راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پۆسته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ خه‌ریكی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان په‌رته‌وازه‌ ده‌كات

هیوا بەرزنجی
باسی‌ سێباره‌ كاندیدكردنه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌ره‌كوه‌زیرانی‌ عێراق خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌…
29.05.2014  |  هه‌ولێر
Can Iraqi Kurdish MPs stay loyal when faced with the temptations of power?
Can Iraqi Kurdish MPs stay loyal when faced with the temptations of power?

Tweet
//

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تائێستا دانوستاندنه‌ فه‌رمییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستی پێنه‌كردووه‌، به‌ڵام ترس له‌وه‌ هه‌یه‌ گوتاری كوردی دابه‌شی دووبه‌ره‌ بێت، چونكه‌ تائێستا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر مه‌یلی به‌لای ئێران‌و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی مالیكیدا هه‌یه‌و پارتیش به‌لای توركیاو سنوونه‌كان‌و ئه‌و به‌ره‌یه‌ی‌ دژه‌ مالیكین.

به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ساڵی‌ 2010، ئه‌مجاره‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان پێنج كورسی‌ زیاتریان به‌ده‌ستهێناوه‌، چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ چوار ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ردا سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردییه‌كان پێكه‌وه‌ 57 كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقیان هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ هه‌ڵكشاوه‌ بۆ 62 كورسی‌.

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كانی‌ پاش ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌كان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دڵخۆشن به‌به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ كه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌په‌رتبوونی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هێزه‌ كوردییه‌كان له‌به‌غدا یه‌كگرتوو بن.

به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان وه‌ك هێزی‌ یه‌كه‌می‌ ناو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان 25 كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌دوای‌ ئه‌ودا یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ دێت به‌ 21 كورسی‌، ئینجا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان 9 كورسی‌‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی 4 كورسی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی 3 كورسی.

خولی‌ پێشوو ئه‌م هێزانه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان كۆبووبوونه‌وه‌، به‌ڵام پێشبینی‌ ناكرێت ئه‌مجاره‌ كۆبوونه‌وه‌یان پێكه‌وه‌ ئاسان بێت، چونكه‌ به‌تایبه‌تی‌ دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌) بۆچوونیان له‌سه‌ر مالیكی‌ جیاوازه‌، یه‌كه‌میان دژیه‌تی‌‌و دووه‌میان پشتیوانی‌ ده‌كات.

ره‌نگه‌ هه‌ر به‌هۆی‌ ترسان له‌په‌رتبوونی‌ ده‌نگه‌كانه‌وه‌ بێت كه‌ هه‌ر زوو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ رۆژی 17ی‌ ئایار كۆبووه‌و بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق، تاهیچ لایه‌نێك به‌شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نه‌ گفتوگۆ نه‌كه‌ن.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رێژه‌ی كورسییه‌كانی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 14 كورسی به‌رزكردووته‌وه‌ بۆ 21 كورسی، پێیوایه‌ گه‌ر لیسته‌ كوردستانییه‌كان به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابرێژن‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لیسته‌ براوه‌كانی تری عێراق گفتوگۆ بكه‌ن، ئه‌وا كورد تووشی په‌رته‌وازه‌یی نابێت‌و خاوه‌نی یه‌كگووتاری هاوبه‌ش ده‌بێت.

فریاد ره‌واندزی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌و نوێنه‌ری حزبه‌كه‌ی له‌شاندی دانوستانكاری كورد، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان لاناده‌ن له‌بڕیاری یه‌كگرتووی كورد به‌رانبه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، به‌ڵام هێڵی‌ سوریان له‌سه‌ر هیچ لیست‌و كه‌سایه‌تییه‌ك نییه‌ بۆ هه‌ر پۆستێك به‌نووری مالیكیشه‌وه.

ره‌واندزی‌ وتی‌ "له‌رابردوو ئێمه‌ گرفتمان له‌گه‌ڵ مالیكی هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا هێڵی سوورمان له‌سه‌ری نییه، چونكه‌ كاندیدكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌بڕیاری ماڵی شیعی نه‌ك هیچ لایه‌نێكی تر‌".

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌حمه‌د كانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان،‌ دژایه‌تی حزبه‌كه‌ی بۆ سێباره‌ كاندیدكردنه‌وه‌ی مالیكی ناشارێته‌وه‌، پێشیوایه‌ كاندیدكردنی هه‌ر كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی شیعه‌وه‌ جێگه‌ی گفتوگۆ له‌سه‌ركردنه‌، ده‌شڵێت "ئێمه‌ كێشه‌ی شه‌خسیمان له‌گه‌ڵ مالیكی نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی به‌رێوه‌بردنی وڵاتمان هه‌یه‌".

