راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بڵێى سیناریۆکەى سوریا لەعێراق دووبارە ببێتەوە؟

تایبه‌ت
نورى مالیکى سەرەک وەزیران لەرێى هێزەوە کۆتایى بەخۆپیشاندانەکانى ئەنبار هێنا، لەبەرامبەریشدا خەڵکە ناڕازییەکە چەکى هەڵگرت، لەم نێوەندەشدا چەکدارانى داعش سودمەندى یەکەم بوون، هەموو ئەوەى کە روویدا رێک لەسیناریۆکەى…
3.01.2014  |  ئه‌نبار
Tribal groups in Anbar, defending the province from Al Qaeda affiliates.
Tribal groups in Anbar, defending the province from Al Qaeda affiliates.

بەرەبەیانى رۆژى 30ى مانگى رابردوو بەفەرمانى حکومەتى ناوەند هێزە ئەمنییەکان پەلامارى چادرى خۆپیشاندەرانى رومادیاندا کە گەورەترین شارى پارێزگاى ئەنبارە، ئەو کاتە چادرەکان کەسى تێدا نەبوو.

تەنها چەند کاتژمێرێکى کەم دواى ئەوە عەشیرەتەکانى ئەنبار بڕیاریاندا چەک لەرووى مالیکیدا هەڵبگرن‌و هەرزوو هەردوو شارى رومادىو فەلوجەیان کۆنترۆڵکرد.

ئەحمەد ئەلجومێلى کە سەرۆک عەشیرەتێکى شارى رومادییە بە"نیقاش"ى وت "رێنادەین بەم سوکایەتییە خۆپیشاندان کۆتایى بێت، هاتووینەتە دەرەوە بۆ ئەوەى پارێزگارى لەکەرامەتى خۆمان بکەین، سەربازەکانى سوپاش چونکە زانیان بەهەڵدا چوون، بۆیە هەرزوو رایانکرد".

هەر لەسەرەتاى رووبەرووبوونەوەکەدا ژمارەیەک چەکدار ئۆتۆمبێلەکانى پۆلیسى ئیتیحادیان سوتاند کە لەخوارووى وڵاتەوە روویان کردبووە ناوچەکە، بەدواى ئەوەشدا پێنج بنکەى پۆلیس لەشارەکانى فەلوجەو رومادى سوتێنران.

بەپێى قسەکانى ئەلجومێلى هەردوو شارى رومادىو فەلوجە ئێستا لەدەرەوەى کۆنترۆڵى حکومەتى عێراقیدان‌و دەڵێت "عەشایەرەکان پارێزگاکە بەڕێوە دەبەن، ئەگەر سوپا نزیک ببێتەوە رووبەروویان دەبینەوەو رێگەش نادەین قاعیدە سوود لەم بارودۆخە ببینێت".

بەڵام فالح عیساوى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى ئەنبار بە"نیقاش"ى راگەیاند "قاعیدە دەستى بەسەر ئەو دوو شارەدا گرتووە نەک عەشیرەتەکان"، هەروەها وتى "دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق‌و شام دەستى بەسەر شارەکاندا گرتووەو دەبێت سوپا بگەڕێتەوە بۆ راوەدونانیان".

هەروەک فەرماندەیەکى باڵاى سوپا کە لەناوچەکەدا جێگیرە بە"نیقاش"ى راگەیاند داعش ناوچەکەى کۆنترۆڵکردووەو بنکەى پۆلیس‌و ئۆتۆمبێلەکانى سوتاندون‌و ژمارەیەکى لەهێزە ئەمنییەکان کوشتووە.

لەم سەروبەندەدا جارێکى تر عەبدولمەلیک ساعیدى پیاوى ئاینى دەرکەوتەوە، ئەو کەسایەتییەى خۆپیشاندەران بەسەرکردەى رۆحى خۆیانى دەزانن، لەرێى زنجیرەیەک بەیاننامەوە لەسەر ماڵپەڕەکەى خۆى پاڵپشتى لەدەرکردنى سوپا کرد، بەڵام داوایکرد کەسیان لێ نەکوژرێت‌و ئەوەى خۆیدا بەدەستەوە بپارێزرێت، هەروەها فەرمانیدا شەڕبکرێت لەگەڵ هەر لایەنێک کە لەئەنبار نزیک ببێتەوە جا ئەگەر هێزەکانى سوپا یان داعش بن.

