راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تاڵه‌بانی‌ به‌بێ‌ گۆچان‌و نوكته‌كانی‌ گه‌ڕایه‌وه‌

زانكۆ ئه‌حمه‌د
دواجار پاش دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 19 مانگ تاڵه‌بانی‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام…
24.07.2014  |  سلێمانی
Senior politicians meet with returned elder statesman Jalal Talabani in Iraqi Kurdistan.
Senior politicians meet with returned elder statesman Jalal Talabani in Iraqi Kurdistan.

Tweet
//


رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌ره‌كۆماری‌ ماوه‌ ته‌واوبووی‌ عێراق‌و سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌رێی‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانییه‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌رۆژی‌ 17ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م (دیسه‌مبه‌ر)ی‌ 2012 له‌به‌غدا جه‌ڵته‌ی‌ مێشك لێداو دواتر بۆ چاره‌سه‌ر گوێزرایه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا.

هه‌واڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و جیهانی‌ بایه‌خێكی‌ تایبه‌تی‌ پێدرا، چونكه‌ ئه‌و سه‌رۆكه‌ی‌ به‌لای‌ زۆرێك له‌عێراقیه‌كانه‌وه‌ وه‌كو فریادره‌سی‌ كاتی‌ قه‌یرانه‌كان ده‌بینرا، سه‌روه‌ختێك گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ عێراق له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی‌ به‌كه‌سێكه‌ قسه‌یه‌كی‌ خێر له‌نێوان لایه‌نه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانی‌ بكات‌و ئاوێك بكات به‌و ئاگره‌ی‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانیدا گڕیسه‌ندووه‌.

وێنه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌گه‌ڵ‌ قسه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌دیداری‌ گه‌یشتوون ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت ئیتر نه‌خۆشی‌، لانی‌ كه‌م له‌م قۆناغه‌دا تاڵه‌بانی‌ له‌كایه‌ی‌ سیاسی‌ دوورخستووه‌ته‌وه‌و نه‌ گۆچان‌و نه‌ نوكته‌كانی‌ به‌م زووانه‌ ده‌رناكه‌ونه‌وه‌.

دوو مانگی‌ تر ته‌مه‌نی‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌گاته‌ 81 ساڵ‌، نزیكه‌ی‌ 67 ساڵی‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی‌ به‌كاری‌ سیاسییه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا گۆچانه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌‌و نوكته‌كانی‌ سه‌ر زاری‌، نهێنی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ تاڵه‌بانی‌ بوون، كه‌ ئه‌مه‌ش دوو هێمان هه‌م بۆ زه‌برو زه‌نگ‌و هه‌م بۆ دیبلۆماسییه‌ت.

پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان جیابووه‌وه‌و له‌ساڵی‌ 1976 یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانی‌ دامه‌زراند، بۆ یه‌كخستنی‌ ده‌نگه‌ ناكۆكه‌كانی‌ ناو حیزبه‌كه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كات گۆچانه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك بووه‌و كێشه‌كانی‌ پێ چاره‌سه‌ركردوون، به‌جۆرێك كه‌م یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌ هه‌یه‌ زه‌بری‌ گۆچانه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانیان به‌رنه‌كه‌وتبێت.

هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی‌ ئێستا له‌ناو حیزبه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانیدا ده‌ستڕۆیشتوون خۆیان له‌چه‌ندین كۆڕو كۆبوونه‌وه‌دا ئه‌وه‌یان گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن تاڵه‌بانی‌ به‌گۆچانه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ پیای‌ كێشاون كاتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌و جوڵاونه‌ته‌وه‌ یان هه‌وڵی‌ جیابوونه‌وه‌یان داوه‌ له‌یه‌كێتی‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبوونیه‌وه‌ ده‌نگ‌و ره‌نگی‌ جیاوازی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تاڵه‌بانی‌ به‌گۆچانه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌‌و بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی‌ یان ئه‌وه‌تا ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی‌ كپكردووه‌ته‌وه‌ یان فڕێی‌ داونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزبه‌كه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2006 نه‌وشیروان مسته‌فای‌ جێگری‌‌و ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌به‌ر "تاكڕه‌وی‌" تاڵه‌بانی‌ حیزبه‌كه‌یان جێهێشت‌و دواتر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان دروستكرد كه‌ بووه‌ به‌هێزترین ركابه‌ری‌ یه‌كێتی‌.

چه‌ند مانگی‌ رابردوو ئاماده‌نه‌بوونی‌ گۆچانه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئێجگار به‌ناوخۆی‌ حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ دیاربوو، چونكه‌ باڵباڵێنی‌ ناو ئه‌و حیزبه‌ ته‌شه‌نه‌ی‌ كردوو بۆ هیچ بڕیارێكی‌ چاره‌نووسساز به‌ئاسانی‌ نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام، مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بۆ دیاریكردنی‌ پاڵیوراوه‌كانی‌ خۆیان بۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و وه‌زاره‌ته‌كان گرفتی‌ زۆریان تووشهات، ئێستاش بۆ دیاریكردنی‌ پاڵێوراوی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك كۆمار تووشی‌ هه‌مان گرفت بوونه‌وه‌‌و له‌جیاتی‌ پاڵێوراوێك سیانیان هه‌بوو تا دواجار به‌زه‌حمه‌ت یه‌كلاییان كرده‌وه‌.

دوو رۆژی‌ رابردوو جارێكی‌ تر پاش 19 مانگ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ چاویان به‌تاڵه‌بانی‌ كه‌وته‌وه‌، به‌شێك له‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ دانیشتنه‌كه‌ بوون پاش هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یان رایانگه‌یاند تاڵه‌بانی‌ هه‌ر گوێی‌ گرتووه‌و زۆر به‌كه‌می‌ قسه‌ی‌ كردووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ رایگه‌یاند "مام جه‌لال به‌كاروباری‌ سیاسییه‌وه‌ سه‌رقاڵ‌ ناكه‌ین".

نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر هێزی‌ ده‌ستی‌ لێبڕیوه‌و ناتوانێت گۆچانه‌كه‌ی‌ به‌رووی‌ ئه‌وانه‌دا به‌رزبكاته‌وه‌ كه‌ به‌قسه‌ی‌ ناكه‌ن، به‌زه‌حمه‌تیش قسه‌ ده‌كات‌و بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی‌ له‌یه‌كێتیدا نه‌ماوه‌.

دیوی‌ دووه‌می‌ تاڵه‌بانی‌ سیاسه‌تی‌ نوكته‌و دیبلۆماسییه‌ت بوو، به‌جۆرێك له‌رێی‌ نوكته‌كانیه‌وه‌ گفتوگۆ گرژیه‌كانی‌ هێورده‌كرده‌وه‌و بۆچوونی‌ لایه‌نه‌ ناچونیه‌كه‌كانی‌ یه‌كده‌خست.

كاتێك تاڵه‌بانی‌ ساڵی‌ 2005 پۆستی‌ سه‌ره‌ك كۆماری‌ عێراقی‌ وه‌رگرت، بووه‌ یه‌كه‌مین كورد له‌مێژووی‌ عێراقدا بگاته‌ ئه‌و پۆسته‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ زوو خۆی‌ تێكه‌ڵی‌ دنیای‌ سیاسه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ بكات، نوێنه‌رانی‌ زۆربه‌ی‌ ده‌زگا عێراقییه‌كانی‌ كۆكرده‌وه‌و له‌دانیشتنێكی‌ دوورو درێژدا چه‌ندین نوكته‌ی‌ بۆ گێڕانه‌وه‌.

دوای‌ ئه‌م دیداره‌ رۆژنامه‌ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر تاڵه‌بانی‌ نوسی‌ كه‌ خۆی‌ ده‌یویست بیگه‌یه‌نێت، به‌وه‌ی‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌ی‌ عێراق جیاوازه‌ له‌سه‌رۆكه‌ توڕه‌و شه‌ڕانییه‌كانی‌ رابردوو.

ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌هۆی‌ نوكته‌كانیه‌وه‌ خۆی‌ له‌چه‌ندین رووداو ده‌رباز ده‌كرد كه‌ ره‌نگ بوو روگیری‌ بۆ دروست بكه‌ن.

سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌حیزبه‌ كوردستانییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ كاتێك تاڵه‌بانی‌ چووه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌ كچه‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ قه‌شه‌نگی‌ توركی‌ پرسیاری‌ له‌تاڵه‌بانی‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وان ئێستا چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانیان داڵده‌داوه‌ پلانیان چییه‌ بۆ ده‌ركردنیان.

تاڵه‌بانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌دڵگرانی‌ توركیاو پارتی‌ كرێكارانیش به‌دوور بگرێت به‌كچه‌كه‌ ده‌ڵێت "كچی‌ باش وامزانی‌ ده‌رباره‌ی‌ جۆره‌كانی‌ گوڵ‌‌و ئه‌و جۆره‌ عه‌ترانه‌ی‌ به‌كاری‌ ده‌هێنم پرسیارم لێده‌كه‌یت، تۆ به‌و هه‌موو جوانیه‌وه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ت لێدێت نه‌ك باسی‌ سیاسه‌ت".

چه‌ند مانگێك به‌ر له‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ نه‌خۆش بكه‌وێت زۆرینه‌ی‌ نه‌یاره‌كانی‌ مالیكی‌ به‌شیعه‌و سوننه‌و كورده‌وه‌ له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌و رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ لاببه‌ن، هه‌موشیان پێكه‌وه‌ تۆپه‌كه‌یان فڕێدایه‌ گۆڕه‌پانی‌ تاڵه‌بانی‌‌و داوایان لێكرد یاداشتێك ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌نوری‌ مالیكی‌ بسه‌نرێته‌وه‌.

كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ باسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌ك كۆمار دڵنیا نه‌بووه‌ له‌په‌رله‌مانتاره‌كان‌و گومانی‌ هه‌بووه‌ له‌وه‌ی‌ له‌په‌رله‌مان ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌یاداشته‌كه‌، نه‌شیویستووه‌ نه‌ مالیكی‌‌و ئێران‌و نه‌ به‌ره‌ی‌ نه‌یاریش له‌خۆی‌ بڕه‌نجێنێت، بۆیه‌ به‌چه‌ند نوكته‌یه‌ك گرژییه‌كانی‌ ره‌واندووه‌ته‌وه‌و یاداشته‌كه‌ی‌ خۆیشی‌ هه‌ڵپه‌ساردووه‌.

دوای‌ نه‌خۆشكه‌وتنی‌ تاڵه‌بانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكی‌ كاربه‌رێكه‌ری‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌یه‌ك پچڕاو كه‌سێكی‌ وه‌كو تاڵه‌بانیش له‌و نێوه‌نده‌دا نه‌بوو كه‌ ئه‌و دابڕانه‌ له‌یه‌ك گرێبداته‌وه‌.

زۆربه‌ی‌ چاودێران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر كه‌سێك له‌حیزبه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی‌ له‌به‌غداو ناوخۆی‌ حیزبدا پڕبكاته‌وه‌، ناتوانێت گۆچان‌و نوكته‌ پێكه‌وه‌ گرێبداته‌وه‌، پێده‌چێت نه‌خۆشی‌ بۆ یه‌كجاری‌ ئه‌و دوو كه‌ره‌سته‌یه‌ی‌ له‌ده‌ستی‌ تاڵه‌بانیش سه‌ندبێته‌وه‌.