راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا
قه‌یرانه‌كه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت

عەبدولخالق دۆسکی
به‌شار حه‌مید كیكی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ نیقاشدا باس له‌و بارودۆخه‌ ده‌كات كه‌…
17.06.2014  |  دهۆك
Bashar al-Kiki, the head of Ninawa's provincial council, is getting information from inside Mosul by phone.
Bashar al-Kiki, the head of Ninawa's provincial council, is getting information from inside Mosul by phone.

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانی‌ تر له‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعش له‌موسڵ‌ هه‌ڵهاتوون‌و ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ له‌ناحیه‌ی‌ ئه‌لقوش (45كم له‌دووری‌ موسڵ‌) كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

Tweet
//


نیقاش: ئێستا بارودۆخی‌ موسڵ‌ چۆنه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش؟

به‌شار كیكی: داعش به‌ته‌واوی‌ كۆنترۆڵی‌ هه‌ردوو به‌شی‌ راست‌و چه‌پی‌ شاره‌كه‌ی‌ كردووه‌و تیمێكیان هه‌یه‌ له‌مزگه‌وتی‌ "ته‌وبه‌" پێشوازی‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ تۆبه‌ كردن له‌كاره‌كانی‌ رابردوویان ده‌چنه‌ لایان‌و پشتیوانی‌ خۆیان بۆ داعش دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ ئاواره‌كان ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان، به‌ڵام به‌شێكی‌ زۆریشیان هێشتا له‌گونده‌كان ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ‌‌و شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو دهۆك ماونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌كامپه‌كانی‌ باعه‌زره‌و خازر كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ په‌نابه‌رانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆیان دروستكراوه‌.

نیقاش: یه‌كێك له‌و تێبینیانه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆ تۆماركراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێسته‌كانت نا چوون یه‌ك بوون له‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی‌ پێشتر ئه‌نجامت داون، ئێستا تۆ له‌گه‌ڵ‌ كام لایه‌نی‌ ململانێكه‌یت، لایه‌نی‌ حكومه‌ت یان داعش؟

به‌شار كیكی: هه‌ڵوێسته‌كانم نا چوونیه‌ك نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌وكات بارودۆخه‌كه‌ نارۆشن بوو، له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووین موسڵ‌ به‌و خێراییه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، ئێمه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا یه‌ك رۆژ به‌ر له‌كه‌وتنی‌ موسڵ‌ گفتوگۆمان ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان هه‌ڵبگرین‌و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ نه‌مێنێت، له‌هه‌موو بارێكدا هه‌ڵوێستی‌ ئێمه‌ روونه‌، چونكه‌ به‌ته‌واوی‌ دژی‌ داعشین‌و له‌پاڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراقیداین‌و په‌یوه‌ندیمان به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ شه‌رعی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا له‌ناحیه‌ی‌ ئه‌لقوش درێژه‌ به‌كاره‌كانی‌ خۆمان ده‌ده‌ین، چونكه‌ له‌كۆی‌ 31 یه‌كه‌ی‌ ئیداری‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، 16 یه‌كه‌یان له‌ده‌ست داعشدا نییه‌، هه‌روه‌ها داوامان له‌حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌ كردووه‌ هیچ كرده‌وه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ دژی‌ نه‌ینه‌وا ئه‌نجام نه‌دات به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن.

نیقاش: داعش رایگه‌یاندبوو كه‌ ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر بڕی‌ 425 ملیۆن دۆلار له‌بانكه‌كانی‌ موسڵ‌‌و ئێستا موڵكی‌ ئه‌وانه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

به‌شار كیكی: زانیاری‌ ته‌واوم لانییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌بانكی‌ موسڵدا هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌دوور نازانم ئه‌م ژماره‌یه‌ راست بێت.

نیقاش: پێشتر راتگه‌یاندبوو كه‌ داعش ئه‌بو وه‌لیدی‌ ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ عێراقه‌ له‌ته‌له‌عفه‌ر، به‌ڵام دواتر خۆی‌ به‌ته‌له‌فۆن ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، ئێوه‌ چۆنه‌ پێش دڵنیابوون قسه‌تان له‌سه‌ر هه‌واڵێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ كرد؟

به‌شار كیكی: من ئه‌و ده‌مه‌ وتم زانیاری‌ هه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌بو وه‌لیده‌وه‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ رامنه‌گه‌یاند، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاردا له‌سێداره‌ی‌ ده‌ده‌ن.