كانی ته‌ئكید له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ ئێستا زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌وانه‌ش ره‌وتی سه‌درو ئه‌نجومه‌نی باڵاو ته‌واوی سووننه‌كان‌و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان دژی كاندیدكردنه‌وه‌ی مالیكین بۆ ویلایه‌تی سێیه‌م، ده‌شڵێت "بۆیه‌ گه‌ر بمانه‌وێت ئاسوده‌یی‌و ئاشته‌وایی‌و ئارامی بۆ عێراق بگه‌رێته‌وه‌، باشتره‌ كه‌سێكی تر له‌لیستێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكرێت، ئه‌گینا كورد بژارده‌ی ریفراندۆم هه‌ڵده‌بژێرێت". ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ زوو زوو بارزانی‌ دووباره‌ی‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی‌ كورد په‌نا بۆ جیابوونه‌وه‌ ده‌بات.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش كه‌ ئێستا ئه‌ندامیان له‌نێو وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ كوردیدا هه‌یه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كورد بڕیاری كۆتایی داوه‌ به‌شداری حكومه‌تی داهاتووی عێراق بكات گه‌ر هاتوو داواكارییه‌كانی جێبه‌جێكران، بۆ ئه‌وه‌ش كورد به‌یه‌كگوتار به‌شداری دانوستاندنه‌كان ده‌كات، تا "زۆرترین به‌شه‌ مافی گه‌لی كوردستان به‌ده‌ستبهێنن".

عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، له‌لێدوانه‌كه‌ی بۆ "نیقاش" به‌دووری ده‌زانێت كورد له‌سه‌ر كاندیدكردنه‌وه‌ی مالیكی یان هه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌ به‌رانبه‌ر لایه‌نه‌كانی تر تووشی په‌رته‌وازه‌ی ببێت‌و ده‌ڵێت "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شتی وا روونادات، چونكه‌ بڕیارمانداوه‌ بۆ هه‌ر بڕیارێك به‌یه‌كده‌نگی ده‌چینه‌ به‌غدا‌و دانوستاندن ده‌كه‌ین"، مه‌جید داواكاره‌ كورد له‌ئێستاوه‌ بڕیار له‌سه‌ر هیچ كه‌سێك نه‌دات بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵكو پێوسته‌ چاوه‌ڕوان بێت تا لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ناوخۆیان یه‌كلاده‌بنه‌وه‌ كه‌ كێ ده‌بێته‌ پاڵێوراویان.

ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ وه‌فدی‌ هاوبه‌شی‌ دانوستكاری‌ كورده‌ بۆ به‌غدا، نازانرێت ئاخۆ نوێنه‌رانی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی‌ ناو ئه‌و وه‌فده‌ هاوده‌نگ ده‌بن، یاخود پۆسته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ په‌رته‌وازه‌یان ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌كان وه‌ك خۆیان رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ هیوایه‌كی‌ زۆریان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌فده‌ هه‌ڵچنیوه‌، چاودێرانی سیاسی رایان وایه‌ چوونی وه‌فدی دانوستاندنكاری هه‌رێم بۆ به‌غدا وه‌ك رابردوو بێ ئه‌نجام ده‌بێت، چونكه‌ دواجار بڕیاره‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و سه‌رۆكی لیسته‌ براوه‌كانی شیعه‌دایه‌.

مه‌حمود عوسمان كه‌ له‌دوو خولی رابردوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بووه‌، بۆ "نیقاش"ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی مه‌یلی به‌لای مالیكی‌و پارتی به‌لای حه‌كیمدا هه‌یه‌، بۆیه‌ گه‌ر هاوپه‌یمانی نیشتمانی یه‌كلابێته‌وه‌ كه‌ مالیكی كاندیدیانه‌، ئه‌وا ره‌نگه‌ كورد دابه‌شی دوو به‌ره‌ بێت، پارتی دژایه‌تی‌و یه‌كێتیش پشتگیری بكاته‌وه‌".

مه‌حمود عوسمان وتیشی "پێویست ناكات لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئه‌م پۆسته‌ هه‌ڵوێسته‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێ پێداگیری له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كورد بكه‌ن كه‌ بریتین له‌جێبه‌جێكردنه‌ ماددی 140و مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌و نه‌وت‌و گازو بودجه‌ی كوردستان‌و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات‌ له‌به‌غدا".

مه‌حمود عوسمان به‌دووری ده‌زانێت ئێران له‌به‌رخاتری مالیكی په‌یوه‌ندی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری شیعه‌و كورد بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌‌دوور‌ ده‌زانێت به‌ره‌ی‌ دژه‌ی‌ مالیكی‌ به‌ئاسانی‌ له‌سه‌ر كاندیدێكی‌ تر رێكبكه‌ون‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ تائێستا لایه‌نه‌ دژه‌كانی مالیكی نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نیا یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ش بكه‌ن‌و هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كبخه‌ن‌و كاندیدێكی تر دابنێن، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی مالیكییه‌".