راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چالاكوانانی‌ فه‌یسبووك
وه‌ك سه‌دام مالیكی‌ به‌نه‌عل ده‌رده‌كرێت

خلود ره‌مزی
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ راگه‌یه‌ندرا ئیتر نوری‌ مالیكی‌ چانسی‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ماوه‌ بۆ جاری‌ سێهه‌م‌و له‌بری‌…
14.08.2014  |  به‌غدا
One of the cartoons mocking outgoing Iraqi PM, Nouri al-Maliki.
One of the cartoons mocking outgoing Iraqi PM, Nouri al-Maliki.

Tweet
//

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی‌ گاڵته‌جاڕییه‌كه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك ئێخه‌ی‌ مالیكی‌ ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵام چالاكوانان ده‌ستیان له‌حه‌یده‌ر عه‌بادیش نه‌پاراست‌و له‌و گاڵته‌پێكردنه‌ بێبه‌شیان نه‌كرد.

به‌ربڵاوترین وێنه‌ كه‌ زوو زوو به‌رچاو ده‌كه‌وت ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ مالیكی‌ بوو كه‌ له‌رێی‌ فۆتۆشۆپه‌وه‌ ده‌ستكاری‌ كرابوو، به‌جۆرێك به‌ته‌واوی‌ به‌هیتله‌ر ده‌چوو، وێنه‌یه‌كی‌ تری‌ به‌ربڵاویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ باراك ئۆبامای‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی‌ خستووه‌ته‌ سه‌ر شانی‌ مالیكی‌، له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ش نوسرابوو "ده‌ی‌ باوكه‌ ته‌واو.. ویلایه‌تی‌ سێهه‌م نییه‌".

پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ راسپاردنی‌ عه‌بادی‌ بڵابووه‌وه‌ یه‌كسه‌ر رۆژنامه‌نووسێكی‌ كورد وێنه‌یه‌كی‌ مالیكی‌ بڵاوكردبۆوه‌ كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی‌ فڕێدراوه‌و چه‌ند گه‌نجێك قاچیان خستووه‌ته‌ سه‌ری‌، له‌كۆمێنتی‌ وێنه‌كه‌شدا نوسیبووی‌ "له‌ئێستاوه‌ پێ‌ به‌وێنه‌كه‌یدا ده‌نێن، ببینن سبه‌ینێ‌ به‌نه‌عل راویده‌نێن، ئێمه‌ خه‌ڵكێكین به‌هه‌لهه‌له‌ پێشوازی‌ له‌سه‌ركرده‌كانمان ده‌كه‌ین‌و به‌نه‌عل راویده‌نێن"، ئه‌م وێنه‌یه‌ هه‌مان ئه‌و رووداوه‌ی‌ بیری‌ عێراقییه‌كان هێنایه‌وه‌ كه‌ كاتی‌ روخانی‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌دام له‌گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وس، خه‌ڵكی‌ به‌نه‌عل ده‌یانكێشا به‌وێنه‌كه‌یدا.

ده‌یان چالاكوانی‌ تریش له‌سه‌ر فه‌یسبووك وێنه‌و ژیاننامه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادییان بڵاوكردبۆوه‌و به‌گاڵته‌جاڕی‌ له‌سه‌ریان نوسیبوو، رۆژنامه‌نووسێك له‌مباره‌یه‌وه‌ نوسیبووی‌ "عه‌بادی‌ له‌ئینگلته‌را بڕوانامه‌ی‌ باڵای‌ به‌ده‌ستهێناوه‌و باوكی‌ پزیشك بووه‌و نه‌خۆشخانه‌ی‌ ده‌روون‌و ده‌ماری‌ به‌رێوه‌ بردووه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كوبه‌ فرۆش نه‌بووه‌" كه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی‌ پێچه‌وانه‌بوو، هه‌روه‌ها هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشووش (مالیكی‌) ته‌زبیح فرۆش بووه‌.

هه‌ندێكی‌ تر له‌عێراقییه‌كان وێنه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كۆمیدی‌ عه‌ره‌بیان دانابوو بۆ گاڵته‌كردن به‌ماڵئاوایی‌ مالیكی‌، یه‌كێك له‌دیارترین ئه‌و وێنانه‌ش وێنه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ میسری‌ محه‌مه‌د سه‌عد بوو كه‌ به‌هۆی‌ فیلمه‌كانیه‌وه‌ به‌"لیمبی" ناسراوه‌، له‌وێنه‌كه‌دا لیمی‌ به‌ده‌ركه‌وێت ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌وڵی‌ خۆشاردنه‌وه‌ ده‌دات، له‌سه‌ریان نوسیبوو "ئه‌بو ئه‌سرا ئێستا" ئه‌بو ئه‌سرا نازناوی‌ مالیكییه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كچه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌سرایه‌.

