راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

وه‌زیری‌ ژنانی‌ عێراق
گێڕانه‌وه‌ی ژنه‌ رفێندراوه‌كانی‌ لای‌ داعش ئاسان نییه

ئاڵا لەتیف
وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ ژنان رایده‌گه‌یه‌نێت ئاماری‌ دروستیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ زانینی‌ ژماره‌ی‌…
18.12.2014  |  سلێمانی
Bayan Nouri, the new Minister for Women’s Affairs in Iraq.
Bayan Nouri, the new Minister for Women’s Affairs in Iraq.

به‌یان نوری‌ كه‌ پاڵێوراوی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بوو بۆ ئه‌و پۆسته‌، بۆچوونی‌ خۆی‌ له‌باره‌ی‌ فره‌ ژنی‌ روونده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "پلانمان نیه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی‌ فره‌ژنی‌ به‌ته‌واوی‌، بەڵام بۆ مه‌رجدارکردنی‌ له‌هه‌وڵدا ده‌بین".

هه‌ر له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ تایبه‌ته‌ی‌ "نیقاش"دا وه‌ڵامی‌ چه‌ندین پرسیار له‌باره‌ی‌ كاروباری‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌داته‌وه‌.

نیقاش: چ شتێک به‌گه‌وره‌ترین ته‌حه‌دای‌ به‌رده‌م کاری‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ت ده‌بینیت؟

به‌یان نوری‌: وه‌زاره‌ته‌که‌ی‌ ئێمه‌‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ک خاوه‌ن حەقیبه‌، واته‌ نه‌ بودجه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ نه‌ که‌سایه‌تیه‌کی‌ مه‌عنه‌وی‌ سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکو بەستراوه‌ته‌وه‌ به‌ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه، بۆیه‌ ناتوانێت راسته‌وخۆ پڕۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بێت ته‌نها به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان‌و وه‌زاره‌ته‌کانی‌ تردا پرۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌کات.

نیقاش: به‌پێی‌ راپۆرته‌ جیهانییه‌کان ژنان له‌عێراقدا له‌بارودۆخێکی‌ خراپدان، تۆ ده‌توانیت له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌دا چ شتێک به‌قازانجی‌ ژن بگۆڕیت؟

بەیان نوری: ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ به‌چه‌ندین ساڵ خراپ بووه‌ بێگومان به‌چوار ساڵ هه‌مووی‌ چاک ناکرێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌هه‌وڵدا ده‌بین له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا بارودۆخه‌که‌ به‌ره‌و باشتر ببرێت، به‌نموونه‌ گرنگیدان به‌یه‌که‌کانی‌ پاراستنی‌ خێزان‌و هاوکاری کردنیان له‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌مه‌به‌ستی‌ که‌مکردنه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ خێزانی‌، به‌هێزکردن له‌بواری‌ ئابووری‌ له‌رێگه‌ی‌ قه‌رزو پرۆژه‌ی‌ بچوک به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گەڵ وه‌زاره‌تی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایه‌تی‌، هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ بۆ گرنگی‌ زیاتر به‌خوێندنی‌ کچان که‌ تائێستا جیاوازیه‌کی‌ به‌رچاو هه‌یه‌ له‌رێژه‌ی‌ ئه‌و کچ‌و کوڕانه‌ی‌ که‌ قۆناغی‌ ناوه‌ندی‌‌و ئاماده‌یی ته‌واو ده‌که‌ن، هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ بایه‌خدانی‌ زیاتر به‌ته‌ندروستی‌ ئافره‌تان، کردنه‌ ئامانجی‌ دابه‌زاندنی‌ رێژه‌ی‌ مردنی‌ ئافره‌تی‌ دووگیان به‌رێژه‌یه‌کی‌ به‌رچاو، به‌شداری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئافره‌تان له‌پێگه‌ی‌ بڕیار، ئێستا له‌بواری‌ یاساییدا چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک ئاماده‌یه‌ بۆ ئیش له‌سه‌رکردن، چونکه‌ ئێمه‌ کار به‌ستراتیژیه‌تی‌ راپه‌ڕاندنی‌ ئافره‌تی‌ عێراقی‌ ده‌که‌ین که‌ له‌شەش ته‌وه‌ره‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه (یاسایی، په‌روه‌ردەو فێرکردن، ته‌ندروستی‌، کار، پێگه‌کانی‌ بڕیار، دام وده‌زگا تایبه‌ته‌ کانی‌ کار بۆ ئافره‌ت ده‌که‌ن).