نیقاش: ئێوه‌ كه‌ ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ن، چۆن هه‌واڵتان پێده‌گات؟

به‌شار كیكی‌: ئێستا پشت به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌به‌ستین كه‌ له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان كاریان ده‌كرد، ئه‌وان بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گه‌یاندنی‌ زانیاری‌‌و بارودۆخی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و ئه‌منیمان بۆ ده‌گوێزنه‌وه‌.

نیقاش: باشه‌ پێتان وایه‌ به‌م نزیكانه‌ قه‌یرانه‌كه‌ كۆتایی‌ دێت؟

به‌شار كیكی: نه‌خێر پێم وانییه‌ قه‌یرانه‌كه‌ به‌م زوانه‌ كۆتایی‌ بێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێستا داعش هه‌موو دامه‌زراوه‌ ئیداری‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ به‌ده‌سته‌، ده‌رپه‌ڕاندنیشیان هه‌نگاوی‌ سه‌ربازی‌‌و سیاسی‌ پێویسته‌.

نیقاش: هه‌ندێ‌ له‌سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌ئێزدی‌‌و مه‌سیحییه‌كان كوشتووه‌و چه‌ندین كه‌نیسه‌شیان سوتاندووه‌، ئاماری‌ وردتان لایه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌؟

به‌شار كیكی‌: به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئێمه‌ هیچ یه‌كێك له‌پێكهاته‌كان رووبه‌رووی‌ كوشتن نه‌بوونه‌ته‌وه‌و نه‌شمان بیستووه‌ كه‌نیسه‌ سوتابێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بارودۆخی‌ كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ موسڵ‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ره‌، سه‌رجه‌م مه‌سیحییه‌كان هه‌ڵهاتن بۆلای‌ كه‌سوكاریان له‌و ناوچانه‌ی‌ به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌، هه‌رچی‌ شه‌به‌ك‌و ئێزدییه‌كانیشه‌ له‌شاری‌ موسڵ‌ ده‌رچوون، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئێمه‌ داعش رووبه‌رووی‌ مه‌سیحییه‌كان نابێته‌وه‌‌و به‌"ئه‌هلل زمه‌"یان ده‌زانێت، به‌ڵام دژایه‌تی‌ شه‌به‌ك ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ شیعه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ دژی‌ ئێزدییه‌كانیشه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ موسوڵمان نین، بۆیه‌ ژیانی‌ ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك‌و شیعه‌ له‌مه‌ترسیدایه‌.

نیقاش: ئه‌ی‌ چی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌وه‌ ده‌زانیت كه‌ ده‌وترێت داعش ده‌ستدرێژی‌ سێكسی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر كچان؟

به‌شار كیكی‌: زانیاری‌ وردم لانییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌دوور نازانم داعش كارێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بكات.

نیقاش: له‌و بڕوایه‌دا نیت ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ وابكات خه‌ڵكی‌ له‌داعش هه‌ڵبگه‌ڕێنه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێشتر له‌گه‌ڵ‌ قاعیده‌ كردیان؟

به‌شار كیكی: ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ هاوڵاتیان تووشی‌ بێهیوایی‌ ده‌بن، چونكه‌ ئێستا به‌ته‌واوی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان په‌كخراوه‌و خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ ناتوانن ئه‌و هه‌مووه‌ لانه‌وازه‌ بن، ئه‌وان پێیان وابوو هه‌موو ئه‌مه‌ چه‌ند رۆژێك ده‌خایه‌نێت‌و له‌گه‌ڵ‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سوپا هه‌موو شتێك ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌ست به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن.

