راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كورد تاكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ دراوسێ‌ نوێیه‌كه‌یدا هه‌ڵده‌كات؟

زانكۆ ئه‌حمه‌د
زیاد له‌جارێك كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ مالیكی‌‌و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ تری‌ سیاسی‌ عێراقی‌ به‌ئاشكراو نائاشكرا ئاماژه‌یان بۆ…
19.06.2014  |  سلێمانی
A Kurdish flag atop a tank.
A Kurdish flag atop a tank.

Tweet
//

هه‌رێمی‌ كوردستان سنورێكی‌ دوورو درێژی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و ناوچانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئێستا ناوچه‌ی‌ گه‌رمی‌ شه‌ڕو پێكدادانه‌كانن‌و گروپی‌ داعش له‌مسه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ر ته‌راتێنی‌ تیا ده‌كات.

سێ‌ شاره‌كه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ سنوری‌ وشكانی‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌نه‌ینه‌واو كه‌ركوك‌و سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌وه‌ تائێستا كه‌مترین پریشكی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ داعشیان به‌ركه‌وتووه‌، هه‌رچه‌ند هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێم به‌درێژایی‌ ئه‌و سنوره‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێستا داعش تیایدا باڵاده‌سته‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ گومانی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان‌و داعش بێته‌ ئاراوه‌.

ژماره‌یه‌ك له‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ له‌به‌ره‌ی‌ پێشه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ گه‌رمه‌كانن به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند ته‌نها چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌بنكه‌كانی‌ داعشه‌وه‌ دوورن، به‌ڵام فه‌رمانیان پێكراوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رووبه‌رووی‌ داعش نه‌بنه‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌وكاتانه‌دا نه‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر.

مولازمێكی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌وان رۆژانه‌ به‌چاوی‌ خۆیان چه‌كدارانی‌ داعش ده‌بینن، به‌ڵام فه‌رمانی‌ ته‌قه‌كردن‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌یان پێ نییه‌.

ئه‌و مولازمه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌فه‌رمانده‌یی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ پێیان راگه‌یاندین كه‌ له‌وپه‌ڕی‌ ئاماده‌باشیدابین بۆ به‌رگریكردن له‌و ناوچانه‌ی‌ به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام بۆمان نییه‌ ئێمه‌ په‌لاماری‌ چه‌كداره‌كانی‌ به‌ری‌ ئه‌و به‌ر بده‌ین، هه‌تا ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ری‌ شه‌ڕ نه‌كه‌ن".

له‌به‌ره‌ی‌ خواروی‌ كه‌ركوك‌و دیاله‌و سه‌لاحه‌دینیش، سه‌ره‌ڕای‌ جموجۆڵی‌ به‌رده‌وامی‌ داعش‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ تر، به‌ڵام تائێستا ته‌نها چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ كه‌می‌ رووبه‌روونه‌وه‌ی‌ نێوان هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و داعش روویداوه‌و هیچ یه‌كێك له‌و رووبه‌روونه‌وانه‌ش چه‌ند كاتژمێرێك زیاتر ناخایه‌نێت.

رای‌ باوی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم خۆی‌ نه‌گلێنێت له‌شه‌ڕێكه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ نییه‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بۆ مالیكی‌ جێبهێلێت كه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌وان مالیكی‌ خۆی‌ خولقێنه‌ری‌ قه‌یرانه‌كه‌ بووه‌و له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا دژایه‌تی‌ زۆری‌ كوردو سوننه‌ی‌ كردووه‌و ئێستاش ده‌بێت خۆی‌ باجه‌كه‌ی‌ بدات.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌دا به‌شێكی‌ تر له‌هاوڵاتیانی‌ كوردستان پێیان وایه‌ داعش دراوسێیه‌كی‌ ره‌زاگرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ بڕوای‌ به‌پێكه‌وه‌ ژیان نییه‌، بۆیه‌ دره‌نگ یان زوو هه‌رێمیش قاچی‌ ده‌چه‌قێته‌ ئه‌و قوڕه‌وه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر داعش ئه‌مڕۆ لاوازنه‌كرێ‌و زه‌بری‌ كاریگه‌ری‌ لێنه‌وه‌شێنرێت، ئه‌وه‌ سبه‌ی‌ دره‌نگه‌.

