راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌رله‌مان به‌ده‌ست تاكه‌ یاسایه‌كه‌وه‌ گیری‌ خواردووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی‌ عێراق هه‌روا راهاتووه‌، كاتێك ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسایه‌ك ئیتر یاساكانی‌ تر له‌بیر ده‌كات،…
24.10.2013  |  به‌غدا
Iraqi MPs are becoming notorious for their inability to legislate.
Iraqi MPs are becoming notorious for their inability to legislate.

چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ كوتله‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌بێنه‌و به‌رده‌یه‌كی‌ دوورو درێژدان بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو هه‌موار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بڕیار وایه‌ له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 2014 به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ئه‌نجامێك.

كێشه‌كه‌ ته‌نها له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ناتوانن یاسایه‌كی‌ وه‌ها گرنگ ده‌ربكه‌ن، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌ك گورزه‌ یاسا له‌ناو ره‌فه‌ی‌ لیژنه‌كاندا داندراوه‌و فه‌رامۆشكراون، له‌كاتێكدا چه‌ند دانه‌یه‌كیان ته‌نها ده‌نگدانی‌ له‌سه‌ر ماوه‌.

ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ئێستا ئاماده‌ن‌و په‌رله‌مان پشتگوێی‌ خستوون بریتین له‌یاساكانی‌ حیزبه‌كان‌و دادگای‌ فیدراڵی‌‌و خانه‌نشینی‌ گشتی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌و ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌، به‌ڵام ئێستا سه‌رجه‌میان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌دان كه‌ بۆ خولی‌ داهاتوو دوابخرێن.

له‌مڕووه‌وه‌ به‌ها ئه‌عره‌جی‌ په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حراری‌ سه‌ر به‌سه‌در به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتمان له‌به‌رده‌ستدا نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكی‌ كه‌مه‌ كه‌ به‌شی‌ ده‌ركردنی‌ یاسا په‌كخراوه‌كان ناكات".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كان چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ سه‌رقاڵی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانن هه‌رچی‌ یاسای‌ تر هه‌یه‌ پشت گوێیان خستووه‌، له‌یه‌ك كاتدا هه‌ردوو مه‌سه‌له‌كه‌یان له‌كیس چووه‌، نه‌ ئه‌وه‌تا بڕیاریان له‌یاساكه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دابێت‌و نه‌ ئه‌وه‌تا فریای‌ یاساكانی‌ تر كه‌وتبن".

به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 56ی‌ ده‌ستور "هه‌ر خولێكی په‌رله‌مان چوار ساڵی‌ ته‌واوه‌ به‌پێی‌ رۆژمێر، به‌یه‌كه‌م دانیشتن ده‌ست پێده‌كات‌و له‌ساڵی‌ چواره‌مدا كۆتایی‌ دێت، ده‌بێت به‌ له‌ 45 رۆژ پێش واده‌ی‌ ته‌واوبوونی‌ ئه‌و خوله‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ نوێ‌ ئه‌نجام بدرێت".

كاتێكیش كه‌ په‌رله‌مان مانگی‌ رابردوو بڕیاریدا له‌ 30ی‌ نیسان هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، به‌و بڕیاره‌ ته‌نها شه‌ش مانگ به‌ده‌ست ئه‌م خوله‌ی‌ ئێستاوه‌ مایه‌وه‌.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ چاودێری‌ كاروباره‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌شی‌ هه‌موو یاسا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان ناكات، چونكه‌ ئه‌زموونه‌كانی‌ رابردوو ده‌ریخستووه‌ كه‌ په‌رله‌مانتاران بۆ هه‌ر یاسایه‌ك چه‌ند مانگێكیان ده‌وێت، ئیتر چۆن ده‌توانن له‌شه‌ش مانگدا چه‌ند یاسایه‌كی‌ گرنگ ده‌ربكه‌ن.

یه‌كێك له‌و یاسا گرنگانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ دواكه‌وتووه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ رێكخستنی‌ كاری‌ حیزبه‌كانه‌، له‌كاتێكدا له‌ساڵی‌ 2005ه‌وه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌هه‌وڵی‌ رێكخستنی‌ كاره‌كانیاندان‌و هێشتا كار به‌یاسای‌ ژماره‌ 97ی‌ بریمه‌ر ده‌كرێت له‌ساڵی‌ 2004 له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پڕ كه‌موكوڕییه‌.

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا له‌سه‌ر پێداگری‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تی‌ ره‌وتی‌ سه‌درو شیوعی‌، ئه‌و یاسایه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام جارێكی‌ تر دواخرایه‌وه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ عه‌لی‌ شبر په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حراری‌ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "جێگه‌ی‌ داخه‌ نه‌مانتوانی‌ ئه‌و یاسا گرنگه‌ ده‌ربكه‌ین‌و ناشزانین ئاخۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ به‌شی‌ ده‌ركردنی‌ یاساكه‌ ده‌كات یان نا".