نیقاش: ئایا له‌ناو موسڵدا به‌عسی‌‌و چه‌كداری‌ گروپه‌كانی‌ تر هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت؟

به‌شار كیكی: پێنج گروپی‌ جیاواز له‌ناو موسڵدا هه‌یه‌ وه‌ك ته‌ریقه‌ی‌ نه‌قشبه‌ندی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ شۆڕشگێڕان، به‌ڵام داعش ناهێڵێت هیچیان ده‌ربكه‌ون، ئه‌و گروپانه‌ی‌ تر ویستیان خۆیان پارێزگار دابنێن، به‌ڵام داعش ره‌تیكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك ناكۆكی‌ زۆر له‌نێوان به‌عسییه‌كان‌و داعشدا هه‌یه‌و داعش لێناگه‌ڕێت جگه‌ له‌ئاڵاكه‌ی‌ خۆی‌ هیچ ئاڵایه‌كی‌ تر له‌موسڵدا به‌رز بكرێته‌وه‌.

نیقاش: ژماره‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌موسڵدا چه‌نده‌؟

به‌شار كیكی: به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌و كاته‌ی‌ په‌لاماری‌ موسڵیاندا ژماره‌یان له‌دووسه‌د كه‌س تێپه‌ڕی‌ نه‌ده‌كرد، به‌ڵام دواتر كه‌چوونه‌ ناو شاره‌كه‌ خه‌ڵكی‌ چووه‌ پاڵیان‌و رۆژانه‌ش خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌ترسا ده‌چێته‌ ریزه‌كانیانه‌وه‌.

نیقاش: ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ ده‌ڵێن داعش له‌رێی‌ فرۆكه‌خانه‌ موسڵه‌وه‌ هێزی‌ تری‌ له‌سوریاوه‌ پێگه‌یشتووه‌؟

به‌شار كیكی: تائێستا ئه‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌ به‌كار نه‌هێنراوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابووایه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق به‌جموجۆڵی‌ فرۆكه‌كانیان ده‌زانی‌، به‌ڵام رێگای‌ وشكانی‌ له‌به‌رده‌میاندا كراوه‌یه‌، چونكه‌ نه‌ینه‌وا هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ‌ شاری‌ حه‌سه‌كه‌ی‌ سوریا كه‌ ئه‌ویش به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌.

نیقاش: زانیاریت چییه‌ له‌باره‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپاوه‌، ئایا پێت وایه‌ ئه‌وه‌ پیلانگێڕی‌ بووه‌؟

به‌شار كیكی: له‌راستییه‌ تووشی‌ سه‌رسوڕمان بووین به‌و كه‌وتنه‌ خێرایه‌، هه‌تا رۆژێك به‌ر له‌كه‌وتنی‌ موسڵ‌ ئێمه‌ سه‌رقاڵی‌ كاری‌ خۆمان بووین، من له‌وه‌ تێناگه‌م چۆن شارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك موسڵ‌ به‌و خێراییه‌ ده‌كه‌وێت، بۆیه‌ داوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ دادپه‌روه‌رانه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌وانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بوون، به‌ڵام زانیاریم نییه‌ ئاخۆ پلانگێڕی‌ بووه‌ یان نا.

نیقاش: ئه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ ئاواره‌بوونی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ئێستا چی‌ ده‌گوزه‌رێ‌؟

به‌شار كیكی: ئاواره‌یی به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام چه‌ندین خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان، چه‌ندین خێزانیش هه‌یه‌ هێشتا یارمه‌تی‌ مرۆییان پێنه‌گه‌یشتووه‌‌و ده‌مانه‌وێت به‌خێرایی‌ هاوكاری‌ بگه‌ێنینه‌ ئه‌و لێقه‌وماوانه‌، داواشمان له‌حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌ كردووه‌ نه‌ینه‌وا وه‌ك ناوچه‌یه‌كی‌ لێقه‌وماو بناسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین داوای‌ یارمه‌تی‌ له‌رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ین.

نیقاش: به‌ڕای‌ تۆ چۆن ئه‌م قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟

به‌شار كیكی: به‌رای‌ من له‌سه‌ر حكومه‌ت پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان‌و خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ بكات‌و ده‌رگای‌ گفتوگۆ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ‌ لێدانی‌ سه‌ربازی‌ داعش به‌پاڵپشتی‌ عه‌شایه‌ره‌كان.