راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پێداگری‌ مالیكی‌ هێزه‌ شیعه‌كان په‌رته‌وازه‌ ده‌كات

موسته‌فا حه‌بیب
پێداگری‌ مالیكی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆ جاری‌ سێهه‌م ببێته‌وه‌ به‌سه‌ره‌كوه‌زیران بووه‌ته‌ مایه‌ی‌…
5.12.2013  |  به‌غدا

به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ "نیقاش" له‌چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ دیاری‌ شیعه‌وه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتوون، یه‌كێك له‌هۆكاری‌ لێكترازانی‌ هێزه‌ شیعییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاساوه‌ كه‌نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات.

ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا مه‌رجی‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی‌ تردا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پاڵێوراوی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و بۆ ئه‌وه‌ش تاكه‌ پاڵێوراو مالیكییه‌، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو ره‌وتی‌ سه‌در ئاماده‌نین ببنه‌ هاوپه‌یمانی‌ مالیكی‌.

هه‌ریه‌ك له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مالیكی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مار حه‌كیم‌و ره‌وتی‌ سه‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ موقته‌دا سه‌در له‌دیارترین هێزه‌ شیعه‌كانن، له‌پاڵ‌ ئه‌وانه‌شدا چه‌ند هێزێكی‌ تری‌ لاوه‌كی‌ هه‌ن وه‌ك ره‌وتی‌ چاكسازی‌ نیشتیمانی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌‌و حیزبی‌ فه‌یزیله‌ به‌رێبه‌رایه‌تی‌ مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ محه‌مه‌د یه‌عقوبی‌ هه‌ن.

له‌م سه‌روبه‌نده‌دا پێناچێت هیچكام له‌سه‌درو حه‌كیم ئاماده‌بن جارێكی‌ تر بچنه‌وه‌ پاڵ‌ مالیكی‌‌و هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن.

ره‌وتی‌ سه‌در كه‌ خاوه‌نی‌ چل په‌رله‌مانتاره‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاسته‌مه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ بسازێن، چونكه‌ ئه‌و چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ جارێكی‌ تر ببێته‌وه‌ به‌سه‌ره‌ك وه‌زیران، ئه‌م قسه‌یه‌ش له‌سه‌ر زاری‌ جواد شهێلی‌ په‌رله‌مانتاری‌ سه‌دره‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كرێت.

له‌مڕووه‌وه‌ شهێلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ به‌جیا ده‌چینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ هیچ هێزێكی‌ شیعه‌دا ناكه‌ین، چونكه‌ دڵنیاین جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆرمان هه‌یه‌و به‌بێ‌ هاوپه‌یمانێتی‌ كورسی‌ زۆر به‌ده‌ست ده‌هێنین".

شهێلی‌ ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له‌هێزه‌ شیعه‌كان خاوه‌نی‌ بۆچوونی‌ تایبه‌تی‌ خۆیانن‌و زه‌حمه‌ته‌ جارێكی‌ تر له‌ژێر سایه‌ی‌ یه‌ك هاوپه‌یمانێتیدا كۆببنه‌وه‌".

ره‌وتی‌ سه‌در بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو به‌چوار لیستی‌ هه‌ڵبژاردن به‌شداری‌ بكات‌و هه‌مان ئه‌و سیناریۆیه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ رابردوو په‌یڕه‌وی‌ كردو به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌نجامی‌ باشی‌ به‌ده‌ستهێنا.

هه‌رچی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامییه‌ كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 شكستی‌ هێناو ته‌نها بووه‌ خاوه‌نی‌ (9) كورسی‌، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكانی‌ رابردوو جارێكی‌ تر سه‌ركه‌وته‌وه‌و ئه‌ویش هه‌مان ئه‌زموون دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.

فرات شه‌رع په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا ده‌ڵێت "بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ ئیئتیلافێكی‌ شیعی‌ گه‌وره‌ رێی‌ تێناچێت، هه‌ریه‌كه‌مان به‌جیا ده‌چینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌"، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ئه‌وان بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك لیستێكی‌ جیای‌ ده‌بێت.

ته‌نانه‌ت ره‌وتی‌ چاكسازی‌ نیشتیمانی كه‌ جه‌عفه‌ری‌ رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان هاوپه‌یمانی‌ مالیكی‌ بوو، ئه‌ویش به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك رایگه‌یاند كه‌ بڕیاری‌ لیستی‌ جیایان داوه‌.

هه‌رچی‌ حیزبی‌ فه‌زیله‌و رێكخراوی‌ به‌دره‌ كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا جیابووه‌وه‌، بڕیاریانداوه‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبی‌ ده‌عووه‌ ببنه‌ هاوپه‌یمان، چونكه‌ هیچیان بنكه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌هێزیان نییه‌و دژی‌ ئه‌وه‌ش نین كه‌ مالیكی‌ ببێته‌وه‌ به‌سه‌ره‌كوه‌زیران.