نیقاش: زیاتر له‌ملیۆنێک بێوه‌ژنی‌ بێده‌رامه‌ت له‌عێراقدا هه‌یه‌، چیتان کردووه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌؟

بەیان نوری: تائێستا که‌ 50 رۆژه‌ ده‌ست به‌کاربووم‌و بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2014ش په‌سه‌ند نه‌کراوه‌ هه‌نگاوی‌ کرداری‌ تازه‌ نه‌نراوه، به‌ڵام بۆ 2015 پلانمان هه‌یه‌ بۆ دابینکردنی‌ رێژه‌یه‌کی‌ دامه‌زراندنی‌ ساڵانه‌ بۆ بێوه‌ژنان، به‌هێزکردنی‌ بواری‌ ئابووریان له‌رێگه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ بچوک‌و قه‌رزه‌وه، دابینکردنی‌ رێژه‌یه‌کی‌ زیاتری‌ یه‌که‌ی‌ نیشتەجێبوون له‌پرۆژه‌کانی‌ نیشته‌جێبوون به‌بڕی‌ %25ی‌ نرخی‌ خۆی‌ که‌ ئه‌و بڕەش له‌ماوه‌ی‌ 20 ساڵدا ده‌درێت.

نیقاش: پلانتان چییه‌ بۆ خێزانی‌ عێراقی‌ له‌کاتێکدا وه‌ک خۆتان پێشتر ئاماژەتان بەوە کردوە کە رێژه‌ی‌ توندوتیژی‌ خێزانی‌ له‌هه‌موو جۆره‌کانی‌ دیکه‌ی‌ توندوتیژی‌ زیاتره‌؟

بەیان نوری: یه‌که‌ی‌ پاراستنی‌ خێزان دامه‌زراوه‌و له‌کاردان، ئێستا پرۆژه‌ یاسای‌ پاراستنی‌ خێزان ئاماده‌کراوه‌ بێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ئه‌گه‌ر له‌وێ په‌سه‌ندکرا ده‌چێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ئه‌م یاسایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رچێت تاراده‌یه‌ک وا ده‌زانین کاریگه‌ری‌ ده‌بێت لەسه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ خێزانی‌. جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌هه‌وڵی‌ کردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ رۆشنبیری‌‌و راهێناندا ده‌بین بۆ ئه‌و بواره.

نیقاش: به‌دیاریکراوی‌ قسه‌ی‌ تۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ باری‌ که‌سێتی‌ جه‌عفه‌ری‌ چییه‌ که‌ رێگه‌ به‌ به‌شودانی‌ کچانی‌ ته‌مه‌ن ٩ ساڵان ده‌دات؟

بەیان نوری: ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێک له‌گەڵ به‌شودانی‌ کچی‌ بچوکدا نین به‌تایبه‌ت 9 ساڵ، ده‌بێت چاره‌سه‌ری‌ یاسایی‌و کرده‌یی بدۆزینه‌وه‌ بۆ ئەو بۆشاییه‌ یاساییەی که‌ ئێستا هه‌یه، پرۆژه‌ یاسای‌ جه‌عفه‌ری‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ کاروباری‌ ژنانه‌وه‌ له‌خولی‌ پێشوشدا ره‌تکراوەته‌وه.

نیقاش: له‌کوردستان فره‌ژنی‌ به‌یاسا قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، به‌ڵام هێشتا پارێزگاکانی‌ دیکه‌ی‌ عێراق ده‌روازه‌یه‌کن بۆ ئه‌وه‌ی‌ پیاوان بۆ هێنانه‌وه‌ی‌ ژنی‌ دووه‌م‌و سێیه‌م روی‌ تێبکه‌ن، هیچ پلانێکت نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌عێراقیش فره‌ژنی‌ قه‌ده‌غه‌ بکرێت؟

بەیان نوری: پلانمان نیه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی‌ به‌ته‌واوی‌، بەڵام بۆ مه‌رجدارکردنی‌ له‌هه‌وڵدا ده‌بین، چونکه‌ دڵنیاین قه‌ده‌غه‌کردنی‌ به‌ته‌واوی‌ به‌زیان ده‌شکێته‌وه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تاندا له‌م بارودۆخه‌ی‌ عێراقداو رێژه‌ی‌ ته‌ڵاق زیاد ده‌کات.

