راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داواكارییه‌كانی‌ كورد گۆڕانكاریی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، به‌ڵام گه‌ره‌نتی‌ ده‌وێت

هیوا بەرزنجی
كورد ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مان داواكارییه‌كانی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ رووی له‌به‌غدا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌…
28.08.2014  |  هه‌ولێر
Iraqi Kurdish locals hold up their regional flag.
Iraqi Kurdish locals hold up their regional flag.

Tweet
//


دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ك كۆمار، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ عێراق راسپارد، عه‌بادی‌ له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ له‌ئه‌كاونته‌‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك، هێڵه‌ گشتییه‌كانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ راگه‌یاندو سه‌رنجڕاكێشترین خاڵ كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێداوه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌ بۆ 15 وه‌زاره‌ت‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران بۆ ته‌نها 5 ملیۆن دینارو بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان به‌رێژه‌ی‌ 70%، هه‌رچه‌نده‌ به‌لای‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ "نیه‌تێكی‌ باش" ده‌رده‌خات بۆ چاكسازی‌، به‌ڵام هێشتا هیچی‌ له‌باره‌ی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ به‌غداو هه‌رێمه‌وه‌ باسنه‌كردووه‌.

‌ساڵی‌ 2010‌ له‌كاتی‌ پێكهێنانی‌ ‌حكومه‌تی‌ به‌غدا، كورد به‌وه‌ره‌قه‌یه‌كی‌ (19) خاڵیه‌وه‌ چووه‌ دانوستانه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ی مالیكییه‌وه‌‌، به‌ڵام نه‌ك هیچ خاڵێكیان وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێنه‌كران، به‌ڵكو كۆتایی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌وه‌ هات كه‌ وه‌زیره‌كانی‌ كورد كشانه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غدا تا ئاستی‌ پچڕان نزیكبۆوه‌و به‌شه‌ بودجه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ كوردستان به‌ته‌واوی‌ بۆ ماوه‌ی‌ هه‌شت مانگ بڕدراوه‌‌.

ئه‌مجاره‌ش هێزه‌ كوردییه‌كان پێكه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵای‌ دانوستانیان پێكهێناوه‌و روویان له‌به‌غدا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ 62 كورسی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌شه‌ پشكی‌ كورد له‌حكومه‌تی‌ داهاتوو بپچڕن، به‌ڵام داواكارییه‌كان به‌نزیكه‌یی‌ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌و هیچ گۆڕانێكی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو له‌میانی پێشوازی لەشاندێكی په‌رلەمانی ئەڵمانیا رایگه‌یاند ئامادەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین بەمەرجێك گۆڕانكاری لەشێوەی حوكمڕانی‌و جۆری بیركردنەوە لەحكومەتی تازەدا ڕوو بدات‌و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە، ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كورد ئه‌مجاره‌ به‌ئاسانی ناچێته‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادییه‌وه‌.

لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن داواكاریه‌كانیان ئاشكراو رونن، كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌و نه‌وت‌و پێشمه‌رگه‌و ماده‌ی‌ 140ن، ئه‌و خواستانه‌ش هه‌مان ئه‌وانه‌بون كه‌ كورد 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داوایده‌كرد، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێنه‌كران.

ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ "نیقاش" رایگه‌یاند كه‌ داواكارییه‌كانی كورد ده‌ستوورین‌و پێویسته ئه‌مجاره‌ گه‌ره‌نتی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی بدرێت له‌كاتێكی دیاریكراودا، ئه‌مه‌ش له‌ژێر چاودێری لایه‌نی سێیه‌م، ده‌شڵێت "گرنگ نییه‌ لایه‌نی سێیه‌م ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت یان مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌، به‌ڵام بێ گه‌ره‌نتی به‌شداری حكومه‌ت ناكه‌ین".

ئارێز عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات كه‌ لیژنه‌ی دانوستانكاری كورد هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی پێبه‌خشراوه‌ له‌به‌شداریكردن یان نه‌كردن له‌حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی، چونكه‌ "كورد داوای هیچ شتێك ناكات گه‌ر شایسته‌ی جێبه‌جێكردن نه‌بێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئێستا سه‌ركردایه‌تی وه‌فدی دانوستانكاری كورد ده‌كات، ته‌ئكید له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق په‌یوه‌ست به‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كۆتایی هاتووه‌، ته‌نیا قۆناغێك مابێت (راپرسی)یه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ دوای 6ی حوزه‌یرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون، بۆیه‌ كورد ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ناخاته‌‌ ناو گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا.

ئه‌حمه‌د كانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی، بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌شی راگه‌یاند گرنگترین داواكارییه‌كانی كورد له‌حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدایه‌ كه‌ ئێستا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌بودجه‌و به‌شه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم‌و ڕه‌شنووسی یاسای نه‌وت‌و گازو پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، وتیشی "بۆ ئه‌مانه‌ش پێویستیمان به‌گه‌ره‌نتی‌و دیاركردنی كاتێكی دیاری كراوه‌، نه‌ك ته‌نیا به‌ڵێن‌و نووسینی سه‌ر كاغه‌ز".

