راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوژمنه‌كانی‌ داعش روو له‌هه‌ڵكشانن

ئەحمەد محەمەد
به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت رۆژ به‌رۆژ نه‌یاره‌كانی‌ داعش له‌و ناوچانه‌ زیاد بكه‌ن كه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتوون،…
18.09.2014  |  که‌رکووک
The streets of Kirkuk.
The streets of Kirkuk.

سێ‌ مانگ زیاتر ته‌واوی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ (55 كم باشووری‌ خۆرئاوای‌ كه‌ركوك) به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ داعش جگه‌ له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ هیچ هێزو ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تر قبوڵناكات، بۆیه‌ هه‌رزوو كه‌وته‌ راوه‌دونان‌و دژایه‌تی‌ ئه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌تانه‌ی‌ پشتیوانی‌ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ توڕه‌كرد.

پاش ئه‌وه‌ی‌ شێخ ئه‌نوه‌ر عاسی‌ رازی‌ نه‌بوو به‌یعه‌تی‌ به‌غدادی‌ بكات، رۆژی‌ 12ی‌ حوزه‌یران چه‌كدارانی‌ داعش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی‌ له‌گوندی‌ ره‌ملی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ ره‌شاد، پاش تاڵانكردن بۆیان رووخاند، شێخ عاسی‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تی‌ عوبێده‌و له‌ناوچه‌كه‌دا یه‌كێكه‌ له‌كه‌سایه‌تییه‌ ده‌ست رۆیشتووه‌كان.

شێخ ئه‌نوه‌ر عاسی‌ كه‌ ئێستا له‌شاری‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ‌ داعشدا نه‌بێت ئه‌و گروپه‌ ئه‌یفڕێنێت‌و له‌ناوی‌ ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌یعه‌تیشیان نه‌ده‌یتێ‌ تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ به‌كرێگیراوی‌ بێگانه‌یت".

به‌قسه‌ی‌ عاسی‌ ئێستا داعش كه‌وتووه‌ته‌ وێزه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ حه‌ویجه‌و به‌ده‌یانی‌ لێفڕاندوون، ته‌نانه‌ت له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چوار ژنی‌ ئه‌و قه‌زایه‌شی‌ فڕاندووه‌.

هه‌ر به‌قسه‌ی‌ ئه‌و شێخه‌ له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ته‌موز داعش له‌ناحیه‌ی‌ زاب ژنێكی‌ كوشتووه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ قسه‌ی‌ به‌رێكخراوه‌كه‌ وتووه‌، كوڕی‌ ئه‌و ژنه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌حوه‌كان كاری‌ كردووه‌و مێرده‌كه‌شی‌ حه‌وت ساڵ‌ به‌ر له‌ئێستا كوژراوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شێخ ئه‌نوه‌ر ده‌ڵێت "په‌لاماردانی‌ خه‌ڵك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رۆژ به‌رۆژ رقی‌ خه‌ڵك ئه‌ستورتر ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌ڵكه‌شی‌ سه‌ره‌تا به‌هاتنیان كه‌یفخۆش بووه‌، ئێستا توڕه‌ن، بۆیه‌ له‌زۆر شوێن خه‌ڵك ئاڵای‌ داعشی‌ سوتاندووه‌".

به‌قسه‌ی‌ شایه‌تحاڵه‌كان رۆژی‌ چواری‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ چۆڵی‌ نزیك گوندی‌ ته‌ل عه‌لی‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ نه‌ناسراو ئاڵای‌ داعشیان سوتاندووه‌، بۆ رۆژی‌ دوایی‌ داعش گونده‌كه‌ی‌ گه‌مارۆ داوه‌و په‌نجا كه‌س له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بردووه‌، به‌ڵام دواتر سه‌رجه‌میانی‌ ئازادكردووه‌.

هه‌روه‌ها رۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ داعش سێ‌ كه‌سی‌ له‌هۆزی‌ ئه‌لبوریاشی‌ كوشتووه‌ كه‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی‌ عوبێدن، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ 20 كه‌سی‌ له‌دانیشتوانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ سه‌دامی‌ له‌ناحیه‌ی‌ ره‌شاد فڕاندووه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ویستویانه‌ گروپێكی‌ چه‌كدار دروست بكه‌ن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ داعش له‌ناوچه‌كه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌"جه‌هه‌نه‌م"ی‌ داعش هه‌ڵهاتوون، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ پێشتر هاریكارییان كردوون ئێستا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و په‌یوه‌ندییان به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌پێناو ده‌رپه‌ڕاندنی‌ داعش.

عه‌سكه‌ری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خه‌ڵكێكی‌ زۆر كه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون‌و په‌یوه‌ندییان به‌داعشه‌وه‌ كردووه‌، به‌م دواییه‌ به‌ده‌سته‌ ئه‌و گروپه‌ جێده‌هێڵن".

ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كرد كه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ دروستكردنی‌ هێزێكی‌ چه‌كدار تا له‌رێیه‌وه‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ده‌ربپه‌ڕێنن.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ شێخ ئه‌نوه‌ر عاسی‌ زانیاری‌ دروستكردنی‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ پشتڕاستكرده‌وه‌و داوای‌ له‌حكومه‌ت كرد په‌له‌ بكات‌و وتی‌ "دواكه‌وتنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ده‌ست داعش مانای‌ به‌رده‌وامی‌ ئێش‌و ئازاری‌ دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی‌".

ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كه‌ له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كه‌ركوك پێكدێن‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و راهێنان‌و چه‌ك‌و موچه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌‌و وتی‌ "رۆڵی‌ عه‌شیره‌ته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانی‌ سه‌رڕاست‌و ده‌ستپاك بۆ ئه‌و هێزه‌ ئاماده‌ بكه‌ن تا چه‌كداره‌ دووڕووه‌كان نه‌یه‌نه‌ ناوی‌‌و تێكینه‌ده‌ن".

پێكهاته‌ی‌ ئه‌م هێزه‌ رێك له‌و هێزه‌ سه‌حوانه‌ ده‌چێت كه‌ ساڵی‌ 2006 به‌پاڵپشتی‌ ئه‌مه‌ریكا دروستكران‌و گورزی‌ گه‌وره‌یان له‌داعش وه‌شاند، به‌ڵام دواتر حكومه‌تی‌ عێراقی‌ پشتی‌ تێكردن‌و به‌ته‌واوی‌ بچووك بوونه‌وه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌حه‌ویجه‌ له‌داعش بێزاربوون، به‌ڵام كار نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ یاخیبوونی‌ چه‌كداری‌ به‌رفراوان رووبدات، ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نها چه‌ند هه‌وڵێكی‌ تاكه‌كه‌سییه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌ داوایكرد ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ چه‌كداری‌ تا رووبه‌رووی‌ داعش ببنه‌وه‌‌و وتی‌ "ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌حه‌ویجه‌ ته‌نها داعش باڵاده‌سته‌و هیچ هێزێكی‌ راسته‌قینه‌ نییه‌ بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ی‌".