راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌م به‌غداشیان ده‌وێت‌و هه‌م ده‌وڵه‌تیش

هیوا بەرزنجی
هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت پێیه‌كیان له‌به‌غداو ئه‌وه‌ی‌ تریان له‌هه‌رێم بێت، ئه‌وه‌تا له‌كاتێكدا باسی‌ ریفراندۆم‌و…
17.07.2014  |  هه‌ولێر
Time for independence? The Kurdish flag next to the Iraqi one.
Time for independence? The Kurdish flag next to the Iraqi one.

ئێستا كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش خولقاوه‌ كێشه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا قوڵبووه‌ته‌وه‌، سه‌ركرده‌كانی‌ هه‌رێم به‌روون‌و ره‌وانی‌ ئاماژه‌ به‌جیاكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌عێراق، كه‌چی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ململانێیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌غدا زۆرترین پۆست بچننه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ له‌چاودێران ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ ناچوونیه‌كه‌ به‌"دووفاقی‌" ناوده‌به‌ن.

رۆژی 3ی ته‌مووز، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، داوایكرد پەلە بكرێت له‌دروستكردنی‌ كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان‌و دواتریش ئامادەسازی بكرێت بۆ دەستپێكردنی ریفڕاندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی‌ هه‌رێم، بارزانی‌ مه‌به‌ستی‌ بوو له‌رێی‌ ئه‌م لێدوانه‌وه‌ به‌نه‌یاره‌كانی‌ بڵێ‌ له‌به‌غدا كه‌ ئه‌و ئاماده‌سازی‌ بۆ پێكهێنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ ده‌كات.

لێدوانه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ به‌ته‌نها پاش دوو رۆژ هات له‌دانیشتنی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق كه‌ تیایدا 62 په‌رله‌مانتاری هه‌ر پێنج لیسته‌كه‌ی كورد (پارتی‌و یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی لیسته‌كانی تر سوێندییان به‌یه‌كپارچه‌یی عێراق خوارد.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ بارزانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ریفراندۆم ده‌كات، پێشتر كه‌ ناكۆكی‌ له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ هه‌بووه‌ چه‌ندینجار هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كردووه‌، به‌ڵام پاش هێوربوونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا له‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌.

به‌شێك له‌چاودێران پێیان وایه‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ بارزانی‌ جدیتره‌، چونكه‌ هاوكێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراق گۆڕاون‌و تازه‌ عێراق بووه‌ته‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاوه‌ كه‌ پێكه‌وه‌لكانه‌وه‌ی‌ ئاسان نییه‌، له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێكی‌ تر پێیان وایه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ش وه‌ك كه‌فی‌ سه‌ر ئاو وایه‌و زوو نامێنێت.

ئه‌وانه‌ی‌ پشتیوانی‌ بۆچوونی‌ دووه‌م ده‌كه‌ن نموونه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد ئه‌وه‌نده‌ سووره‌ له‌جیابوونه‌وه‌ له‌عێراق بۆ شه‌ڕی‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك كۆمارو به‌شێك له‌پۆسته‌ سیادییه‌كانی‌ ناوه‌ند ده‌كات، بۆیه‌ پێیان وایه‌ كارته‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ش ته‌نها بۆ چنینه‌وه‌ی‌ چه‌ند پۆستێكی‌ زیاتره‌.

ئێستا له‌ناوخۆی‌ هێزه‌ كوردییه‌كاندا باس‌و خواس گه‌رمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كێ‌ پۆسته‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌به‌غدا پڕ ده‌كاته‌وه‌و پۆسته‌ سیادییه‌كانی‌ تر كامانه‌یان به‌ر كورد ده‌كه‌ون، بۆیه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كان سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌سازین تا پاڵێوراوی‌ خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن.

به‌ڵام بۆچوونێكیش هه‌یه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌یكه‌ن "بڕیارێكی‌ حه‌كیمانه‌"یه‌ به‌و پێیه‌ی‌ كورد ده‌بێت له‌یه‌ك كاتدا هه‌م كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ پێگه‌یه‌كی‌ باش بكات له‌به‌غداو هه‌م مه‌سه‌له‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێم له‌بیر خۆی‌ نه‌باته‌وه‌‌و ئاماده‌سازی‌ بۆ بكات.

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌یه‌ك كاتدا هه‌م هه‌وڵی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌ده‌ن‌و هه‌م هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان ده‌ده‌ن له‌ به‌غدا له‌رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یكه‌ین نه‌ سه‌ر لێشێوایه‌و نه‌ دوو فاقی، به‌ڵكو سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌ستكه‌وت بۆ گه‌لی كوردستان، چونكه‌ هه‌موو خوێندنه‌وه‌كان بۆ ئه‌وه‌ده‌چن عێراق به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چێت‌و هه‌رگیز ناگه‌رێته‌وه‌ پێش رووداوه‌كانی موسڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكه‌ین".

عه‌ونی ئه‌وه‌شی به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌كاركردنه‌ هاوڕان‌و وتی‌ "ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ین سیناریۆ نییه‌، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر داواكارییه‌كی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كه‌ین".