ئێستا داعش خه‌ریكه‌ به‌خێرایی به‌درێژایی سنوره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كان په‌لده‌هاوێژێت، هه‌ر له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵه‌وه‌ بگره‌ هه‌تاوه‌كوو خۆرئاوا‌و باشوری‌ خانه‌قین داعش خه‌ریكه‌ جێی هێزه‌كانی‌ سوپای عێراق ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌رچه‌ند داعش له‌گه‌رمه‌ی‌ جه‌نگی‌ موسڵدا چه‌ند جارێك له‌رێی وته‌بێژه‌كانیه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان نیازیان نییه‌ په‌لاماری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بده‌ن، به‌ڵام پسپۆڕانی‌ ئه‌منی‌‌و ستراتیژی‌ له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی‌ تاكتیكییه‌‌و ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕیان له‌عێراق هاوشێوه‌ی‌ سوریا به‌رفراوان نه‌كه‌ن.

پسپۆڕان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ داعش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ جه‌نگی‌ موسڵ‌و سه‌لاحه‌ددین، سامه‌ڕا‌و دیاله‌ به‌لاداده‌خات، ئه‌وا ده‌په‌رژێته‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا، به‌ڵكوو داعش هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ناوچه‌ سوننه‌كانی‌ هاوسێی هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌وه‌ به‌واتای‌ ئه‌وه‌ دێت ده‌بێت رۆژانه‌ چاوه‌ڕێی ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆكوژ، ئۆتۆمبیلی‌ بۆمبڕێژكراو‌و كرده‌وه‌ی‌ تیرۆركاری‌ بكات.

ئه‌وه‌ی‌ به‌روونی‌ له‌م بێنه‌و به‌رده‌یه‌دا به‌دی‌ ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ گوتاری‌ ئیعلامی‌ یه‌كگرتوون‌و هاوبۆچوونن له‌سه‌ر رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، به‌ڵام له‌پشتی‌ په‌رده‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ په‌رۆشتره‌ بۆ شه‌ڕی‌ داعش، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ نزیكه‌، به‌ڵام پارتی‌ دیموكرات به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ گه‌رم‌و گوڕ نییه‌، چونكه‌ پارتیش له‌ژێر كاریگه‌ری‌ توركیادایه‌.

ئه‌مه‌ به‌روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێت به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ داعش رووده‌ده‌ن له‌و سنوره‌ن كه‌ له‌رووی‌ ئیدارییه‌وه‌ یه‌كێتی‌ تیایاندا باڵاده‌سته‌ (كه‌ركوك‌و دیاله‌) به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌متر شه‌ڕی‌ كورد‌و داعش له‌سنوری‌ موسڵ‌ رووده‌دات كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ پارتییه‌.

زۆرێك له‌چاودێران پێیان وایه‌ هه‌رگیز هه‌رێمی‌ كوردستان‌و داعش پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن، چونكه‌ هه‌رێم ئه‌زموونێكی‌ پێشووتری‌ له‌گه‌ڵ‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌كاندا هه‌یه‌و ئه‌و له‌هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانێت به‌هێزبوونی‌ گروپێكی‌ رادیكاڵی‌ ئیسلامی‌ یانی‌ چی‌.

له‌ساڵانی‌ 2001 هه‌تا 2003 ناوچه‌یه‌كی‌ ئیداری‌ له‌سه‌رسنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ئێران به‌ده‌ستی‌ گروپی‌ ئیسلامی‌ توندره‌وی‌ "ئه‌نسار ئیسلام"ه‌وه‌ بوو، ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌موو شاره‌كانی‌ هه‌رێم به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌و هه‌وڵی‌ كوشتن‌و شه‌ڕی‌ به‌رده‌وامه‌وه‌ ئارامیان لێبڕابوو.