یه‌كێكی‌ تر له‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ په‌كی‌ كه‌وتووه‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادییه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ پیران‌و وایه‌و نوێنه‌رانی‌ هه‌ر 18 پارێزگاكه‌ی‌ تێدایه‌، كاره‌كه‌شی‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 46ی‌ ده‌ستور ته‌واوكه‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوو خول تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پێكنه‌هاتووه‌‌و ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌كه‌موكوڕی‌ له‌دامه‌زراوه‌ی‌ یاساداناندا، وه‌ك وائیل عه‌بدولله‌تیفی‌ په‌رله‌مانتار ده‌ڵێت "ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ زۆر گرنگه‌ بۆ به‌هێزكردنی‌ رۆڵی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ یاسادانان تا یاساكان به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش ده‌ربچن".

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌رێمه‌كان ره‌شنوسی‌ یه‌كه‌می‌ یاساكه‌ی‌ ئاماده‌كردووه‌و له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوو گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ كرا، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌سازانه‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكی‌ هه‌ڵنه‌هێناوه‌.

هه‌رچی‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مان له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 2009 ئاماده‌ی‌ كردووه‌، له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵدا نه‌توانرا ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدرێت به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ لیسته‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كێ‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌كات.

هه‌رژه‌ند ده‌بێت ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆ بێت‌و رێ‌ له‌گه‌نده‌ڵی‌ بگرێت له‌مه‌سه‌له‌ی‌ دامه‌زراندندا، به‌ڵام ئه‌ویش بێبه‌ش نه‌بوو له‌پشك پشكێنه‌.

یاسای‌ رێكخستنی‌ كاری‌ دادگای‌ فیدرالیش چووه‌ته‌ نێو لیستی‌ په‌راوێزخراوه‌كانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كان ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری‌ پێده‌كه‌ن.

به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 93ی‌ ده‌ستور دادگای‌ فیدرالی‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌رییه‌ له‌عێراقدا، كاری‌ سه‌ره‌كی‌ بریتییه‌ له‌چاودێری‌ جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستور یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو پارێزگاكان‌و بڕیاردان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌هه‌ڵبژاردن.

عه‌بدولره‌حمان لوێزی‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ ده‌ڵێت "ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن یاسای‌ دادگای‌ فیدرالی‌ ده‌ربكرێت، چونكه‌ ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو كێشه‌ی‌ زۆری‌ تێدابێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌و كوتله‌یه‌ی‌ مافی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ ماوه‌ به‌شی‌ ده‌ركردنی‌ یاساكه‌ ناكات".

ته‌نانه‌ت یاسای‌ خانه‌نشینی‌ گشتیش كه‌ حكومه‌ت له‌ژێر فشاری‌ خۆپیشانده‌رانی‌ 31ی‌ ئابدا بڕیاری‌ لێدا بۆ نه‌هێشتنی‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانتارو به‌رپرسه‌ باڵاكان‌و په‌رله‌مانیش چه‌ند دانیشتنێكی‌ بۆ ته‌رخان كرد، ئه‌ویش به‌هۆی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دواخرا.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ شاره‌زایان‌و چاودێرانی‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌، خۆسه‌رقاڵكردنی‌ په‌رله‌مان به‌تاكه‌ یاسایه‌ك‌و فه‌رامۆشكردنی‌ ئه‌وانی‌ تر هه‌نگاوێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ عێراق پێویستی‌ به‌ده‌ركردنی‌ گورزێك یاسایه‌ تا یاساكانی‌ سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێن كاریان پێنه‌كرێت.

شاره‌زایان پێیان وایه‌ ئه‌م دواخستنه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌پابه‌ندی‌ په‌رله‌مانتاران به‌چه‌ند كوتله‌یه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2005ه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وان له‌په‌رله‌ماندان.

ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ نه‌نگی‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ حكومه‌ت ده‌ستی‌ له‌په‌رله‌مان زیاتر ده‌ڕوات، له‌كاتێكدا به‌پێی‌ ماده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستور "كۆماری‌ عێراق ده‌وڵه‌تێكی‌ فیدراڵی‌ یه‌كگرتووی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌و سیسته‌می‌ حوكم تیایدا كۆماری‌ په‌رله‌مانی‌ دیموكراتییه‌".

له‌مڕووه‌وه‌ عه‌بدولجه‌بار ئه‌حمه‌د مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسییه‌كانی‌ زانكۆی‌ به‌غدا ده‌ڵێت "په‌رله‌مان ناتوانێت هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ لیبرالی‌ له‌گه‌ڵ‌ یاساكان بكات، چونكه‌ باگراوندی‌ زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كان له‌چینی‌ بازرگان‌و بزنزمانه‌كان نییه‌، به‌ڵكو به‌به‌گراوندێكی‌ حیزبی‌‌و له‌سه‌ر پشك پشكێنه‌ چوونه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عامر فه‌یاز راگری‌ كۆلێژی‌ زانسته‌ سیاسییه‌كانی‌ زانكۆی‌ نه‌هرێن به‌"نیقاش"ی‌ وت "عه‌قڵی‌ سیاسی‌ عێراقی‌ بیر له‌ئاینده‌ ناكاته‌وه‌، هه‌رچی‌ یاساكانیشی‌ هه‌یه‌ پشتیان نه‌به‌ستووه‌ به‌پلانێكی‌ ستراتیژی‌ دوور مه‌ودا".