نیقاش: قسه‌ت له‌سه‌ر یاسای‌ باری‌ که‌سێتی‌ عێراقی‌ چییه‌؟ هیچ مادده‌یه‌کی‌ تێدا هه‌یه‌ که‌ به‌پێویستی‌ بزانیت هه‌موار بکرێته‌وه‌ یان وه‌ک خۆی‌ یاساکه‌ بمێنێته‌وه‌؟

بەیان نوری: تائێستا ماوه‌یه‌کی‌ که‌مه‌ له‌ناو ژنانی‌ پارێزگاکانی‌ ناوەڕاست‌و باشووری‌ عێراقدا ده‌ژیم، ناتوانم ئه‌و شاره‌زاییه‌ی‌ که‌ وه‌رمگرتووه‌ له‌هه‌رێمی‌ کوردستان له‌سه‌ر یاساکانی‌ باری‌ که‌سێتی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ که‌ به‌خوێندنه‌وه‌و نەزەری‌ وه‌رمگرتوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پارێزگایانه‌ی‌ عێراق بکه‌مه‌ بنه‌مایه‌ک بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌و ئه‌وه‌ی‌ خۆم قه‌ناعه‌تم به‌گۆڕینی‌ هه‌یه‌ داوای‌ گۆڕینی‌ بۆ بکه‌م، بەڵکو سه‌ره‌تا هه‌نگاو ده‌نێین بۆ دوو توێژینه‌وه‌ یه‌کێکیان دیاریکردنی‌ ئه‌و بڕگه‌ یاساییانه‌ی‌ که‌ جیاکاری‌ له‌نێوان ژن‌و پیاودا دروست کردوه‌و راده‌ی‌ پێویستی‌ گۆڕینیان، دووه‌میان توێژینه‌وه‌یه‌کی‌ به‌راوردکاری‌ ده‌بێت به‌سه‌رجه‌م یاساکانی‌ وڵاته‌ کانی‌ دراوسێ‌و عه‌ره‌بی‌‌و ئیسلامیه‌کان، ئه‌و کاته‌ زانستیانه‌ ده‌توانین بڕیار بده‌ین‌و هه‌نگاو بنێین بۆهه‌موارکردنی‌ یاسایی که‌ یه‌که‌م ته‌وه‌ره‌ی‌ ستراتیژی راپه‌ڕاندنی‌ ئافره‌تانی‌ عێراقه‌ له(2014 تا 2018).

نیقاش: ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌ک بێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران تایبه‌ت بێت به‌یه‌کێک له‌مانه‌ ده‌نگی‌ پێده‌ده‌یت، بۆچی‌؟ قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە، مارەبڕین لەدەرەوەی دادگا، نەهێشتنی نیقاب؟

بەیان نوری: دەربارەی قه‌ده‌غه‌کردنی‌ خه‌ته‌نه‌ی‌ مێینه‌، پرۆژه‌ی‌ وا زۆر دووره‌ بێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌پارێزگاکانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوور نیه‌ وەک هه‌رێمی‌ کوردستان، ئه‌گه‌ر شتی‌ واش بێته‌ پێشه‌وه‌ بێگومان ره‌تیده‌که‌ینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زیانی‌ ته‌ندروستی‌‌و ده‌روونی‌ هه‌یه‌ بۆ کچان.

ماره‌بڕین له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ دادگا، به‌هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵی‌ نین، ئێستا تاراده‌یه‌ک ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆته‌ باوو کێشه‌ی‌ دروست کردوه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی‌ که‌ جیاده‌بنه‌وه‌و منداڵیان به‌ئاسانی‌ نابنه‌ خاوه‌نی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌کان.

دەربارەی نەهێشتنی نیقابیش له‌گەڵ ئازادی‌ جل‌و به‌رگدام نه‌ک به‌یاساکردنی‌.

نیقاش: ژنه‌ په‌رله‌مانتارێکی‌ لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق جه‌ختده‌کاته‌وه‌ که‌ ژنان له‌زیندانه‌کاندا روبه‌ڕوی‌ توندوتیژی‌ سێکسی‌ ده‌بنه‌وه‌، ئاگاداری‌ ئه‌مه‌ هه‌یت؟ پلانت چییه‌ بۆی؟

بەیان نوری: بیستومانه‌و ئێستا له‌هه‌وڵی‌ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌که‌داین، پاشان وه‌زاره‌ت پلان داده‌نێت نه‌ک وه‌ک شه‌خسی‌.