جه‌مال حسێن چاودێری‌ سیاسی‌‌و پسپۆڕ له‌كاروباری‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌كان پێی‌ وایه‌ هه‌رگیز هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ داعشدا هه‌ڵناكات، چونكه‌ "داعش له‌قاعیده‌ توندتڕه‌وتره‌و هه‌ر هێزێكیش هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌دا كردبێت دواجار گورزی‌ گه‌وره‌ به‌رخۆی‌ كه‌وتووه‌".

جه‌مال حسێن وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ كوردو داعش هیچ جۆره‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كیان نییه‌، به‌ڵام كورد ده‌یه‌وێت تا بوار هه‌بێت شه‌ڕه‌كه‌ له‌ماڵی‌ خۆی‌ دووربخاته‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌س له‌م هاوكێشه‌یه‌ تێناگات، ئه‌وانه‌ی‌ له‌مالیكییه‌وه‌ نزیكن ده‌ڵێن كورد له‌گه‌ڵ‌ داعش ده‌ستی‌ تێكه‌ڵه‌، داعشیش كورد له‌به‌ره‌ی‌ سه‌فه‌وی‌ (ئێران) هه‌ژمار ده‌كات".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئاری‌ هه‌رسین سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ته‌واوی‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ كورد هیچ نه‌رمییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر داعشدا بنوێنێت‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "مالیكی‌ به‌دوای‌ عه‌لاگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت شكستی‌ سوپاكه‌ی‌ خۆی‌ پیا هه‌ڵواسێت، ئێستا هیچی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ وایده‌رده‌خات كه‌ پیلان له‌دژی‌ ئه‌و هه‌یه‌".

ئاری‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ ناچێته‌ ناوچه‌یه‌ك شه‌ڕ بكات كه‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌و نه‌بێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر داعش ده‌ست بۆ یه‌ك بستی‌ خاكی‌ كوردستان ببات، ئه‌وسا ده‌بینرێت چۆن پێشمه‌رگه‌ رووبه‌رووی‌ ده‌بێته‌وه‌و چۆكی‌ پێ داده‌دات".

ره‌نگ بێت لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش به‌روونی‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتبن ئه‌م ئاگربڕه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌ی‌ له‌نێوان كوردو داعشدا هه‌یه‌ زۆر ناخایه‌نێت، بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌سازی‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌مڕووه‌وه‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ (17ی‌ حوزه‌یران) سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ گفتوگۆیان كرد له‌سه‌ر ستراتیژی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌.

Tweet
//

به‌پێی‌ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ له‌پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراو "نیقاش" كۆپییه‌كی‌ ده‌ست كه‌وتووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ "هه‌موو لایه‌ك هاوڕ ده‌بن له‌سه‌ر نه‌رمی‌ نه‌نواندن‌و سازش نه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ رێكخستنه‌ تیرۆریستی‌‌و ته‌كفیرییه‌كان".

له‌به‌رامبه‌ریشدا داعش سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌سازییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێم، ئه‌وه‌تا له‌نوێترین گرته‌ی‌ ڤیدیۆیدا كه‌ له‌یوتیوب بڵاوی‌ كردووه‌ته‌وه‌، داعش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستاندا ده‌كات.

له‌ڤیدیۆكه‌دا چه‌ند كه‌سێكی‌ چه‌كدار ده‌رده‌كه‌ون كه‌ به‌زمانی‌ كوردی‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌سێك كه‌ پێده‌چێت به‌رپرسیان بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ قۆناغی‌ داهاتوو "قۆناغی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌ماره‌تی‌ ئیسلامییه‌ له‌هه‌ولێرو دهۆك‌و سلێمانی‌" دوای‌ ئه‌م ڤیدیۆیه‌ش هه‌موو ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕۆن كه‌ كورد له‌مه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ‌ دراوسێ‌ نوێیه‌كه‌یدا هه‌ڵناكات.