راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌شه‌رعیه‌تی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بۆ شه‌رعیه‌تی‌ سه‌ربازی‌

شاڵاو محەمەد
نائارامییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ عێراق رێگه‌ی‌ بۆ هێزه‌ كوردییه‌كان خۆشكرد كه‌ هه‌وڵبده‌ن له‌رێی‌ "شه‌رعیه‌تی‌…
19.06.2014  |  که‌رکووک
Election posters in Baghdad in April: Iraq's Kurds say they had already won Kirkuk with votes before this crisis..
Election posters in Baghdad in April: Iraq's Kurds say they had already won Kirkuk with votes before this crisis..

Tweet
//

پاش ئه‌وه‌ی‌ هێرشه‌كانی‌ گروپی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌عێراق‌و شام (داعش) له‌سنوری‌ كه‌ركوك نزیكبووه‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریدا به‌ئاراسته‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بجوڵێنێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌ هه‌ستیارانه‌ی‌ پێشتر له‌ده‌ستی‌ سوپای‌ عێراقدا بوون، ئێستا كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌، هێزه‌ نوێیه‌كه‌ش له‌خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌دا نییه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌و بنكانه‌ پاشه‌كشه‌ بكات كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی‌.

هه‌رچه‌نده‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ناوچه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌كان‌و هه‌رسێ‌ لایه‌نی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و توركمانی‌ خۆیان به‌خاوه‌نی‌ ده‌زانن، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی‌ دوا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ 30ی‌ نیسانی‌ رابردوو، پارسه‌نگی‌ هێزی‌ به‌لای‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كاندا شكانده‌وه‌و له‌كۆی‌ 12 كورسی‌ پارێزگاكه‌ 8 كورسییان برده‌وه‌، به‌وه‌ش شه‌رعیه‌تی‌ ده‌نگده‌رانی‌ پارێزگاكه‌یان به‌ده‌ستهێناو ئێستاش له‌رووی‌ هێزه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ بچه‌سپێنن.

ئێستا هێزێ;ی‌ زۆری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ كه‌ركوك جوڵێندراون، هه‌رچه‌نده‌ هیچ یه‌كێك له‌به‌رپرسه‌ سه‌ربازی‌‌و مه‌یدانییه‌كان ئاماده‌نین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ هێزه‌كه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ن به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی‌ نهێنی‌ سه‌ربازییه‌وه‌، به‌ڵام به‌روونی‌ به‌پارێ.گاكه‌وه‌ دیاره‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ چه‌نده‌ زۆره‌.

شكستی‌ سه‌ربازی‌ سوپای‌ عێراقی‌ له‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ (55كم باشوری‌ خۆرئاوای‌ كه‌ركوك) به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و پارێزگایه‌ كۆببنه‌وه‌، به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌و هێزه‌ش رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئاماده‌نین ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵبكه‌ن تا ئه‌و ده‌مه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140 ده‌ستور جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت‌و كێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان یه‌كلایی‌ ده‌كرێته‌وه‌.

عه‌مید شێركۆ فاتیح فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ ووت "فیرقه‌ی‌ 12ی‌ سوپای‌ عێراقی‌ كه‌ مه‌له‌فی‌ ئه‌منی‌ ده‌وربه‌ری‌ كه‌ركوكی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ له‌سنوره‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك شكستی‌ هێناو هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ شوێنیان گرته‌وه‌، ئێمه‌ش ئاماده‌نین جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌و شوێنانه‌ راده‌ستی‌ سوپای‌ عێراقی‌ بكه‌ینه‌وه‌".

شێركۆ فاتیح پێی‌ وایه‌ ده‌بوو زوو تر پێشمه‌رگه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بجوڵایه‌و ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك شارێكی‌ كوردستانیه‌ ده‌بوایه‌ زووتر بڕیاربدرایه‌ سنوره‌كانی‌ ڕاده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بكرایه‌، چونكه‌ مانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و سنوره‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ پارێزگاكه‌ جێگیر ده‌كات".