نیقاش: کچانی‌ کۆبانێ ئه‌مڕۆ له‌جیهاندا بونه‌ته‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجی‌ میدیا جیهانییه‌کان، تۆ وه‌ک ژنێکی‌ کورد چ په‌یامێکت هه‌یه‌ بۆیان؟

بەیان نوری: ده‌ست خۆشیمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وان‌و بۆ هه‌ر ئافره‌تێک که‌ له‌پێناو خاکیدا گیانی‌ خۆی‌ ده‌به‌خشێت.

نیقاش: ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ئێستای‌ شه‌ڕی‌ داعش ژماره‌یه‌ک زۆر له‌ژنانی‌ ئاواره‌ کردوه‌، چۆن یارمه‌تی‌ ئه‌و ژنانه‌ ئه‌ده‌ن؟

بەیان نوری: یارمه‌تیه‌کانیان له‌رێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ کۆچ‌و کۆچبه‌رانه‌وەیه، ئێمه‌ ته‌نها ده‌توانین له‌بواری‌ ده‌رونیه‌وه‌ هاوکاریان بین، جگه‌ له‌گه‌یاندنی‌ ده‌نگ‌و پێداویستیه‌کانیان به‌رێکخراوه‌ نێوده‌وڵەتیەکان، هه‌وڵدراوه‌ له‌دابینکردنی‌ پێداویستیه‌کاندا ره‌چاوی‌ پێداویستی‌ ئافره‌تان بکریت.

نیقاش: وه‌زاره‌ته‌که‌ت هیچ هه‌وڵێکی‌ هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ژنه‌ رفێنراوه‌کانی‌ لای‌ داعش؟

بەیان نوری: گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەتانە کارێکی ئاسان نیە، له‌هه‌موو جیهاندا له‌کاتی‌ کێشه‌ چه‌کدارییه‌کاندا له‌و جۆره‌ تاوانانه‌ کاتێک ئه‌نجام ده‌درێت به‌ئاسانی‌ چاره‌سه‌ر ناکرێت، وه‌زاره‌ت هه‌وڵی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ بۆهاوکاری‌ له‌گەڵ هه‌موو لایه‌نه‌کاندا.

نیقاش: به‌پێی‌ زانیارییه‌کانی‌ ئێوه‌ ژماره‌ی‌ ژنه‌ رفێندراوه‌کان چه‌ندن؟ ئێستا که‌وتونه‌ته‌ کوێ؟

بەیان نوری: ژماره‌ی‌ دروست دیار نیه، هه‌ر لایه‌نێک ژماره‌یه‌ک ده‌ڵێت. به‌داخه‌وه‌ ئاماری دروست‌و زانستیانه‌ نه‌کراوه‌، بۆ شوێنیشان ئاشکرایه‌ که‌ بڵاوه‌یان پێکراوه‌ له‌چه‌ندین شوێن.

نیقاش: ئه‌و ژنانه‌ی‌ که‌ به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ک بێت له‌ده‌ستی‌ داعش ده‌ربازیان بوه‌، وه‌زاره‌ته‌که‌ت چ پلانێکی‌ هه‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانیان؟

بەیان نوری: قسه‌ کراوه‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵەتیەکان بۆ هاوکاری‌ کردنیان له‌بواری‌ ده‌رونی‌‌و ته‌ندروستی‌‌و نیشته‌جێبوونیان. پرۆژه‌ بڕیارێکیش هه‌یه‌ بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وەیان‌ به‌بڕی‌ 10 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه.

نیقاش: هیچ زانیاریت هه‌یه‌ که‌ ئه‌مساڵ چه‌ند ژن له‌عێراقدا کوژراون؟ چه‌ند که‌یس له‌وانه‌ بکوژه‌کانیان ده‌ستگیرکراون؟ چه‌ندیان حوکمدراون؟

بەیان نوری: زانیاری‌ دروست تائێستا نییه، به‌ڵام ئێستا له‌پرۆژه‌یه‌کی‌ ناوازه‌ی‌ نێوان وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆو رێکخراوی‌ UNDP به‌رنامه‌ی‌ داتابه‌یسێکی‌ به‌هێز داڕێژراوەو بۆ 2015 ده‌توانرێت لەو رێگەیەوە بەوردی ژمارەی کوژراوو توندوتیژیه‌کان به‌ئاسانی‌ بزانرێت.