له‌لای خۆیه‌وه‌ ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا كه‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌تی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت بڕیاریانداوه‌ به‌ته‌نها بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و وه‌ك محه‌مه‌د سه‌هیودی‌ سه‌ركرده‌ی‌ ده‌عوه‌ ده‌ڵێت "جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆرمان هه‌یه‌و بڕیارمانداوه‌ پاش هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانێتی‌ ببه‌ستین".

هیچ یه‌كێك له‌هێزه‌ سیاسییه‌كان جگه‌ له‌ده‌وڵه‌تی‌ یاسا باسی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌كوه‌زیران ناكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هێشتا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نه‌دراوه‌و نازانرێت سه‌ره‌نجام به‌چی‌ ده‌گات.

وائیل عه‌بدولله‌تیف په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ یه‌كگرتوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێداگری‌ له‌سه‌ر پاڵێوراوێكی‌ دیاریكراو پێش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، بیرۆكه‌یه‌كی‌ نالۆژیكییه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ده‌ریده‌خات كێ زۆرینه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ره‌نگه‌ هێزه‌كانی‌ تر ببنه‌ هاوپه‌یمان‌و ئه‌و پۆسته‌ له‌ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بسه‌ننه‌وه‌".

له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2005 ئه‌نجامدرا، ئه‌م هێزانه‌ یه‌كگرتووبوون، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 دوو كوتله‌ی‌ لێبووه‌وه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ 2014 په‌رتبوونی‌ یه‌كجاری‌ رووده‌دات‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی‌ هێزه‌ شیعه‌كان یه‌كێكه‌ له‌هێماكانی‌ گۆڕانی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ له‌عێراقدا، چونكه‌ ره‌نگه‌ له‌پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ جۆره‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك دروست ببێت كه‌ ته‌نها له‌شیعه‌ پێكنه‌یه‌ت، به‌ڵكو سوننه‌ش له‌خۆبگرێت.

ئه‌و هێزه‌ شیعانه‌ له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا له‌ژێر سایه‌ی‌ ئیئتیلافی‌ عێراقی‌ یه‌كگرتوودا كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ فراوانبوونی‌ پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ مالیكی‌‌و پاڵپشتی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌، ئیتر له‌هێزه‌ شیعه‌كان جیابووه‌وه‌و لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسای‌ دروستكرد كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 ژماره‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ گه‌یشته‌ 89 كه‌س، هه‌رچی‌ هێزه‌ شیعه‌كانی‌ تریشه‌ پێكه‌وه‌ له‌ژێر ناوی‌ ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌ كه‌ هه‌مویان پێكه‌وه‌ 70 كورسیان برده‌وه‌.

ئه‌م دوو كوتله‌یه‌ پاش هه‌ڵبژاردن به‌ناچاری‌ هاوپه‌یمانێتییان دروستكردو ناویان له‌خۆیاننا هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌، ئه‌مه‌ش له‌ترسی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ كه‌ لیسته‌كه‌ی‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م بوو به‌به‌ده‌ستهێنانی‌ 91 كورسی‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ده‌گمه‌نی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ له‌رۆژی‌ 18ی‌ مانگی‌ رابردوو سه‌رجه‌م هێزه‌كان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند "هه‌وڵده‌دێت پێكه‌وه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو بكرێت" به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌واقیعدا رووده‌دات پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت.

هه‌ندێك له‌چاودێران پێیان وایه‌ له‌پاش هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی‌ گرنگ دێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق ناكۆكی‌ تایفی‌ تێبپه‌ڕێنن، چونكه‌ به‌شداری‌ ته‌نها هێزه‌ شیعه‌كان هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ به‌ستنی‌ هاوپه‌یمانی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایفی‌ نه‌بێت، به‌وپێیه‌ی‌ رێی‌ تێده‌چێت هێزێكی‌ شیعه‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزێكی‌ سوننه‌ یان هێزێكی‌ كوردی‌ هاوپه‌یمانی‌ بكات‌و پۆستی‌ سه‌ره‌كوه‌زیران بگرێته‌ ده‌ست.

پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ به‌غدا له‌هاوینی‌ رابردوو دیارترین نموونه‌ی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ده‌ستهێنابوو به‌ 20 كورسی‌ كه‌چی‌ ره‌وتی‌ سه‌در به‌ 5 كورسی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌ 6 كورسی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردوو كوتله‌ی‌ سوننه‌، موته‌حیدون به‌ 7 كورسی‌‌و عێراقییه‌ به‌ 3 كورسی‌ هاوپه‌یمانێتییان پێكهێناو پۆستی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگایان بۆخۆیان برد.