راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بڕوانامه‌كانی‌ وه‌قفی‌ شیعی‌ ناڕه‌زایی‌ دروست ده‌كات

ئیبراهیم ئەلجبوری
وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ عێراق بڕیاریدا بڕوانامه‌ی‌ وه‌قفی‌ شیعه‌ وه‌ك بڕوانامه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌…
27.03.2014  |  كه‌ربه‌لا
حفل تخرج طلابي في بغداد
حفل تخرج طلابي في بغداد

زیاتر له‌شه‌ش هه‌زار كه‌س به‌شداری‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ هه‌ردوو قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌‌و ناوه‌ندی‌ خوێندنی‌ ئیسلامییان كرد كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ وه‌قفی‌ شیعه‌ له‌كه‌ربه‌لا رێكیخستبوو، ئه‌م هه‌نگاوه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیست‌و پسپۆڕانی‌ په‌روه‌رده‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد ناكرێت به‌بێ‌ خوێندن بڕوانامه‌ بدرێت به‌هیچ كه‌س، به‌شێكیان پێیان وابوو ئه‌مه‌ بڕوانامه‌یه‌كه‌ بۆ شكستخواردووه‌كان.

د. ساڵح تائی‌ پسپۆڕی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ به‌توڕه‌ییه‌وه‌ بۆ "نیقاش" باسی‌ له‌هه‌ژماری‌ بڕوانامه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كردو وتی‌ "تووشی‌ شۆك بوین به‌م بڕیاره‌، چونكه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ زۆری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و خوێندكارانه‌ی‌ ساڵانێكی‌ زۆر خۆیان ماندوو ده‌كه‌ن".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ عه‌بدولكه‌ریم محه‌مه‌د مامۆستای‌ خانه‌نشین ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌مه‌ترسیدار ناوده‌بات‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ وا له‌خوێندكارانی‌ تر ده‌كات ده‌ست له‌خوێندن هه‌ڵبگرن‌و روو بكه‌ن ئه‌و خوێندنه‌ ئاست نزمه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ پشتگیری‌ خوێندكاران بكات له‌ده‌سته‌به‌ركردنی‌ تاقیگه‌ی‌ پێشكه‌وتوو شێوازی‌ هاوچه‌رخ‌و پرۆگرامی‌ زانستی‌‌و گه‌شه‌دان به‌به‌هره‌ی‌ خوێندكاران، كه‌چی‌ دان به‌و جۆره‌ بڕوانامانه‌دا ده‌نێت كه‌ ئاستی‌ خوێندن دێنێته‌ خواره‌وه‌".

كه‌سێكی‌ وه‌ك حه‌سه‌ن هادی‌ ئه‌ندازیار رایه‌كی‌ هاوشێوه‌ی‌ هه‌یه‌و پێی‌ وایه‌ به‌و پێیه‌ی‌ خوێندنی‌ ناوه‌ندی‌‌و ئاماده‌یی‌ كۆڵه‌كه‌ی‌ هه‌ر بڕوانامه‌یه‌كی‌ تره‌، بۆیه‌ پێدانی‌ بڕوانامه‌ به‌بێ‌ خوێندن له‌و دوو ئاسته‌دا، ده‌بێته‌ ماڵوێرانی‌ بۆ خوێندن له‌عێراقدا.

ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ ئه‌م جۆره‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ بڕینی‌ قۆناغه‌كه‌ ئاسانه‌ بۆیه‌ به‌شداری‌ تێدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا كه‌سێكی‌ وه‌ك مورته‌زا سالم پاش ئه‌وه‌ی‌ سێ‌ ساڵ‌ له‌خوێندنگا ده‌رنه‌چووه‌، وازیهێناوه‌و به‌شداری‌ ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی‌ كردووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ بڕوانامه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌و له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌كان وه‌رگیراوه‌.

مورته‌زا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پرۆگرامی‌ خوێندنی‌ سێی‌ ئیسلامی‌ زۆر ئاسان بووه‌و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌ئاسانی‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌رچووه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ چه‌ندین كه‌سی‌ تر ده‌یانه‌وێت هه‌مان هه‌نگاوی‌ مورته‌زا دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ له‌فته‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس ره‌خنه‌ی‌ له‌و جۆره‌ خوێندنه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "ئه‌و پرۆگرامه‌ی‌ له‌وه‌قفی‌ شیعه‌ ده‌خوێندرێت یه‌ك ناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ پرۆگرامی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، تاوانی‌ خوێندكارانی‌ تر چییه‌ كه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ ماندوو ده‌بن، بۆیه‌ خوێندكارانی‌ تریش بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ واز له‌خوێندن بهێنن‌و بچنه‌وه‌ بۆ ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ عامر شه‌مه‌ری‌ پارێزه‌ر پێی‌ وایه‌ بڕیاره‌كه‌ پاڵنه‌رێكی‌ سیاسی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ لایه‌ن دنیایه‌ك پۆستی‌ حكومی‌‌و سه‌ربازییان به‌خشیوه‌ته‌وه‌، ئێستاش ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌و پۆستانه‌ بمێننه‌وه‌ ده‌بێت بڕوانامه‌یان هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌یان بۆ داتاشراوه‌".