عه‌ونی‌ بیانوو بۆ؛ چوونی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد بۆ به‌غدا ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت "هیوامان به‌عێراق نه‌ماوه‌، به‌ڵام گه‌ر ده‌رفه‌تێكی بچووكیش مابێ بۆ به‌شداری له‌پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌شدار ده‌بین، به‌ڵام به‌مه‌رجێك زامنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك رابردوو، له‌هه‌موو پارێكیشدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناگاته‌ 2016 سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نین، چونكه‌ عێراق ته‌مه‌نی ئه‌وه‌نده‌ نه‌ماوه‌".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌رچه‌نده‌ باس له‌هیچ رێكه‌وتێك ناكات بۆ پێكهێنانی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌"، به‌ڵام ده‌ڵێت "چوونی ئێمه‌ بۆ به‌غدا به‌فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی كوردستان بووه‌، مانه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌شمان هه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وانه‌، ئێمه‌ تووشی هه‌لومه‌رجێكی دژوار بووین، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌م مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین، هه‌میش كار بۆ قۆناغی دوای دابه‌شبوونی عێراق بكه‌ین".

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رچه‌نده‌ نامانه‌وێت به‌ته‌واوی‌ پێ‌ له‌به‌غدا داببڕین، به‌ڵام ‌كورد له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند پۆستێك ئاماده‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری مافی سه‌ربه‌خۆیی بێت".

ئه‌مه‌ ئه‌و بۆچوونه‌یه‌ كه‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق‌ پشتیوانی‌ ده‌كات‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "تا دوا ساتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌به‌غدا ده‌مێنینه‌وه‌و به‌رگری له‌مافه‌كانی كورد ده‌كه‌ین"

به‌شێك له‌چاودێرانی‌ سیاسی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌"هه‌نگاوێكی‌ زیره‌كانه‌" وه‌سف ده‌كه‌ن‌و پێیان وایه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ‌ عێراق بمێننه‌وه‌ یان جیا ببنه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ باشیان هه‌بێت.

عارف قوربانی چاودێری سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌شداری كورد له‌حكومه‌تی نوێی عێراق له‌لایه‌ك‌و هه‌وڵی دروستكردنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌نجامدانی راپرسی له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ دیراسه‌ت بووه‌، "ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی سیاسی زیره‌كانه‌یه".

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌م بورهان قانع نووسه‌رو چاودێری سیاسی، پێیوایه‌ ئەو "نمایش"ەی نوێنه‌رانی كورد لەدانیشتنە نیو سەعاتییەكەی پەرلەمانی عێراقدا كردیان ده‌ریده‌خات فشاری ئەمریكاو ئێران هێشتا بەهێزەو سیاسییەكانی كورد ناتوانن لەژێر هەژمونیان دەربچن‌و جورئەت بكەن دەوڵەتی كوردیی رابگەیەنن‌و ده‌ڵێت "خودی سیاسییە باڵادەستەكان، ئیرادەیان زۆر لەوە بچوكترە كار بۆ سەربەخۆیی‌و مافەكانی كورد لەم عێراقە پەرەوازەو ناسەقامگیر‌و مەركەزییەدا بكەن‌و بانگەشەكانیشیان بۆ سەربەخۆیی، لە درۆیەكی گەورە بەولاوە چی دیكە نییە".

له‌و كاته‌وه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان باسی‌ ریفراندۆم‌و جیابوونه‌وه‌یان كردووه‌، جۆ بایدنی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌رێی‌ ته‌له‌فۆن‌و به‌دیداری‌ راسته‌وخۆش به‌به‌رپرسانی‌ كوردی‌ وتووه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ عێراقێكی‌ یه‌كگرتوودان، ئێرانیش به‌روونی‌ دژایه‌تی‌ خۆی‌ ده‌ربڕیه‌وه‌ بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ پارچه‌بوونی‌ عێراقی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ مه‌سعود عه‌بدولخالق مامۆستای زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین پێی‌ وایه‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ راپرسی‌ بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌شوێنی‌ خۆیدا نییه‌، چونكه‌ له‌رووی‌ یاساییه‌وه‌ هه‌رێم ناتوانێت بیر له‌ریفراندۆم بكاته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ له‌لای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌سازی‌ بۆ هه‌نگاوێكی‌ له‌م چه‌شنه‌ نه‌كردووه‌.

عه‌بدولخالق به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر راپرسی به‌شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نانه‌ بكرێت، ئه‌وا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌و ئه‌مریكاو ئه‌وروپاو كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌توانن بڵێن ئه‌و راپرسییه‌ نایاساییه‌، ئه‌وكاته‌ش له‌ناوخۆی كوردستان درزی تێده‌كه‌وێت‌و زۆر خراپ شكست ده‌هێنین، هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان له‌ده‌ستده‌ده‌ین".

مامۆستاكه‌ی‌ زانكۆو زۆرێكی‌ تر له‌چاودێران پێیان وایه‌ ده‌بێت كورد له‌هه‌نگاوه‌كانیدا روون‌و راست‌و ره‌وان بێت، ئه‌گه‌ر چاوی‌ له‌سه‌ر به‌غدایه‌ ئه‌وا كاتی‌ باسكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌خه‌ونی‌ پێكهێنانی‌ ده‌وڵه‌تیشدایه‌، ئه‌وا پێویست ناكات هێلكه‌كانی‌ خۆی‌ بخاته‌ سه‌به‌ته‌ی‌ به‌غداوه‌.