به‌گوێره‌ی‌ به‌دواداچونێكی‌ مه‌یدانی‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ریه‌ك له‌ناوچه‌كانی‌ كه‌یوان‌و ته‌لوه‌رد كه‌ دوو ناوچه‌ی‌ گرنگن‌و پێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ سوپای‌ عێراق بوون له‌كه‌ركوك، ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دایه‌، جگه‌ له‌ناحیه‌ی‌ یایچی‌‌و ناوچه‌كانی‌ مه‌لا عه‌بدوڵاو فه‌تحه‌و غازی‌ باشوری‌ شاره‌كه‌ كه‌ راده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌ كراون.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ قه‌زاو ناحییه‌كانی‌ كه‌ركوك كه‌ خۆیشی‌ كورده‌ پشتیوانی‌ له‌مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌ماهه‌نگیداین تاكو له‌خاڵه‌ سنوره‌كانی‌ كه‌ركوك رێ‌ له‌پێشڕه‌وی‌ گروپه‌ چه‌كداری‌ داعش بگرین بۆیه‌ مانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ پۆلیس به‌گرنگ ده‌زانین".

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو "دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ فیرقه‌ی‌ 12ی‌ كه‌ركوك بۆشایی‌ ئه‌منی‌ له‌كه‌ركوك دروست بووه‌، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ هێزێكی‌ نیشتمانی‌ وه‌كو پێشمه‌رگه‌ شوێنیان بگرێته‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌گرنگییه‌وه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ جێگیربوونی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك ده‌ڕوانن، به‌ڵام به‌لای‌ پێكهاته‌كانی‌ تری‌ شاره‌كه‌وه‌، چوونی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ مایه‌ی‌ پێشوازی‌ نییه‌.

ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ عێراق له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش" ووتی‌ "كورد به‌فشاری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر كه‌ركوكدا گرتووه‌، ئه‌مه‌ش پلانێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بلكێننه‌وه‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، بۆ ئێمه‌ مایه‌ی‌ قبوڵ‌ نییه‌".

ساڵحی‌ وتیشی‌ ووتیشی‌ "له‌ژێر سێبه‌ری‌ پێشمه‌رگه‌ ناتوانرێت كاری‌ سیاسی‌‌و ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ توركمان به‌رێوه‌ بچێت، بۆیه‌ هه‌ست به‌مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌ین‌و داوامان له‌ ووڵاتی‌ توركیا كردوه‌ هاوكاری‌ مه‌عنه‌وی‌ توركمانه‌كانی‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن‌و له‌ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ بیانڕه‌وێنه‌وه‌".

سوپای‌ عێراقیش هه‌رچه‌نده‌ له‌م قۆناغه‌دا جێگه‌كانی‌ خۆی‌ راده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ وه‌ك پلانێكی‌ تاكتیكی‌ ته‌ماشا ده‌كات‌و چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌زوویی‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان بگرنه‌وه‌ ده‌ست.

فه‌ریق قاسم عه‌تا وته‌بێژی فه‌رمی‌ به‌ناوی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كدارانی عێراق به‌"نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند "مانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ جێناكۆك، ناكۆكی‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كان قوڵده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌توانرێت ژورێكی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان سوپاو پێشمه‌رگه‌ دروست بكرێت تاكو به‌ره‌نگاری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان ببنه‌وه‌".

قاسم عه‌تا هۆشداری‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "له‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئارامی‌ بۆ چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ عێراق، نه‌كشانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ ئێستا به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ كێشه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌".

به‌بڕوای‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ ئه‌منی‌ له‌كه‌ركوكدا، به‌هۆی‌ ئه‌و شكسته‌ی‌ سوپای‌ عێراقی‌ تووشی‌ هاتووه‌، به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر شكۆی‌ شكاوه‌و مانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر ده‌بێته‌ "ئه‌مری‌ واقیع".

ئه‌حمه‌د عه‌زیز شاره‌زایی‌ بواری‌ ئه‌منی‌ به‌"نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند "به‌هۆی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌وه‌ پێده‌چێت لایه‌نه‌كانی‌ تر ته‌سلیمی‌ ئه‌مری‌ واقیع ببن‌و مانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناوچانه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت".

ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ باری‌ نائارامی‌ پارچه‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بتوانن ئارامی‌ له‌كه‌ركوك بچه‌سپێنن، ئه‌وا نه‌ته‌وه‌كانی‌ تریش پشتیوانی‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ن‌و پاشه‌كشه‌یان ئاسان نابێت.