئیمزا كۆكردنه‌وه‌‌و بۆ پێشكه‌شكردنی‌ داواكارییه‌كه‌ به‌ده‌نگی‌ له‌سه‌دا ده‌ی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگاكه‌، به‌ڵام تاقیكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ بتوانن زیاتر له‌سه‌دا په‌نجای‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن، واته‌ 400 هه‌زار كه‌س به‌به‌ڵێ‌ ده‌نگ بدات، وه‌ك خۆشیان ده‌ڵێت هه‌فته‌یه‌كی‌ تر داواكارییه‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و له‌وێشه‌وه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران تا له‌ماوه‌ی‌ مانگێكدا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ده‌رببڕێت.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ ئێستا راگه‌یه‌ندراوه‌ له‌وانه‌ی‌ پێشوو رێكخراوتره‌و چه‌ندین میدیایان له‌پشته‌وه‌یه‌، له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كیشدا ئاڵای‌ پێشنیاركراوی‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

هه‌وڵی‌ ئه‌م خه‌ڵكانه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی‌ یاریزانه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌ دژی‌ بیرۆكه‌كه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌واد به‌زونی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ پشتیوانی‌ خواستی‌ مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ هاندانی‌ پێكهێنانی‌ هه‌رێمدا نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ له‌سه‌ر سنوری‌ پارێزگاكان‌و سه‌رچاوه‌ ئاویی‌‌و پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ وه‌ك كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باشوورو كاره‌باو نه‌خۆشخانه‌كان دروست نه‌بێت".

به‌زونی‌ پێی‌ وایه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ ئێستا كاتێكی‌ له‌بار نییه‌ بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ وایده‌بینێت كه‌ جێبه‌جێكردنی‌ یاسای‌ ژماره‌ 21ی‌ هه‌مواركراو بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ له‌هه‌رێمدا رێكنه‌خراون باشتره‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌شت پارێزگا ده‌داته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان.

مانگی‌ رابردوو هه‌ریه‌ك له‌فوئاد مه‌عسوم سه‌ره‌ك كۆمارو حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و وه‌زیری‌ به‌رگری‌ سه‌ردانی‌ به‌سره‌یان كرد وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ خه‌ڵك‌و به‌ڵێنیاندا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ زیاتر بده‌ن به‌پارێزگاكه‌، فوئاد مه‌عسوم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ سێ‌ ساڵ له‌و پارێزگایه‌ ژیاوه‌و له‌ناڕه‌حه‌تی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ تێده‌گات.

له‌به‌رامبه‌ردا قازی‌ وائیل گومانی‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "جارێكی‌ تر باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌سره‌ پایته‌ختی‌ ئابورییه‌، ئه‌مه‌ش درۆیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌".

به‌سره‌ (590كم خوارووی‌ به‌غدا) چه‌ندین كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ له‌خۆگرتووه‌و تاكه‌ ده‌رچه‌ی‌ ئاوی‌ عێراقه‌ بۆ سه‌ر كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌‌و رێگه‌ی‌ وشكانی‌ له‌گه‌ڵ ئێران‌و كوه‌یتدا هه‌یه‌، به‌ڵام ساڵ به‌ساڵ بارودۆخی‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ی‌ سه‌راپای‌ عێراقی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، كه‌سێكی‌ وه‌ك د. عه‌دنان فه‌رحان پسپۆڕی‌ ئابوری‌ پێی‌ وایه‌ جێبه‌جێكردنی‌ بیرۆكه‌ی‌ به‌هه‌رێمبوون كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێكهێنانی‌ هه‌رێم پاره‌یه‌كی‌ له‌راده‌به‌رده‌ری‌ ده‌وێت‌و پێویستی‌ به‌دروستكردنی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشكی‌ به‌سره‌ هیچ زیاد ناكات له‌ناو بودجه‌ی‌ گشتیدا".

فه‌رحان پێی‌ وایه‌ كێشه‌كه‌ له‌رۆتینی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ شاره‌وانی‌‌و پلاندانانه‌وه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ خواستی‌ به‌هه‌رێمبوون زیاد بكات‌و ده‌ڵێت "گه‌نده‌ڵی‌ كێشه‌ی‌ زۆری‌ بۆ به‌سره‌ دروستكردووه‌، به‌ڵام كێ‌ ده‌ڵێت حكومه‌ته‌ لۆكاڵییه‌كان له‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ده‌ست پاكتر ده‌بن".

به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌هه‌رێمبووندان زیاتر گه‌شبینن‌و پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر خواسته‌كه‌یان جێبه‌جێ‌ ببێت ئه‌وا بارودۆخی‌ هه‌رێمه‌كه‌ باشتر ده‌بێت، چونكه‌ خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن به‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پشكی‌ 17% بودجه‌ی‌ هه‌یه‌و پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش 9%یان هه‌بێت به‌چوار ملیۆن كه‌سه‌وه‌، ئه‌وا جیاوازی‌ گه‌وره‌ دروست ده‌بێت.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵگرانی‌ بیرۆكه‌كه‌ زۆر پێداگری‌ ده‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كاره‌كه‌یان مانای‌ پارچه‌بوونی‌ عێراق نییه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌زونی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ئه‌وان له‌وه‌ ده‌ترسن كه‌ لایه‌نی‌ ده‌ره‌كی‌ ده‌ست وه‌ربداته‌ پرۆژه‌كه‌ بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ عێراق، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت به‌ڵگه‌ی‌ پێیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

به‌زونی‌ ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ داوای‌ هه‌رێمی‌ به‌سه‌ره‌ ده‌كه‌ن گرێدراون به‌وڵاتانی‌ دراوسێوه‌، هه‌ندێ‌ له‌و وڵاتانه‌ش به‌پاره‌ كۆمه‌كی‌ پرۆژه‌كه‌یان كردووه‌".

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ پێشكه‌شكردنی‌ داواكارییه‌كه‌، زۆركه‌س گومانیان له‌سه‌ركه‌وتنی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌م له‌سه‌ر ئاستی‌ جه‌ماوه‌ر پشتیوانی‌ زۆری‌ به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌و هه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كاریگه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵیدا نین.

زۆرێك له‌چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م باسه‌ به‌لایه‌كدا نه‌كه‌وێت، ئه‌وا دوور نییه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ نه‌جه‌ف بۆ راگرتنی‌ بارودۆخه‌كه‌ داوا بكات بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك پرۆژه‌كه‌ دوابخرێت، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ پشتیوانی‌ به‌هه‌رێمبوونی‌ به‌سره‌ ده‌كه‌ن به‌ڵێن بده‌ن كه‌ زیانی‌ بۆ یه‌كپارچه‌یی‌ عێراق نییه‌.