راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ساڵی 2014.. گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان

هه‌رێمی کوردستان هێدی هێدی لاپه‌ڕه‌کانی ساڵنامه‌یه‌کی‌ دا‌خست ‌که‌ پڕی بوو له‌گۆڕانکاریی خێراو باوه‌ڕ پێنه‌کراو، خه‌ڵک‌و…
1.01.2015  |  سلێمانی
Popular: The Iraqi Kurdish flag for sale in a marketplace.
Popular: The Iraqi Kurdish flag for sale in a marketplace.

له‌ڕووی سیاسی‌و ئابوورییه‌وه‌، ساڵی 2014 بۆ هه‌رێمی کوردستان، ساڵی گۆڕانکاریی ریشه‌یی‌و راسته‌قینه‌بوو، گۆڕانکارییه‌کان به‌جۆرێک بوون ده‌کرێ بوترێ دوای ساڵی 1991و 2003 هیچ کاتێ وه‌کو ئه‌مساڵه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ گۆڕانکاریی خێرای به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.

بڕینی موچه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌غداو ده‌رکه‌وتنی چه‌کدارانی داعش، دوو له‌هه‌ره‌ گه‌وره‌ترین رووداون که‌ تا چه‌ند ساڵی دیکه‌ کاریگه‌رییه‌ به‌رجه‌سته‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌مێننه‌وه‌. چونکه‌ هه‌ردوو رووداو تاقیکردنه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌کراوبوون له‌سه‌ر ئاستی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی.

سزای پایته‌خت

سه‌ره‌تای مانگی شوباتی 2014 ئاسۆی ململانێیه‌کی سیاسی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌رکه‌وت که‌ تاکۆتایی ئه‌مساڵ درێژه‌ی کێشاو تائاستێکی زۆر ئابووریی کوردستانی لاوازو که‌نه‌فته‌ کرد، ئه‌ویش سزای بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌بودجه‌ی گشتی عێراق بوو.‌ نوری مالیکی سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشوو داڕێژه‌رو جێبه‌جێکاری ئه‌و سیاسه‌ته‌بوو، پاساوه‌کانی به‌غدا بۆ بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ملنه‌دان‌و نه‌هاتنه‌ ژێرباری هه‌ولێر له‌پرسی ده‌رهێنان‌و هه‌ناردنی نه‌وتی کوردستان بوو، دواجار هه‌رێمی کوردستان قسه‌ی خۆی برده‌ سه‌رو بێ پرسی به‌غدا رۆژی21ی حوزه‌یرانی 2014 فرۆشتنی یه‌که‌م وه‌جبه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌کراو له‌ڕێی تورکیاوه‌ی راگه‌یاند.

له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و سزا ئابوورییه‌ی پایته‌خت، ئابووریی‌و بازاڕی کوردستان توشی زیانێکی یه‌کجار زۆر هات‌و به‌شی هه‌ره‌ زۆری پرۆژه‌ ئابووریی‌و وه‌به‌رهێنه‌کان راوه‌ستان‌و موچه‌خۆرانی حکومیی له‌هیچ مانگێکدا له‌کاتی خۆیدا موچه‌یان پێنه‌درا، ئه‌وه‌یش بازاڕی هێنده‌ی دیکه‌ لاوازکرد.

هه‌ڵبژاردن... گۆڕینی هاوسه‌نگیی

رۆژی 30ی نیسانی 2014 هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوون که‌ تێیدا نه‌خشه‌ی سیاسی‌و هێز گۆڕانکاریی گه‌وره‌ی به‌سه‌رداهات. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا جارێکی دیکه‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان توانی ده‌نگێکی زیاتر له‌هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلولی 2013 به‌ده‌ستبێنێ‌و باڵانسی هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دابشکێنێته‌وه‌. به‌وه‌ش ئاسته‌نگی زۆر هاته‌ به‌رده‌م پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌می حکومه‌ت که‌ تێیدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان تێیدا براوه‌ی یه‌که‌م‌و دووه‌م بوون.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی له‌ده‌ڤه‌ری پارێزگای سلێمانی، ده‌نگی زۆر بێنێ‌و به‌وه‌یش مه‌ترسی راسته‌قینه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات‌و نفوزی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ دروستکرد که‌ به‌درێژایی 23 ساڵ حاکمی موتڵه‌قی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌بوو، ئه‌نجامه‌که‌ی وا شکایه‌وه‌ دوای‌ زیاتر له‌حه‌وت مانگ‌ 11ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2014 ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردرا.

ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی 30ی نیسان کاریگه‌ریشی هه‌بوو بۆ سه‌رپێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌می حکومه‌تی هه‌رێم که‌ توانی نزیکه‌ی 9 مانگ په‌کی راگه‌یاندنی کابینه‌ی هه‌شته‌م بخات. رۆژی 18ی حوزه‌یران کابینه‌ی هه‌شته‌م راگه‌یه‌نراو له‌په‌رله‌مانی کوردستان متمانه‌ی پێدرا. له‌و کابینه‌یه‌دا بۆ یه‌که‌مجار دوای 23 ساڵ، ده‌سه‌ڵاتی زۆری پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ که‌مکرایه‌وه‌و هێزێکی دیکه‌ توانی بێته‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌وه‌ ئه‌ویش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو.

گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی

رۆژی 19ی ته‌مموزی 2014 جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رکۆماری پێشووی عێراق‌و سکرتێری گشتی یه‌كێتی‌ دوای نه‌خۆشکه‌وتنی‌و گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئه‌ڵمانیا دوورکه‌وتنه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی ساڵێک‌و حه‌وت مانگ، گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی، ئه‌و ماوه‌یه‌ی تاڵه‌بانی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، گومانێکی زۆر له‌سه‌ر ره‌وشی ته‌ندروستی هه‌بوو، چونکه‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌هیچ جۆرێک نه‌یانده‌هێشت (بێجگه‌ له‌چه‌ند که‌سێکی زۆر تایبه‌تی خۆیان) له‌نزیکه‌وه‌ که‌س بیبینێ، وێنه‌ی ئه‌و له‌ نه‌خۆشخانه‌دا دووجار نیشاندران، به‌ڵام ئه‌وانه‌ نه‌ده‌بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک باوه‌ڕ به‌راستی وێنه‌کان بکات.

تاڵه‌بانی به‌هۆی خه‌باته‌ دورودرێژه‌که‌ی‌و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌که‌ی، رۆڵێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌کوردستان‌و عێراقدا، بۆیه‌ دیارنه‌مانی‌و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی له‌وڵات (20ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2012 - 19ی‌ ته‌مموزی‌ 2014) بۆشایی سیاسی‌و یاسایشی دروستکردبوو، چونکه‌ به‌درێژایی ئه‌و ساڵ‌و حه‌وت مانگه‌ی دووربوو، پۆسته‌که‌ی له‌به‌غدا به‌خاڵیی مابووه‌وه‌.

مۆته‌که‌ی داعش

رۆژی 9ی حوزه‌یرانی 2014 خه‌ڵکی عێراق به‌گشتی‌و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی، که‌وتنه‌ به‌رده‌م رووداوێک که‌ هه‌رگیز چاوه‌ڕێی شتی وایان نه‌کردووه‌، ئه‌ویش هه‌ڵاتن‌و ئاواره‌بوونی هه‌زاران که‌س له‌شاری موسڵ‌و ده‌وروبه‌رییه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێرو دهۆک. دواتر بۆ خه‌ڵک روون بوویه‌وه‌ که‌ هێزێکی چه‌کداری ئیسلامی ده‌ستیان به‌سه‌ر شاری موسڵدا گرتووه‌و سوپای عێراق له‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاوه‌و بڵاوه‌یان لێکردووه‌.

رووداوه‌که‌ی موسڵ به‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵکو زۆر به‌خێرایی هه‌واڵه‌کان شتی دیکه‌یان پێبوو ئه‌ویش کشان به‌ره‌و پارێزگاکانی که‌رکوک‌و سه‌لاحه‌دین بوو له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌. ئه‌و چه‌کدارانه‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌و شارانه‌ ناوو چیرۆکی ترسناکیان به‌هه‌موو عێراقدا بڵاوبوویه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رزوو بووه‌ چیرۆکی گشت ماڵێکی کوردستان.

رۆژی 2ی ئاب، چه‌کدارانی داعش شاری شنگالی زۆرینه‌ ئێزیدیی له‌باکووری شاری موسڵیان کۆنترۆڵ کرد، له‌و هێرشه‌دا کاره‌ساتی گه‌وره‌ روویدا که‌ تێیدا هه‌زاران کچی ئێزیدیی که‌ وه‌کو "غه‌نیمه‌ی موسڵمانان" ناوبرا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌زۆر بران‌و له‌بازاڕه‌کانی شاری موسڵ کڕین‌و فرۆشتنیان پێوه‌کرا، هه‌روه‌ها ده‌یان کوڕی گه‌نج‌و پیاوی به‌ته‌مه‌نی ئێزیدیی به‌کۆمه‌ڵ کوژران دوای ئه‌وه‌ی داوایان لێکرا ببن به‌موسڵمان.

به‌شێکی زۆر له‌دانیشتوانی شنگال له‌ترسی شه‌ڕی داعش به‌چیای شنگالدا هه‌ڵگه‌ڕان، زیاتر له‌50 ژن‌و منداڵ له‌و چیایه‌ له‌برسان‌و بێ ئاوی گیانیان له‌ده‌ستدا.

ساڵێکی پڕ له‌ئاواره‌و سه‌فه‌ری دیپلۆماتی

دوای ده‌رکه‌وتنی داعش‌و داگیرکردنی شاری شنگال‌و مه‌خموور، هه‌رێمی کوردستان بووه‌ جێی بایه‌خی ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان‌و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌خێرایی ئاماده‌ییان نیشاندا بۆ هاوکاری هه‌ولێر.

