راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌لوانی‌ ناكۆكی نێوان حكومه‌ت‌و سوننه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
4.12.2014  |  به‌غدا
Volunteers on the streets of Baghdad from the Shiite Muslim militias.
Volunteers on the streets of Baghdad from the Shiite Muslim militias.

له‌كاتێكدا هۆزی‌ ئه‌لبو عه‌لوان له‌شاری‌ رومادی‌ سه‌رقاڵی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش بوون، له‌پڕ دادگای‌ عێراقی‌ فه‌رمانیدا به‌ له‌سێداره‌دانی‌ په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د عه‌لوان كه‌ سه‌ر به‌هه‌مان هۆزه‌، بۆیه‌ زۆركه‌س پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لا دروست بوو ئایا ده‌ركردنی‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ڕێكه‌وت بووه‌ یان مه‌به‌ستێكی‌ له‌پشته‌وه‌ بووه‌.

رۆژی‌ 20ی‌ مانگی‌ رابردوو داعش له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌لاماری‌ شاری‌ رومادیدا، رومادی‌‌و حه‌دیسه‌ تاكه‌ دوو ناوچه‌ی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبارن كه‌ هێشتا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدان‌و ئه‌مجاره‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌رپه‌رچی‌ هێرشه‌كانی‌ داعشیان دایه‌وه‌.

له‌م سه‌رو به‌نده‌دا ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ له‌به‌غداوه‌ هات عه‌شیره‌ته‌كانی‌ بێهیوا كردو گڕوتینی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعشی‌ كه‌مكرده‌وه‌، هه‌واڵه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو: دادگای‌ عێراقی‌ فه‌رمانیداوه‌ به‌ده‌ركردنی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دان بۆ په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د عه‌لوانی‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خۆپیشاندانی‌ هێمنانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌نبار گۆڕدرا بۆ توندوتیژی‌‌و عه‌شیره‌ته‌كان دژی‌ حكومه‌ت چه‌كیان هه‌ڵگرت.

حازم عه‌لوانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پیاو ماقوڵانی‌ عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لبو عه‌لوان به‌"نیقاش"ی‌ وت "بڕیاری‌ له‌سێداره‌دانی‌ عه‌لوانی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ حكومه‌ت له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری‌ لێدابێتین.. چه‌ند رۆژێكه‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ ئێمه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدایه‌‌و یارمه‌تی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ رومادی‌ نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست داعش".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتی‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاره‌كه‌ زۆر سه‌یره‌‌و پێم وانییه‌ به‌رێكه‌وت بووبێت، ئه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێت چه‌ند هێزێك هه‌ن ده‌یانه‌وێت رۆڵی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار له‌شه‌ڕی‌ داعش كه‌نارگیر بكه‌ن".

كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو، به‌دیاریكراوی‌ له‌رۆژی‌ 28ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2013 ئه‌حمه‌د عه‌لوانی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارێزبه‌ندی‌ په‌رله‌مانیی‌ هه‌یه‌، ده‌ستگیركردنه‌كه‌شی‌ ئه‌و پریشكه‌ بوو كه‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ گۆڕی‌ بۆ توندوتیژی‌‌و عه‌شیره‌ته‌كان به‌چه‌ك رووبه‌رووی‌ حكومه‌ت بوونه‌وه‌.

سه‌رسوڕمانی‌ شێخ حازم عه‌لوان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ساڵێكه‌ ئه‌حمه‌د عه‌لوانی‌ ده‌ستگیركراوه‌، كه‌چی‌ چه‌ند جارێكه‌ بڕیاری‌ سزادانی‌ دوا ده‌خرێت تا له‌م كاته‌دا ده‌ركرا كه‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ سه‌رقاڵی‌ شه‌ڕی‌ داعشن.

ته‌نانه‌ت رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تیش سه‌رنجی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ له‌سێداره‌دانی‌ عه‌لوانی‌‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا نوسیوێتی‌ "عه‌لوانی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ كه‌ له‌كاتی‌ هه‌وڵی‌ ده‌ستگیركردنیدا دوو سه‌ربازی‌ كوشتووه‌، دادگایی‌ كردنه‌كه‌ چه‌ندین پێشێلكاریی‌ یاسایی‌ تیا بووه‌" ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ عه‌لوانی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ دیاری‌ ئه‌نباره‌و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ له‌پاڵ‌ حكومه‌تدا شه‌ڕی‌ داعش ده‌كات.

چه‌ند رۆژێكه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌نبارو عه‌شیره‌ته‌كان‌و به‌رپرسه‌ لۆكاڵییه‌كان پێیان وایه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند پشتیان تێده‌كات‌و خۆی‌ ده‌دزێته‌وه‌ له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و كارنامه‌یه‌ی‌ كه‌ بڕیاربووه‌ له‌نێویدا لێبوردنی‌ گشتی‌ ده‌ربچێت‌و پشتیوانی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بكرێت بۆ شه‌ڕی‌ داعش، ئه‌ویش له‌رێی‌ پێكهێنانی‌ هێزی‌ "گاردی‌ نیشتیمانی‌"یه‌وه‌.

بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ ئه‌منی‌ نوێ‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌ناوی‌ "گاردی‌ نیشتیمانی‌" پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ داعش به‌شێكی‌ زۆری‌ خاكی‌ عێراقی‌ له‌موسڵ‌‌و تكریت‌و ئه‌نبار گرته‌ ده‌ست‌و سوپای‌ عێراقی‌ له‌و ناوچانه‌ بێ‌ به‌رگری‌ هه‌ڵهاتن.

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌كاتی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌یدا دروستكردنی‌ هێزێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ی‌ راگه‌یاندو وتی‌ "ده‌بێت ئارامی‌ بچه‌سپێنرێت‌و پاڵپشتی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و پرۆژه‌ی‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ نیشتیمانی‌ بكرێت، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ به‌ئه‌زموونی‌ پشتیوانی‌ میللی‌ بدرێت‌و هێزی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ له‌پارێزگاكاندا دروست بكرێت‌و پاڵپشتی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێت".

ناهیده‌ داینی‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ موته‌حیدون‌و نوێنه‌ری‌ ئه‌نبار ره‌خنه‌ له‌خۆدزینه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌گرێت بۆ ده‌ركردنی‌ یاسایه‌ك كه‌ كاری‌ "گاردی‌ نیشتیمانی‌" رێكبخات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ داعش كۆنرۆڵی‌ كردوون له‌وه‌ زیاتر ناتوانن دان به‌خۆدا بگرن، ئه‌ویش به‌هۆی‌ پێكنه‌هێنانی‌ گاردی‌ نیشتیمانییه‌وه‌".

هه‌ر به‌راستی‌ پێده‌چێت له‌وه‌ زیاتر عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كان دان به‌خۆدا نه‌گرن، چونكه‌ به‌م دواییه‌ بڕیاریانداوه‌ په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌ترسی‌ داعش بیانپارێزێت، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ متمانه‌یان به‌حكومه‌ت نه‌ما، له‌مه‌شدا ئه‌مه‌ریكا هیچ خۆی‌ دوانه‌خست.

شێخ كه‌ریم مه‌حلاوی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ وه‌فدێك له‌نوێنه‌رانی‌ عه‌شیره‌ته‌ سوننییه‌كان‌و به‌رپرسانی‌ لۆكاڵی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و موسڵ‌‌و دیاله‌ له‌رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردووه‌وه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا سه‌رقاڵی‌ گفتوگۆ كردنن له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ شاره‌كانیانه‌وه‌.

شێخ كه‌ریم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ناو وه‌فده‌كه‌دا یه‌كێك له‌ئامۆزاكانی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و له‌لای‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان سكاڵای‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ هه‌وڵێك له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت پاڵپشتی‌ عه‌شیره‌ته‌كان نه‌كات له‌شه‌ڕی‌ داعش‌و له‌پڕچه‌ككردنیان دوا بكه‌وێت.

هه‌رچی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ڵینی‌ به‌وه‌فده‌كه‌ داوه‌ به‌پێكهێنانی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌‌و پڕچه‌ككردنیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سوپای‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا حكومه‌ت‌و گروپه‌ شیعه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێرانی‌ نیگه‌ران كردووه‌.

حكومه‌ت به‌پشتیوانی‌ ئێران ده‌یه‌وێت گروپه‌ شیعه‌كانی‌ وه‌ك "سه‌رایا سه‌لام"‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و "به‌در" ئه‌و لایه‌نانه‌ بن كه‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ به‌عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كان بدرێت له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیاندا، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كانی‌ ترساندووه‌.

حكومه‌تیش له‌وه‌ ده‌ترسێت له‌ئاینده‌دا گاردی‌ نیشتیمانی‌ له‌ناوچه‌ سونییه‌كان كوده‌تای‌ له‌دژ بكات‌و جیا ببێته‌وه‌، یان په‌لاماری‌ شاره‌كانی‌ تر بدات، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی‌ مه‌ترسی‌ چاوه‌ڕوانكراون.

هه‌فته‌ی‌ رابردوو سیاسه‌تمه‌دارانی‌ سوننه‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌یان له‌و میلیشیایانه‌ گرت كه‌ كاری‌ تایفییان ئه‌نجامداوه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ جیاوازی‌ دیاله‌و تكریت پاش ئه‌وه‌ی‌ داعشیان وه‌ده‌رناوه‌، به‌جۆرێك خه‌ڵكی‌ بێتاوانیان كوشتووه‌و ماڵیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌و مزگه‌وتیان سوتاندووه‌، ئه‌مه‌ش ترسی‌ له‌لای‌ ناوچه‌ سونییه‌كانی‌ تر دروست كردووه‌ به‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌وانیش بگات.

حكومه‌ت له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك عه‌شیره‌تی‌ ئه‌نبار بكات له‌به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌پاڵ‌ حكومه‌تدا بن‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ دانوستان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار بوون به‌دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكیان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تدان‌و به‌شه‌كه‌ی‌ تر له‌دژین.

چه‌ند مانگێكه‌ ئه‌نبار رووداوی‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازی‌ به‌رفراوان به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، به‌ڵام چه‌ند مانگی‌ داهاتوو ره‌نگه‌ گۆڕانكاریی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو بێته‌ ئاراوه‌‌و شه‌ڕێكی‌ گه‌وره‌ دژی‌ داعش هه‌ڵبگیرسێت، له‌دوای‌ ئه‌مه‌ش قۆناغی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ده‌ ساڵه‌ شه‌ڕ وێرانی‌ كردووه‌.