لەبەرامبەردا دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق‌و شام (داعش) بەتەواوى سودى لەم بێسەرەو بەرەییە بینیوەو کە لەنێوان حکومەتێکى شیعەو خۆپیشاندەرانى سوننەدا دروست بووە، هەرچەندە بەهۆى نەبوونى زانیارییەوە ژمارەیان لەناو شارەکاندا نەزانراوە.

یەکێک لەرۆژنامەنووسە عێراقییەکان کە خەڵکى فەلوجەیەو داوایکرد ناوى نەهێنرێت بە"نیقاش"ى راگەیاند "داعش بەئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکانەوە لەدەوروبەرى شارەکە بڵاوبوونەتەوە، بەڵام ناتوانن شارەکان بەرێوەببەن، چونکە عەشیرەتەکانى ناوچەکە گروپى چەکدارى بچووک بچوکیان دروستکردووە بۆ پارێزگارى شارەکە، نازانین ئێستا چەکدارانى داعش چییان لێ بەسەر هاتووە، رەنگە روویان کردبێتە رومادى".

ئەگەر بەخێرایى بگەڕێینەوە بۆ زنجیرەى رووداوەکانى ئەنبار لەماوەى هەفتەى رابردوودا، ئەوە بەدى دەکەین کە سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشەکەى نورى مالیکى سەرەک وەزیران لەرۆژى 28ى مانگى رابردوو کاتێک رایگەیاند چادرى خۆپیشاندەران دەسوتێنێت‌و وتى "ئەمڕۆ دواهەمین نوێژى هەینى لەگۆڕەپانى خۆپیشاندەران دەکرێت".

دواى رۆژێک لەم هەڕەشەیە هێزە تایبەتەکانى سوپاى عێراق پەرلەمانتارى ئەحمەد عەلوانیان دەستگیرکرد پاش ئەوەى براکەىو ژنەکەى کوژران، هەرچەند خۆشى پارێزبەدى پەرلەمانى هەیە، بەڵام حکومەت رایگەیاند کاتێک هێزەکان چوون براکەى دەستگیر بکەن، ئەحمەد عەلوانى دەستى کردووەتەوەو تەقەى کردووە، بۆیە ئەویش دەستگیر کراوە.

عەلوانى پەرلەمانتارى کوتلەى موتەحیدونە بەسەرۆکایەتى ئوسامە نوجێفى سەرۆکى پەرلەمان، هەر دواى ئەوەش 40 پەرلەمانتارى لیستەکە بەهۆى ئەو رووداوەوە ئەندامێتى خۆیان لەپەرلەمان هەڵپەسارد.

عەلوانى کە جگە لەوەى پەرلەمانتارە، عەشیرەتەکەشى لەناوچەکەدا دەست رۆیشتوون، بۆیە هەر رۆژێکیش دواى دەستگیرکردنى ئەوە روویدا کە چاوەڕێ نەدەکرا، مالیکى چەند هەفتەیەکە لەهەوڵى ئەوەدایە پەیوەندى لەگەڵ سوننەکان باش بکات، ئەمەش لەسەر راسپاردەى ئەمەریکییەکان کە مانگى تشرینى دووەمى رابردوو سەردانى کرد، بەڵام پێدەچێت مالیکى راسپاردەکەى بەهەڵە جێبەجێ کردبێت.

مالیکى لەرۆژى 25ى تشرینى دووەمى رابردوو لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى ئەنبار کۆبووەوەو دواى ئەوەش لەرێى چەند نێوەندگیرێکەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەحمەد ئەبو ریشەى سەرکردەى سەحوەکان باش کردەوە.

کێشەکە ئەوەیە ئەمانە نوێنەرایەتى خۆپیشاندەرانى ئەنبار ناکەن‌و بگرە زۆرێک لەو خۆپیشاندەرانە سەرسەختانە دژى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاو پارێزگار دەوەستنەوە.

پێش ئەوەى مالیکى لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا رێکبکەوێت، هیچ شتێکى لەبارەى هەڕەشەکانیەوە نەخستبووە روو، تەنانەت ئەو رۆژەش کە هەڕەشەکەى بردە سەر، هەموو جۆرە پەیوەندییەکى تەلەفۆنىو ئینتەرنێتى لەپارێزگار بڕى، بەڵام ئەو چەند کاتژمێرەى پاش پەلامارەکە لەخەیاڵی حکومەتدا نەبوو.