به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت مادده‌ی 140 به‌شێك بێت له‌گفتوگۆكان، چونكه‌ به‌وته‌ی ناوبراو هه‌ردوو قۆناغی سه‌رژمێری‌و راپرسی ماون كه‌ ده‌بێت به‌پێی یاسا ئه‌نجامبدرێن، ئه‌مه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌بێت، ده‌شڵێت "مادده‌ی 140 تائێستا جێبه‌جێ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی له‌رابردووش گوتراوه‌ ئه‌م مادده‌یه‌ كۆتایی هاتووه‌، ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی راگه‌یاندن بووه‌ نه‌ك یاسایی"، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ له‌دوای رووداوه‌كانی موسڵ چه‌ند جارێك ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ مادده‌ی 140 كۆتایی هاتووه‌.

گه‌رچی ئێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی ئه‌مریكاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو دانیمارك پڕ چه‌ك ده‌كرێن‌و له‌لایه‌ن تیمی شاره‌زای ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ش بڕیار وایه‌ راهێنانیان پێبكرێت له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌پێشمه‌رگه‌ ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌حمه‌د كانی پێداگیره‌ له‌وه‌ی ده‌بێت له‌ئاینده‌ پێشمه‌رگه‌ له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌می سه‌ربازی عێراقی پڕچه‌ك بكرێت‌و راهێنانیان پێبكرێت، تا "به‌هێزتربن به‌رانبه‌ر تیرۆرستان".

خاڵێكی‌ تر كه‌ ئه‌مجاره‌ چووه‌ته‌ لیستی‌ مه‌رجه‌كانی‌ كورده‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌كشانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ پاش كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراقی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتوون، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌ گرێكوێره‌ی‌ دانوستانه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ سوننه‌ش مه‌سه‌له‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌ته‌ پێشمه‌رجی‌ به‌شداریكردنیان له‌حكومه‌تدا.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌، هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات جگه‌ له‌داواكارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان ده‌بێت كورد مه‌سه‌له‌ی به‌شداری راسته‌قینه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌و پۆسته‌ سیادییه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت‌و پێداگیری بكات له‌سه‌ریان.

كاوه‌ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌به‌غدا بۆ "نیقاش" ته‌ئكید له‌وه‌كرده‌وه‌ نابێت كورد مه‌سه‌له‌ی موچه‌و بودجه‌ بخاته‌ نێو گفتوگۆكان، به‌ڵكو ده‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم وه‌ك پێشمه‌رجی گفتوگۆكان‌و به‌شداری له‌حكومه‌ت بخرێته‌ڕوو، ده‌شڵێت "بۆ پۆسته‌كان پێمانباشه‌ كورد داوای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌رۆك كۆمارمان هه‌یه‌، ئه‌ویش نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی عێراق ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ واباشه‌ داوای وه‌زاره‌تی نه‌وت یاخود دارایی بكات، چونكه‌ ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ بۆ كورد زۆر گرنگن".

مه‌رجه‌كانی‌ كورد هه‌رچه‌نده‌ له‌رووی‌ شكڵه‌وه‌ ره‌نگه‌ وابنوێنن گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا له‌چوارچێوه‌ی‌ دوو بابه‌تی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی‌ خاك‌و بودجه‌یه‌.

شرۆڤه‌كارانی سیاسی پێیانوایه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌رابردوو كورد سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی له‌به‌غدا له‌ئاینده‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌په‌ند وه‌رگرتن له‌رابردوو، ئه‌مجاره‌ پێویسته‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ببه‌ستێته‌وه‌ به‌دوو خاڵی‌ سه‌ره‌كیه‌وه‌، یه‌كه‌م واده‌یه‌كی‌ دیاریكراو بۆ جێبه‌جێكردنی‌ خواسته‌كانی‌، دووه‌م بونی‌ لایه‌نی‌ سێیه‌م وه‌ك نێوه‌ندگیر، له‌وانه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یاخود ئه‌مریكا.

د.كامه‌ران مه‌نتك شرۆڤه‌كاری سیاسی بۆ "نیقاش" رایگه‌یاند داواكارییه‌كانی كورد نه‌گۆڕاون، به‌ڵام واقعی سیاسی‌و ئه‌منی‌و ئابووری كوردستان‌و عێراق گۆڕاون، بۆیه‌ دۆخی دانوستانی ئه‌مجاره‌ زۆر ئاڵۆزتره‌، ده‌شڵێت "داواكارییه‌كانی رابردووی كورد زۆرن، گه‌ر ته‌نیا ئه‌و داواكاریانه‌ جێبه‌جێ بكرێن، زۆرینه‌ی كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ له‌ئێستادا كورد داواكارییه‌كی نوێی نییه‌ بۆ عه‌بادی". پێشیوایه‌ به‌هۆی ئه‌قڵیه‌تی حكومڕانانی به‌غدا هیچ داواكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی كوردو سوونه‌ جێبه‌جێ ناكرێن، بۆیه‌ داواجار عێراق به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چێت.

د.كامه‌ران مه‌نتك هاوڕایه‌ له‌وه‌ی له‌رووی واقعییه‌وه‌ مادده‌ی 140 جێبه‌جێكراوه‌و جارێكی تر كورد پێویست ناكات باسی ئه‌و ماده‌یه‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا راپرسی ماوه‌ بكرێت، ده‌شڵێت "ده‌بێت كورد ته‌نیا له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ باسی راپرسی بكات، نه‌ك شتی تر".

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ راشیده‌گه‌یه‌نێت گه‌ر كورد ئه‌مجاره‌ به‌بێ لایه‌نی سێیه‌م وه‌ك نێوه‌ندگیر هه‌ر رێككه‌وتنێك بكات "هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌" ده‌كات