له‌وێنه‌یه‌كی‌ تردا مالیكی‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكدا له‌پرسه‌یه‌ك دانیشتووه‌و له‌سه‌ریان نوسیوه‌ "پرسه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا، فاتیحایه‌ك بۆ گیانی‌ ویلایه‌تی‌ سێهه‌م".

ژنه‌كه‌ی‌ مالیكیش له‌و نوكته‌و گاڵته‌جاڕییه‌ بێبه‌ش نه‌بوو، هه‌ر یه‌ك كاتژمێر دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ عه‌بادی‌ راسپێردرا بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، له‌سه‌ر فه‌یسبووك نوسیبویان "به‌په‌له‌: ژنه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ گه‌یشته‌ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌ژنه‌كه‌ی‌ مالیكییه‌وه‌ لێی‌ پرسیوه‌ ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ په‌رداخه‌كانی‌ سه‌رۆك له‌كوێیه‌؟"

یه‌كێكی‌ تر له‌وێنه‌ به‌ناوبانگه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ مالیكی‌ سوار گسكێك بووه‌و ده‌فڕێت، له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ش نوسراوه‌ "به‌نیازی‌ دیدار نوری‌".

یه‌كێك له‌چالاكوانه‌كان له‌باره‌ی‌ ماوه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ مالیكییه‌وه‌ نوسییبووی‌ "مالیكی‌ هه‌شت ساڵ‌ حوكمی‌ كردین عێراقی‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ خه‌لافه‌ت، ئه‌گه‌ر چوار ساڵی‌ تر له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ بوایه‌ دایناسۆرمان ده‌بینی‌ له‌كه‌راده‌ ده‌سوڕایه‌وه‌"، مه‌به‌ستی‌ له‌و خه‌لافه‌ته‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ رایگه‌یاندووه‌.

بێگومان ئه‌و چالاكوانانه‌ لایه‌نگرانی‌ مالیكیشیان له‌بیر نه‌كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ گاڵته‌یان پێبكه‌، دیارترینیشیان حه‌نان فه‌تلاوی‌ بوو.

له‌وێنه‌یه‌كی‌ تردا ئه‌نوه‌ر حه‌مدانی‌ پیشكه‌شكاری‌ به‌ناوبانگی‌ به‌رنامه‌ی‌ (الساعه‌ 9)ی‌ كه‌ناڵی‌ به‌غدادییه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێده‌كه‌نێت، له‌ولاشه‌وه‌ مالیكی‌ ته‌ماشای‌ ده‌كات پێی‌ ده‌ڵێت "ها ئه‌نوه‌ر مورتاح بوویت"، ئه‌نوه‌ر حه‌مدانی‌ به‌رده‌وام گاڵته‌ی‌ به‌مالیكی‌ ده‌كردو هه‌ندێك پێیان وابوو دره‌نگ یان زوو ده‌كوژرێت، ئه‌و هه‌ر زوو پێشبینی‌ كردبوو كه‌ مالیكی‌ نابێته‌وه‌ به‌سه‌ره‌ك وه‌زیران سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌سه‌ر یه‌كێك له‌وێنه‌كانی‌ مالیكی‌ چالاكوانانی‌ فه‌یسبووك نوسیبویان "به‌ر له‌وه‌ی‌ بڕوات ده‌بێت ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ مالیكیمان له‌بیر بێت" چوارده‌ ده‌ستكه‌وتیان نوسیبوو كه‌ سه‌ره‌جه‌میان په‌یوه‌ست بوون به‌شه‌ڕی‌ تایفی‌‌و راوه‌دونان‌و باری‌ ئه‌منی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌‌و خراپی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و له‌كۆتایشدا نوسیبویان "دواجار له‌دایكبوونی‌ داعش گرنگترین ده‌ستكه‌وتی‌ مالیكییه‌" هێمایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ كاره‌ خراپه‌كانی‌ مالیكییه‌وه‌ داعش په‌یدا بووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ بابه‌تی‌ وه‌لانانی‌ مالیكی‌ بۆ چالاكوانانی‌ فه‌یسبووك باسێكی‌ گه‌رم‌و گوڕ بوو، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا كه‌سانێك هه‌بوون كه‌ دژی‌ لادانی‌ بوون، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ عه‌بادی‌ له‌هه‌مان لیستی‌ مالیكییه‌، به‌ڵام ئه‌وان پێیان وابوو له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری‌ لێدراوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