دواى ئەو هەنگاوە خۆپیشاندەران کە زۆرینەیان سەر بەعەشیرەتە سونییەکانن، بڕیاریاندا چەک هەڵبگرن دژى هێزە ئەمنییەکان‌و بەو هۆیەوە سەربازو پۆلیسى ئیتیحادى بەپەلە لەناوچەکە هەڵهاتن‌و تەنانەت چەکو جل‌و بەرگەکانیشیان لەدواى خۆیان بەجێهێشت.

بەر لەساڵێک‌و بەدیاریکراوى لەرۆژى 21ى کانوونى دووەمى 2012 پاش دەستگیرکردنى پاسەوانەکانى رافیع عیساوى وەزیرى دارایى، خۆپیشاندانى جەماوەى لەپارێزگا سوننەنشینەکانى ئەنبارو سەلاحەدین‌و بەغداو دیالەو موسڵ لەگەڵ بەشێک لەکەرکوک روویداو دروشمیان دژى مالیکى بەرز کردەوە.

هەرزوو داواکارى ئەم خۆپیشاندەرانە گۆڕاو بووە گۆڕەپانێکى کراوەى ناڕەزایى کە هەموو هەفتەیەک پاش نوێژى هەینى لەئەنبارو سەلاحەدین دووبارە دەبوونەوە.

رووداوەکانى هەفتەى رابردوو بەتەواوى لەبەرژەوەندى داعش بوون، چونکە ئەو گروپە کە ئێستا لەسوریا خاوەنى ناوچەى جێگیرى خۆیەتى، لەعێراق هەر ستراتیژە کۆنەکەى دووبارە دەکردەوە کە بریتى بوو لەشەڕى پارتیزانى لەرێى چاندنى بۆمب‌و تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێل‌و کوشتنى تاکەکەس، بەڵام بەهۆى رووداوەکەى ئەنبارەوە دەرفەتى ئەوەیان بۆ رەخسا وەک سوریا زەویش بگرنە دەست.

ئەگەر ئەوەش لەیاد نەکەین بەر لەچەند هەفتەیەک بەروونى داعش رایگەیاندبوو کە مەبەستیانە ئەنبار بکەنە بەشێک لەناوچە نفوزى خۆیان لەسوریا.

لەمانگى تشرینى یەکەمى رابردووەوە قاعیدە پەلامارە تەکتیکییەکانى خۆى لەعێراق گۆڕیوەو لەچەند هەنگاوێکدا بنکە ئەمنى‌و حکومییەکانى لەناوچەکانى رەتبەو فەلوجەو هیت‌و قائیم داگیرکردو چەند پردێکى گرنگى تەقاندەوە.

محەمەد بوعەساف یەکێک لەسەرۆک هۆزەکانى رومادى بە"نیقاش"ى راگەیاند "مالیکى سوپاى بەرداوەتە گیانى عێراقییەکان‌و دەیانکوژێت، لەوەدا ئەنجومەنى پارێزگاش هاوکارى دەکەن، ئەوان خێمەکانیان سوتاندو بەسوکایەتییەوە پەرلەمانتارەکەیان گرت‌و براکەیان کوشت، ئیتر ئێمە چۆن سوپا دەرناکەین".

ئەوەى روونە ئێستا عەشیرەتەکان لایەنى باڵادەستن لەئەنبارداو هەردوو لایەنى حکومەت‌و داعش کێبڕکێیانە بۆ ئەوەى پاڵپشتى عەشیرەتەکان بەدەست بهێنن، لەکاتێکدا هەنێک پێیان وایە عەشیرەتەکان پاڵپشتى قاعیدە دەکەن لەدژى پەراوێزخستنى سوننەکان، هەندێکى تر وایدەبینن وەک ساڵانى 2005و 2006 ئەو عەشیرەتانە شەڕى قاعیدە دەکەن، چونکە بەهۆى ئەو گروپەوە زیانى زۆریان بەرکەوتووە.

لەماوەى چەند هەفتەى کەمى داهاتوودا بەتەواوى مەسەلەکان روون دەبنەوەو ئەوە دەردەکەوێت ئاخۆ عێراق سیناریۆیەکى ترى هاوشێوەى ئەوەى سوریا بەخۆوە دەبینێ؟ یان حکومەت دەتوانێت بڕوا بەعەشایەرەکان بهێنێت کە نەهێڵن قاعیدە باڵادەست بێت، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا روودەدەن کە تەنها چوار مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى داهاتوو.