له‌مساڵدا هه‌ولێر بووه‌ ناوه‌ندی کۆکردنه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له‌سه‌رۆک‌و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا، رۆژی 16ی ئاب (فرانك فالته‌ر شتاینمایه‌ر) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته شاری هه‌ولێرو له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و هه‌رێمه‌ کۆبووه‌وه‌. هه‌روه‌ها‌ رۆژی 20ی ئاب (ماتیۆ رێنتزی) سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ ئیتالیا گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر. له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا به‌رپرسانی ئه‌وروپی جه‌ختیان ده‌کرده‌وه‌ له‌سه‌ر هاوکاریکردنی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعش.

رۆژی 25ی ئۆکتۆبه‌ر ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆکوه‌زیرانی تورکیا سه‌ردانی شاری هه‌ولێری کردو له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی کوردستان کۆبوویه‌وه‌. تورکیاو هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسی‌و ئابووریی زۆرباشیان هه‌یه دوای ئه‌وه‌ی نێوانی هه‌ولێرو به‌غدا ئاڵۆزیی تێکه‌وتووه‌. ئه‌نقه‌ره‌ له‌و ناکۆکییانه‌دا به‌ئاشکرا لایه‌نگیری هه‌ولێر ده‌کات‌و ئاماده‌یه‌ نه‌وتی هه‌نارده‌کراوی کوردستان له‌به‌نده‌ری جه‌یهان هه‌ڵبگرێ تا مشته‌ریی بۆ په‌یدابوو، به‌ڵام دوای داگیرکردنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، نێوانێ ‌هه‌ولێرو ئه‌نقه‌ره‌ ساردییه‌کی تێکه‌وت‌و به‌رپرسانی هه‌ولێر ناراسته‌وخۆ ده‌یانوت تورکیا پشتیکردۆته‌ هه‌رێمی کوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌داعشدا‌.

ته‌نها پێنج رۆژ به‌ر له‌وه‌ی‌ ساڵ‌ كۆتایی‌ بێت‌و له‌رۆژی‌ 26ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ردانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كردوو بۆ ئه‌حواڵپرسینی‌ ته‌ندروستیی‌ چووه‌ لای‌ تاڵه‌بنی‌، دواتر روویكرده‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و یوسف محه‌مه‌دی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكوومه‌ت كۆبووه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌مساڵ هه‌رێمی کوردستان زۆرترین ئاواره‌ له‌ناوچه‌کانی شنگال‌و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ روویان تێکرد. به‌گوێره‌ی ئاماری به‌رپرسانی هه‌رێم زیاتر له‌ملیۆنێک‌و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ له‌مساڵدا هاتوونه‌ته‌ پارێزگاکانی هه‌ولێرو دهۆک‌و سلێمانی. به‌جۆرێک کاربه‌ده‌ستان رایانگه‌یاند چیتر توانای جێکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاواره‌یان نییه‌و حکومه‌ت ناتوانێ پێویستییه‌کانیان بۆ دابین بکات.

به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌

ئه‌مساڵ جیاوازتر له‌ساڵانی پێشوو، هه‌رێمی کوردستان رووداوی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره تێیدا رووینه‌دا که‌ ساڵانی پێشوو رووداوێک یان چه‌ند رووداوێک ده‌بوونه‌ جێی باسی خه‌ڵک‌و میدیاکان، ئه‌مساڵ بێجگه‌ له‌هه‌واڵی بڕینی بودجه‌و دواکه‌وتنی موچه‌، هه‌واڵی به‌پارێزگابوونی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌رۆژی 13ی ئازار (سێ رۆژ به‌ر له‌یادکردنه‌وه‌ی کیمیابارانکردنی له‌16ی ئازاری 1988 له‌لایه‌ن سوپای سه‌دام حوسێن) له‌لایه‌ن سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئیمزاکرا، زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌کوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش.

ئازاری‌ ته‌قینه‌وه‌

هه‌رچه‌نده‌ به‌راورد به‌ناوچه‌كانی‌ تر، هه‌رێمی‌ كوردستان ئارامییه‌كی‌ زۆری‌ تیا ده‌سته‌به‌ره‌، به‌ڵام رۆژی 19ی‌ تشرینی‌ دووه‌م له‌شاری هه‌ولێر ئوتۆمبیلێک که‌ که‌سێکی خۆکوژی تێدابوو، له‌به‌رده‌م ته‌لاری پارێزگای هه‌ولێر ته‌قێنرایه‌وه‌و له‌ئاکامدا 5 که‌س کوژران‌و 23ی دیکه‌ برینداربوون. دواتر داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ راگه‌یاند، ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ش كۆتاییه‌كی‌ ئازاربه‌خشی‌ به‌خشی‌ به‌رووداوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2014دا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